دڵی سەلامەت لە ئیسلامدا

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-07-18-15:56:00 - کۆدی بابەت: 5949
دڵی سەلامەت لە ئیسلامدا

ناوه‌ڕۆك

دڵی سەلامەت

دڵ پێوەری سەرەکیە بۆ سەرکەوتنی مرۆڤ لە ژیانیدا, ئەگەر دڵی سەلامەت و پاک بێت ئەوە ژیانیشی هەر بەو شێوەیە دەبێت, چونکە دڵێکی سەلامەت بنچینەی چاکبوونی مرۆڤە, سیفەتێکیی دیاری هاوەڵە بەڕێزەکانی پێغەمبەر ﷺـە (خودای گەورە لێیان ڕازی بێت), هەمیشە پێغەمبەر ﷺ گرنگی بەوە دەدا کە دڵێکی سەلامەتیان هەبێت, گەر ئەوە حاڵی هاوەڵە بەڕێزەکانی پێغەمبەر ﷺ بووبێت, ئەوا بە دڵنیاییەوە هەموو تاکێکی موسڵمان لە پێشترە بەوەی خاوەنی دڵێکی سەلامەت بێت و بتوانن ڕووبەڕووی گومانەکان و ئارەزووە خراپەکان ببنەوە, ئەوەتا لە قورئانی پیرۆزدا لەسەر زمانی پێغەمبەر ئیبراهیم (سەلامی خودای لەسەربێت) هاتووە (وَلَا تُخْزِنِي يَوْمَ يُبْعَثُونَ*يَوْمَ لَا يَنفَعُ مَالٌ وَلَا بَنُونَ*إِلَّا مَنْ أَتَى اللَّـهَ بِقَلْبٍ سَلِيمٍ)(الشعراء: 87 – 89) واتە خودایە گیان ڕووڕەش و سەرشۆڕی ڕۆژی زیندوبوونەوەم نەکەیت, کە لەو ڕۆژەدا نە ماڵ و نە منداڵ سوودت پێ ناگەیەنن, مەگەر ئەوەی بە دڵێکی پاک و سەلامەتەوە بگاتەوە بەردەم خودای گەورە، هەر بۆیە پێویستە موسڵمان هەوڵی ئەوە بدات کە خاوەن دڵێکی پاک و سەلامەت بێت, پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: (ألا وإنَّ في الجَسَدِ مُضْغَةً، إذا صَلَحَتْ صَلَحَ الجَسَدُ كُلُّهُ وإذَا فَسَدَتْ، فسدَ الجَسدُ كُلُّهُ، ألا وهِيَ القَلبُ)،( رواه مسلم، في صحيح مسلم، عن النعمان بن بشير) واتە: لە لاشەی مرۆڤدا پارچەیەک هەیە کە ئەگەر سەلامەت بوو ئەوە هەموو ئەندامەکانی تر سەلامەت دەبن, وە ئەگەر ئەو پارچەیە خراپ بێت ئەوە هەموو ئەندامەکانی تری لەش خراپ دەبن, ئەویش بە دڵنیاییەوە دڵە، کەواتە گەر خاوەنی دڵێکی سەلامەت بیت, ئەوە سوودت پێ دەگەیەنێت کاتێ دەگەیتەوە بە دیداری خودای گەورە, وە هەموو ئەندامەکانی تری لەشت ساغ و سەلامەت دەبن، دڵ ئەو شوێنەیە کە خودای گەورە سەیری دەکات, وە نیەت لە دڵدایە, وە دڵسۆزی نواندن لە کار و بارەکانی ژیاندا نیشانەی قەبوڵ بوونی کردەوەکانە.

جۆرەکانی دڵ

  • ئەو دڵەی کە ژیانی تێدا نیە: دڵێکە کە دوورە لە خودای گەورەوە, کە ئەمەش دڵی بێباوەڕەکانە.
  • ئەو دڵەی کە نەخۆشە: ئەوەش دڵێکە لەگەڵ ئەوەی کە ئیمان لە دڵیدا هەیە, بەڵام لە هەمان کاتدا دڵی بۆ ئارەزوی خراپ لێدەدات, ئیمان لەم دڵەدا ئیمانێکی بەهێز و پتەو نیە, بەڵکو لاوازە و شوێن ئارەزوەکانی دەکەوێت.
  • ئەو دڵەی کە نا سەقامگیر و نا جێگیرە: ئەوەش دڵێکە کە دوو بەشە, بەشێکی هانی کاری چاکە و جێبەجێکردنی پەرستشەکانی دەدات, بەشێکی هانی گوناهـ و کاری ناباشی دەدات, هەر بۆیە ئەم دڵە دڵێکی نا جێگیرە.
  • دڵی سەلامەت: ئەویش ئەو دڵەیە کە سەلامەتە و پاک و جوانە و ڕاستگۆیە, باوەڕێکی پتەوی بە خودای گەورە هەیە و شوێن فەرمان و داواکانی دەکەوێت, هەمیشە هەوڵی ڕازیکردنی خودای گەورە دەدات.

نیشانەکانی دڵی سەلامەت

  • دڵسۆزی نواندن بۆ خودای گەورە لە هەموو کار و بارەکانی ژیاندا وە کارکردن بە شایەتوومان.
  • پارێزگاری کردن لە نوێژەکان.
  • پێشبڕکێکردن لەسەر بەهەشت.
  • لەبیربوونی مردن.
  • فەرمان کردن بە چاکە و ڕێگری کردن لە خراپە.
  • وازهێنان لە غەیبەت و قسە هێنان و بردن و ئیرەیی.
  • خوێندنەوەی بەردەوامی قورئانی پیرۆز.
  • بە بەردەوامی دەگەڕێتەوە بۆ لای خودای گەورە و داوای لێخۆشبوونی لێدەکات.
  • پێویستە دڵ بە دوور بێت لە هەموو خوڕەوشتێکی ناشرین.
  • هەمیشە ڕازی بێت بەو شتانەی کە خودای گەورە دەیهێنێتە سەر ڕێی.
  • ئەو دڵە خۆی پەیوەست بکات بە ڕۆژی دواییەوە و خەمی ئەوەبێت کە کار بۆ پاشەڕۆژی بکات.
  • خۆشبەختی و بەختەوەری دڵ ئەو کاتەیە کە لە خودای گەورەوە نزیکە, ئەو کاتەی کە پشتی پێ دەبەستێت.
  • بەردەوام یاد و زیکری خودای گەورە دەکات.
  • گەر ڕۆژێک قورئان و یاد و زیکری خودای گەورەی نەکرد بێتاقەت و خەمبار ببێت.
  • ئامانجی ڕازی کردنی خودای گەورە بێت و ژیانی هەمووی بۆ خودای گەورە بێلەو پێناوەدا کار بکات.
  • نوێژەکانی ئەنجامدا ئاسوودە و خۆشنوود دەبێت.
  • گوناهێکی کرد ئەگەرچی بچووکیش بێت ئەوا دڵ تەنگ و بێتاقەت دەبێت.
  • کەسانی چواردەوری ئازارنادات بە گوفتار و کردارەکانی.

هەندێک ڕێنمایی یارمەتیدەر بۆ ئەوەی دڵ بە سەلامەتی بمێنێتەوە

  • ئاگاداربوون لە نیەت و هەمیشە سووربوون لەسەر ئەوەی کە هەموو کارەکانمان لە پێناو ڕەزامەندی خودای گەورەدا بێت.
  • هەمیشە ڕازی بوون بەو شتانەی کە خودای گەورە دەیهێنێتە سەر ڕێت.
  • پاپەندبوون بە قورئان خوێندن رۆژانە.
  • پاپەندبوون بە ئاکارە جوانەکان.
  • دڵسۆزبوون بۆ کەسانی دیکە و ئامۆژگاری کردنی ئەو کەسانەی کە پێویستیان پێیەتی.
  • داواکردنی دڵێکی ساغ لە خودای گەورە.
  • پێشکەش کردنی دیاری بۆ کەسانی دیکە بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوانتان باشتر ببێت.
  • دانیشتن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە زانست و زانیارین, وەرگرتنی زانیاری لێیانەوە.
  • هەمیشە لەبیردابوونی مردن, بۆ ئەوەی دڵ بە نەرمی بمێنێتەوە.
  • هەڵبژاردنی کەسانی چاک بۆ هاوڕێیەتی.
  • جێبەجێکردنی پێداویستی بۆ ئەو کەسانەی کە پێویستیانە.


سەرچاوەکان



2046 بینین