ڕۆژی عەرەفە

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-07-18-22:48:00 - کۆدی بابەت: 5955
ڕۆژی عەرەفە

ناوه‌ڕۆك

عەرەفە

ڕۆژی عەرەفە دەکاتە نۆی مانگی زولحیجە, ڕۆژی عەرەفە بە یەکێک لە گەورەترین ڕۆژەکانی ساڵ دادەنرێت کە بەسەر موسڵماناندا تێدەپەڕێت, چونکە ئەم ڕۆژە ڕۆژی تەوبە و گەڕانەوە بۆ لای خودای گەورەیە, وە هەروەها ڕۆژی پەرستش و چاکەیە کە لە خودای گەورە نزیکت دەکاتەوە, هەر بۆیە وا باشە کە تاکی باوەڕدار ئەم ڕۆژە بقۆزێتەوە و پەرستش و زیکر و یادی خودای گەورەی زۆر تێدا بکات و بە ڕۆژوو ببێت و دوعا و پاڕانەوەی زۆر ئەنجام بدات.(1) چونکە دوعاکردن تێیدا قەبوڵ و وەرگیراوە, حاجیان لەم ڕۆژەدا لەسەر کێوی عەرەفات دەوەستن و دوعا دەکەن.

مانگی زولحیجە مانگی دوازدەیەمینە لە مانگەکانی ساڵی کۆچی, وە یەکێکە لە مانگە حەرامەکان, کە نابێت جەنگی تێدا بکرێت, لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژە بەوە کراوە کە چوار مانگ لە دوازدە مانگەکەی ساڵ بە مانگە حەرامەکان دادەنرێت, وەک خودای گەورە دەفەرموێت: (إن عدة الشهور عند الله اثنا عشر شهرا فی کتاب الله یوم خلق السماوات والأرض منها أربعة حرم) (التوبە: 36)

واتە: بێگومان هەر ئەو ڕۆژەی کە خودای گەورە دونیای داهێنا و ئاسمانەکان و زەوی دروستکرد, ژمارەی مانگەکانیشی (لە لەوحولمەحفوز)ـدا بە دوازدە مانگ دانا, چواریان ڕێزی تایبەتیان هەیە و جەنگ تێیدا حەرامە, کە ئەوانیش بریتین لە (زولقەعیدە, زولحیجە, موحەڕەم, ڕەجەب)(2).

هەروەها پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: "السَّنَةُ اثْنا عَشَرَ شَهْرًا، مِنْها أرْبَعَةٌ حُرُمٌ، ثَلاثٌ مُتَوالِياتٌ: ذُو القَعْدَةِ، وذُو الحِجَّةِ، والمُحَرَّمُ، ورَجَبُ مُضَرَ الذي بيْنَ جُمادَى وشَعْبانَ" رواه البخاري، في صحيح البخاري، عن أبو بكرة نفيع بن الحارث.

واتە: ساڵ دوازدە مانگە, چواریان پێیان دەوترێ مانگە حەرامەکان, سێ مانگیان بەسەر یەکەوەن, کە ئەوانیش (زولقەعیدە, زولحیجە, موحەرەم) وە ڕەجەب کە دەکەوێتە نێوان مانگی جەماد و شەعبان.

عەرەبەکان لە سەردەمی نەفامیدا مانگە حەرامەکانیان بە ئارەزوی خۆیان گۆری و ئاڵو گۆڕیان پێکرد, هەندی لەو مانگە حەرامکراوانەیان حەڵاڵ کرد و هەندێک مانگی حەڵاڵیان حەرامکرد, وە ئەمەش وەک لە قورئاندا بە "النسيء" ناوی براوە, "النسيء" واتە ڕاگوێزان, خودای گەورە دەفەرموێت:  (إِنَّمَا النَّسيءُ زِيادَةٌ فِي الكُفرِ)،(التوبة: 37)

واتە: بێگومان ڕاگوێزان و دواخستنی حورمەتی مانگێک بۆ مانگێکی تر و ئاڵوگۆڕیان زیادکردنە لە کوفر و خودانەناسیدا.

عەرەبەکان لەبەر ئەوەی کە هەر خەریکی جەنگ و کوشتار و ئاژاوە بوون, ئەو مانگە حەرامکراوانەیان دەگۆڕی بۆ ئەو مانگانەی کە جەنگیان تێدا قەدەغە نەبوو, هەتا جەنگەکەیان حەڵاڵ بکەن, دیارە ئەم فرت و فێلە بە هیچ جۆرێک دروست نیە و کوفر و زیاد کردن بوو لە کوفر.

هۆکاری ناونانی عەرەفە بەم ناوە

وتراوە کە ئەم ڕۆژە ناونراوە بە عەرەفە لەبەر ئەوەی پێغەمبەر ئادەم (سەلامی خودای لەسەربێت) لێرەدا گەیشتەوە بە دایە حەوا کاتێک لە بەهەشت دابەزینە سەر زەوی, یا وتراوە لەبەر ئەوەی کە جوبرەئیل (سەلامی خودای لەسەربێت) ڕێوڕەسمی حەجی بە پێغەمبەر ئیبراهیم (سەلامی خودای لەسەربێت) فێرکرد و پێی ناساند, یا وتراوە لەبەر ئەوەی کە لەم ڕۆژەدا زۆر خەڵک لەو شوێنەدا تەعاروف دەکەن و یەکتری دەناسن(3)، یا وتراوە لەبەر ئەوەی کە بەندەکانی خودا لەو ڕۆژەدا ئیعتیراف بە هەڵەکانی خۆیاندا دەنێن, دانی پێدا دەنێن.

فەزڵەکانی ڕۆژی عەرەفە

ڕۆژی عەرەفە زۆر فەزڵی هەیە کە خودای گەورە بەو ڕۆژەی بەخشیوە, لەوانە:

  • ئەو ڕۆژەیە کە خودای گەورە ئاینی پیرۆزی ئیسلامی تێدا تەواو کرد, عومەری کوڕی خەتاب (خودای گەورە لێی ڕازی بێت) جارێکیان پیاوێک کە موسڵمان نەبوو پێی وت: ئایەتێک هەیە لە قورئانەکەی ئێوەدا گەر بۆ ئێمە بهاتایەتە خوار ئەوا ئەو ڕۆژەمان دەکردە جەژن, عومەری کوڕی خەتابیش پێی وت کام ئایەتەیە ئەوە؟ پیاوەکە وتی (الْيَومَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ، وَأَتْمَمْتُ علَيْكُم نِعْمَتِي، وَرَضِيتُ لَكُمُ الإسْلَامَ دِينًاعومەری کوڕی خەتابیش پێی گوت: من دەزانم کە ئەو ئایەتە کەی و چ ڕۆژێک و لە چ شوێنێک دابەزی, ئەو ئایەتە لە عەرەفە لە کێوی عەرەفات لە ڕۆژی هەینی دابەزی.
  • ئەو ڕۆژەیە کە ڕۆژوو گرتن تێیدا خودای گەورە بە بۆنەیەوە لە گوناهی دوو ساڵ خۆش دەبێت, وەک پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: "ئۆمێدم وایە بە خودای گەورە کە ڕۆژوی ڕۆژی عەرەفە ببێتە هۆی لێخۆشبوونی گوناهی ساڵی پار و ساڵی داهاتوو کە دێت".
  • ئەو ڕۆژەیە کە سوننەت وایە کە دوعای زۆری تێدا بکرێت, وەک پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: (خيرُ الدُّعاءِ دعاءُ يومِ عرفةَ) واه الألباني، في صحيح الترمذي، عن جد عمرو بن شعيب، واتە: باشترین دوعا دوعای ڕۆژی عەرەفەیە.
  • ئەو ڕۆژەیە کە حاجیەکان گەورەترین روکنی فەریزەی حەج بەئەنجام دەگەیەنن, کە ئەویش وەستانە لە کێوی عەرەفات, وەک پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: (الحجُّ عرفةُ) رواه النووي، في المجموع، عن عبدالرحمن بن يعمر الديلي، واتە: حەج عەرەفەیە، ئەمەش گرنگی ئەم ڕۆژە پیرۆزە دەردەخات.
  • ئەو ڕۆژەیە کە خودای گەورە زۆرترین کەس لە ئاگری دۆزەخ ڕزگار دەکات, پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: (ما مِن يَومٍ أَكْثَرَ مِن أَنْ يُعْتِقَ اللَّهُ فيه عَبْدًا مِنَ النَّارِ، مِن يَومِ عَرَفَةَ) رواه مسلم، في صحيح مسلم، عن عائشة أم المؤمنين، واتە: هیچ ڕۆژێک بە ئەندازەی ڕۆژی عەرەفە خودای گەورە لە بەندەکانی خۆش نابێت, واتە هێندە لەو ڕۆژەدا لە بەندەکانی خۆش دەبێت و لە ئاگری دۆزەخ ڕزگاریان دەکات, لە هیچ ڕۆژێکی تردا ئەوە ناکات.
  • ئەو ڕۆژەیە کە خودای گەورە شانازی بە ئەهلی زەویە دەکات کە بەندەکانی لەلای ئەهلی ئاسمانەکان کە فریشتەکانن, واتە خودای گەورە شانازی بە بەندەکانیەوە دەکات لەلای فریشتەکان, وە خودای گەورە دادەبەزێتە ئاسمانی دونیا, دابەزینێک کە شایەن بێت بە زاتی پیرۆزی.

باشترین کارەکان لە ڕۆژی عەرەفەدا

پێویستە تاکی باوەڕدار ئەم ڕۆژە بقۆزێتەوە و زۆرترین کاری چاکەی تێدا بکات, لەو کارانەش:

  • وەستان لە کێوی پیرۆزی عەرەفات, کە ئەمەش بە گەورەترین ڕوکنی فەریزەی حەج دادەنرێت, ئەوەی وەستان لەسەر عەرەفاتی لەکیس بچێت, ئەوە فەریزەی حەجی لەدەست چووە.
  • یاد کردن و زیکر کردنی خودای گەورە, سونەت وایە زۆر یادی خودای گەورە بکرێت, بە هەموو شێوەیەک, بە دانیشتنەوە, بە ڕۆشتنەوە, بە پاڵکەوتنەوە.
  • بە ڕۆژووبوون لەم ڕۆژە پیرۆزەدا, وەک پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: "ئۆمێدم وایە بە خودای گەورە کە ڕۆژوی ڕۆژی عەرەفە ببێتە هۆی لێخۆشبوونی گوناهی ساڵی پار و ساڵی داهاتوو کە دێت"، وەک پێشەوا نەوەوی دەفەرموێت کە مەبەست لەو گوناهانە گوناهە بچووکەکانە, واتە نابێت ئەو کەسە گوناهە گەورەکانی ئەنجام دابێت, واتە ئەو گوناهانەی کە بە هۆکاری بەڕۆژووبونی ڕۆژی عەرەفە پاک دەبنەوە گوناهە بچووکەکانن.
  • دووعا کردن, سونەت وایە لەم ڕۆژە پیرۆزەدا زۆر دوعا بکرێت, وە یەکێکە لەو کاتانەی کە خودای گەورە وەڵامی دوعاکان دەداتەوە و قەبوڵی دەفەرموێت. پاش ئەوەی کە حاجیان ڕۆژی عەرەفە نوێژی نیوەڕۆ و عەسر بە قەصر و جەمع دەکەن, بە یەک بانگ و دوو قامەت, دەچن بۆ کێوی عەرەفات, بۆیە واباشترە لەو کاتەوە دەست بکرێت بە دووعا کردن.
  • قورئان خوێندن و خوێندنەوەی تەفسیرەکەی و لێ وردبوونەوەی.
  • ئەنجام دانی کاری چاکە, وەک خێرکردن و یارمەتی دانی هەژاران.
  • جێبەجێکردنی نوێژەکان لە کاتی خۆیدا.


سەرچاوەکان



1942 بینین