زیانەکانی نەخواردنی ژەمی بەیانیان

له‌لایه‌ن: - سایە مستەفا - به‌روار: 2021-07-18-23:48:00 - کۆدی بابەت: 5956
زیانەکانی نەخواردنی ژەمی بەیانیان

ناوه‌ڕۆك

زیانەکانی نەخواردنی ژەمی بەیانیان بۆ گەورەکان

لەکاتی ھەستان لە خەو ئاستی شەکر لە خوێندا نزمە، ژەمی بەیانیان یارمەتی باشتر کردنی ئاستی ڕێکخستنی شەکری ناو خوێن دەدات، تا مێشک و ماسوولکەکانی جەستە بتوانن فەرمانەکانیان جێبەجێبکەن، لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا ئاماژە بە زیانەکانی نەخواردنی ژەمی بەیانیانە دەکەین:

١-جەستە ئەو پێکھاتە خۆراکیانەی دەستناکەوێت کە پێویستی پێی ھەیە: خواردنی ژەمێکی تەندروستی بەیانیان کە میوە و بەرھەمە شیرەمەنییەکان و چەندین خۆراکی دیکە لەخۆ دەگرێت، ڤیتامینات و پێھاتەی خۆراکی پێویست بۆ جەستە دابین دەکات. 

٢- کاریگەری نەرێنی لەسەر یادەوەری ھەیە: لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە لە (Diabetes, Metabolic Syndrome and Obesity: Targets and Therapy) بڵاوکراوەتەوە، کە ٧١ قوتابی لەخۆگرتبوو، دەرکەوتووە نەخواردنی ژەمی بەیانیان کاریگەری نەرێنی ھەیە لەسەر باری دەروونی، دەرکەوت ئەو قوتابیانەی ژەمی بەیانیان ناخۆن، بەدەست لاوازیی یادەوەری و کەمی  تەرکیزەوە دەناڵێنن.

٣- زیادبوونی کێشی جەستە: نەخواردنی ژەمی بەیانیان، وادەکات جەستە وزەی پێویستی دەست نەکەوێت، ئەمەش وادەکات کەسەکە لەو ڕۆژەدا بە شێوەیەکی زیاد لە پێویست خواردن بخوات، ھەروەھا وا دەکات بە شێوەیەکی زیاتر کالۆری بسوتێنن لەو ڕۆژانەی ژەمی بەیانیان ناخۆن، و ژەمی سووکی پڕ لە کالۆری بخۆن، یان لەکاتی ژەمی نیوەڕواندا زیاد لە پێویست خواردن بخۆن، کە ئەمەش ئەگەری قەڵەویی زیاتر دەکات.

لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە لە گۆڤاری Nature لە ساڵی ٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە، زیاتر لە ٣٥٠٠ کەسی لەخۆگرت کە لە قۆناغی ھەرزەکاریدا بوون، ئاماژە درا بە پەیوەندی نێوان نەخواردنی ژەمی بەیانیان و قەڵەوی، بەتایبەت قەڵەوی لە قۆناغی ھەرزەکاریدا، ھەروەھا بە لەبەرچاو گرتنی ماوەی نوستن.

٤- چەند زیانێکی دیکە: لە لێکۆڵینەوەیەکدا دەرکەوتووە کە لە گۆڤاری Appetite لە ساڵی ٢٠١٠ بڵاوکراوەتەوە، کۆمەڵە قوتابییەکی لەخۆگرت لە قۆناغی پێگەیشتنی دوای هەرزەکاریدا بوون، دەرکەوت نەخواردنی ژەمی بەیانیان پەیوەندیدارە بە تێکچوونی سووڕی مانگانە، ئەمەش کاریگەری لەسەر تەندروستی جەستە ھەیە، ئەم کچانە لەو ڕۆژانەی ژەمی بەیانیان ناخۆن ھەست بە برسێتی زیاتر و تێربوونی کەمتر دەکەن، و توانای زیاتریان ھەیە بۆ خواردنی خۆراک پێش ژەمی نیوەڕوان، بە بەراورد بەو ڕۆژانەی ژەمی بەیانیانیان خواردووە.

زیانەکانی نەخواردنی ژەمی بەیانیان لە منداڵاندا

نەخواردنی ژەمی بەیانیان لە منداڵاندا چەندین کێشە دروست دەکات، و مانەوەیان ٨ بۆ ١٢ کاتژمێر بە بێ خۆراک لە کاتی خەودا وا لە جەستەیان دەکات پێویستیان بە وزەی زیاتر ھەبێت بۆ ڕۆژی دواتر، بۆیە نەخواردنی ژەمی بەیانیان زیانێکی زۆری ھەیە بۆیان، ئەمانە ھەندێک لەو زیانانەن: 

١- ھەستکردن بە ماندویی و دڵەڕاوکێی و ھەڵچوون.
٢- کەمبوونەوەی ھێز و توانایان.

لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە لە گۆڤاری (Journal of Developmental & Behavioral Pediatrics) لە ساڵی ٢٠١٢ بڵاوکراوەیەوە، کۆمەڵە منداڵێکی لەخۆگرت کە بە شێوەیەکی ڕێک و دروست ژەمی بەیانیان دەخوارد، تێیدا دەرکەوت نەخواردنی ژەمی بەیانیان ئاستی وزە و ھەستی دڵخۆشیان کەم دەکاتەوە، و ھیچ کاریگەریەکی نییە لەسەر ئاستی درکپێکردنیان لە بەیانیاندا.

زیانەکانی نەخواردنی ژەمی بەیانیان لە نەخۆشانی شەکرەدا

١- ئەو نەخۆشانەی شەکرە کە ژەمی بەیانیان ناخۆن، مەترسی زیاتریان ھەیە لە دابەزینی ئاستی شەکر لە خوێنیاندا، یان ئەوەی بە کەمی شەکری خوێن ناسراوە (Hypoglycemia).

٢- دەکرێت نەخواردنی ژەمی بەیانیان ھۆکار بێت بۆ ھەستکردنی نەخۆش بە ماندوویی و دڵەڕاوکێی و توڕەیی.

٣- دەکرێت ھۆکار بێت بۆ دەرکەوتنی نیشانەی مەترسیدارتر، وەک تێکچوونی لێدانەکانی دڵ و پەرکەم.

لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە لە گۆڤاری Nutrition لە ساڵی ٢٠٢٠ بڵاوكرایەوە، ٣١٧ نەخۆشی شەکرە لەخۆ گرتبوو، دەرکەوت نەخواردنی ژەمی بەیانیان دەبێتە هۆی لەدەستدانی کۆنترۆڵی لەش بۆ ئاستی شەکر لە لەشدا، وەک هەڵکشان و داکشانی ئاستی شەکری خوێن لە لای نەخۆشانی شەکرەی جۆری دووەم.

ھۆکارەکانی نەخواردنی ژەمی بەیانیان

١-نەبوونی کاتی پێوست بۆ ئامادەکردنی ژەمی بەیانیان.
٢-ماندوویی زۆر.
٣-ھەستکردن بە بێزاری بەھۆی دووبارە کردنەوەی چەند جۆرێک خورادن.
٤-ھەستنەکردن بە برسێتی لە بەیانیاندا.
٥-نەبوونی خواردنی ژەمی بەیانیان لەنێو ماڵدا.
٦-تێچووی کڕینی ژەمی بەیانیان.

ھۆکارەکانی نەخواردنی ژەمی بەیانیان لە ھەرزەکاراندا

١- ویستیان بۆ دەستگرتن بەسەر کێشی جەستەیان، ئەمەش بەپێی ڕاوبۆچوونی ھەندێک کچی ھەرزەکار.

٢- ئارەزوو نەکردن لە خواردنی ژەمی بەیانیان، بەھۆی ھەستنەکردن بە برسێتی، یان نەبوونی کاتی پێویست.

گرنگی خواردنی ژەمی بەیانیان

ژەمی بەیانیان بە گرنگترین ژەم دادەنرێت، ئەمانە چەند گرنگیەکی ئەم ژەمەن:

١- دابینکردنی چەندین پێکھاتەی خۆراکی سەرەکی و گرنگ بۆ تەندروستی جەستە، وەک ڤیتامینات و ئاسن و چەندانی دیکە، ژەمی بەیانیان ڕێژەیەکی زۆر پێکھاتەی خۆراکی بۆ جەستە کۆدەکاتەوە بە درێژایی ڕۆژەکە، ئەو کەسانەی ژەمی بەیانیان دەخۆن ڤیتامینات و ئاسن لە جەستەیاندا کۆدەکەنەوە بە درێژایی ڕۆژەکە، بە بەراورد بەو کەسانەی ژەمی بەیانیان ناخۆن.

لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە لە گۆڤاری (Public Health Nutrition) ئاماژە کراوە بە پەیوەندی نێوان ژەمی بەیانیان و  زیادبوونی کێشی تەندروست، ئەمەش بەھۆی دابەشکردنی یەکسانی وزەی کۆکراوە لە ژەمەکاندا.

٢- باشتر کردنی تەندروستی دڵ: جەستە لە بەیانیاندا زیاتر ھەستیارە بەرامبەر بە ئەنسۆلین، و شەکری خوێن زیاتر سەرف دەکات، بۆیە باشترین کاتە بۆ خواردنی کاربۆھیدراتی پڕ لە ڕیشاڵ، بەشداری دەکات لە دەستکەوتنی زیاتر لە ٢٥ گرام ڕیشاڵ.

توێژینەوەیەکی گەورە ئەنجامدراوە و لە گۆڤاری Circulation لە ساڵی ٢٠١٣ بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە خواردنی ژەمی بەیانیان پەیوەندیدارە بە کەمبوونەوەی مەترسی توشبوون بە نەخۆشی خوێنبەرەکانی دڵ (Coronary Heart Disease).

٣- بەشداری دەکات لە ڕێکخستنی ئاستی شەکری خوێن بە درێژایی ڕۆژ: خواردنی ژەمی بەیانیان گلۆکۆزی پێویست دەبەخشێت بە جەستە، کە پێویستە بۆ باشکردنی ئاستی وزەی جەستە، ھەروەھا ئاستی گلایکۆجین (Glycogen)، جەستە لە زیندەچالاکییەکاندا بەکاریدەھێنێت، بۆ ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشی شەکرە بوون، یان ئەو کەسانەی تووش نەبوون، لە لایەکی دیکەوە خواردنی ژەمی بەیانیان مەترسی توشبوون بە بەرگری بە ئەنسۆلین (Insulin resistance) کەمدەکاتەوە، لەو کەسانەی تووشی نەخۆشی شەکرە نەبوون، چونکە ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی شەکرە زیاتر دەکات.

گرنگی خواردنی ژەمی بەیانیان بۆ منداڵان

خواردنی ژەمی بەیانیان کاریگەری ھەیە لە پاراستنی کێشی تەندروستی منداڵان، لە ڕێی ھاندانیانەوە بۆ خواردنی خۆراکی تەندروست.
لە بەدواداچونێکدا لە (Journal of the American Dietetic Association) کە ٤٧ ئەنجامی زانستی لەخۆگرت، دەرکەوت خواردنی ژەمی بەیانیان فەرمانەکانی درکپێکردن لە منداڵاندا بەھێز دەکات، دەکرێت ئەمە کاریگەری ھەبێت لەسەر یادەوەری منداڵەکە، و فێربوونی و دوانەکەوتنی لە قوتابخانە.

ھەروەھا لێکۆڵەران ئاماژەیان بە کاریگەرییە ئەرێنیەکانی ژەمی بەیانیان کرد لەسەر تەندروستی منداڵ و شێوازی ژیانی، ھەروەھا ئەم بەدواداچوونە ئاگاداری دایکان و باوکان دەکات بۆ ھاندانی منداڵەکانیان تا ژەمێکی تەندروستی بەیانیانی پڕ لە خواردنی جۆراو جۆر بخۆن، بەتایبەت میوە و بەرھەمە شیرەمەنییەکان، و پێکھاتەی خۆراکی دیکە.

ژەمێکی تەندروستی بەیانیان 

١- کاربۆھیدرات: بە سەرچاوەیەکی باش و ڕاستەوخۆی وزە دادەنرێت، کە جەستە پێویستی پێی ھەیە. 

٢- پرۆتینات: جەستە وزەی لێ دەستدەکەوێت، ئەمەش لەدوایی سەرف کردنی کاربۆھیدرات.

٣- ڕیشاڵە خۆراکییەکان: یارمەتیدەرە لە زیاتر ھەستکردن بە تێری، کە ڕێگری دەکات لە زیادەڕەوی کردن لە خواردندا، ھەروەھا لەگەڵ شلەمەنی سروشتیدا یارمەتی خۆراک دەدات بە تێپەڕبوون بە کۆئەندامی ھەرسدا، کە ئەمەش ڕێگری لە توشبوون بە قەبزی دەکات، و ئاستەکانی کۆلیسترۆڵ کەمدەکاتەوە.

ئەم چەند خاڵەی خوارەوەدا چەند ھەڵبژاردەیەکن بۆ ژەمێکی سروستی بەیانیان، و ئەم چەند ھەڵبژاردەیە پڕن لە پرۆتین و ڕیشاڵ و چەوری کەم، و کالۆری کە یارمەتیدەرە لە دوورکەوتنی لە خواردنی ھەموو جۆرە خۆراکێک، و ھەستکردن بە برسێتی لە کاتێکی درەنگی بەیانیاندا.

١-بەرھەمە شیرەمەنییەکان: وەک ماستی کەم چەوری، و شیری کەم چەوری.

٢-سەرچاوە پرۆتینیەکان: وەک ھێلکە و سجوقی کەم چەوری و سپێنەی ھێلکە، و پەنیری سپی و پاقلەمەنییەکان.

٣-سەوزە و میوە: وەک مۆز و سێو و توور و توو.

٤- چەند جۆرە خواردنێکی دیکە: ماستی سروشتی تێکەڵ بە چەند جۆرێک میوە، و چەرەس.


سەرچاوەکان



727 بینین