ئای ئۆئێس

له‌لایه‌ن: - محمد تاهیر - به‌روار: 2021-07-23-00:53:00 - کۆدی بابەت: 6000
ئای ئۆئێس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئای ئۆئێس (بە ئینگلیزی: IOS پێشتر بە Iphone OS ناسرابوو) بریتییە لە سیستمی کارپێکەری مۆبایل کە لەلایەن کۆمپانیای ئەپڵەوە بەرهەمدەهێنرێت، زۆربەی بەرهەمەکانی کۆمپانیای ئەپڵ سیستمی ئای ئۆئێس بەکاردەهێنن وەک ئایفۆن و ئایپۆد، هەروەها ئایپاد هەمان سیستمی بەکاردەهێنا تا لە وەشانی 13ـیا ناوەکەی گۆڕدرا بۆ ئایپاد ئۆئێس (Ipad OS)، سیستمی ئای ئۆئێس دووەم زۆرترین سیستمی مۆبایلی بەکارهێنراوە لە جیهاندا کە لە دوای سیستمی ئەندرۆیدەوە دێت، هەروەها سیستمەکە بناغەی سێ سیستمی ترە کە بریتین لە ئایپاد ئۆئێس (Ipad OS)، تی ڤی ئۆئێس (tvOS) هەروەها واچ ئۆئێس (watchOS).
ئای ئۆئێس بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2007 بڵاوکرایەوە کە لەسەر یەکەم نەوەی مۆبایلی ئایفۆن بوو، لە مانگی سێی ساڵی 2018 دا ئەپ ستۆر (App Store)ـی کۆمپانیای ئەپڵ زیاتر لە 2.1 ملیۆن پڕۆگرامی تێدابوو، کە یەک ملیۆنی تایبەتبووە بە ئایپاد، هەروەها هەموو ئەم پڕۆگرامانە پێکەوە زیاتر لە 130 ملیان جار داگیردراون (داونلۆد کراون).
وەشانەکانی سیستمی ئای ئۆئێس ساڵانە بڵاودەکرێتەوە، کە جێگیرترین وەشان بریتییە لە ئای ئۆئێس 14 کە لە 16/9/2020 بڵاوکرایەوە، ئەم وەشانە چەندین گۆڕانکاری لەخۆ گرتبوو، کە یەکێکیان بریتی لە توانینی دانانی (widgets) بۆ ناو پەڕەکانی مۆبایلەکە، لەم وەشانەدا هیچ ئایفۆنێک پشتگوێ نەخرا و هەر ئایفۆنێک توانای کارپێکردنی وەشانی 13 سیستمەکەی هەبووایە ئەوا دەیتوانی ئەم وەشانە نوێیە کارپێبکات.

مێژوو

سیستمی کارپێکەری ئای ئۆئێس لەگەڵ یەکەم ئایفۆندا لە پێشانگای (Macworld Conference & Expo) لە 9/1/2007 ئاشکرا کرا و لە مانگی 6ـی هەمان ساڵدا بڵاوکرایەوە، لە مانگی یەک کاتێک ستیڤ جۆبس سیستمەکەی ئاشکراکرد، ڕایگەیاند کە ئایفۆن سیسیتمی (OS X) بەکاردەهێنێت و دەتوانێت پڕۆگرامەکانی کۆمپیوتەر کارپێبکات، بەڵام لەکاتی بڵاوکردنەوەی ئایفۆندا ناوەکەی گۆڕدرابوو (Iphone OS)، سەرەتا کە ئایفۆن بڵاوبوویەوە نەدەتوانرا پڕۆگرامی دەرەکی تێدا دەببەزێنرێت، ستیڤ جۆبس هۆکارەکەی بۆ ئەوە گێڕایەوە کە دەیەوێت پڕۆگرامەران وێب پڕۆگرام دروستبکەن و بەکارهێنەران لەڕێگەی وێبگەڕی مۆبایلەکانیانەوە بەکاریبهێنن، لە مانگی 10 ساڵی 2007 کۆمپانیای ئەپڵ بڵاوی کردەوە کە (کەرەستەی پەرەپێدانی نەرمەواڵە - Software Development Kit) لە دروستکردندایە، لە 6/8/2008 کۆمپانیای ئەپڵ کۆنگرەیەکی ڕۆژانامەوانیان ڕاگەیاند و تێیدا (SDK) تایبەت بۆ ئایفۆنیان ڕاگەیاند.

ئای ئۆئێس ئەپ ستۆر (iOS App Store) ئەو شوێنەیە کە پڕۆگرامەکانی تایبەت بە ئایفۆنی لێوەدادەگیرێت، لە 10ـی مانگی 7ـی ساڵی 2008 بڵاوکرایەوە و سەرەتا 500 پڕۆگرامی تێدابوو، ئەپ ستۆر زۆر بە خێرایی پەرەیسەند و لە مانگی 9ـی ساڵی 2008 ژمارەی پڕۆگرامەکان گەیشت بە 3000 پڕۆگرام و بەم شیوەیەی خوارەوە گەشەسەندی پڕۆگرامەکە بەردەوامبوو:

  • 15،000 پڕۆگرام لە مانگی 1ـی ساڵی 2009.
  • 50،00 پڕۆگرام لە مانگی ٦ـی ساڵی 2009.
  • 100،000 پڕۆگرام لە مانگی 11ـی ساڵی 2009.
  • 250،000 پڕۆگرام لە ساڵی 2010.
  • 650،000 پڕۆگرام لە ساڵی 2012.
  • 1 ملیۆن پڕۆگرام لە مانگی 10ـی ساڵی 2013.
  • 2 ملیۆن پڕۆگرام لە مانگی 7ـی ساڵی 2016.
  • ساڵی 2021 نزیکەی 2.2 ملیۆن پڕۆگرام.

لە مانگی 9ـی 2007 کۆمپانیای ئەپڵ ئایپۆد تەچ (iPod Touch) بڵاوکردەوە، کە دووبارە دیزاینکردنەوەی ئایپۆد بوو لەسەر شێوەی ئایفۆن، هەروەها لە 27/1/2010 کۆمپانیاکە تابلێتێکیان ڕاگەیاند بەناوی ئایپاد (iPad).
لە مانگی 6ـی ساڵی 2010 کۆمپانیا ئەپڵ ناوی سیستمی کارپێکەری مۆبایلەکانیان گۆڕی بۆ (IOS)، هەروەها لە 9/9/2014 کاتژمێری زیرەکی ئەپڵ لەلایەن تیم کووکەوە ئاشکرا کرا، کە چەندین تایبەتمەندی تێدابوو وەک پێوانی لێدانەکانی دڵ و هەنگاوەکان و چەندین تایبەتمەندی تەندروستی و وەرزشی تر، لە 24/4/2015 بەرهەمەکە بڵاوکرایەوە و سیستمی کارپێکەری واچ ئۆئێس (watchOS)ـی بەکاردەهێنا.

لە ساڵی 10ـی ساڵی 2016 کۆمپانیای ئەپڵ یەکەمین ئەکادیمیای پەرەپیدانی ئای ئۆئێسی کردەوە لە زانکۆی (University of Naples Federico II)، ئەو کۆرسانەی کە لە ئاکادیمیاکەدا دەخوێنرا بێ بەرامبەربوون و لە ساڵی 2020 زیاتر لە هەزار خوێندکاری دەرچووی هەبوو لە جیهاندا.

لە 3/7/2019 کۆمپانیای ئەپڵ ئایپاد ئۆئێس (iPadOS)ـی ڕاگەیاند و لە 25/9/2019 بڵاوکرایەوە بۆ بەکارهێنەران.

بەرهەمەکانی کۆمپانیای ئەپڵ کە سیستمی کارپێکەری ئای ئۆئێس بەکاردەهێنن

ئایفۆن

  • iPhone
  • iPhone 3G
  • iPhone 3GS
  • iPhone 4
  • iPhone 4S
  • iPhone 5
  • iPhone 5c
  • iPhone 5s
  • iPhone 6
  • iPhone 6 Plus
  • iPhone 6s
  • iPhone 6s Plus
  • iPhone SE
  • iPhone 7
  • iPhone 7 Plus
  • iPhone 8
  • iPhone 8 Plus
  • iPhone X
  • iPhone XR
  • iPhone XS
  • iPhone XS Max
  • iPhone 11
  • iPhone 11 Pro
  • iPhone 11 Pro Max
  • iPhone SE (2020)
  • iPhone 12 mini
  • iPhone 12
  • iPhone 12 Pro
  • iPhone 12 Pro Max

ئایپۆد

  • iPod (classic)
  • iPod nano
  • iPod shuffle
  • iPod touch


سەرچاوەکان



1647 بینین