هۆکاری گریانی دایکی دووگیان و کاریگەری لەسەر منداڵەکەی

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-24-15:07:00 - کۆدی بابەت: 6019
هۆکاری گریانی دایکی دووگیان و کاریگەری لەسەر منداڵەکەی

ناوه‌ڕۆك

کاریگەری گریانی دایکی دووگیان

لەماوەی دووگیانیدا، وەک چۆن دەبێت ئاگاداری خۆراک و خواردنەوە و ژیانی ڕۆژانەمان بین بە هەمان شێوە زۆر گرنگە کە ئاگاداری لایەنی دەروونیمان بین، دڵخۆشی دایکی دووگیان زۆر گرنگە و کاتێک دایکێک نیگەران دەبێت و دەگری بە دڵنییایەوە کاریگەری هەیە لەسەر منداڵەکەی، توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە گریان کاریگەری دەخاتە سەر منداڵەکە کاتێک شەش مانگە لە سکی دایکیدا، و کاریگەری زۆری هەیە لەسەر تێڕوانیینەکانی منداڵەکە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا دایکی دووگیان زۆرترین گریانی هەیە بە تایبەت لە سێ مانگی یەکەم و سێ مانگی سێیەمدا و بەردەوام ئەم کارە دووبارە دەکاتەوە و دەگری.

هۆکاری گریانی دایکی دووگیان

گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکان

سێ هۆڕمۆن لەو کاتەدا لە جەستەی خانمەکەدا دەردەدرێن، ئیسترۆجین، پڕۆجیسترۆن، (HCG)، هەر گۆڕانکارییەک لە بڕی ئەم هۆڕمۆنانەدا دەتوانێت فەرمانی جیاواز بنێرێت بۆ مێشک، کە دواتر دەتوانێت کاریگەری بخاتە سەر بارودۆخی دایکەکە و دڵگرانی بکات، بۆ نموونە ڕێژەی پڕۆجیسترۆن لە دوو مانگی کۆتایی دووگیانیەکەدا، ڕێژەیەکی بەرزی هەیە و ئەمەش دایکەکە دڵگران دەکات.

پەستانی دەروونی

گرنگ نییە چەند خۆت ئامادەکردبێت بۆ دووگیانیەکەت، هەمیشە کۆمەڵێک هۆکار بوونی هەیە کە بە تەواوی کاریگەری دەخاتە سەر دایکەکە، بۆ نموونە دڵگرانی لە بارەی تەندروستی خۆی و منداڵەکەی، سەردانیکردنی بەردەوامی پزیشک، کاردانەوەی خێزان و هاوڕێ و کۆمەڵگا.

شەقبوونی پێستی سک

زۆرینەی ژنان لە ماوەی دووگیانیدا چەند شەقبوونێک دەبینن لەسەر پێستی سکیان، کە نیگەرانیان دەکات و لەوانەیە لەگەڵ هەر جارێک بینینەوەی بگرین.

دڵگران بوون

دڵگرانی لە تێکچوونی جەستە و قەڵەوبوون و دەرکەوتنی پەڵەی پێست ئەمانە هەموو هۆکارن، هەروەها بێزاری و ئازار و بە تایبەت لە کاتی خەوتندا کە دایکەکە نازانێت بە چ لایەکدا بخەوێت.

جلووبەرگی نەگونجاو

کاتێک دووگیانیت جلەکانی پێشووت بۆ ناشێت و دڵگرانیت کە ئەو هەموو جلە جوانانەت هەیە و ناتوانیت لەبەری بکەیت، بەردەوام ناچاری جلی زۆر فراوان بکەیت، ئەمانە هۆکارن تاکوو دایکەکە دڵگران بکەن و بگریت.

سەیرکردنی گرتەی تراژیدی 

سەیرکردنی فیلم و دراما و هەندێک گرتەی تایبەت کە تراژیدی بن لەو کاتەدا زیاتر کاریگەری دەخاتە سەر دایکەکە.

ڕوونکردنەوەی کەسانی دەوروبەر

کاردانەوەی کەسانی دەوروبەر بۆ دووگیانیەکەت، کاتێک کەسێک پێت دەڵێت کە ئایا دووگیانیت بە دوانەوە وا ئەوەندە سکت گەورەیە؟ ئەمە بەسە تاکوو بێزارت بکات و بە ئەندازەی خۆی دڵگران ببیت و بگریت.

قۆناغەکانی دووگیانی 

کاتێک بۆ یەکەمجار لێدانی دڵی منداڵەکەت دەبیستیت، کاتێک یەکەمین لەقەت لێدەدات و لە سۆنەردا دەیبینیت، هەموو ئەمانە هۆکارن تاکوو فرمێسکی شادی بڕژیت.

بیرکردنەوە دەربارەی منداڵبوون و ئازارەکەی

گرنگە نییە چەند کەس کە منداڵی بووە و منداڵبوون شتێکی سروشتی و گشتییە و چەند زانیاریت هەیە، هەمیشە بیرکردنەوە لە منداڵبوون و ژانەکەی هۆکارە تاکوو بگریت و بترسیت.

کاریگەری گریانی دایک لەسەر منداڵەکەی

منداڵ نریکترین کەس لێوەی دایکیەتی کە هەست بە هەموو هەستەکانی دایکی دەکات، هەموو ڕەفتارێکی دایکەکە ڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر منداڵەکە، زانست ئەوەی دەرخستووە کە لە ماوەی دووگیانیدا منداڵەکە هەست بە هەمان ئەو هەستانە دەکات کە دایکەکە دەیکات بە هەمان بەهێزییەوە، ئەم کاریگەریانە نەک تەنها لە ماوەی دووگیانیدایه بەڵکوو بۆ دوای لەدایکبوونی و گەشەکردن و تەمەنی منداڵەکەشە، بۆیە هەوڵبدە هەمیشە دڵخۆش بیت و دووربیت لە گریان.

وێڵاش لە ڕێگەی هۆڕمۆنەکانەوە پەیامی دڵگرانی وەردەگرێت

کاتێک منداڵەکەت گەشە دەکات، بەردەوام پەیام لە دایکییەوە وەردەگرێت، وەک بیستنی لێدانی دڵی دایکی، یان قسەکانی و ئەو مۆسیقایانەی دایکەکە بۆی لێدەدات، هەروەها منداڵەکە پەیامی کیمیایی لە ڕێگەی وێڵاشەوە وەردەگرێت، کە ئەم پەیامانە پەیوەندیان بە بارودۆخی دایکەکەوە هەیە، ئەگەر دایکەکە زۆر دڵگران و خەمۆک بێت منداڵەکەش هەستی پێ دەکات و لە داهاتوودا کێشەی دەروونی بۆ دروست دەبێت، لێکۆڵەرەوان ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە کە مێشکی ئەو منداڵانەی دایکیان کاتی دووگیانی خەمۆکی هەبووە و بەردەوام دڵگران بووە جیاوازی هەیە لە خانەکانیاندا.

چەند ڕاستییەک دەربارەی گریانی دایکی دووگیان لەسەر منداڵ

کاریگەری لەسەر گەشەی منداڵەکە

حاڵەتی دەروونی دایکەکە کاریگەری دەکاتە سەر گەشەکردنی منداڵەکە لە کاتی دووگیانی و دوای لەدایکبوونیشیدا، گرنگترین شت لە ماوەی دووگیانیدا بۆ منداڵەکە هەستەکانی دایکەکەیە کاتێک دایکێک بەردەوام دڵگرانە منداڵەکەش لە خەفەتدا جوان گەشە ناکات.

بیرکردنەوەی دایکەکە کاریگەری هەیە لەسەر منداڵەکە

جگە لە هەستەکاننی دایکەکە بیرکردنەوەکانیشی کاریگەری هەیە لەسەر منداڵەکەی، بۆ نموونە کاتێک دایکێک ئامادەنەبووە بۆ دووگیانی و کاتێک دووگیان دەبێت پێی ناخۆشە، منداڵەکە هەست بەوە دەکات کە قبوڵکراو نییە لەلایەن دایکەکەیەوە و پێی ناخۆش دەبێت و لە داهاتوودا کێشەی دەروونی بۆ منداڵەکە دروست دەکات و خۆی بە کەم دەبینێت، هەروەها کاتێک منداڵەکەت دەبێت زۆر لای لێ ناکەیتەوە و گوێی پێ نادەیت ڕۆژانی سەرەتا هەموو ئەمانە هۆکارن تاکوو منداڵەکەت لە داهاتوودا کێشەی  عاتیفی بۆ دروست ببێت.

دایکان چیبکەن تاکوو لە ماوەی دووگیانیدا نەگرین و دڵگران نەبن

  • لەگەڵ هاوسەرەکەتدا هاوڕێ بە و حاڵی خۆتی بۆ باس بکە، کاتێک کەسێک لێت تێدەگات هەست بە ئارامی دەکەیت و دەتوانێت یارمەتیت بدات، هەروەها داوای یارمەتی لە خێزانەکەشت بکە.
  • ئەگەر زیاد لە پێویست پەستانی دەروونیت لەسەرە ئەوا ئیهمالی مەکە و بە دوای پزیشکێکی پسپۆڕدا بگەڕێ.
  • هەوڵبدە ژیانی ڕۆژانەت بگۆڕیت و ئەو کارانە ئەنجام بدە کە دڵخۆشت دەکەن، وەررش کردن، یۆگا، خواردن دروست کردن، هەروەها هەناسەی قووڵ هەڵمژە
  • هەوڵبدە زۆر بیر لە ڕووداوەکان مەکەرەوە و خۆت کۆنتڕۆڵ بکە.


سەرچاوەکان



17179 بینین