مۆم

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2021-07-26-15:21:00 - کۆدی بابەت: 6051
مۆم

ناوه‌ڕۆك

پێناسەی مۆم

مۆم (بە ئینگلیزی: Candle) بریتییە لە دەزوویەکی گڕگرتوو کە ڕۆکراوەتە ناو ماددەی مۆمیی کە ئەم ماددەیە لە چەند سەرچاوەیەکی جیاوازەوە دروستدەکرێت، ڕووناکی و هەندێک کاتیش بۆنی خۆش بڵاودەکاتەوە.

پێکهاتەی بنچینەیی مۆم

مۆم لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت بەشی دەرەوەی کە ماددەیەکی مۆمیی تواوەیە و بەشی ناوەوەی کە پێکدێت لە دەزوویەکی گڕگرتوو، بە پشت بەستن بە جۆری مۆمەکە هەندێک جار ماددەی بۆنخۆش یان ڕەنگ بۆ پێکهاتەکەی زیاددەکرێت.

لە زۆربەی کتێبە مێژووییەکاندا ئاماژە بەوە کراوە کە مۆم لە چەوری ئاژەڵ یاخود لە پاشماوەی هەنگ دروستکراوە، لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٨٠٠ زایینی جۆرێکی مۆم لە تۆوی نەهەنگ دروستکراوە، لە سەردەمی ئێستادا زۆربەی مۆمەکان لە ماددەی پارافین درووستدەرکرێن کە بەرهەمێکی لاوەکییە لە ئەنجامی پوختەکردنی پێترۆڵەوە بەرهەمدێت، هەروەها دەتوانرێت لە جێڵ ( تێکەڵەیەکە لە ماددەی پۆلیمەر و ڕۆنی کانزایی) یان ڕووەک (دارخورما، چەند جۆرێکی توو، گوێزی هیندی) بەرهەمبهێنرێت، دەزووی مۆم بە شێوەیەکی ئاسایی لە چنینی لۆکەوە دروستدەکرێت و ڕێکدەخرێت، بەکاردێت بۆ گەیاندنی سووتەمەنی بەناو مۆمەکەدا، دەزووە چنراوەکان بە پێی جۆری لۆکەکە و بەهێزی ئەو لۆکەیەی لێی دروست دەکرێت توانای هەڵمژینی سووتەمەنیان جیاوازە، جگە لە لۆکە دەتوانرێت دەزووی مۆم لە چەند جۆرێکی تری کاغەز یاخود ڕیشاڵی دەستکرد دروستبکرێت، دەزوو پێویستە بەپێی جۆر، تیرەی مۆمەکە و ئەو سووتەمەنییەی بۆی بەکاردێت بچنرێت.

جۆرەکانی مۆم و بەکارهێنانەکانیان

مۆمی بەرز (Taper candles)

بەرز و باریکن، بەرزییەکەیان ١٨ ئینج و ئەستووریان ١ ئینج دەبێت، زیاتر بۆ جوانکاری و لەسەر مێزی نانخواردن دادەنرێن، بەوە ناسراون کە دەتوانن بۆ ماوەی ١٠ کاتژمێر بسووتێن، هەروەها پێویستیان بە ڕاگر یاخود قاڵبێک هەیە بۆ ئەوەی لەسەری دابنرێن و بە ستوونی بوەستن، بە شێوەیەکی گشتی لە پاشماوەی هەنگ یاخود پارافین دروست دەکرێن.

مۆمی ستوونی (Pillar candles)

بەرزییان لە نێوان ٣ بۆ ١٦ ئینجە، پێویستییان بە ڕاگر نییە بۆ وەستانیان، بۆ ماوەی ٣ بۆ ٤ کاتژمێر دەسووتێن و دووکەڵیان نییە، دەتوانرێت بە قەبارە، شێوە و ڕەنگی جیاواز دروستبکرێن، هەروەها دەتوانرێت زیاتر لەیەک دەزووی بۆ دابنرێت، بە شێوەیەکی گشتی لە دارخورما دروست دەکرێن.

مۆمی خواستن (Votive Candles)

قەبارەیان بچووکە، بەرزییان ٢,٥ ئینج و تیرەکەیان ٢ ئینجە، بۆ ماوەی ٦ بۆ ٧ کاتژمێر دەسووتێن، پێویستییان بە ڕاگرە پێش داگیرساندنیان، بە زۆری لە کڵێساکاندا لە کاتی نزاکردن بەکاردەهێنرێت، ڕەنگی جیاوازییان هەیە و لە پارافین و پاشماوەی هەنگ دروستدەکرێن.

مۆمی چا (Tea light candles)

بچووکن و کێشیان کەمە، بەزرییان ٣٨ میلیمەترە بە شێوەیەکی گشتی ڕەنگیان سپییە، بەڵام هەندێک کات بەڕەنگی جیاوازیش دروستدەکرێن، بۆ ماوەی ٢ کاتژمێر دەسووتێن، ناوەکەی لەوەوە هاتووە کە بەکاردێت بۆ بە گەرم ڕاگرتنی چا و خواردن لە چێشتخانەکاندا، بە شێوەیەکی گشتی لە چەوری ئاژەڵ دروستدەکرێن.

مۆمی دەفر (Candle pot)

بۆ ماوەی ١٤ کاتژمێر دەسووتێت، لەناو دەفردا دادەنرێت، بە شێوە و قەبارەی جیاواز دروست دەکرێن، بە نزیکەیی بەرزییەکەیان ٢٦ میلیمەتر و تیرەکەیان ٦٠ میلیمەترە، بە شێوەیەکی گشتی بۆ ڕازاندنەوە بەکاردێن بە چواردەوری داری کریسمسدا.

مۆمی سەرئاوکەوتوو (Floating candles)

کێشیان زۆر سوکە و بەئاسانی سەر ئاو دەکەون، بەرزییان ١ بۆ ٣/٨  ئینج و تیرەکەیان ٣ ئینجە، بۆ ماوەی ٨ بۆ ١٠ کاتژمێر دەسووتێن، لە پارافین یان چەوری ئاژەڵ دروستدەکرێن، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش دروستدەکرێن کە دەتوانرێت لە گەرماو، بۆ جوانکاری ناوماڵ، لەسەرمێزی نانخواردن، ئۆفیس و چێشتخانەکان بەکاربێت.

مۆمی جێڵ (Gel wax candles)

بۆنێکی خۆشیان هەیە، لە دەفری شوشەییدا دادەنرێن کە گەرم دەبن و پێویستە لە دوو کاتژمێر زیاتر گەرم نەکرێن، بەرزییان بە پێی ئەو دەفرە دیاری دەکرێت کە مۆمەکەی تێدەکرێت و بە شێویەکی گشتی لە نێوان ٣ میلیمەتر بۆ ٩ میلیمەتردایە، بۆ ڕازاندنەوە لە چواردەوری مەلەوانگە یان مێزی نانخواردندا دادەنرێن.

مۆمی شل (Liquid candles)

مۆمی شل لە پارافینی شل و خاوێن دروست دەکرێن، سەلامەتن بۆ بەکارهێنان و لە خزمەتگوزاری خواردن پێشکەشکردندا بەکاردێن بۆ هێشتنەوە خواردن بە گەرمی، هیچ دڵۆپ و پاشماوەیەک لە دوای خۆیان جێناهێڵن، بە پشت بەستن بە ئەستووریان دەتوانن بۆ ماوەی ٨ بۆ ١٠٠ کاتژمێر بسووتێن، بە نزیکەیی ٢ بۆ ١/٨ ئینج بەرز و ٢ بۆ ١/٢ ئینج ئەستوورن.

مۆمی لەدایکبوون (Birthday candles)

لە پاشماوەی هەنگ دروست دەکرێت کە سەلامەت و خاوێنە، تەندروستە بۆ بەکارهێنان و دڵۆپەناکاتە سەر کێکی لەدایکبوون، بە شێوە و ڕەنگی جیاواز دروستدەکرێت، پێویستییان بە ڕاگرە بۆ وەستان.

مۆمی شێوە گوللە (Cartridge Candles)

هەرزانن، بۆ شەونخونی و کاتی لەناکاو بەکاردێن، قەبارە و شێوە و ڕەنگی جیاوازیان هەیە، دەتوانن بۆ ماوەی ٩٠ کاتژمێر بسووتێن.


سەرچاوەکان



2463 بینین