کۆمپانیای مایکرۆتیک

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-07-30-23:55:00 - کۆدی بابەت: 6115
کۆمپانیای مایکرۆتیک

ناوه‌ڕۆك

مایکرۆتیک

کۆمپانیای مایکرۆتیک یان مایکرۆتیکلز (بە ئینگلیزی: Mikrotikls Ltd)، کۆمپانیاییەکی لاتیڤییە بۆ بەرهەمهێنان و پڕۆگرامکردنی ئامێر و بەرنامەکانی تۆڕە، لە بەناوبانگترین بەرنامەکانیشی بەرنامەی (Mikrotik)ـە بۆ بەڕێوبردنی نێتۆرک و بە ئاسانی هەموو کۆمپیوتەرێک دەگۆڕێت بۆ ڕاوتەر بۆ دابەشکردنی ئینتەرنێت بەسەر بەکارهێنەرەکانی دیکەدا بە چەندین شێوازی توانای بەکارهێنانی جیاواز، هەروەها بە چەندین ناوی پاوان (دۆمەین)ـی جیاواز و دیاریکردنی خێراییەکەی.

کۆمپانیاکە

لە بازاڕەکان بە ڕاوتەر مایکرۆتیک ناسراوە و کۆمپانیایەکی لاتیڤییە و بۆ ئامێرەکانی کۆمپیوتەر دامەزراوە، پارچە و نەرمەواڵە و ڕەقەواڵە بێتەل و پەخشکەرەکانی تۆڕ دەفرۆشێت، ساڵی ١٩٩٥ دامەزراوە و ساڵی ٢٠٠٧ زیاتر لە ٧٠ کارمەندی هەبووە.

بەرهەمەکان

سیستمی کارپێکردن (RouterOS)

بەرهەمی سەرەکی کۆمپانیاکە سیستمی کارپێکردنێکە کە لەسەر بنچینەی لینوکس دامەزراوە و پێی دەوترێت مایکرۆتیک ڕاوتەر ئۆ ئێس (MikroTik RouterOS)، ئەم سیستمەش ڕێگا دەدات بەکارهێنەر لەڕێی کۆمپیوتەرەوە هەریەک لە دیواری ئاگرین و تۆڕی تایبەت و نێردەر و وەرگر و ڕێژەی ناردنی داتا و توانای بەکارهێنەران دیاری بکات، هەروەها دەتوانێت ئامێرەکە وەک پەخشکەرێک یان خاڵی گەیشتن (Access Point) دابمەزرێنێت، هەروەها دەتوانێت دەرچەی هۆتسپۆت (Hotspot) دابمەزرێنێت کە بەکارهێنەر بەهۆی ناو و وشەی تێپەڕینی تایبەتەوە تۆمار ببێت و تواناکانی سنووردار بکرێن بەپێی ویستی ئەدمین و بەکارهێنەری سەرەکی، هەروەها سیستمەکە دەتوانێت ڕێژەی داگرتن و بەرزکردنەوە بۆ هەریەک لە بەکارهێنەرەکان دیاری بکات.

مایکرۆتیک بەرنامەیەکی تایبەتی هەیە بەناوی وینبۆکس (Winbox) کە ڕووکارێکی یارمەتیدەر بۆ بەکارهێنەر دروست دەکات و دەتوانێت کارەکانی بەبێ نووسینی کۆدی تایبەت بکات لەڕێی وەرگرەکانەوە کە ماوس و کیبۆردن، هەروەها پڕۆتۆکۆلەکانی ناردنی داتا و تێڵ نێت و SSH لەخۆ دەگرێت، هەروەها بەکارهێنانی ڕووکاری بەرنامەڕێژکردنی بەرنامەکان (API) بەردەست دەخات بۆ بەکارهێنەر کە دەتوانێت تایبەتمەندی بە ویستی خۆی دیاری بکات.

مایکرۆتیک زۆرینەی فیچەرەکانی کراوە و بەردەستن و خۆڕایین و لەگەڵ کڕینی ئامێرەکەدا بەردەست دەبن.

لە زۆرێک لە وڵاتانی نیمچەهەژار و هەژار و جیهانی سێیەم، ئامێرەکانی مایکرۆتیک لە پێشترە وەک لە ئامێری کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری تۆڕ، بەهۆی کەمی نرخ و زۆری بوونی فیچەر و هەڵبژاردەکانەوە کە تێیدایە، بەڵام هەندێکیان ماوەیەکی زۆر نامێننەوە و تووشی تێکچوون دەبن دوای چەند ساڵێک لە بەکارهێنان.

ئامێری ڕاوتەر

دەتوانین سیستمی مایکرۆتیک لەسەر ڕاوتەری مایکرۆتیک ڕاوتەر (Router Board) دابمەزرێنین کە سیستمێکە لەگەڵ ڕاوتەر ئۆ ئێس یەک دەگرێتەوە، لە کۆمپانیا و شوێنە مامناوەند و بچووکەکان بەکاردێت بۆ پەخشکردنی ئینتەرنێتی بێ وایەر.  


سەرچاوەکان



857 بینین