بەشی کیمیا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2021-08-05-01:37:00 - کۆدی بابەت: 6179
بەشی کیمیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زانستی کیمیا (بە عەرەبی: علم الكيمياء، بە ئینگلیزی: Chemistry) بەشێکە لە کۆلێژی زانست، لەم زانستەدا بە شێوەیەکی سەرەکی گرنگی دەدرێت بە خوێندنی توخم و ئاوێتە و پێکهاتە و هاوکێشە کیمیاویە سروشتییە زیندوو و نازیندووەکان لە سەر ڕووی زەوی، هەروەها بایەخ دەدات بە سیفات و دۆخ و پێکهاتە و تایبەتمەندیی و کارلێکەکانی ماددە و ئەو گۆڕانکاریانەی کە بەسەر ماددەدا دێت، هەروەها زانستی کیمیا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە بەرەوپێشبردنی بوارە جیاواز و هەمەجۆرەکاندا، لەوانە پیشەسازییە کیمیاوییە جیاوازەکان، لە بواری پزیشکی و دەرمان، هەروەها بوارەکانی ژینگە و خۆراك، بوارە ئەلیکترۆنییەکان، زانستی کیمیا و پسپۆڕییە سەرەکییەکانی کیمیا لە زۆربەی بوارەکانی ژیاندا بوونیان هەیە و پەیوەستن بە ژیان و بەرەوپێشبردن و گەشەسەندنی وڵات.

قۆناغەکانی خوێندن

قۆناغی خوێندنی ئەم بەشە بۆ ماوەی چوار ساڵە، خوێندن بە زمانی ئینگلیزییە، وانەکان بە شێوازی تیۆری و کردارەکی لە تاقیگەکان دەخوێنرێت.
ئەم زانستە لە چوار بەشی سەرەکی پێکدێت ئەوانیش کیمیای ئەندامی و کیمیای نائەندامی و کیمیای شیکاریی و کیمیای کردارەکی کە بە وردی و چڕی لە قۆناغەکانی خوێندندا دەخوێنرێت.

خوێندکار لە دوای تەواوکردنی ماوەی خوێندن دەبێتە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس، پاشان دەتوانێت خوێندنی پلەی باڵا (ماجستێر و دکتۆرا) بەدەستدەهێنێت. 

پسپۆڕییە سەرەکییەکانی کیمیا

- کیمیای زیندەزانی Biochemistry: لەم بەشەدا گرنگی بە بابەتەکانی زیندەزانی دەدەرێت، هەروەها بریتییە لە پەیوەست کردنی کیمیا و زیندەزانی و خوێندنی هەموو کردارە زیندەکیەکانی لەش و زانستی بۆماوە و هەموو کارلێکە کیمیاوییەکان تایبەت بە زیندەوەران و لەشی مرۆڤ. 

- کیمیای کردارەکی Applied Chemistry: بریتییە لە قوڵبوونەوە لە پیشەسازییە جیاواز و هەمەجۆرەکان، بە شێوەیەکی سەرەکی ئەم پسپۆڕییە زیاتر کارەکانی کردارەکین.

- کیمیای پەروەردەیی Educational Chemistry: ئەم بەشە هەموو بەشە سەرەکییەکانی کیمیا بە گشتی لە خۆدەگرێت، و بایەخ بە خوێندنی کیمیا دەدات لە هەموو ڕوویەکەوە. 

مەرج و تایبەتمەندی خوێندکاری زانستی کیمیا

- توانا و کارامەیی لە وانە زانستییەکان بە تایبەت وانەکانی کیمیا و بیرکاری و فیزیا.
- خاوەنی یادگەیەکی بەهێز و توانای تێگەیشتنی فراوان، چونکە لە بەشی کیمیا ژمارەیەکی زۆر لە سیفات و تایبەتمەندیی توخم و ئاوێتە هەمەجۆرەکان دەخوێنرێت، کە پێویستی بە یادگەیەکی بەهێز و بەتوانا هەیە.
- نەبوونی هیچ هەستیارییەك بەرامبەر ماددە کیمیاوییەکان، هەروەها نەبوونی کێشە و نەخۆشییەکانی هەناسە وەکوو ڕەبوو، چونکە ئەم بەشە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ ماددەی کیمیاوی قورسدا.
- توانای شیکارکردن و ڕاڤەکردن و چارەسەرکردنی هاوکێشەی ئاڵۆزی هەبێت.
- کارامەیی لە مامەڵە کردن لەگەڵ چەند ئامێرێکی ورد و ئاڵۆز کە لە تاقیگەکان هەن.
- توانای ئەنجامدانی تاقیکردنەوە کیمیاوییەکان.
- وردکار و گرنگیدان بە وردەکارییەکان.
- بەتوانا لە زمانی ئینگلیزی چونکە خوێندنی ئەم بەشە بە زمانی ئینگلیزییە.

بوارەکانی کارکردن

هەلی کارکردنی زۆر و فراوانە، هەروەها بوارەکانی هەمەجۆرە، دەکرێت لە کەرتی تایبەت و حکومی کاربکەیت، نموونەی بوارەکانی کارکردن: 

- کەرتی پەروەردە: دەرچووی ئەم بەشە دەتوانێت لە کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و زانکۆکاندا وانە بڵێتەوە وەکوو مامۆستای کیمیا،  بۆی هەیە وانەی تایبەتیش بڵێتەوە.

- کەرتی تەندروستی: خوێندکاری دەرچووی کیمیا دەتوانێت لە کەرتی تەندروستی دەستبەکار بێت لە تاقیگە شیکارییەکان.

- کەرتی پیشەسازی: دەرچووی کیمیا دەتوانێت لە بواری پیشەسازی کاربکات، وەکوو پیشەسازی دەرمان، پیشەسازی بۆن، خواردنەوە گازییەکان.

- بواری ئەکادیمی: دەرچووی کیمیا دەتوانێت وەکوو بەڕێوبەر یان یارمەتیدەرە یاخود توێژەر لە زانکۆ و سەنتەری توێژینەوەکانی پەیوەست بە بوارەکانی کیمیا  دەستبەکار بێت.

- بواری ژینگەیی: دەرچووانی بەشی کیمیا دەتوانن وەکوو پارێزەر و چاودێری ژینگەیی دەستبەکار بن و یارمەتیدەری ژینگە بن، لە ڕێگەی دیاریکردنی کێشە ژینگەییەکان و دەستەبەرکردنی چارەسەری گونجاو لە ڕێی کارلێکە کیمیاوییەکان.

- بواری حکومی: کارکردن لە دامودەزگا و دامەزراوە حکومییەکانی وەکوو وەزارەتی پیشەسازی و کارەبا و وزە. 

گرنگترین زانکۆکانی هەرێم کە ئەم بەشەی تێدا دەخوێنرێت


سەرچاوەکان



8295 بینین