کرمی کۆمپیوتەر

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-08-05-15:24:00 - کۆدی بابەت: 6186
کرمی کۆمپیوتەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندنی کرمی کۆمپیوتەر

کرمی کۆمپیوتەر (بە ئینگلیزی: Computer worm) بریتییە لە نەرمەواڵەیەکی سەربەخۆی زیانبەخشی کۆمپیوتەر کە خۆی زیاددەکات بۆئەوەی بڵاوببێتەوە و بڕواتە ناو سیستمی کۆمپیوتەری ترەوە، زۆرجار نێتۆرک بەکاردەهێنێت بۆ بڵاوبوونەوە و هەروەها پشدەبەستێت بە لاوازییە ئاسایشییەکان لە کە ئامێرەکاندا هەیە، کرمەکان هەڵدەستن بە بەکارهێنانی کۆمپیوتەرەکە وەک خانەخوێیەک و بڵآوبوونەوە بۆ کۆمپیوتەر و ئامێرەکانی تر، کرمەکانی کۆمپیوتەر زۆربەی جارەکان زیان بە نێتۆرکەکان دەگەیەنن، وەک کەمکردنەوەی خێرایی ئینتەرنێت (bandwidth)، بەڵام ڤایرۆسەکان زیاتر هەڵدەستن بە تێکدان و خراپکردنی ئەو داتا و فایلانەی کە لە کۆمپیوتەرەکاندا هەیە.

هەنێک لە کرمەکان تەنها بۆ ئەوە دروستکراون کە زیاد بکەن و زیان نەگەینن بەو سیستمانەی کە پێیدا تێدەپەڕن، بەڵام کرمەکانی مۆریس (Morris worm) و مایدووم (Mydoom) دەریانخست کە تەنانەت کرمە بەتاڵ و بێزیانەکان دەتوانن زیانی گەورە دروستبکەن لەڕێگەی زیادکردنی ترافیکی نێتۆرک (network traffic) و هێواشکردنەوەی ئینتەرنێتەوە.

مێژووی کرمی کۆمپیوتەر

یەکەمین بەکارهێنانی دەتەواژەی کرم لە ساڵی 1975 لە ڕۆمانی جۆن بروونەر کە ناوی (The Shockwave Rider)ـە بەکارهات، کە تێیدا کەسێک بەناوی نیکۆلاس هالفینگەر کۆمەڵە کرمێکی کۆکەرەوەی داتا بەکاردەهێنێت و بڵاوی دەکاتەوە، ئەمەش دەقی ناو کتێبەکەیە: "تۆ گەورەترین کرمت لە تۆڕەکەدا بڵاوکردەوە، هەر ڕێگایەک کە بەکاردەهێنرێت بۆ چاودێریکردنی بەشیوەیەکی ئۆتۆماتیکی تێکدەدات"

یەکەمین کرمی کۆمپیوتەر کە دروستکرا وەک دژە ڤایرۆسێک کاریدەکرد بەناوی ڕیپەر (Reaper)، ئەم کرمە لەلایەن ڕەی تۆملینسۆنەوە دروستکرابوو بۆئەوەی کۆپی لەبەرخۆی بگرێتەوە و بەناو کۆمپیوتەرەکانی ئاراپانێتدا (ARPANET) بڵاوببێتەوە و هەموو نەرمەواڵەن تاقیکارییەکانی (Creeper) بسڕێتەوە.

لە 2/11/1988 ڕۆبێرت تاپان مۆریس، قوتابی دەرچووی بەشی زانستی کۆمپیوتەری زانکۆی کۆڕنێل بوو کرمێکی کۆمپیوتەری دروستکردن کە دواتر بە کردمت مۆریس (Morris worm) ناسرا، ئەم کرمە زۆر بەخێرایی بڵاوبوویەوە و چەندین کۆمپیوتەری توشکرد، کە بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لابردنی کرمی مۆریس لەهەر سیستمێکدا لە 200 دۆلارەوە بۆ 53 هەزار دۆلاری تێدەچوو، هەروەها ڕۆبێرت تاپان مۆریس یەکەم کەسبوو کە بەبۆنەی هەڵە بەکارهێنانی کۆمپیوتەرەوە سزابدرێت.

تایبەتمەندییەکانی کرمی کۆمپیوتەر

سەربەخۆ 

ڤایرۆسەکانی کۆمپیوتەر زۆرجار پێویستیان بە نەرمەواڵەیەکی مشەخۆر هەیە، ڤایرۆسەکە هەڵدەستێت بە تێکردنی کۆدەکانی خۆی بۆناو نەرمەواڵەکە و هەرکاتێت کە نەرمەواڵەکە دەکرێتەکار ئەوا ڤایرۆسەکەش لەگەڵیدا دەکەوێتەکار و زیان بە کۆمپیوتەرەکە دەگەیەنێت، بەڵام کرمەکان پێویستیان بە نەرمەواڵە نییە بۆئەوەی بەکاریبهێنن بەڵکو خۆیان کۆدی تەواویان هەیە و دەتوانن بە سەربەخۆیی کاربکەن و هێرش ئەنجامبدەن.

ڕێکخستنی هێرشکردن

لەبەرئەوەی کە کرمەکان پشت بە پڕۆگرامەکانی تر نابەستن دەتوانن سوود لە خاڵە لاوازەکانی سیستمەکان بگرن و بەکاریبهێنن بۆ هێرشکردن، بۆ نموونە کرمی نیمدا (Nimda) هەڵدەستێت بە پشکنین و دۆزینەوەی خاڵە لاوازەکانی سیستمەکان بۆئەوی لەکاتی هێرشکردندا بەکاربهێنرێن.

ئاڵۆز

هەندێک لە کرمەکان لەگەڵ سکریپتی ماڵپەڕەکاندا تێکەڵدەکرێن و لە پەڕەکانی (HTML)ـدا دەشاردرێنەوە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیاکانی (VBScript) و (ActiveX)، بۆیە کاتێک بەکارهێنەرێک دەڕواتە ناو ماڵپەڕەکەوە کە ڤایرۆسەکەی تێدایە، ڤایرۆسەکە دەڕواتە ناو بیرگەی کۆمپیوتەرەکەوە و چاوەڕیدەکان تا دەکەوێتەکار، هەروەها چەند جۆرێکی تری کردم هەیە کە لەگەڵ باکدۆر (backdoor) و ئەسپی تڕۆجانیدا تێکەڵدەکرێن وەک کرمی (Code Red).

گوازراوە

کرمەکانی کۆمپیوتەر لە ڤایرۆسە ڕاستەقینەکان کە توشی نەخۆشیمان دەکەن زیاتر گوازراوەترن، کرمەکان بەتەنها توشی کۆمپیوتەرەکان نابن بەڵکو توشی سێرڤەر و ئەو ئامێرانەی کە بە سێرڤەرەکەوەن و تەنانەت توشی کۆمپیوتەرە ناوخۆییەکان (local computer) دەبن، کرمەکان زۆر بەئاسانی لەڕێگەی فایلی بڵاوکراوە و ماڵپەڕ و ئیمەیڵەکانەوە دەگوازرێنەوە.

زیانگەیاندن

هەر کۆدێک کە نوسرابێت بێجگە لەمەبەستی زیادبوون و بڵاوبوونەوەی کرمی کۆمپیوتەری پییدەوترێت هەڵگیراو یاخود پەیلۆد (Payload)، پەیلۆدە ئاساییەکان لەکاتی کارکردنیاندا هەڵدەستن بە سڕینەوە و تێکدانی فایل و داتاکانی کۆمپیوتەری ئامانجەکە، وەک کرمی (ExploreZip)، هەروەها هەنێکیان هەڵدەستن بە نهێنیکرد (Encryption) یاخود دیزنی داتا و وشەکانی نهێنی.

هەندێک لە کرمە کۆمپیوتەرییەکان هەڵدەستن بە دانان و دروستکردنی باکدۆر کە ڕێگەدەدای بە هێرشکەرەکە کۆنتڕۆڵی کرمی ناو کۆمپیوتەری ئامانجەکە بکات کە پێیدەوترێت زۆمبی (Zombie)، ئەو نێتۆرکانەی کە لە کرمی زۆمبیی پێکهاتوون پێاندەوترێت بۆت نێت (botnets)، کە بۆ چەند جۆرێکی جیاوای هێرشی ئەلیکترۆنی بەکاردەهێنرێن وەک ناردنی ئیمەیڵی بێزارکەر (spam) و ئەنجامدانی هێرشی نەهێشتنی خزمەتگوزاری (DoS attack).

ڕێگاکانی خۆپاراستن

کرمە کۆمپیوتەرییەکان هەڵدەستن بە دۆزینەوەی خاڵە لاوازەکانی سیستمەکان و نەرمەواڵەکان، بۆیە ئەو کۆمپانیایانەی کە نەرمەواڵەکە بەرهەمدەهێنن هەڵدەستن بە بڵاوکردنەوەی نوێکردنەوە ئاسایشی (security update)، بۆیە گەر ئەم نوێکردنەوانە لەکاتی خۆیدا دابمەزرێنرێن لەسەر سیستمەکە ئەوا کرمەکان ناتوانن زیادبکەن و زیان بگەیەنن.

بەکارهێنەران دەبێت وریابن لەکاتی کردنەوەی ئیمەیڵی نەناسراو یاخود کردنەوەی ئەو فایلانەی کە لەگەڵ ئیمەیڵەکاندا نێردراون، هەروەها دەبێت ئاگاداری ئەو مەڵپەڕانەبن کە لینکی فایلی گوماناوی دادەنێن.

دژە ڤایرۆس و نەرمەواڵەکانی پارێزگاری دەتوانن بەکارهێنەران بپارێزن لەم جۆرە هێراشانە بەڵام دەبێت هەمیشە دژە ڤایرۆسەکان نوێبکەنەوە بۆ تازەترین وەشان کە بەردەستە، هەروەها دیواری ئاگرین (firewall) ڕیگایەکی باش و بەسوودە بۆ پارێزگاریکردنی بەکارهێنەران لە هێرشەکانی کرمە کۆمپیوتەرییەکان.

هەروەها چەند ڕێگەیەکی تر هەیە بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی کرمەکان وەک:

  • بەکارهێنانی (ACL) لە ڕاوتەر و سویچەکاندا.
  • بەکارهێنانی فلتەری پاکێت (Packet-filters).
  • ڕاوتکردنی بەتاڵ (Nullroute).


سەرچاوەکان



1434 بینین