بچووککردنەوەی لێوەکان 

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-08-30-14:22:00 - کۆدی بابەت: 6444
بچووککردنەوەی لێوەکان 

ناوه‌ڕۆك

نەشتەرگەری جوانکاری

نەشتەرگەری جوانکاری بۆ جوانکردنی شێوەی دەرەوەی مرۆڤ ئەنجام دەدرێت، لای هەندێک ڕەنگە بەتەواوەتی شێوەی جەستە بگۆڕێت، وەکوو لابردنی لۆچەکانی دەموچاو و ناوچە ڕووتاوەکانی سەر، کە بەشێوەیەکی گەورە دەبنە هۆی گۆڕانی سیفەتەکانی دەرەوەی مرۆڤ، هەندێکی تر نەشتەرگەری جوانکاری لە سنگ و دەموچاو و لێوەکان و ورگدا ئەنجامدەدەن، کە ئەمە چەندین مەترسی هەیە، چونکە لە کۆتاییدا هەموو نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری جۆرێکن لە نەشتەرگەری و لەگەڵ خۆیاندا چەندین لێکەوتەی خراپ هەڵدەگرن.

نەشتەرگەری بچووککردنەوەی لێوەکان

لەگەڵ ئەوەی ئەم نەشتەرگەرییە لە نۆرینگەکانی دەرەوە ئەنجام دەدرێت بەڵام لەڕووی نەشتەرگەرییەوە کەمتر نییە لە نەشتەرگەرییە جوانکارییەکانی تر، ئەم نەشتەرگەرییە بە شێوەیەکی گشتی لەژێر سڕکردنی ناوچەییدا ئەنجام دەدرێت، هەروەها بچووکردنەوەی هەر لێوێکیش ١٥ بۆ ٣٠ خولەک دەخایەنێت، ئەویش بەپێی ژمارەی ئەو شانانەی لەناودەبرێن، هێڵەکانی نەشتەرگەرییش بۆ ماوەی هەفتەیەک پاش نەشتەرگەری دەمێننەوە، دواتر خۆیان نامێنن یان دەبێت لێبکرێنەوە، دەکرێت بوترێت ئەو ئازارەی لەم نەشتەرگەرییەوە دروست دەبێت بە شێوەیەکی گشتی بەرگەگیراوە، هەروەها نەخۆش ئامۆژگاری دەکرێت بە خواردنی خۆراکە نەرم و شلەکان تاکوو ئاوساوییەکەی نامێنێت، کە دەکرێت بۆماوەی دوو ڕۆژ بۆ هەفتەیەک بەردەوام بێت. 

لێکەوتەکانی بچووککردنەوەی لێوەکان

ناوچەی لێو لە هەستیارترین ناوچەکانی جەستەیە، بۆیە زۆر گرنگە کە نەشتەرگەرێکی شارەزا ئەنجامی بدات، ئەویش بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەکان و ئەو کاریگەرییە لاوەکییانەی دەکرێت هەیبێت بەپێی توانا، کەمترینی ئەو شتانەش کە دەکرێت ڕووبدەن بریتییە لە سووربوونەوە و ئاوسان و سووکەئازار لە ڕۆژەکانی سەرەتای پاش نەشتەرگەرییەکە، هەروەها دەکرێت پاش ڕووشان ڕووبدەن، بەڵام هەندێک لێکەوتەی کەمتر باو هەن کە دەکرێت ڕووبدەن پاش بچووکردنەوەی لێو بە نەشتەرگەری، ئەوانیش:

- هەوکردن.
- دروستبوونی جێ برین.
- ئاوسانی زۆر.
- خوێنبەربوون.
- کاردانەوەی هەستیاری لە ئەنجامی سڕکردنە ناوچەییەکە.

وێڕای هەبوونی ئەو لێکەوتانە بۆ نەشتەرگەری بچووککردنەوەی لێو، بەڵام نەشتەگەرییەکە بە شێوەیەکی گشتی بە سەلامەت دادەنرێت،لە توێژینەوەیەکدا کە لە ساڵی ٢٠١٠ ئەنجام دراوە دەرکەوتووە بە پەیڕەوکردنی ڕێنمایی و ڕێکارە تەندروستییەکان دەکرێت نەشتەرگەری بچووککردنەوەی لێوەکان زۆر سەلامەت بێت، چونکە زیاتر لە ٣٠ ساڵە ئەنجام دەدرێت، هەروەها ڕێژەی سەرکەوتنی زۆر بەرزە.

چاکبوونەوە پاش نەشتەرگەری بچووککردنەوەی لێو

دەکرێت ئاوسان و سووربوونەوەی پاش نەشتەرگەرییەکە چەند ڕۆژێک بمێننەوە، پاش ئەوە نەخۆش دەتوانێت بە ئاسوودەییەکی زیاتر چالاکییەکانی ئەنجام بدات، دەکرێت چارەسەری تەواوەتی هەفتەیەک بۆ دوو هەفتە بخایەنێت، وێڕای ئەوەی ئەم ماوەیە لای هەندێک زۆرە، بەڵام زۆر کورتترە لەو ماوەیەی نەشتەرگەرییە جوانکارییەکانی تر پێویستیان پێیەتی بۆ باشبوونەوە، وەکوو یاسایەکی گشتیش پێویستە لەسەر ئەو کەسانەی ئەم نەشتەرگەرییە ئەنجام دەدەن هەفتەیەک پشوو وەربگرن لە کارەکانیان.

لەکاتی چارەسەر وەرگرتنیشدا ڕەنگە پزیشک پێشنیاری دانانی سەهۆڵ بکات لەسەر لێوەکان، وێڕای ئەو ئازارشکێنانەی بەبێ ڕەچەتەی پزیشک وەردەگیرێن، وەکوو پاراسیتامۆڵ و ئیبۆپڕۆفین، هەروەها لەسەر نەخۆش پێویستە سەردانی پزیشک بکاتەوە گەر نیشانەکان بۆ ماوەی دوو هەفتە پاش نەشتەرگەری بەردەوام بوون.


سەرچاوەکان



791 بینین