خەدیجەی کچی خوەیلد

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-08-31-15:34:00 - کۆدی بابەت: 6455
خەدیجەی کچی خوەیلد

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خەدیجەی کچی خوەیلد یەکەمین خێزانی پێغەمبەر محەمەد (د.خ)ـە دایکی منداڵەکانێتی، نازناوی "دایکی قاسمە" هەروەها لە سەردەمی پێش ئیسلام بە پاکیزە ناویان دەبرد، دایکی ئیماندارانە، یەکەمین کەسە لە ئیسلامدا کە باوەڕی بە پێغەمبەر (د.خ) هێناوە، لەو کاتەی کە سرووش نێردرا بۆ پێغەمبەر (د.خ) خەدیجە پاڵپشت و هاندەری بووە و بردویەتی بۆ لای کوڕە مامێکی خۆی بە ناوی وەرەقەی کوڕی نەوفەل (پیاوێکی دانای مەککە بووە) ئەو مژدەی پێغەمبەرایەتی داوە بە پێغەمبەر (د.خ).

لەدایکبوون و قۆناغەکانی ژیانی 

خەدیجەی کچی خوەیلد 68 ساڵ پێش ساڵی کۆچی لە شاری مەککە لەدایکبووە، پانزە ساڵ لە پێغەمبەر (د.خ) گەورە تر بووە، لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند پەروەردە کراوە و خێزانەکەی پلە و پێگەیەکی زۆر بەرزی هەبووە لە نێو قوڕەیشدا و زۆر دەوڵەمەند بوونە، هەر بۆیە ئەمیش زۆر دەوڵەمەند بووە و سەروەت و سامانێکی زۆری هەبووە، لە پێش هاوسەرگیری کردنی لەگەڵ پێغەمبەر (د.خ) دووجار هاوسەرگیری کردووە، هەردوو جارەکە مێردەکانی کۆچی دواییان کردووە، لە دوای کۆچی دوایی مێردی دووەمی، هەرچی داوای هاوسەرگیری پیاوانی تری قوڕەیشی ڕەتکردووەتەوە چوونکە لەبەر دەوڵەمەندی دوای هاوسەرگیرییان لێکردوە و ویستویانە لێی نزیك بنەوە.

هاوسەرگیری کردنی خەدیجە لەگەڵ پێغەمبەر (د.خ)

پێغەمبەر (د.خ) لە تەمەنی 25 ساڵی هاوسەرگیری کردووە لەگەل خەدیجە کە تەمەنی 40 ساڵ بووە، کاتی هاوسەرگیرییەکەیان پازدە ساڵ پێش دابەزینی سرووش بووە، هۆکاری هاوسەرگیری کردنیشی ئەوە بووە کە خەدیجە هەموو ساڵێك بە هۆی بازرگانی بۆ وڵاتی شام پیاوێکی ڕاستگۆ و دەستپاکی هەڵدەبژارد و بۆ بەڕێوەبردنی بازرگانییەکەی لەوێ، کاتێك ناوبانگی موحەمەد (د.خ) بیست کە چەند ڕاستگۆ و دەستپاکە و ڕەوشت بەرزە داوای لێیکرد کە بازرگانی بۆ بکات، ئەو ساڵە قازانجێکی زۆری کرد و بە ئەمەکی و ڕەوشتی پێغەمبەری بۆ دەرکەوت، هەر ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی کە خۆی داوای هاوسەرگیری لە پێغەمبەر (د.خ) بکات.

منداڵەکانی خاتوو خەدیجە

لە دوای هاوسەرگیری لەگەڵ پێغەمبەر (د.خ)، بوونە خاوەنی چوار کچ بە ناوەکانی زەینەب کچە گەورەکەی دواتر ڕوقیە، پاشان ئوم کەلسووم، کچە بچووکیشیان فاتیمە بوو، هەروەها بوونە خاوەنی دوو کوڕ بە ناوەکانی قاسم و عەبدوڵڵا کە هەر لە تەمەنی منداڵی کۆچی دواییان کرد، شایەنی باسە هەموو منداڵەکانی پێغەمبەر(د.خ) لە خەدیجە خاتوون بووە، تەنها ئیبراهیمی کوڕی لە ماریەی خێزانی بووە.

تایبەتمەندی و پێگەی خاتوو خەدیجە لە ئیسلامدا 

خاتوو خەدیجە پێگەیەکی تایبەتی و مەزنی هەیە لە نێو ئیسلام و لە لای موسڵمانان چونکە ئەو ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە بڵاوکردنەوەی ئیسلامدا، نازناوی دایکی ئیماندارانە و پێی دەوترێت خەدیجەی مەزن، یەکەمین کەس بوو باوەڕی بە ئیسلام هێناوە، پاڵپشتی و هاندەر و ڕێنیشاندەری پێغەمبەر (د.خ) بووە بۆ سەرخستنی ئیسلام هەروەها دڵنەوایی کردووە کاتێك لە سەرەتای بانگەوازیی بۆ ئیسلام خەڵکی قوڕەیش دژایەتی و بەرهەڵستی پێغەمبەریان کردووە.

تایبەتمەندی خەدیجە خاتوون لە لای پێغەمبەر(د.خ)

پێغەمبەر (د.خ) خەدیجەی زۆر خۆشویستووە، لە چەندان فەرموودەدا بە ڕوونی ئەو خۆشەویستییە تایبەتە دیارە، لە فەرموودەیەکدا دەفەرموێت: (باشترین ژنانی بەهەشت خەدیجەی کچی خوەیلد و مەریەمی کچی عومرانە)، هەروەها لەو چوار ژنانەی بەهەشتە کە پێگەی تایبەتییان هەیە لە بەهەشتدا ئەوانیش (مەریەمی کچی عومران، خەدیجەی کچی خوەیلد، فاتیمەی کچی موحەمەد، ئاسیای ژنی فیرعەون)، لە فەرموودەیەکی تردا دەفەرموێت: (من بوومە خاوەنی خۆشەویستی ئەو) مەبەستی لە خەدیجەیە، پێغەمبەر (د.خ) تا لەگەڵ ئەو بووە هاوسەرگیری تری نەکردووە، هەمیشە باسی لە تایبەتمەندی و کەسایەتی خەدیجە کردووە لە لای هاوەڵانی، تەنانەت لەدوای کۆچی دوایی خەدیجەش.

تایبەتمەندی کەسایەتی خەدیجە خاتوون

- پاکیزەیی و ڕەوشت بەرزی.
- دانایی و ژیری و بەهێزی کەسایەتی.
- ئارامگرتن لەسەر ئازار و ناخۆشییەکان و سەرخستنی پێغەمبەر (د.خ) و بانگەوازیی بۆ ئیسلام. 

کۆچی دوایی

لە تەمەنی 65 ساڵی کۆچی دوایی کردووە، ١٠ ساڵ پاش بانگەوازی بۆ ئیسلام، لە گۆڕستانی "ئەلحجوون" نێژراوە، پێغەمبەر(د.خ) خۆی ناشتوویەتی، بەڵام نوێژی لەسەر نەکراوە چونکە ئەو کاتە نوێژی مردوو و جەنازە نەسپێنرا بوو بەسەر موسڵماناندا، بە ماوەیەکی کەم لە دوای کۆچی دوایی مامی پێغەمبەر "ئەبوو تالیب" کۆچی دوایی کردووە، بۆیە ئەو ساڵە ناونرا بە ساڵی ماتەم و ناخۆشی. 


سەرچاوەکان



5638 بینین