دۆلفین

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-09-09-13:17:00 - کۆدی بابەت: 6540
دۆلفین

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دۆلفین (بە عەرەبی: دولفين، بە ئینگلیزی: Dolphin)، بە جۆرێک لە جۆری نەهەنگەکان هەژماردەکرێن کە ددانەکانیان بچووکە، و زیاتر لە ٤٠ جۆری جیاوازیان هەیە، تەنها ٦ جۆریان دەکرێت بە نەهەنگ دابنرێت وەک نەهەنگی بکوژ و نەهەنگی فڕۆکەوان، بە پێچەوانەی ڕای خەڵکەوە دۆلفینەکان ماسی نین سەرەڕای ئەوەی لە ئاودا دەژین، بەڵکو بە مەمکداری ئاوی دادەنرێن، دابەشدەکرێن بۆ دوو خێزانی سەرەکی بەم شێوەیە:

  • دۆلفینە ڕووبارییەکانی باشووری ئاسیا، ناوە زانستییەکەی بریتییە لە (Platanistidae).
  • دۆلفینەکانی ئینیدی، ناوە زانستییەکەی بریتییە لە (Iniidae).

شێوەی دەرەوەی

جەستەیەکی خۆڕاگر و کەوانەی ڕیشەداریان هەیە بۆ هەناسەدان، هەروەها چەند چینێک چەورییان هەیە بۆ دابڕینی جەستەیان لە پلە جیاوازەکانی گەرمی، ئەمانە پێویستییەکانن بۆ ژیانکردن لە ژینگەیەکی ئاوی، هەروەها دۆلفینەکان کلکیان هەیە لە کاتی مەلەکردندا بە ئاڕاستەی سەرەوە و خوارەوە دەجوڵێت، کە جوڵەکەی هاوشێوەی جوڵەی پێیەکانی مرۆڤە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە جوڵەی کلکی دۆلفین جیاوازە لە جوڵەی کلکی ماسییەکانی دیکە کە ئەوان بە ئاڕاستەی تەنیشتەکان دەیجوڵێنن.

دۆلفینەکان هەستی بۆنکردنی بەهێزیان نییە، چونکە جەستەی کونی بۆنکردن و دەمارەکانی بۆنکردنی نییە، لووتی دۆلفین هاوشێوەی دەنووکی ئەو باڵندانەیە کە دەخوێنن (دەنووکی کەوانەیی)، لوتی درێژ و باریکە بەهۆی ئێسکی شەویلگەیەوە کە درێژ و دیارە، هەروەها شەویلگەی ژمارەیەکی زۆر ددانی قوچەکی تێدایە، کە لە هەندێک جۆردا دەگاتە ١٣٠ ددان بۆ هەر شەویلگەیەک.

لە بەناوبانگترین دۆلفینە شەویلگە دیارەکان ئەمانەن:

  • دۆلفینی ئەتڵەسی پشت چەماوە
  • دۆلفینی لوت لولەیی
  • دۆلفینی توکۆکسی
  • دۆلفینی خولخۆر

توێکاری پەلەکانی پێشەوەی دۆلفینەکان هاوشێوەی توێکاری پەلەکانی پێشەوەی مەمکدارەکانی دیکەیە لە ڕووی پیشەوە، بەڵام بچووک و ڕەقن، و پەڕەکانی سنگی بەکاردەهێنێت بۆ ئاڕاستەکردن و گۆڕانکاری کردن لە خێراییەکەی لە کاتی مەلەکردندا، هەروەها جەستەی دۆلفینەکان پەڕەکانی پشتەوەیان هەیە کە هاوکاری دەکات لە ئاڕاستە کردن و جێگیرکردنی جوڵەکەی لە ناو ئاودا، بەڵام هەندێک جۆریان نییەتی، وەک دۆلفینە نەهەنگییە بنەڕەتییەکانی باشوور و دۆلفینە نەهەنگییە بنەڕەتییەکانی باکوور.

گوێیەکانی دۆلفینەکان ناوچەی کراوەی بچووکن کە دەکەونە پشت چاوەکانییەوە، و ئەم ناوچە کراوانە ناگەن بە گوێی ناوەڕاست، هەندێک لە زاناکان بڕوایان وایە کە دەنگەکان دەگوازێنەوە لە ناوچە کراوەکانی گوێی دەرەوە بۆ ناوەڕاست و ناوەوە، بە هۆی ئەو چەورییانەی کە دەکەونە پشت شەویلگەی خوارەوە و بەهۆی ئێسکە جیاوازەکانی کەللەی سەری.

نیشتیمان

دۆلفینەکان لە زەریاکان و دەریاکان و ڕووبارەکاندا دەژین، هەندێکیان ژیانکردنیان لە کەنارەکان بەلاوە پەسەندە لەکاتێکدا هەندێکی دیکەیان لە قوڵاییە زۆر دووەرەکانی ئاودا دەژین، بە زۆری دۆلفینەکان حەزیان لە ناوچەکانی هێڵی کەمەرەییە کە ئاو و هەواکەی ناوەندە، چونکە دۆلفینەکان بە مەمکدارە خوێن گەرمەکان پۆلێندەکرێت کە هەبوونی لە ئەم ناوچانە باشترە بۆ ڕێکخستنی پلەی گەرمی جەستەی.

تەنها یەک جۆر دۆلفین هەیە کە لە جەمسەرەکاندا دەژی ئەویش دۆلفینی ئۆرکایە، قەبارەیەکی زۆر گەورەی هەیە، و تایبەتمەندە بە توانای بۆ بەرگەگرتنی سەرمای زۆر و ئاوی بەستوو.

یەکگرتن و زۆربوون

بە گوێرەی نشینگە و ڕەگەز و جۆری دۆلفینەکان تەمەنی پێگەیشتنیان دەگۆڕێت، بۆ نموونە مێینەکانی دۆلفین لە نێوان تەمەنی ٥ بۆ ١٣ ساڵیدا پێدەگەن، بەڵام نێرینەکان لە نێوان ١٠ بۆ ١٤ پێدەگەن، ئەم دروستکراوانە زیاد لە هاوسەرگیرییەک دەکەن، بە گشتی یەکگرتن لە هەر کاتێکی ساڵەکەدا بێت ڕوودەدات، بەڵام لە هەندێک ناوچەدا ڕێژەی یەکگرتن لە وەرزەکانی بەهار و پاییزدا بەرزدەبێتەوە.

ماوەی سکپڕی دەکەوێتە نێوان ٩ بۆ ١٧ مانگ، بۆ نموونە دۆلفینە بکوژەکان ماوەی سکپڕییەکەیان ١٢ مانگ دەخایەنێت ، لە کاتێکدا ئۆرکاکان ١٧ مانگ دەخایەنێت، دوای لەدایکبوونی بێچوویەکی دۆلفین، دایکەکەی پاڵیپێوە دەنێت بۆ سەر ڕووی ئاو بە مەبەستی هەناسەدان، هەروەها بێچووەکا بۆ ماوەی دوو ساڵ شیری دایک دەخۆن، و دەتوانێت لەگەڵ دایکی بمێنێتەوە بۆ ماوەی ٥ ساڵ.

خۆراک

دۆلفینەکان بە ڕاوچی چالاک دادەنرێن، کە بۆ ژەمە خۆراکیەکانیان پشت بە ژمارەیەکی زۆر لە پۆلی ماسییەکان و مرەکەبەکان و توێکڵدارە دەریاییەکان دەبەستن، ڕۆژانە بڕێکی یەکسان بە ٪٤ بۆ ٪٦ ی کێشی جەستەی خۆراک بەکاردەهێنێت، بەڵام دایکێکی شیردەر ڕێژەکەی بەرز دەبێتەوە بۆ ٪٨، هەروەها گەدەی دۆلفین تایبەتمەندە بە ئەوەی دابەشکراوە بۆ چەند پارچەیەک، ئەمەش کرداری هەرسکردن خێرا دەکات، خۆراکیان دەگۆڕێت بە گوێرەی جۆری دۆلفینەکە و نێچیرەکانیان کە لە ژینگەکەدا هەن.

پەیوەندیکردن

تۆڕی کۆمەڵایەتی دۆلفینەکان تۆڕێکی ئاڵۆزە، کە لە ژمارەیەکی کەمی بێچووەکان و دایکەکان پێکهاتووە، و پەیوەندی هاوبەشیان هەیە لەگەڵ کۆمەڵەی گەورەتر لە دۆلفینەکان، لە کاتی ڕاوکردندا  پێکەوە دەجوڵێن، یەکێک لە دۆلفینە بەتەمەنەکان سەرپەرشتی ڕێکخستنی جووڵەی کۆمەڵەکە دەکات، کە بە مەلەکردن دەوری پۆلی ماسییەکان دەدات بۆ ئەوەی ڕاویان بکەن.

بۆ پەیوەندیکردن دۆلفینەکان زیاتر لە هەر ڕەوشتێکی دیکە دەنگ بەکاردەهێنن، خێرایی گواستنەوەی دەنگ لە ناو ئاودا زیاترە لە هەوا، زاناکان باوەڕیان وایە کە هەر دۆلفینێک دەنگێکی فیکەی تایبەت بە خۆی هەیە کە وەک ناسنامەیەک وایە، ئەم فیکەیە بەکاردەهێنێت بۆ پەیوەندی کردن بە ئەندامەکانی تری کۆمەڵەکەیەوە بۆ زانینی جێگەکەیان.

مەترسی و هەڕەشەکان  

ڕاوکردنی دۆلفینەکان لەلایەن مرۆڤەکانەوە بە گەورەترین مەترسی و هەڕەشە دادەنرێت کە ڕووبەڕویان دەبێتەوە، لە چەند سەدە پێش ئێستەوە دۆلفینەکان ڕاودەکرێن بۆ سوود وەرگرتن لە گۆشتەکەی، بە گشتی کاتێک ڕاودەکرێت کە بۆ هەناسەدان دێتە سەر ڕووی ئاو، مەترسی دووەم گۆڕانی کەش و هەوایە، کە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمی دەبێتە هۆی کۆچکردنی نێچیرەکانیان بۆ قوڵایی دەریاکان، و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی شەپۆلەکانی دەریا کاریگەری نەرێنی دروست دەکات لەسەر زۆربوونیان.


سەرچاوەکان

1517 بینین