کۆماری چیک

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-09-15-13:19:00 - کۆدی بابەت: 6585
کۆماری چیک

ناوه‌ڕۆك

وڵاتی کۆماری چیک

وڵاتی کۆماری چیک یاخود کە بە کورتکراوەیی چیکیشی پێ دەوترێت، یەکێکە لە وڵاتە ئەورووپییەکان و دەکەوێتە ناوەڕاستی ئەورووپاوە، لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە سنووری لەگەڵ وڵاتی پۆڵەندادا هەیە، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ وڵاتی سلۆڤاکیا، لە باشوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ نەمسا و هەرچی وڵاتی ئەڵمانیاشە دەکەوێتە ڕۆژئاوای ئەم وڵاتەوە، وڵاتەکە یەکێکە لە وڵاتە داخراوەکان کە هیچ سنوورێکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ دەریا و زەریاکاندا نییە، کۆماری چیک ناوچەیەکی شاخاوی هەیە و ڕووبەری خاکەکەی ٧٨,٨٧١ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، کەشی وڵاتەکە شێدارە و کریگەری زەریای ئەتڵەسی لەسەرە، نزیکەی ١٠ میلیۆن دانیشتووان لەم وڵاتەدا دەژین.

ناوی وڵات کۆماری چیک
پایتەخت پراگ
زمانی فەرمی چیکی
گرووپە ڕەگەزییەکان
  • ٪٦٤ چیکی 
  • ٪٥ مۆراڤیەکان
  • ٪١ سلۆڤاکی
  • ٪١ ئۆکرانی
  • ٪٤ گرووپەکانی تر
  • ٪٢٥ نادیار
ئایین
  • ٪٣٦ بێ ئایین
  • ٪١٣ مەسیحی
  • ٪٣ ئاینەکانی تر
  • ٪٤٨ نادیار
شانشینی چیک ١١٩٨
ڕۆژی سەربەخۆیی و درووستبوونی چیکوسلۆڤاکیا ٢٨/١٠/١٩١٨
کۆماری چیک ١/١/١٩٩٣
ڕووبەری وڵات ٧٨ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە
دانیشتووان (٢٠٢١) ١٠.٧٠١ میلیۆن کەس
داهاتی ساڵانە ٢٦١.٧٣٢ میلیار دۆلار
داهاتی ساڵانەی تاک ٢٤,٥٦٩ دۆلار
دراو کرۆنی چیکی
کات UTC +1
کاتی هاوینە UTC +2
کۆدی نێودەوڵەتی +٤٢٠
شێوازی لێخوڕین
لای ڕاست

جوگرافیا

کۆماری چیک وڵاتێکی هەڵکەوتەی ناوەڕاستی ئەورووپایە، سنووری وشکانی هەیە لەگەڵ هەریەک لە وڵاتانی ئەڵمانیا، پۆڵەندا، سلۆڤاکیا و نەمسادا، ڕووبەرەکەی ٧٨,٨٧١ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و دانیشتووانەکەی ١٠ میلیۆن کەس دەبێت، پایتەختی وڵاتەکە شاری پراگە، ئەم وڵاتە هەڵکەوتەی نێوان هێڵی درێژی ٤٨ بۆ ٥١ ی باکوور و بازنەی پانی ١٢ بۆ ١٩ ی ڕۆژهەڵات.

بۆهێمیا یەکێک لە گەورەترین و دێرینترین ناوچەی چیکە و دەکەوێتە ڕۆژئاوای وڵاتەکەوە، درێژترین ڕووباری وڵاتەکە “ڤڵتاڤا”ـیە و ڕووباری “ئێڵب” یش یەکێک لە وڵاتە گرنگەکانی وڵات و هەموو ئەورووپاشە، هەردوو ڕووبارەکە بە ناوچەی شاخاویی دەوردراون و دیمەنێکی ناوازەی بە وڵاتەکە بەخشیوە، ئەو چیایانەش بە ناوی کراکۆنۆس و سودێتێس ناسراون و دەکەونە باکووری وڵاتەکەوە، بەرزترین خاڵی وڵاتەکە (سنێزکا) یە و لەسەر سنووری کۆماری چیک و پۆڵەندا لە باکووری وڵاتەکە هەڵکەوتووە، بەرزی لووتکەکە ١٦٠٣ مەتر دەبێت، ناوچەی مۆراڤیاش ناوچەیەکی گرنگی وڵاتەکەیە و دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتییەوە و بەهەمان شێوە ناوچەیەکی بەرزی و گردە، ڕووباری ئەم ناوچەیە بەناوی مۆراڤاوەیە و لقێکە لە ڕووباری دانووب جیا دەبێتەوە.

سەرچاوە ئاوییەکانی کۆماری چیک دەڕژێنە سێ دەریای جیاوازەوە کە ئەوانیش: دەریای بەڵتیک کە لە بەشی سەرەوەی کیشوەری ئەورووپادا هەڵکەوتووە، دەریای ڕەش کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی کیشوەرەکە لەگەڵ دەریای باکوور کە ئەویش دەکەوێتە باکووری کیشوەری ئەورووپاوە.

بەندەرێکی گرنگ لە وڵاتی ئەڵمانیادا هەیە بەناوی “مۆڵداوهافن” ڕووبەرەکەی ٣٠ هەزار مەتر چوارگۆشەیە، بەپێی ڕێککەوتننامەی (ڤێرسایلس) ی ساڵی ١٩١٨ داوا کرا کە ئەڵمانیا وەک قەرەبووی جەنگ بۆ ماوەی ٩٩ ساڵ کرێی ئەو بەندەرە بدات بە وڵاتی چیک، ڕێککەوتننامەکە لە ساڵی ١٩٢٩ دا جێبەجێکرا و تا ٢٠٢٨ کۆماری چیک کرێ وەردەگرێت و دواتر بەندەرەکە دەگەڕێتەوە سەر وڵاتی ئەڵمانیا.

کەشوهەوا

کەشوهەوای وڵاتی چیک وەک هەموو وڵاتانی هەڵکەوتەی ناوەڕاستی ئەورووپا کەشێکی گۆڕاوە بەپێی وەرز و شوێنەکان، کەشی وڵات زەریاییە و شێ لە وڵاتدا بەرقەرارە، هاوینێکی گەرم و زستانێکی سارد و هەور و بەفراوی هەیە، کەشوهەوا بەپێی بەرز و نزمی و شێوەی تۆپۆگرافی زەوی (زانستی پێناسەکردنی جۆری خاکەکان و بەرزییان لەڕووی دەریاوە) لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕێت، لە ناوچە بەرزەکان و باکووری وڵاتەکە کەشەکە ساردە و بەفر و تەرزە دەبارێت و پلەی گەرمی لە سفری سیلیزیدا دەبێت. 

ئەو شوێنەی کە زۆرترین ڕێژەی بارانی لێ دەبارێت و ناوچەی “بیلی پۆتۆک”ـە لە هەرێمی لیبێریک کە دەکەوێتە چیاکانی جزیرەوە لە باکووری وڵات و لەسەر سنووری پۆڵەندا، لە بەرزترین لووتکەی وڵاتەکەدا تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانە لە سفر پلەی سیلیزیدایە، لە نزمترین ناوچەی وڵاتەکەش کە دەکەوێتە هەرێمی مۆراڤیانی باشوورەوە تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانە ١٠ پلەی سیلیزی دەبێت.

ساردترین مانگەکانی ساڵ مانگی کانوونی دووەم، شووبات و کانوونی یەکەمە، بە درێژایی ئەم مانگانە بەفر لەسەر چیاکان دەمێنێتەوە و هەندێک جار لە ناوچە نزمەکان و شارەکانیشدا دەبارێت، لە مانگەکانی ئازار و نیسان و ئایاردا پلەکانی گەرما وردە وردە بەرز دەبنەوە و لەم مانگانەدا کە دەکەونە وەرزی بەهارەوە ڕێژەی ئاوی وڵات زیادەکات بەهۆی بارانی درێژایی زستان و بەهاردا و تووانەوەی بەفری چیاکان، گەرمترین مانگی ساڵیش مانگی تەمووزە و بەدوایدا ئاب و ئەیلوول، لەم مانگانەی وەرزی هاویندا تێکڕای پلەی گەرمی دەچێتە نێوان ٢٠ بۆ ٣٠ پلەی سیلیزییەوە، لەم کۆمارەدا هەندێک جار لە وەرزی هاویندا باران دەبارێت و گەردەلوول درووستدەبێت، بەرزترین پلەی گەرمی لە مێژووی وڵاتەکەدا کە تۆمارکرابێت هی ساڵی ١٩٢٩ یە کە -٤٢ پلە بووە و بەرزترینیشی لە ساڵی ٢٠١٢ دا بووە کە ٤٠ پلەی سیلیزی بووە. 


سەرچاوەکان



2595 بینین