ماریوانا

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-09-15-01:36:00 - کۆدی بابەت: 6595
ماریوانا

ناوه‌ڕۆك

ماریوانا چییە؟

ماریوانا کە پێشی دەوترێت ماریجوانا، ماددەیەکی هۆشبەری ڕەنگ خۆڵەمێشی سەوزباوە لە گوڵی وشککراوەی ڕووەکی حەشیشەوە دروست دەکرێت، هەندێک کەس ماریوانا بە شێوەی جگەرە لە کاغەزی تایبەت بە جگەرەدا دەکێشن یاخود سیبیل بەکاردێنن بۆ کێشانی، یان بە شێوەی چا دەخورێتەوە، بە شێوەیەکی سەرەتایی کاتێک دەفرۆشرێت یاخود بەکاردێت بۆ مەبەستی پزیشکی زۆرجار لەگەڵ خواردن تێکەڵ دەکرێت وەک کێک، شیرینی یان کڵۆشەکر، بەهێزترین جۆرەکانی ماریوانا بریتییە لەو جۆرەی کە لە ڕووەکی سینسێمیڵاوە بەرهەم دەهێنرێت (سینسێمیڵا جۆرێکی تری ڕووەکی حەشیشە و ڕێژەیەکی زۆرتری پێکهاتەی ماددەی هۆشبەری تێدایە) هەروەها جۆری ئەو ڕایزنە خەستکراوانەی کە ڕێژەیەکی بەرز لە پێکهاتە چالاکەکانی ماریجوانایان تێدایە، پێکهاتەی کیمیایی بەرپرسی سەرەکی لە کاریگەرییە هۆشبەرییەکانی ماریجوانا بریتییە لە دەلتا-٩-تێتراهایدرۆکانابینۆڵ (tetrahydrocannabinol (THC))، ڕووەکی حەشیش زیاتر لە ٤٨٠ پێکهاتەی کیمیایی دیکەی تێدایە و زیاتر لە ١٠٠ پێکهاتەی بە شێوەیەکی کیمیایی پەیوەستن بە THC و پێیان دەوترێت کانابینۆیدەکان.

ڕووەکی حەشیش

ڕووەکی حەشیش پێشی دەوترێت ڕووەکی ماریوانا، لە  نەتەوەکانی ناوەڕاستی ئاسیا و هیندستان ڕووەکی حەشیش وەک دەرمان بۆ مەبەستی چێژ و کاریگەری دەروونی بەکارهاتووە لە چەندین چارەسەری کۆندا بۆ چەندین سەدە، تێتراهایدرۆکانابینۆڵ (Tetrahydrocannabinol (THC)) یەکێکە لە ٤٨٣ پێکهاتە چالاکەکەی ناو ڕووەکی حەشیش و پێکهاتەی سەرەکی بەرپرسە لە کاریگەرییە دەروونیەکانی ڕووەکی حەشیش، ڕووەکی حەشیش چەندین کاریگەری دەروونی و جەستەیی جیاوازی هەیە، وەک هەستکردن بە دڵخۆشی و بەختەوەری، گۆڕانی دۆخی مێشک و هەستکردن بە کات، نەمانی سەرنج، پەکخستنی بیرەوەرییە کورتخایەنەکانی مێشک و جووڵەی لەش، ئارامی، زیادبوونی حەزی خواردن، ئەم کاریگەرییانە هەستیان پێدەکرێت دوای چەند خولەکێک لە کێشانی بەرهەمی ڕووەکی حەشیش و نزیکەی ٣٠ بۆ ٦٠ خولەک لە خواردنی ڕووەکی حەشیش، هەروەها ئەم کاریگەرییانە بۆ ماوەی دوو بۆ شەش کاتژمێر دەمێننەوە بە پشت بەستن بە بڕی وەرگیراو.

جیاوازی نێوان حەشیش و ماریوانا

حەشیش پێکهاتەی ماددە هۆشبەرەکان واتە تێتراهایدرۆکانابینۆڵ (Tetrahydrocannabinol (THC)) بە ڕێژەیەکی خەستتر تێدایە بە بەراورد بە ماریجوانا، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا ڕێژەی ئەو پێکهاتانە لە ماریواناشدا زیادکراوە، چونکە ماریوانا پێکهاتەی ڕووەکەکەی تێدا ماوە و کاریگەرییەکانی لاوازترە لە حەشیش، ڕێژەی پێکهاتە هۆشبەرەکان گۆڕدراوە بەڵام بە شێوەیەکی گشتی توانای هۆشبەری ماریجوانا ١٠٪ بۆ ٢٠٪ لە کاتێکدا توانای هۆشبەری حەشیش لە نێوان ٢٠٪ بۆ ٦٠٪ دایە، واتە بۆ گەیشتن بە کاریگەری خوازراو ڕێژەیەکی کەمتر لە حەشیش پێویستە بە بەراورد بە ماریوانا و وەرگرتنی یەکجاری حەشیش دەتوانێت کاریگەرییەکی خوازراوی تەواوی هەبێت، بۆ کەسێک کە ڕاهاتبێت بە ڕێژە کەمەکەی کاریگەری ماریوانا مەترسیدارە کە بیەوێت حەشیش لەبری ماریوانا بەکاربهێنێت و هەمان ئەنجامی دەست بکەوێت، چونکە حەشیش ماددەی بێهۆشکەری زیاترە لە ماریجوانا و کاریگەرییە نەرێنییەکانیشی زیاترە و زووتر مرۆڤ ئالوودە دەکات.

بەکارهێنانەکانی ماریجوانا

لەبواری پزیشكیدا

بەکارهێنانی ڕووەکی حەشیش کە سەرچاوەی دروستکردنی ماریوانایە لە بواری پزیشکیدا و بۆ چارەسەری نەخۆشی بوونی هەیە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هیچ دەقێک و نوسراوێکی بڕواپێکراو بوونی نییە بۆ ئەو بەکارهێنانە، بەدواداچوونی وردی زانستی بۆ ڕووەکی حەشیش ڕێگری خراوەتە بەردەم بە دیاریکردنی شێوازی بەرهەمهێنانی و قەدەغەکردنی دەرمانەکەی لە زۆربەی وڵاتاندا، ڕێژەی دیاریکراوی ڕێگەپێدراوی بەکارهێنانی بەرهەمی ڕووەکی حەشیش یاخود ماریجوانا دەتوانێت ببێتە هۆی کەمکردنەوەی سەرسووڕان و ڕشانەوە لەکاتی چارەسەری کیمیاییدا، دەتوانرێت بەکاربێت بۆ زیاکردنی حەزی خواردن لە توشبووانی نەخۆشی ئایدز، هەروەها بۆ چارەسەری گرژبوونی ماسولکەکان بەکاربێت.

بۆ چێژوەرگرتن

ماریوانا کاتێک بەکاردێت کاریگەری جەستەیی و دەروونی دەخاتە سەر بەکارهێنەر، کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی دوای بەکارهێنانی ماریوانا بریتین لە ئارامبوونەوە و هەستی بەختەوەری، گۆڕانی گشتی لە توانای فێربوون و زانین، زیادبوونی هەستی بە ئاگایی، زیادبوونی ئارەزووی سێکسی، نەناسینەوەی شوێن و کات، بەڵام ئەم بەکارهێنانە کورتخایەنەی ماریجوانا لەوانەیە ببێتە هۆی چەند کاریگەرییەکی لاوەکی کورتخایەن وەک، سووربوونەوەی چاوەکان، وشکبوونەوەی دەم، نەمانی یادەوەرییە کورتخایەنەکانی مێشکی مرۆڤ، نەمانی چالاکی، جگە لە چەندین گۆڕانی هەستپێکراو لە توانای فێربوون و زانین و هێزی بەڕێکردنی کاری ڕۆژانە، هەروەها زیادبوونی لێدانی دڵ، زیادبوونی حەزی خواردن و هەرسکردنی خواردن، کەمبوونەوەی پەستانی خوێن، هەندێک لە بەکارهێنەران لەوانەیە هەست بە شێتی بکەن لە بیر و هۆشیاندا کە بە شێوەیەکی ئاسایی دوای شەش کاتژمێر ئەم هەستە کەم دەکات، بەڵام لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا بەکارهێنەران ئەم نیشانانەیان بۆ چەند ڕۆژێک تێدا دەمێنێتەوە، ماریجوانا بە چەند ڕێگایەکی جیاواز وەردەگیرێت بۆ چێژوەرگرتن کە ئەمانەن:

  • کێشان: یەکێک لە ڕێگاکانی وەرگرتنی ماریوانا بریتییە لە کێشان، لەم ڕێگایەدا ماریجوانا دەسوتێنرێت و دووکەڵەکەی هەڵدەمژرێت بە شێوەی جگەرە لە کاغەزی تایبەت بە جگەرەدا یاخود سیبیل بەکاردێت بۆ کێشانی.
  • بە هەڵمکردن: یەکێکی تر لە ڕێگاکانی وەرگرتنی ماریوانا بریتییە لە گەرمکردنی هەر جۆرێکی بەرهەمی ڕووەکی حەشیش (جا ئەگەر حەشیش بێت یاخود ماریجوانا) لە لوولەی کێشانی ماددەی هۆشبەردا بۆ پلەی گەرمی ١٦٥ تاکوو ١٩٠ پلەی سیلیزی، کە ئەمە دەبێتە هۆکاری ئەوەی هەموو ماددە چالاکەکانی ناو بەرهەمەکە ببێت بە هەڵم بەبێ ئەوەی هیچ پێکهاتەیەک بسووتێت و لەناوبچێت.
  • خواردن: ڕێگایەکی دیکەی وەرگرتنی ماریوانا بریتییە لە تێکەڵکردنی لەگەڵ خواردندا.

نیشانەکانی کەسی ئالوودەبوو

  • بەکارهێنەر پێویستی بە بەکارھێنانی ماددەی زیاترە تاکوو زیاتر کاریگەری بخاتە سەری.
  • ناتوانێت واز لە بەکارهێنانی بهێنێت.
  • نیشانەکانی کەسی ئالوودەی لێدەردەکەوێت کاتێک دەیەوێت وازی لێ بهێنێت.
  • بەردەوامە لە بەکارهێنان بە پێی خواستی خۆی و حەزێکی زۆری دەبێت بۆ بەکارهێنانی ماریجوانا.
  • کاریگەری نەرێنی دەخاتە سەر ژیانی ڕۆژانە و کار و پیشەی بەکارهێنەر.
  • خەرج کردنی پارەیەکی زۆر و کاتێکی زۆر لە بەدەست هێنان و کێشانی ماریوانادا.

کاریگەرییە لاوەکییەکانی بەکارھێنانی ماریجوانا

کاریگەرییە لاوەکییەکانی ماریجوانا هەروەک کاریگەرییەکانی حەشیش وایە و هەردووکیان هەمان کاریگەری دەروونی و جەستەییان هەیە.

  • تێکچوونی لایەنی سۆزداری.
  • دڵ تێکچوون، ڕشانەوە و ئازاری گەدە.
  • نەمانی هاوسەنگی لەش.
  • ناڕێکی هەناسەدان.
  • خێرابوونی لێدانی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ.
  • خەواڵووی.
  • زیادبوونی ئارەزووی خواردن و کەمبوونەوەی کێش.
  • خەمۆکی.
  • بێتاقەتی، ترسنۆکی و وڕێنەکردن، سەرلێشێوان، هەستکردن بە لە دەستدانی کۆنترۆڵ.
  • ڕاڕایی لە بڕیاردان.

کاریگەرییە کورتخایەنەکانی بەکارهێنانی ماریوانا

کاتێکە کەسێک ماریجوانا دەکێشێت، تێتراهایدرۆکانابینۆڵ (THC) بەخێرایی بە سییەکانیدا تێدەپەڕێت و دەچێتە ڕێڕەوی خوێنەوە، خوێنیش ئەم ماددە کیمیاییانە دەگوازێتەوە بۆ مێشک و ئەندامەکانی دیکەی لەش، ئەگەر کەسێک ماریجوانا بخوات یاخود بیخواتەوە لەش درەنگتر تێتراهایدرۆکانابینۆڵەکەی دەمژێت بە بەراورد بە کەسێک کە بیکێشێت یاخود هەڵمەکەی هەڵبمژێت، بۆیە کەسەکە لەم دۆخەدا دوای نزیکەی نیو کاتژمێر بۆ کاتژمێرێک هەست بە کاریگەرییەکانی ماریوانا دەکات، تێتراهایدرۆکانابینۆڵ کار لە خانە وەرگرەکانی مێشک دەکات و ئەم خانانەش بەشێوەیەکی ئاسایی کارلێک لەگەڵ ئەو ماددە کیمیاییانە دەکەن کە سروشتیان وەک تێتراهایدرۆکانابینۆڵ وایە، ئەم پێکهاتە سروشتیانە کاریگەری دەکەن لەسەر گەشەی ئاسایی مێشک و فەرمانەکانی، ماریجوانا کار لەو بەشە چالاکەی مێشک دەکات کە زۆرترێن ژمارەی وەگرەکانی تێدایە، کاریگەرییە کورتخایەنەکانی دیکەی ماریوانا ئەمانەن:

  • گۆڕانی هەستەکان ( بۆ نموونە ڕەنگەکان لەبەرچاوی بریقەدارتر دەردەکەون).
  • هەستیاریی بە کات.
  • گۆڕانی ئارەزوو.
  • تەمبەڵی.
  • بە قورسی بیری بۆ دەکرێتەوە و کێشەکانی بۆ چارەسەر دەبێت.
  • نەمانی بیر و هۆش.

کاریگەرییە جەستەییەکانی وەرگرتنی ماریوانا

  • کێشەی هەناسەدان: کێشانی ماریوانا دەبێت بەهۆی زیانگەیاندن بە سییەکان، ئەو کەسانەی ماریجوانا دەکێشن تووشی هەمان کێشەکانی ئەو کەسانە دەبن کە جگەرە دەکێشن، وەک کۆکەی ڕۆژانە و بەڵغەم، هەروەها ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی سی و ژەهراویبوونی سییەکان زیاترە.
  • خێرابوونی لێدانی دڵ: ماریجوانا خێرایی لێدانی دڵ زیاددەکات بۆ ماوەی زیاتر لە سێ کاتژمێر دوای کێشانی، ئەم کاریگەرییە ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی جەڵتەی دڵ زیاددەکات.
  • زۆربوونی دڵتێکچوون و ڕشانەوە: بەکارهێنانی ماریوانا بۆ ماوەیەکی درێژ دەبێتە هۆی تووشبوون بە دڵتێکچوون و ڕشانەوە و وشکبوونەوەی لەش.


سەرچاوەکان



807 بینین