نەوشیروان موستەفا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-09-17-18:01:00 - کۆدی بابەت: 6609
نەوشیروان موستەفا

ناوه‌ڕۆك

نەوشیروان موستەفا کێیە؟

نەوشیروان موستەفا ئەمین لە ٢٢/١٢/١٩٤٤ لە گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی لە بنەماڵەیەکی ناسراو لەدایکبووە، باوکی پیاوێکی ڕۆشنبیر بووە، لە سەرەتای شەستەکان تێکەڵی سیاسەت دەبێت و بە یەکێتی قوتابیانی کوردستان دەست پێدەکات و لە ساڵانی ١٩٦٣ و ١٩٦٤ ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیان بووە، ساڵی ١٩٦٧ کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی لە بەغداد تەواو کردووە، هەر لەو ساڵەشدا بووەتە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەگەڵ باڵی مەکتەبی سیاسی بووە، ساڵی ١٩٦٩ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی گۆڤاری ڕزگاری دەرکردووە کە بە گۆڤاری مارکسی ماوییەکان ناسرابوو، ساڵی ١٩٧٢ لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان دادەمەزرێنێت و هەر لە ١٩٧٢ دەچێتە نەمسا و لەوێ ماستەر لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بەدەست دەهێنێت، لەکاتی خوێندنی لە ماستەر لە نەمسا لە ١٩٧٥ بۆ دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ سوریا و دواتریش دەبێتە پێشمەرگەی شاخ، لەلایەک سکرتێری کۆمەڵە دەبێت و لەلایەکیش جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی و زۆرێک لە کار و چالاکی و فرمانەکانی یەکێتی بەدەست بووە.

ساڵی ١٩٩١ لایەنگرانی بە ئەندازیاری ڕاپەڕینی دادەنێن بەهۆی کارەکانی لە ڕاپەڕینە مەزنەکەی کورد، لە ٢٠٠٤ بەهۆی ناڕەزایەتی لە سیاسەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕەوتی ڕیفۆرم دادەمەزرێنێت، بەڵام سەرکەوتوو نابێت و لە ٢٠٠٦ لە یەکێتی جیادەبێتەوە و کۆمپانیای وشە دادەمەزرێنێت.

لەدایکبوون ١٩٤٤/١٢/٢٢
کۆچی دوایی ٢٠١٧/٥/١٩ - ٧٢ ساڵ
هاوڵاتی کوردستان، بەریتانیا
حیزبی سیاسی
پیشە سیاسەتوان، سەرۆکی حیزب، خاوەن کۆمپانیا، پێشمەرگە، فەرماندە، نووسەر، مێژووناس
جەنگەکان

گۆڕان

ساڵی ٢٠٠٩ بۆ هەڵبژاردنی کوردستان بزووتنەوەی گۆڕانی وەک حیزبێکی سیاسی ڕاگەیاند و ڕەخنە و هێرشێکی گەورەی ڕاگەیاندنی کردە سەر حکوومەتی هەرێم و لەو ساڵەدا بووە خاوەنی ٢٥ کورسی و بەرەی ئۆپۆزسیۆنی کوردستانی دامەزراند، ساڵی ٢٠١٣ دەبێتە دووەمین هێزی کوردستان و پێش یەکێتی دەکەوێت بە ٢٤ کورسی.

ژیانی تایبەت

بە درێژایی تەمەنی پێنج جار فرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە بە تۆمەتی شێواندنی ئاسایشی وڵات، لە ساڵى ١٩٦٤دا لە سەردەمى حوکمى عەبدولڕەحمان عارفدا بە تۆمەتى پەیوەندى و هەڵسوڕاندنى ڕێکخستنى سیاسییەوە فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەرچووە، لە ساڵى ١٩٧٠دا لە سەردەمى ئەحمەد حەسەن بەکردا بەتۆمەتى پەیوەندى بە شۆڕش و دامەزراندنى ڕێکخستنى سیاسییەوە فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەرچوو و بە ١٠ ساڵ زیندانى حوکمدرا، لە کۆتایى ساڵى ١٩٧٨دا بە تۆمەتى پیلانگێڕى و تێکدانى ئاسایشى وڵات فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەرچوو، دادگاى بەعس بە غیابى سزاى لەسێدارەدانى بۆ دەرکرد.

لە ساڵى ١٩٨٣دا بەهۆى شۆڕش و بە تۆمەتى پیلانگێڕى و تێکدانى ئاسایشەوە فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەرچوو، دادگا بە غیابى سزاى لەسێدارەدانى بۆ دەرکرد، لەلایەن ئەنجومەنی سەرکردایەتى حزبی بەعسەوە ناوی خراوەتە لیستی ئەو کەسانەى کە دەبێت تیرۆر بکرێن.

لەدوای دامەزراندنی گۆڕانەوە دوو جاری دیکە بانگهێشتی دادگا کراوە جارێک لەسەر داوای جەلال تاڵەبانی و جارێک لەسەر داوای فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەسەر سکاڵایەکی پارتی دیموکرات لە ٢٠١٦/٦/١٦ فرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو.

لە پاڵ کاری سیاسی نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیر بووە و زیاتر لە ١٠ کتێبی دەربارەی ئەدەب و مێژووی کورد نووسیوە.

خاوەنی دوو کوڕ و کچێکە بە ناوەکانی نما و چیا و چرا، نما کۆلێژی کارگێڕی و ئابووری لە لەندەن تەواوکردووە و دواتر گەڕاوەتەوە کوردستان و لە کۆمپانیاکەی باوکی سەرقاڵی کارکردنە، هەردوو منداڵەکەی دیکەشی لە ئەمریکا و بەریتانیا خوێندوویانە.

کۆچی دوایی

بەهۆی نەخۆشییەوە لە ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٧ چەند جارێک دەڕواتە دەرەوەی وڵات و لە بەریتانیا چارەسەری بۆ دەکرێت، لە تەمەنی ٧٣ ساڵی و لە ڕۆژی ٢٠١٧/٥/١٩ لە کاتژمێر هەشتی سەر لە بەیانی کۆچی دوایی دەکات و لە گردی زەرگەتە لە ڕۆژی دواتر بە خاک دەسپێردرێت.

تۆمەت

لە ساڵی ٢٠٠٠ و لە ڕۆژی ٧/١٤ یەکێتی نیشتمانی کوردستان هێرش دەکاتە سەر بارەگاکانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکارانی کوردستان و پێنج ئەندامیان دەکوژێت و چەندین ئەندامی دیکەیان دەستگیر دەکات، سەرکردەکانی ئەوکاتی حیزبی کۆمۆنیست سەرکردایەتی یەکێتییان بە هێرشەکە تۆمەتبار کرد بەتایبەتتر هەریەک لە (نەوشیروان موستەفا و خەسرەو گوڵ محەمەد و سەرکەوتی کوبە)، ئەوکات نەوشیروان موستەفا جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی بوو.

کتێبە چاپکراوەکانی

  • لە کەناری دانوبەوە بۆ خای ناوزەنگ، دوخی سیاسی لە کوردستانی عێراق لە سالی ١٩٧٥ تاکو ١٩٧٩، (کوردستان ـ زەرگەتە: ١٩٩٧)
  • پەنجەکان یەکتری دەشکێنن، دوخی سیاسی لە کوردستانی عێراق لە سالی ١٩٧٩ تاکو ١٩٨٣، (کوردستان ـ زەرگەتە: ١٩٩٧)
  • خولانەوە لە بازنە دا، دوخی سیاسی لە کوردستانی عێراق لە سالی ١٩٨٤ تاکو ١٩٨٨، (کوردستان: ١٩٩٩)
  • کورد و عەجەم، (کوردستان ـ زەرگەتە: ١٩٩٢)
  • حکوومەتی کوردستان: کورد لە گەمەی سوڤییەت دا، (کوردستان: ١٩٩٣)
  • میرایەتی بابان لە نێوان بەرداشی ڕوم و عەجەم دا، (کوردستان: ١٩٩٨)
  • کوردستانی عێراق: سەردەمی قەلەم و موراجەعات، ١٩٢٨–١٩٣١(کوردستان ـ زەرگەتە: ٢٠٠٠)
  • ژیان، بەتەمەنترین ڕوژنامەی کوردی ١٩٢٦–١٩٣٨ (کوردستان ـ زەرگەتە ٢٠٠٢)
  • ژیان، چەند لاپەرەیەک لە مێژووی ڕوژنامەوانیی کوردی ١٩٣٨–١٩٥٨ (کوردستان ـ زەرگەتە: ٢٠٠٤)
  • کارەساتی ھەکاری، (کوردستان ـ زەرگەتە: ١٩٨١)
  • کێشەی پارتی و یەکێتی، (کوردستان ـ زەرگەتە: ١٩٩٥)
  • ئێمە و ئەوان، (کوردستان ـ زەرگەتە: ٢٠٠٩)
  • بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین، (چوار بەرگ)
  • ئەدەب و تاریخی کوردی، (کوردستان ـ زەرگەتە: ٢٠١٢)


سەرچاوەکان



773 بینین