فۆلیک ئەسید

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2021-09-25-14:17:00 - کۆدی بابەت: 6710
فۆلیک ئەسید

ناوه‌ڕۆك

فۆلیک ئەسید چییە؟

فۆلیک ئەسید هەندێکجار بە فۆلێت (folate) ناودەبرێت، پێکهاتەی سەرەکی ڤیتامین B ەکانە، بە تایبەتی ڤیتامین B9، فۆلیک ئەسید  ماددەیەکی خۆراکی زۆر گرنگی جەستەیە کە پێویستە بۆ دروست کردنی خانەی نوێ، لە کاتێکدا ئێمە زۆربەی کات وا بەرگوێمان دەکەوێت کە تەنها بۆ ئافرەتانی دووگیان بەکاردێت، بەڵام گرنگە تێبگەین کە پێویستی بوونی فۆلیک ئەسید تەنانەت بۆ کەسانی ئاسایی دەگونجێت، فۆلیک ئەسید پێویستە بۆ جەستە بۆ یارمەتیدان لە دروستکردنی خڕۆکە سورەکانی خوێن وە ڕێگری لە توشبوون بە کەمخوێنی دەکات، هەروەها رۆڵی گرنگی هەیە لە بەرهەمهێنانی ترشی ئەمینیدا، فۆلیک ئەسید ڕۆڵی زۆر گرنگ دەبینێت لە جەستەدا وە هۆکاری ئەوەی کە بەردەوام پێویستمان بە ڕێژەیەکی زۆر هەیە ئەوەیە کە بە ڕێژەیەکی زۆر لە جەستەدا کۆناکرێتەوە و لەکاتی خواردندا جەستە ئەوەی کە دەتوانێت بەکاریدەهێنێت و ئەوەی دەمێنێتەوە لەڕێی میزەوە دەیکاتە دەرەوە، لە ماوەیەکی زۆر کەمدا جەستە پێویستی بە ڕێژەی زیاتری فۆلیک ئەسید دەبێت.

هۆکارەکانی کەمی ڕێژەی فۆلیک ئەسید

  • خواردنی ئەو خۆراکانەی فۆلیک ئەسید کەمە تیایاندا
  • ئەو نەخۆشی و نەشتەرگەریانەی کە کاریگەریان هەیە لەسەر هەڵمژینی فۆلیک ئەسید لە سیستەمی هەرسکردندا وەک نەخۆشییەکانی ڕیخۆڵە و بۆری ڕیخۆڵە
  • ناڕێکی ئەنزیمی گەدە
  • هەندێک جۆری دەرمان کە کاردەکەنە سەر هەڵمژینی فۆلیک ئەسید
  • بەردەوامی لە خواردنەوەی مەشروب
  • دووگیانی
  • کەم خوێنی
  • پاککردنەوەی خوێن بە ئامێر لەبری گورچیلە

سوودەکانی فۆلیک ئەسید و بەکارهێنانەکانی

  • ڕێگەگرتن لە کەم و کوڕییەکانی لە دایک بوون و ئاڵۆزییەکانی دووگیانی: یەکێک لە باوترین بەکارهێنانەکانی فۆلیک ئەسید بریتییە لە نەهێشتنی کەم و کوڕی لە دوای لەدایک بوون، بە تایبەتی کەموکوڕییەکانی هەستە دەمار، وەک لەدایکبوونی منداڵ بە بێ بەشێک لە مێشک یان کەللەی سەر، هێزی پاراستنی خزمەتگوزاری ئەمریکا کە پانێلێکی سەربەخۆیە لە شارەزایانی بواری نەهێشتنی نەخۆشی، پێشنیاری ئەوە دەکات کە هەموو ئەو ژنانەی پلانی دووگیانبوونیان هەیە دەست بکەن بە خواردنی ڕۆژانە ٤٠٠–٨٠٠ مایکرۆگرام لە فۆلیک ئەسید بە لایەنی کەمەوە یەک مانگ پێش دووگیانبوون.
  • پارێزگاری کردن لە تەندروستی مێشک: توێژینەوەکان دەریانخستووە کە بەکارهێنانی فۆلیک ئەسید کارکردنی مێشک بەرەوپێش دەبات، بەتایبەتی لەو کەسانەدا کە نەخۆشی دەروونیان هەیە و یارمەتی چارەسەرکردنی نەخۆشی زەهایمەر دەدات.
  • کەم کردنەوەی هۆکارەکانی مەترسی توشبوون بە نەخۆشی دڵ: فۆلیک ئەسید یارمەتیدەر دەبێت لە باشترکردنی تەندروستی دڵ و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، هەروەها فۆلیک ئەسید یارمەتی کەمکردنەوەی پەستانی خوێن دەدات کە بە یەکێک لە مەترسییەکانی نەخۆشی دڵ ناسراوە.
  • نەخۆشی شەکرە: فۆلیک ئەسید یارمەتی باشترکردنی کۆنترۆڵی شەکری خوێن دەدات وە بەرگری لە دژی ئەنسۆلین کەم دەکاتەوە.
  • هەوکردن: فۆلیک ئەسید توانای کەمکردنەوەی ڕێژەی هەوکردنی ئەندامەکانی جەستەی هەیە.
  • کەم کردنەوەی کاریگەرییە لاوەکیەکانی دەرمان: فۆلیک ئەسید یارمەتی کەم کردنەوەی کاریگەریە لاوەکیەکان دەدات کە پەیوەندی بە بەکارهێنانی هەندێک جۆری دەرمانەوە هەیە، لەوانە methotrexate کە دەرمانێکی بەرگریکارە وە بۆ چارەسەری نەخۆشی هەوکردنی جومگە و نەخۆشییەکانی پێست وەک بەڵەکی و هەندێک جۆری شێرپەنجە بەکاردێت.

سوودەکانی فۆلیک ئەسید لە کاتی دووگیانی

خواردنی فۆلیک ئەسید لە پێش و لەکاتی دووگیانیدا گرنگە لەبەر ئەوەی یارمەتی گەشەی خانە و شانەکانی لەشی کۆرپە دەدات، وە مەترسی توشبوون بە کەمو کوڕییەکانی دەمار کەم دەکاتەوە، لەهەمان کاتدا فۆلیک ئەسید بۆ تەندروستی دایکانیش گرنگە چونکە ڕۆڵی هەیە لە ڕێگری کردنی بەرزی پەستانی خوێن و مەترسی لەدایکبوونی پێشوەختە کەمدەکاتەوە.

ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە فۆلیک ئەسید


سەرچاوەکان



4702 بینین