خۆراکە گۆڕاوە بۆماوەییەکان

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-10-04-14:45:00 - کۆدی بابەت: 6788
خۆراکە گۆڕاوە بۆماوەییەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خۆراکە گۆڕاوە بۆماوەییەکان (بە ئینگلیزی: Genetically modified food) بریتییە لەو خۆراکانەی کە لە زیندەوەرە گۆڕاوە بۆماوەییەکان بەرهەمهێنراون، واتا بە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی ئەندازیایی بۆماوەیی گۆڕانکاری DNA‌ ئەنجامدەدرێت (DNA: کورتکراوەی ترشی دیئۆکسیدی ریبۆنۆکلیکە، پێی دەوترێت میراتە ماددە چونکە هەموو تایبەتمەندییە بۆماوەییەکانی زیندەوەرانی لەخۆگرتووە)، ئەم تەکنیکانە یارمەتی درووستبوونی تایبەتمەندی نوێ دەدەن لە بەرهەمەکان، ئەم کردارە جێبەجێدەکرێت لەلایەن مرۆڤەوە لەسەر ڕووەک و ئاژەڵ و زیندەوەری مایکرۆئۆرگانیزمەکانی وەکوو بەکتریا، هەروەها ئەم پرۆسەیە بە گشتی پێیدەوترێت بایۆتەکنۆلۆژیای هاوچەرخ یان تەکنەلۆژیای بۆماوەیی، ترس و نیگەرانی هەیە کە ئەم گۆڕانکارییە بۆماوەییانەی کە مرۆڤ درووستی کردووە، ببێتە هۆی درووستبوونی مەترسی تەندرووستی، گواستنەوەی نەخۆشی لە ڕێگەی ئەو خۆراکانەوە بۆ مروڤ.

تایبەتمەندی تەکنەلۆژیای بۆماوەیی

ـ خێرایی: لە جیاتی پشتبەستن بە ڕێکاری درێژ و چاواڕانکردنی زاوزێ لە نێوان ئاژەڵان یاخود پێگەیشتنی بەروبوومی ڕووەکی کە کاتێکی زۆری دەوێت، لە ئێستادا زانایان جینەکان ڕاستەوخۆ دەگوازنەوە بۆ ڕووەک یان بۆ گیانداران، گۆڕینی ماددە بۆماوەییەکەیان بۆ ئەنجام دەدەن بۆ بەدەستهێنانی سوود و ئەنجامێکی خێرا.

ـ بواری فراوان و هەمەجۆری بەرهەمەکان: لە ڕێگەی گۆڕینی ماددە بۆماوەییەکانی بەرهەمەکان، دەتوانرێت لە یەک بەرهەم چەند بەرهەمێکی هەمەجۆر بەردەست بخرێت.

ئامانج لە پرۆسەی گۆڕینی خۆراکە بۆماوەییەکان

ـ بەرهەمهێنانی بەروبوومێک کە توانای بەرگری دژی  مێرووەکان زیاتر دەبێت.

ـ بەرهەمهێنانی بەروبوومێک کە توانای بەرگری دژی ڤایرۆسەکان زیاتر دەبێت.

ـ زیادکردنی توانای بەروبوومەکان بۆ بەرگەگرتنی دەرمانی مێرووکوژ.

ـ بەهای خۆراکی و سوودی بەرهەمەکان زیاترە لە بەرهەمە ئاساییەکان.

ـ بەدەستهێنانی تام و بۆن و شێوەیەکی باشتری بەرهەمەکە بەراورد بە بەرهەمە ڕەسەنەکە.

ـ  بەدەستهێنانی بەروبوومێك کە پێویستی بە سەرچاوە و کاتی کەمتر هەیە، وەکوو ئاودێری و دەرمانی مێرووکوژ، ئەمەش دەبێتە هۆی پاشەکەوتکردن و کەمکردنەوەی تێچوونی بەرهەمەکە.

ـ بەرهەمهێنانی بەروبوومی هەمەجۆر و بەرهەمەکان تایبەتمەندن بەوەی کە خێرا گەشەدەکەن زوو بەر دەگرن.

ـ زیادکردنی چەند تایبەتمەندییەکی بەسوود بۆ بەرهەمەکان، بۆ نموونە لە ئێستادا جۆرە پەتاتەیەک بەرهەم هێنراوە کە توانای هەڵمژینی ڕۆنی کەمترە لە کاتی برژاندنی بەراورد بە پەتاتەی ئاسایی.

ـ گرنگترین و دیارترین ئەو بەرهەمە ڕووەکیانەی کە گۆڕانی بۆماوەییان بۆ ئەنجام دەدرێن بریتیین لە تەماتە و پەتاتە و گەنمەشامی و کولەکەی زەرد و پاقلەی سۆیا. 

چەند نموونەیەك لەسەر میکانیزمەکانی گۆڕینی بۆماوەیی خۆراک

ـ بۆ زیاتر کردنی توانای بەرگەگردنی ڕووەکەکان دژی مێرووەکان، زانایان جینێک بەرهەم دەهێنن لە بەکتریای (BT) bacterium Bacillus thuringiensis بۆ درووستکردنی جۆرە ژەهرێک کە وەکوو دەرمانی مێرووکوژ بەکاردەهێنرێت و هیچ زیانێکی بۆ تەندرووستی مرۆڤ نییە، پاش بەکارهێنانی ئەم ژەهرە لەسەر DNAی ڕووەکەکە، ئەو بەرهەمە ئیتر لە کاتی گەشەکردنی پێویستی بە دەرمانی مێرووکوژ نابێت یان بە بڕێکی کەمتر دەرمانی مێرووکوژی بۆ بەکاردەهێنرێت.

ـ بۆ بەرزکردنەوەی توانای ڕووەکەکە بۆ بەرنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکان، هەندێک جۆری ڤایرۆس لە جیناتی ڕووەکەکە دەچێنن، ئەم پرۆسەیە دەبێتە هۆی ئەوەی لەکاتی گەشەکردندا، ڕووەکەکە توانای بەرگەگردنی ئەو ڤایرۆسانەی هەبێت کە ڕووبەڕووی دەبنەوە و دەبنە هۆی نەخۆشی بۆی. 

زیان و مەترسیێەکانی گۆڕینی بۆماوەی خۆراکەکان

ـ گواستنەوەی جیناتەکان Gene transmission: بریتییە لە گواستنەوەی جیناتەکان لەو خۆراکانەی کە بۆماوەکانیان گۆڕاوە بۆ مرۆڤ، کاریگەری دەکاتە سەر بەشێک لە ئەندامانی لەش وەکوو بەکتریای ڕیخۆڵەکان. 

ـ تێکەڵاوکردنی دوو توخم Hybridization: هەندێکات گواستنەوە و تێکەڵکردنی جیناتی توخمەکان لە زیندەوەران دەبێتە هۆکاری درووستبوونی کێشەی تەدرووستی لە مرۆڤدا.

ـ لە ئێستادا بەرهەمی خۆراکی گۆڕاوە بۆماوەییەکان زۆر بووە و کاریگەری دەکاتە سەر ئەو بەرهەمی خۆراکیانەی کە ڕەچەڵەکیان ڕەسەنە و هیچ گۆرانکارییەکیان بۆ نەکراوە ژمارەیان کەم دەبێتەوە و لەناودەچن.

ـ درووستبوونی هەستیاری خۆراکی: گۆڕینی بۆماوەی بەشێک لە خۆراکەکان یارمەتیدەرە لە درووستبوونی هەستیاری خۆراکی لە مرۆڤدا. 


سەرچاوەکان



3646 بینین