منداڵبوونی سروشتی بەبێ ئازار بە ڕێگای دڕکە پەتک

منداڵبوونی سروشتی بەبێ ئازار بە ڕێگای دڕکە پەتک

له‌لایه‌ن: مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-10-22-23:10:00 - کۆدی بابەت: 6938
منداڵبوونی سروشتی بەبێ ئازار بە ڕێگای دڕکە پەتک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕێگای دڕکە پەتک ڕێگایەکی دیکەیە بۆ نەمانی ئازار لە کاتی منداڵبوونی سروشتیدا، کە تێیدا بەشی خوارەوەی خانمەکە سڕ دەبێت و هەست بە ئازار ناکات لە کاتی منداڵبوونەکەدا، لەم ڕێگایەدا یەک دوو کاتژمێری سەرەتا دایکەکە ژانی دەبێت بەڵام دوای ئەوە لە قۆناغی دووەمی منداڵبوونەکەدا دەرمانی پێ دەدرێت لەم ڕێگەیەوە و ئیتر بە تەواوی دایکەکە بێ ئازار دەبێت.

چۆنیەتی ئەنجامدانی سڕکردن بە ڕێگای دڕکە پەتک

پزیشکی پسپۆڕی بێهۆشکاری لە ژوورەوە دەبێت لەگەڵ خانمەکەدا و لەگەڵ ئەودا ئەنجام دەدرێت، دەرزییەک دەکرێتە بە پشتی دایکەکەدا و بەو پەردەیەدا تێدەپەڕێت کە دڕکە پەتکی داپۆشیووە و پزیشکەکە دوای ئەوەی کە دڵنیابوویەوە لەوەی کە شوێنەکەی جێگیرە و چووتە ناو شلەی دڕکە پەتکەوە لەم کاتەدا لە ماوەی٣ بۆ ٥ چرکەدا دەرزییەکەی لێ دەدات.
کاتێک کە پزیشک دەرمانی سڕکردنەکەت لێ دەدات بۆ یەکەم جار، کەمێک هەست بە کزانەوە و ئازاری شوێنەکەی دەکەیت بەڵام نیگەرانی ناوێت چونکە بە بەردەوامی ئازاری نابێت و تەنها چەند چرکەیەکە، کەمێک دوای دەرزییەکە توانای جوڵاندنی کەمەر و قاچ و پەنجەکانی پێت لە دەست دەدەیت، بەڵام هەر دوای تەواوبوونی کاریگەری دەرمانەکە وەک خۆتت لێ دێتەوە، لەم ڕێگایەدا کەمێک هەست بە گرژبوونەکانی منداڵدانت دەکەیت و دەتوانیت بجوڵێیت و لە شوێنەکەت هەڵسیتەوە، بەڵام لە منداڵبوون بە نەشتەرگەریدا ناوچەی سک بەرەو خوارەوە بە تەواوی سڕ دەبێت و هەموو هەستەکانی لە دەست دەدات.

جیاوازی نێوان ڕێگای سەرو پەردەیی و دڕکە پەتک چییە؟

ئەم دوو ڕێگایە لە چەند خاڵێکدا جیاوازن، لە ڕێگای دڕکە پەتکدا دەرمانە سڕکەرەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە دەرزی دەدرێت لە شلەی ناو دڕکە پەتک، بەڵام لە ڕێگای سەرو پەردەییدا دەرمانە سڕکەڕەکە ناچێتە ناو شلەی دڕکە پەتکەوە و لە دەرەوەی ئەوێ دەبێت، هەروەها لە سڕکردنی دڕکە پەتکدا دەرمانەکە تەنها یەکجار دەدرێت لە نەخۆشەکە و بەمشێوەیە سڕکردنەکە خێرا و زیاترە و تەنها بۆ چەند کاتژمێرێکە، بەڵام لە ڕێگای سەرو پەردەیی (ئێپیدوڕاڵ)ـدا لە ڕێگەی سۆندەیەکەوە کە لە پشتی خانمەکەدایە زوو زوو دەرمانی سڕکەری پێ دەدرێت، ئەگەر خانمێک ژانی خێرا بێت و ئەگەری ئەوەی زوو منداڵەکەی ببێت زۆر بێت، ئەوە بە لایەنی زۆرەوە ڕێگای دڕکە پەتکی بۆ ئەنجام دەدرێت و فریای ئێپیدوڕاڵ ناکەوێت.

سوودەکانی ڕێگای دڕکە پەتک

  • سڕکەرێکی خێرایە و زوو ئازارەکە ناهێڵێت دوای چەند خولەکێک.
  • تەنها بڕێکی کەم لە دەرمانەکە دەگات بە منداڵەکە.

لێکەوتە خراپەکانی بەکارهێنانی ڕێگای دڕکە پەتک

بارودۆخێکی نەگونجاو

لە کاتی ئەم سڕکردنەدا کە نزیکەی ٥ بۆ ١٠ خولەک درێژە دەکێشێت، دایکەکە لە بارودۆخێکی نەگونجاودایە و پێویستە بەو شێوەیە ڕاوەستێت.

کاریگەری زۆری دەرزییەکە

بە هۆی ئەو دەرزییەی کە لە پشت دەدرێت بۆ سڕکردنەکە لەوانەیە دوای تەواوبوونی منداڵبوونەکەت بە یارمەتی کەسانی دەووربەریشت نەتوانیت بە پێ بڕۆیت چونکە ماسولکەکانت تەواو خاو بوونەتەوە و بۆیە پێۆیستە چەند کاتژمێرێک پاڵکەویت تاکوو کەمێک باش دەبیت.

نەبوونی هەست لە ماسولکەکانی سکدا

کاتێک کە سڕکراویت و هێزی جارانت نییە تاکوو بتوانیت لە قۆناغی دووەمی منداڵبوونەکەدا پاڵ بە منداڵەکەوە بنێیت و بەمەش قۆناغی دووەم درێژتر دەبێتەوە و لەوانەیە ئامێر بەکاربهێنرێت بۆ دەرهێنانی منداڵەکە وەک مەقاش.

دابەزینی پەستانی خوێن

دوای سڕکردنەکە پەستانی خوێنی دایکەکە زۆر دادەبەزێت و لە ئەنجامدا خوێنێکی کەمتر دەچێت بۆ منداڵەکە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لێدانی دڵی منداڵەکە کەم بکات، کە لەم کاتەدا پێویست دەکات دایکەکە بە بەردەوامی موغەزی وەربگرێت.

خوران و دڵتێکچوون

لەوانەیە بەهۆی دەرمانەکانەوە خانمەکە ڕووخساری بخورێت و هەروەها تووشی دڵتێکچوون ببێت، هەرچەندە لە ڕێگای سپایناڵدا حاڵەتی دڵتێکچوون زۆر کەمترە بە بەراورد بە ڕێگاکانی دیکە، بەڵام هەندێک کەس ئەمەیان هەر تووش دەبێت.

هەندێک حاڵەتی دەگمەن

دەکرێت سڕکەرەکە بۆ ماوەیەک ببێتە هۆی سڕبوونی قاچەکان و سمت، هەروەها بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک شوێنی دەرزییەکە ئازاری هەبێت، سەرئێشەی زۆر بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک، و لە هەندێک حاڵەتی دەگمەنیشدا لەوانەیە کار بکاتە سەر هەناسەدانی دایکەکە.

چ خانمێک ناتوانێت ئەم ڕێگایە بەکاربهێنێت؟

  • ئەگەر خانمەکە خۆی بە هۆکارێکی دیکە پەستانی خوێنی نزم بێت.
  • هەوکردنی خوێنی هەبێت.
  • هەوکردنی پێستی ئەو ناوچەیەی پشتی کە دەرزییەکەی لێ دەدرێت.
  • پێشینەی هەستیاری هەبێت بە دەرمانی سڕکەر.
  • ئەو خانمانەی کە دەرمانی خوێن تەڕکردنەوە بەکاردەهێنن نابێت ئەم ڕێگایە بەکاربهێنن.


سەرچاوەکان

1962 بینین