عەزیز نەسین

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-10-26-23:04:00 - کۆدی بابەت: 7001
عەزیز نەسین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

عەزیز نەسین (به عەرەبی: عزیز نیسین، بە ئینگلیزی: Aziz Nesin) ڕۆژنامەنووس و ڕۆماننووس و نووسەری ناوداری تورکی، ناوی تەواوی محەمەد نوسرەتە لە ساڵی 1915 لە دورگەی "هیبلیادا" نزیک دەریای مەڕمەڕە لە ئیستەنبووڵ لەدایکبووە، لە خێزانێکی هەژار و کەمدەرامەت پەروەردە کراوە، باوک و دایکی خزمەتکاری ماڵە دەوڵەمەندەکان بوونە، تاقانەی خێزانەکەی بووە و هەر لە منداڵیەوە ئارەزوو و خولیای لە نووسین و خوێندنەوە هەبووە، بەهۆی هەژارییەوە بە دوای باشترین دەرفەتدا گەڕاوە بۆ ئەوەی خوێندن تەواو بکات، بۆیە چوەتە خوێندنگای سەربازی چوونکە هیچ باجێکی لەسەر نەبووە، لە پاش تەواوکردنی بووەتە ئەفسەر، هەر لەوکاتەوە کۆمەڵە کورتەچیرۆکی نووسیوەتەوە و لە چەندان گۆڤار و ڕۆژنامەی تورکی بە ناوی "عەزیز نوسرەت" چەند بەرهەمێکی بڵاوکردوەتەوە. 

ژیانی نووسینی

ـ ناو و نازناوی "عەزیز نەسین"‌ـی بەکارهێناوە چوونکە بەهۆی نووسینەکانییەوە ڕووبەڕووی کێشەی سیاسی دەبووەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا بۆیە ئەو نازناوەی هەڵبژارد واتای "Nesin" لە زمانی تورکیدا واتا "تۆ کێیت".
ـ شێواز و تایبەتمەندی نووسینەکانی بە شێوازێکی کۆمیدی و گاڵتەجاڕییەوە ڕەخنەی لە سیاسەتی دەسەڵات و کۆمەڵگا دەگرت.
ـ سەرەتای دەستپێکی ژیانی نووسینی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانەوە بووە، لە ڕۆژنامەی "ئەلتان" دەستبەکار بووە، بەڵام لەلایەن لایەنگیرانی حکومەتەوە سوتێنراوە، پاشان لەگەڵ نووسەرێکی هاوڕێی خۆی بە ناوی "سەباحەئەلدین عەلی" ڕۆژنامەیەکی تایبەت بەخۆیان دامەزراند بە ناوی "ماڕکۆ پاشا" کە ڕۆژنامەکە تایبەت بوو بە ڕەخنەگرتن و گاڵتەجاری بە دۆخی سیاسی و ئابووری وڵات، ناودارییەکی زۆری بەدەستهێنا ڕێژەی فرۆشی ڕۆژنامەکانیان زۆر بەرز بوو، بۆیە زۆری نەخایاند لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە ڕۆژنامەکە داخرا و عەزیز نەسین و هاوڕێکەشی زیندانی کران.
ـ لە پاش ئازادکردنی بڕیاریدا جارێکی تر ڕۆژنامەیەکی تر دابمەزرێنێت، بەڵام لە ماوەیەکی کەم داخرا، پاشان لەژێر ناوی جیاجيادا ڕۆژنامەی چاپدەکرد بەڵام سوودی نەبوو و دادەخرا، بۆ ماوەی سێ مانگ بەهۆی ڕەخنە توندەکانی لە سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا "هاری ترۆمان" دوورخرایەوە بۆ ویلایەتی "بوڕسە".
ـ لە ساڵی 1955 بە بێ بوونی هیچ تۆمەتێک بۆ چەند مانگێک زیندانی کراوە.
ـ بەهۆی وەرگێڕانی چەند بەشێکی کتێبەکانی مارکس بۆ ماوەی 16 مانگ زیندانی کراوە.
ـ چەند کارێکی کردووە لەوانە کتێبفرۆشی و پیشە وێنەگری و چەند کارێکی تر بەڵام لە هیچیان سەرکەوتوو نەبووە.
ـ لە ساڵی 1977 دەزگایەکی دامەزراند بۆ بەخێوکردنی منداڵانی بێسەرپەرشت و داهاتی کتێب و نووسینەکانی بۆ ئەم ڕێکخراوە تەرخان کرد. 

بەرهەمەکانی

بەرهەمەکانی بۆ چەندان زمان وەرگێڕانی بۆ کراوە جگە لە ڕۆمان و کتێب، ژمارەیەک شانۆگەری ناوداری نووسیوە، نزیکەی 140 کتێب و ڕۆمان و چیرۆکی منداڵان و کۆمەڵە کورتەچیرۆک و شانۆگەری نووسیوەتەوە. 

ئەو بەرهەمانەی کە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی

ـ بێناسنامەکان
ـ ژنانی وشیار ترسناکترن
ـ گێلە پیاو
ـ تا لێم نەدەن نابم بە پیاو
ـ ئەو هەتیوەی نابێت بە پیاو
ـ پیاوی ڕۆژهەڵاتی
ـ قۆڵبڕ 
ـ هەرچیت بینی بیکڕە
ـ ئەو مەڕەی بوو بە گورگ
ـ کەری تۆپیو
ـ بیرەوەرییەکانی مردوویەک
ـ مەرگی مووچەخۆرێک
ـ حیزبی کەرامەت و حیزبی سەلامەت
ـ کوردانی تورکیا و تورکانی بولگاریا 

خەڵاتەکانی

بەشداری چەندان کۆنگرەی ئەدەبی جیهانی کردووە و ژمارەیەک خەڵاتی جیهانی بەدەستهێناوە، لەوانە:
ـ لە ساڵی 1965 خەڵاتی گەڵای ئاڵتونی لە ئیتاڵیا بەدەستهێناوە.
ـ لە ساڵی 1966 خەڵاتی سمۆرەی ئاڵتونی لە بولگاریا بەدەستهێناوە.
ـ خەڵاتی کۆڕی زمانی تورکی بەدەستهێناوە.
ـ لە ساڵی 1969 خەڵاتی تیمساحی لە یەکێتی سۆڤیەت بەدەستهێناوە.
ـ لە ساڵی 1975 خەڵاتی لۆتسی لە یەکێتی نووسەرانی ئاسیا و ئەفریقیا بەدەستهێناوە. 

باری خێزانی 

عەزیز نەسین دوو جار هاوسەرگیری کردووە، بەڵام لە هیچکامیان سەرکەوتوو نەبووە، لە ساڵی 1939 هاوسەرگیری کردووە لەگەڵ خانمێک بە ناوی "فیدیا نیسین" لە ساڵی 1948 بەهۆی بارودۆخی سیاسی ژیانی جیابوونەتەوە، پاشان لە ساڵی 1956لەگەڵ "میڕاڵ جیلین" هاوسەرگیری کردووە بەڵام بەهۆی جیاوازی تەمەن و لێکتێنەگەیشتن لە ساڵی 1967 جیابوونەتەوە، عەزیز نەسین چوار منداڵی هەبووە بە ناوەکانی "عەلی" و "ئەحمەد" و "ئۆیا" و " ئۆتیش"، هەمیشە لە ناکۆکی و دووبەرەکیدا بووە لەگەڵ خزم و کەسە نزیکەکانی بەهۆی ئەوەی داهاتی هەموو کتێب و نووسینەکانی دەبەخشییە دەزگا و ڕێکخراوی تایبەت بە منداڵانی بێسەرپەرشت و بێناسنامەکان. 

کۆچی دوایی

عەزیز نەسین لە تەمەنی 80 ساڵی لە ساڵی 1995 بەهۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد لە شاری ئیزمیر، لەسەر ڕاسپاردەی خۆی شوێنی گۆڕەکەی نادیارە. 


سەرچاوەکان



755 بینین