تەوافی ماڵئاوایی

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-11-07-14:00:00 - کۆدی بابەت: 7119
تەوافی ماڵئاوایی

ناوه‌ڕۆك

تەوافی ماڵئاوایی و چۆنیەتییەکەی

تەوافی ماڵئاوایی کۆتا مەناسیکی حەجە، کە حاجی حەوت جار بە دەوری کەعبەدا دەسووڕێتەوە، بە تەوافی ماڵئاوایی ناو دەبرێت لەبەر ئەوەی کە ئەو تەواف کردنە بۆ ماڵئاوایی کردنە لە بەیتولحەرام، هەروەها پێشی دەوترێت تەوافی صەدر، کە صەدر لێرەدا بە مانای چوونەدەرەوە دێت لە شوێنێک، ئەم تەوافە کاتێک دەکرێت کە خەڵک لە شاری مەککە دەردەچن, ئەو کەسەی کە تەوافەکە دەکات شانی لای ڕاستی دەردەخات و ئیحرامەکە دەدات بە لای شانی چەپیدا، لە ڕێکی بەردە ڕەشەکەوە دەست دەکات بە تەواف و دەڵێت (الله أکبر)، دەشتوانێت بڵێت (بسم الله، الله أکبر)، گەر بتوانێت ماچی بەردە ڕەشەکە بکات، بەڵام گەر نەیتوانی ئەوە لەجێی ئەوە تەنها لە دوورەوە سەلامی لێدەکات، هەروەک پێغەمبەر لە هەر ٧ شەوتەکەی تەوافدا وای کردووە، لە ڕێکی بەردە ڕەشەکەوە تەوافەکە دەست پێدەکات بەو جۆرەی کە کەعبە دەکەوێت لای دەستە چەپت، تەواف لە دەرەوەی حیجری ئیسماعیل دەبێت (حیجری ئیسماعیل: ئەو کەوانەیە کە لە ڕوویەکی کەعبەوەیە)، ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە ئەو حیجرە بە بەشێک لە کەعبە دادەنرێت و تەوافیش پێویست دەکات کە بە دەوری کەعبەدا بێت، لە نێوان ڕوکنی یەمانی و بەردە ڕەشەکە ئەم دووعایە دەڵێیت: (ربَّنا آتِنا في الدُّنيا حسنةً وفي الآخرةٍ حسنةً وقِنا عذابَ النَّار)، ئەمەش هەروەک عەبدوڵای کوڕی سائیب دەگێڕێتەوە و دەڵێت کە گوێم لێبووە کە پێغەمبەری خودا وای فەرمووە، لە تەوافدا هیچ دووعایەکی تایبەت و دیاریکراو نییە، بەڵکو دەتوانیت هەر دووعایەک هەیە بیکەیت، هەروەها پێویستە ڕەچاوی ئادابە شەرعیەکان بکرێت لە کاتی تەوافدا، وەک: دروست نەکردنی قەرەباڵغی، سەیرنەکردنی ئەو شتانەی کە حەرام کراوە، وهتد...، پاش تەواوبوونی حەوت جاری تەوافەکە شانی دادەپۆشێت و سونەتە کە لە مەقامی ئیبراهیم دوو ڕکات نوێژ بکات، لە ڕکاتی یەکەمدا سورەتی (الکافرون) بخوێنیت و لە ڕکاتی دووەمدا سورەتی (الإخلاص).

ڕای فەقیهەکان دەربارەی کاتی دەستپێکردن و تەواوبوونی تەوافی ماڵئاوایی

  • کاتی دەستپێکردن: فەقیهەکان ڕاجیاییان هەیە لەسەر کاتی دەستپێکردنی تەوافی ماڵئاوایی، حەنبەلییەکان و مالیکییەکان و شافیعییەکان ڕایان وایە کە کاتی دەستپێکردنی تەوافەکە دەکەوێتە ئەو کاتەوە کە کەسێک هەموو مەناسیکەکانی لە بەیتولحەرامدا بەجێهێناوە بۆ ئەوەی تەواف کردن کۆتا شت بێت کە لەوێ دەیکات، ئەم ئایەتە پیرۆزەش بە بەڵگە دەهێننەوە کە خوای گەورە دەفەرموێت: (وَمَن يُعَظِّمْ شَعَائِرَ اللَّهِ فَإِنَّهَا مِن تَقْوَى الْقُلُوبِ) (الحج: 32)، حەنەفییەکان ڕایان وایە کە دەکەوێتە ڕۆژەکانی نەحر بە دواوە، لە هەر کاتێک کە بیەوێت ئەنجامی بدات.
  • ئەو کاتەی کە موستەحەبە تێیدا تەوافی خوا حافیزی بکەیت؛ زانایان و فەقیهەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئەو کاتەی کە موستەحەبە تەوافی ماڵئاوایی تێدا بکەیت ئەو کاتەیە کە هەموو کار و مەراسیمەکان تەواو بکەیت و بتەوێت لە شاری مەککە بچیتە دەرەوە، لەو کاتەدا ئەو تەوافە ئەنجام دەدەیت، هەروەک پێغەمبەری خودا بەو شێوەی کردووە.

حوکمی تەوافی ماڵئاوایی لە فەریزەی حەجدا

زۆربەی زۆری زانایان لەسەر ئەوە کۆکن کە تەوافی ماڵئاوایی بۆ حاجی فەرزە و هەر کەسێک کە نەیکات ئەبێت کەفارەتی بدات، بەڵام مالیکییەکان ڕایان وایە کە مەندوبە بۆ ئەوانەی کە لە مەککە دەردەچن، جا چ خەڵکی مەککە بن یان نا، ئەوەش بە بەڵگە دەهێننەوە کە ئافرەتی حەیزدار لەسەری واجب نیە، جمهوری زانایانیش بەوە وەڵامیان داوەتەوە کە ئەوە تایبەتە بەو کۆمەڵەی کە باسکرا، کەواتە ئەمە مانای ئەوە نیە کە ئەمە بکرێتە بەڵگە بۆ ئەوەی کەسانی دیکەش ئەم تەوافە جێبەجێ نەکەن.

حوکمی تەوافی ماڵئاوایی لە عومرەدا

فەقیهەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەوەی تەواف بکات و لە مەککە دەربچێت ئەوە پشت بە خوای گەورە جێی تەوافی ماڵئاوایی بۆ دەگرێتەوە، بەڵام فەقیهەکان ڕا جیان دەربارەی ئەوانەی کە پاش تەواف ماوەیەک لە مەککە دەمێننەوە و پاشان دەچنە دەر لێی، ئایا پێویستە تەوافی ماڵئاوایی ئەنجام بدات یاخود نا.

لێرەدا دوو ڕا هەیە:-

  • ڕای یەکەم ئاماژە بەوە دەکات کە فەرز نییە لەسەری، جا ئەگەر دوای عومرەکە یەکسەر لە مەککە بچێتە دەر یاخود چەند ڕۆژێک بمێنێتەوە و پاشان بچێتە دەر لێی، ئەم ڕایە دەڵێت کە تەوافی ماڵئاوایی لە عومرەدا موستەحەبە و فەرز نیە، ئەمەش قسەی زۆربەی (جمهور)ی زانایانە.
  • ڕای دووەم ئاماژە بەوە دەدات کە تەوافی ماڵئاوایی لە عومرەدا فەرزە، ئەمەش ڕای حەسەنی کوڕی زەیاد (حەنەفییە) و ئیبن حەزم و هەندێک لە زانا سەردەمیەکانی ئێستەیە وەک شێخ عوثەیمین.

حوکمی نەکردنی تەوافی ماڵئاوایی

زۆربەی زانایان ڕایان وایە کە ئەوەی تەوافی ماڵئاوایی بەجێنەهێنێت ئەوە وەک باقی فەرزەکانی حەج خوێنی لەسەرە، مەگەر یەکێک لە مەککە دەربچێت و نەگاتە ئەندازەیەک کە پێویست بکات نوێژ قەصر بکات تێیدا و پاشان گەڕایەوە و تەوافی ماڵئاوایی ئەنجامدا ئەوە هیچی لەسەر نیە، ئەوانەشی دەڵێن تەوافەکە سونەتە ڕایان وایە گەر ئەو کەسە تەوافەکەی نەکرد ئەوە هیچی لەسەر نیە.

مەرجەکانی تەوافی ماڵئاوایی

  • لای حەنەفییەکان ئەوانەی کە خەڵکی مەککەن تەوافی ماڵئاواییان لەسەر نیە، حەنبەلییەکان دەڵێن ئەوانەی کە لە دەرەوەی حەرەم دەژین تەوافی ماڵئاواییان لەسەرە هەرچەندە نزیکیشی بن، وە دەشڵێن لەسەر ئەو کەسانە نیە کە لە ناو سنووری حەرەمدا دەژین، بەڵام شافیعییەکان دەڵێن کە تەوافی ماڵئاوایی لەسەر هەموو کەسێک فەرزە کە بیەوێت لە مەککە بچێتە دەرەوە ئەگەر خەڵکی مەککەش بێت، بەڵام مالیکییەکان دەڵێن کە تەوافی ماڵئاوایی بۆ خەڵکی مەککە و دەرەوەی مەککە سونەتە.
  • پێویستە ئافرەت لەحاڵەتی حەیزد و نیفاسدا نەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت کە تەوافی ماڵئاوایی ئەنجام بدات.
  • نیەتی بۆ دەهێنرێت لەبەر ئەوەی کە پەرستشە، بەڵام حەنەفییەکان ئەوە بە مەرج دانانێن.
  • تەوافی ماڵئاوایی ڕیزبەندییەکەی دەکەوێتە دوای تەوافی سەردانی کردن، چونکە یەکەم تەواف کە حاجی ئەنجامی دەدات بە تەوافی سەردانی کردن ناسراوە،


سەرچاوەکان



1445 بینین