موعەممەر قەزافی

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-11-14-19:17:00 - کۆدی بابەت: 7189
موعەممەر قەزافی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

موعەممەر محەمەد عەبدولسەلام (بە عەرەبی: معمر القذافي) سیاسەتمەدار و سەرۆکی پێشووی وڵاتی لیبیا بۆ ماوی 42 ساڵ فەرمانڕەوایی وڵاتی لیبیای کردووە، له ساڵی 1942 لە لیبیا لەدایکبووە، قۆناغی سەرەتایی لە ناوچەکەی خۆی تەواو کردووە، بەڵام بەهۆی سەربازییەوە، خوێندنی زانکۆی تەواو نەکردووە، لە دوای وەرگرتنی دەسەڵات سەروەت و سامانەکەی بە 131 ملیا دۆلار خەمڵێندراوە کە سامانەکەی شەش هێندەی بودجەی لیبیایە، ژمارەیەک زۆری وەبەرهێنانانەکانی لە وڵاتی ئیتاڵیایە کە بە بڕی 5% پشکی هەیە لە کۆمپانیا ناودارەکانی ئیتاڵیا، پشکی لە یانەی یۆڤانتۆس هەبووە و لەگەڵ کۆمپانیای "تام ئۆیەڵ" و لە زۆرێک لە مارکە جیهانی و بازرگانییەکان پشکی گەورەی هەبووە. 

ژیانی سیاسی و سەردەمی دەسەڵاتی قەزافی لە لیبیا 

وەرگرتنی دەسەڵات

لە ساڵی 1969 قەزافی بەهۆی هەڵگیرسانی کودەتایەکی سەربازی دژی شا ئیدریسی دەسەڵاتداری ئەو کاتەی وڵاتی لیبیا، بە دوو قۆناغ دەسەڵاتی لیبیای گرتە دەست، لە سەرەتادا لە ساڵی 1969 بۆ ساڵی 1977 وەکوو سەرۆکی ئەنجومەنی فەرماندەیی شۆڕشگێڕی کۆماری عەرەبی لیبیا دەستنیشان کرا و وڵاتی بەڕێوەدەبرد، پاشان قۆناغی دووەمی لە ساڵی 1977 بۆ 2011 خۆی وەکوو برا پێشەنگەکەی جەماوەری سۆسیالیستی عەرەبی لیبیا دەستنیشان کرد.

کەسایەتی موعەممەر قەزافی

قەزافی کەسایەتییەکی نامۆ و جیاوازی هەبووە، دەسەڵاتدارێکی دیکتاتۆر و خۆسەپێنەر بووە، باوەڕی بە ڕاجیایی و ئازادی ڕادەڕبرین نەبووە، خولیا و ئارەزوو و ڕەفتاری سەیروسەمەرەی هەبووە، ڕەفتارەکانی هەڵەشە و تاکڕەوی بووە، شێوازی جل و بەرگ پۆشینی جیاواز بووە، هەمیشە گوتە و قسەکانی پێچەوانەی ڕەفتار و کردارەکانی بوونە، بۆ نموونە ئەو پێی وابووە ژنان پێویستە ماڵداری بکەن و هیچ کارێکی تر ئەنجام نەدەن چوونکە لە ژنێتی و جوانیان کەم دەبێتەوە، بەڵام خۆی نزیکەی 400 سەربازی ژنی هەبووە وەکوو هێزی پاسەوانی تایبەتی خۆی بەکاریهێناون.

پەیوەندییە دەرەکییەکانی وڵاتی لیبیا  

سەردەمی دەسەڵاتی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەندێک وڵات هەبوو، بە پێچەوانەشەوە پەیوەندی لەگەڵ هەندێک وڵات ئاڵۆز و ناهەموار بوو، لە ساڵی 1971 لەگەڵ سەرۆکی میسڕ ئەنوەر سادات و سەرۆکی سوریا حافز ئەسەد ڕێککەوتنی لەسەر دەستووری دەوڵەتی کۆماری عەرەبی لە بەنغازی واژوو کرد، لە سەرەتای دەسەڵاتی بایەخێکی تەواوی بە دۆزی فەڵەستینی دەدا و پاڵپشتی سەربازی کردوون، و شێواز و ڕێبازی یاسر عەرەفاتی لا پەسەند نەبوو بۆ داکۆکی کردن لە مافی فەڵەستینییەکان، پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ هێزەکانی یەکێتیی سۆڤیەت و ڕووسیا هەبووە، پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا هەمیشە ناهەموار و ئاڵۆز بووە.

بارودۆخی گەل لە سەردەمی دەسەڵاتی

ئازادی ڕادەڕبڕین سنوردار بوو، هەرچی نەیارانی دەسەڵات و بەرەی ئۆپۆزسیۆن بە تایبەتی لایەنە ئیسلامییەکان و ڕۆژنامەنووسان ڕاپێچی زیندان کرابوون و بە توندترین شێوە ئەشکەنجە دەدران، بارودۆخ و ئاستی ژیانی هاوڵاتیان لە هەژاریی و نەداریدا بوونە، قەزافی داهات و سامانی وڵاتی لە بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنا و بە دەوڵەمەنترین سەرۆکە عەرەبییەکان دانراوە.

هەڵگیرسانی شۆڕشی لیبیا

لە مانگی شوباتی ساڵی 2011 دەستپێکردنی ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی و هەڵگیرسانی شۆڕش لە هەریەک لە وڵاتانی تونس و میسڕ و سوریا، کەوتنی دەسەڵاتی حوسنی موبارەک و زەین ئەلعابدین، شۆڕش و ڕاپەڕین و خۆپیشاندان لە لیبیا سەریهەڵدا، هاوشێوەی جەنگی ناوخۆی سوریا، لە لیبیاش بەهۆی دروستبوونی بەرەی ئۆپۆزسیۆن و ڕووبەڕوو بوونەوەی چەکداری و سەربازی بۆ ماوەی شەش مانگ جەنگی ناوخۆ لەو وڵاتە دروستبوو، موعەممەر قەزافی بە توندترین و خراپترین شێوە بەرپەرچی شۆڕشگێڕانی دایەوە و جەنگی سەرتاسەری لە وڵات دروستبوو، هێزەکانی هاوپەیمانان دەستێوەردانی سەربازییان ئەنجامدا و لە مانگی ئابی ساڵی 2011 هێزە سەربازییەکەی قەزافی شکستی هێنا و لەسەر دەسەڵات لادرا. 

باری خێزانی

ژیانی هاوسەری لەگەڵ خانمێک پێکهێناوە بە ناوی فەتحیە خالید، بوونە خاوەنی یەک کوڕ دوای ماوەیەکی کورت جیابوونەتەوە، پاشان بۆ جاری دووەم هاوسەرگیری لەگەڵ سەفییە فوڕقاش کردووە بوونەتە خاوەنی حەوت منداڵ، دیارترین کوڕەکانی سەیف ئەلئیسلام بووە کە ڕۆڵێکی گرنگی بینییوە لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی باوکی.  

کۆچی دوایی 

لە ڕێکەوتی 20ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2011 موعەممەر قەزافی لەلایەن سوپای نیشتمانی بە زیندوویی دەستگیر کرا، بەڵام بە خراپترین شێوە لەلایەن هەمان هێزەوە کوژرا و کۆتایی بە سەردەمی دەسەڵاتی هێنرا، ماوەی دەسەڵاتی قەزافی بە دووەم درێژترین ماوەی دەسەڵات دێت لە مێژوودا لەدوای دەسەڵاتی عوسمانییەکان، و درێژترین ماوەی دەسەڵاتە لە کیشوەری ئەفریقیا.  


سەرچاوەکان



1720 بینین