جامی جیهانیی ٢٠٢٢

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-12-20-01:14:00 - کۆدی بابەت: 7314
جامی جیهانیی ٢٠٢٢

ناوه‌ڕۆك

جامی جیهانیی فیفای ٢٠٢٢

جامی جیهانیی فیفای ٢٠٢٢ (بە ئینگلیزی: 2022 FIFA World Cup, بە عەرەبی: كأس العالم 2022)، بیست و دووەمین جامی جیهانی نێوان هەڵبژاردەکانی جیهانە، کە تێیدا هەر وڵاتێک دەچێتە پاڵەوانییەتیەکەوە و گەر لە ڕکابەریەکاندا براوەبێت پلەکانی سەرووتر دەبڕێت تاوەکوو کۆتا ئەنجام، ئەم پاڵەوانییەتە تەنیا ئەو هەڵبژاردانە دەگرێتەوە کە ئەندامی یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتین (فیفا)، ئەم پاڵەوانییەتە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە وڵاتی قەتەڕ ئەنجام دەدرێت و ماوەکەی لە ٢١ـی تشرینی دووەم بۆ ١٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ـە.

ئەمە یەکەم جامی جیهانی دەبێت کە لە جیهانی عەرەبیدا ئەنجام بدرێت و یەکەم جامیش دەبێت لە وڵاتێکی زۆرینە موسڵماندا ئەنجام دراوە، ئەمە دووەم جامی جیهانی دەبێت کە بە تەواوی لە ئاسیا ئەنجام دەدرێت دوای مۆندیالی ٢٠٠٢ لە کۆریای باشوور و ژاپۆن، سەرەڕای ئەوەش دەبێتە دوایین خولی جامی جیهانی کە بە ٣٢ هەڵبژاردە بەشداری بکەن، لە ساڵی ٢٠٢٦ـەوە بڕیارە هەڵبژاردەکانی دەستپێکی خولەکە ٤٨ هەڵبژاردە بن.

بەهۆی گەرمای سەختی هاوینەی قەتەڕ ئەم مۆندیالە لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمەوە تا ناوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەم بەڕێوەدەچێت و ئەمەش دەبێتە یەکەم پاڵەوانیەتی کە لە مانگی ئایار یان حوزەیران یان تەمووز ئەنجام نەدرێت، و بڕیارە لە ماوەیەکی کورت کە ٢٨ ڕۆژە ئەنجام بدرێت.

هەڵبژاردنی وڵاتی میواندار

وڵات

گەڕی یەکەم

گەڕی دووەم

گەڕی سێیەم

گەڕی کۆتایی

 قەتەڕ

١١

١٠

١١

١٤

 ئەمریکا

٣

٥

٦

٨

 کۆریای باشوور

٤

٥

٥

دەرەوە

 ژاپۆن

٣

٢

دەرەوە

دەرەوە

 ئوستوڕالیا

١

دەرەوە

دەرەوە

دەرەوە

تۆمەتی گەندەڵی

لە سەرەتاوە کۆمەڵێک تۆمەتی گەندەڵی ڕووبەڕووی وڵاتی قەتەڕ کرایەوە کە گوایە بە فێڵ و گەندەڵی پاڵەوانییەتیەکەی وەرگرتووە و میوانداری دەکات، بەڵام لیژنەی لێکۆڵینەوەی فیفا و ناوخۆ شتێکی لەوشێوەیان ڕەت کردەوە، بەڵام سەرۆکی لێکۆڵەران (مایکڵ جەی گارسیا) ڕاپۆرتی فیفای لەسەر لێکۆڵینەوەکەی بە ناتەواوی و هەڵەی ماددی وەسف کرد.

لە ٢٧ـی ئایاری ٢٠١٥ داواکاری گشتی فیدڕاڵی سویسرا لێکۆڵینەوەیان لە گەندەڵی و پارە شۆردنەوەی جامەکانی جیهانیی ٢٠١٨ و ٢٠٢٢ کرد، لە ٦ی ئابی ٢٠١٨دا جۆزێف پلاتەر سەرۆکی پێشووی فیفا ڕایگەیاند کە قەتەڕ "کرداری ڕەشی بەکارهێناوە"، بۆیە پێشنیاری ئەوەی کرد کە لیژنەی دۆسیەکە فێڵی لێکراوە بۆ بەدەستهێنانی مافی میوانداریکردن لەلایەن قەتەڕەوە.

هەروەها قەتەڕ ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بوویەوە لە مامەڵەکردنی لەگەڵ کرێکارانی بیانی بەشدار لە ئامادەکردنی مۆندیالدا، هەروەها ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی بە "کاری زۆرەملێ" کرد و ڕایگەیاند کە سەدان یان هەزاران کرێکاری کۆچبەر بەهۆی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و زۆرکردن لێیان لە ئەنجامدانی ئامادەکارییەکان گیانیان لەدەستداوە.

یاریگاکان

یاریگاکە تەکنەلۆجیای ساردکەرەوە دەگرێتە خۆی بۆ کەمکردنەوەی پلەی گەرمی لە یاریگاکان بۆ ٢٠ پلە، لیژنەی ڕێکخستنی وڵاتی قەتەڕ ڕایگەیاند کە لە دوای پاڵەوانێتییەکە بەشەکانی سەرەوە هەڵدەوەشێنرێتەوە و دەبەخشرێتە وڵاتانی تری هەژار، چونکە ژمارەی دانیشتوانی قەتەر زۆر لەتوانای یاریگاکە کەمترە و پێویستیان نییە.

  • یاریگای لوسیل: دەکەوێتە شاری لوسیل و  ٨٠,٠٠٠ هاندەر لەخۆی دەگرێت
  • یاریگای البیت: دەکەوێتە شاری خور و ٦٠,٠٠٠ هاندەر لەخۆی دەگرێت
  • یاریگای ٩٧٣: دەکەوێتە شاری دەوحە و ٤٠,٠٠٠ هاندەر لەخۆی دەگرێت، ئەم یاریگایە یەکەمین یاریگایە لە جیهان کە دەکرێت هەڵبوەشێنرێتەوە و لە شوێنێکی دیکە دابنرێتەوە.
  • یاریگای ثمامە: دەکەوێتە شاری دەوحە و ٤٠,٠٠٠ هاندەر لەخۆی دەگرێت
  • یاریگای جنوب: دەکەوێتە شاری وەکرە و ٤٠,٠٠٠ هاندەر لەخۆی دەگرێت
  • یاریگای شاری فێرکاری: دەکەوێتە شاری ڕەیان و ٤٥,٣٥٠ هاندەر لەخۆی دەگرێت
  • یاریگای ڕەیان: دەکەوێتە شاری ڕەیان و ٤٤,٧٤٠ هاندەر لەخۆی دەگرێت
  • یاریگای خەلیفەی نێودەوڵەتی: دەکەوێتە شاری ڕەیان و ٤٠,٠٠٠ هاندەر لەخۆی دەگرێت

شێوازی جامە جیهانییەکە

جامی جیهانی ٢٠٢٢ لە ٣٢ تیم لە شەش کیشوەری جیهان پێکدێت، ئەم تیپانە بۆ ماوەی ٢٨ ڕۆژ لەوڵاتی میواندار کێبەرکێ دەکەن بۆ بردنەوەی نازناوەکە، قۆناغی یەکەمی پێشبڕکێکە لەقۆناغی گروپەکان دەست پێ دەکات و قۆناغی گروپەکان لە هەشت گرووپ پێکدێت کە هەر چوار تیپێک و لە گرووپێکدا دەبن، پاڵەوان و پاشکۆکەی بۆ قۆناغی داهاتوو سەردەکەون. دوو لە تیپەکانیش دەگەڕێنەوە ماڵەوە و دەدۆڕێن.

تیمە بەشداربووەکان بەسەر چوار ئاستدا دابەشکراون لەسەر بنەمای ڕیزبەندی جیهانیی فیفا و بەپێی پێوەری وەرزشی و جوگرافی، لە ساڵی ١٩٩٨ـەوە چەند یاسایەک لە دابەشکردنی تیپەکاندا پەیڕەو کراوە، لەوانە ئەوەی کە زیاتر لە دوو تیپی ئەورووپی لە یەک گرووپدا نەبن، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە هیچ یەکێتییەکی کیشوەری نابێت دوو تیپی لە یەک گرووپدا بێت.

پێوەرەکانی شکاندنی یەکسانی

هەر تیپێک سێ یاری گرووپ بەرامبەر تیپەکانی تری هەمان گرووپ دەکات، هەروەها گەڕی کۆتایی گرووپەکە لە یەک کاتدا ئەنجام دەدرێت بۆ پاراستنی دادوەری لەنێوان چوار تیپەکە، ئەو دوو تیپەی زۆرترین خاڵ بەدەست بهێنن دەڕۆنە قۆناغی داهاتوو، لە ساڵی ١٩٩٤ـەوە خاڵ بەکاردێت بۆ پلەبەندی تیپەکانی ناو گرووپەکە، ئەویش بە پێدانی سێ خاڵ بۆ بردنەوە و یەک خاڵ بۆ یەکسانی و هیچ خاڵێک بۆ دۆڕاندن.

ئەگەر خاڵەکان یەکسان بوون

ئەگەر خاڵی نێوان تیپەکان یەکسان بوون، ئەوە ئەم یاسایانە جێبەجێ دەکرێن و ڕێکخستنی تیپەکان بەمشێوەیە دەکرێت:

  • بەپێی خاڵەکان کە ئەو تیپە بەدەستی هێناوە
  • جیاوازی گۆڵەکان لە نێوان تیپەکان
  • ئەو تیپەی زۆرترین گۆڵی کردووە

ئەگەر هێشتاش دوو تیپ یان زیاتر یەکسان بوون، ئەم شێوازە پەیڕەو دەکرێت:

  • ئەو خاڵانەی کە تیپەکە بەدەستی هێناوە لە پاڵاوتنەکان لەگەڵ تیپەکانی دیکە
  • جیاوازی گۆڵەکان لە ئەنجامی یارییەکانی پاڵاوتنەکان لەگەڵ تیپەکانی دیکە
  • زۆرترین گۆڵی تۆمارکراو لە هەموو یارییەکانی پاڵاوتنەکان
  • یاسای یاریکردنی خاوێن و نەبوونی کارتی زەرد و سوور لە یارییەکانی پێشوو، خاڵی یارییە خاوێنەکانیش بەمشێوەیە دیاری دەکرێن:
  1. کارتی زەرد : یەک خاڵ
  2. کارتی سووری ناڕاستەوخۆ: ٣ خاڵ
  3. کارتی سووری ڕاستەوخۆ: ٤ خاڵ
  4. کارتی زەرد و کارتی سووری ڕاستەوخۆ: ٥ خاڵ
  • دووبارە هەڵبژاردنەوەی تیپەکان لەلایەن فیفاوە.

قۆناغەکانی دیکە

قۆناغی دواتر ١٦ تیپ دەگرێتەوە کە لە قۆناغی گروپی پاڵەوانیەتیەکەوە دەرچوون، لەم قۆناغەوە چوار گەڕ هەیە، دواتر گەڕی چارەکی کۆتایی و نیمچەکۆتایی و کۆتا یاری دێت. دواتریش یارییەک هەیە بۆ جیاکردنەوەی سێیەم و چوارەم.

شێوازی یاری

تیپەکان ٩٠ خولەک یاری دەکەن، دوای ٤٥ خولەک بۆ ماوەی چارەکێک پشوو دەدەن و دووبارە ٤٥ خولەکی دیکە دەست پێ دەکات، ئەگەر تاوەکوو کۆتایی ٩٠ خولەکەکە یەکسان بوون، ٣٠ خولەکی زیادەیان پێ دەدرێت، ئەگەر دووبارە یەکسان بوون، داوەرەکان پەنا دەبەنە بەر لێدانی سزا و هەر تیپێک زۆرترین لێدانی سزای ڕاست تۆمار بکات دەبێتە براوە.

بەڵام لە یاری گرووپەکاندا لێدانی سزا بوونی نییە و خاڵ تۆمار دەکرێت.

دادوەری

لە دەستپێکردنی مۆندیالی ٢٠١٤ـەوە لە بەڕازیل، فیفا ڕێگەی بە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای هێڵی گۆڵ داوە، بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا تۆپ بە تەواوی هێڵی گۆڵی تێپەڕاندووە یان نا، ئەمەش چونکە ئەم تەکنەلۆجیایە لە جامی جیهانیی یانەکانی ٢٠١٢ و جامی کیشوەرەکانی ٢٠١٣ و جامی جیهانیی یانەکانی ٢٠١٣ سەرکەوتووبوو.

ئامانجەکە ئەوەیە کە ئەم ڕێگەیە بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی هەر ناڕوونییەک نەهێڵێت و کاری ناوبژیوانی سەرەکی و چوار ناوبژیوانەکەی دیکە ئاسانتر بکات، بۆ ئەوەی بەبێ ترسی ستەمکردن لە یەکێک لە تیپەکان بڕیار بدەن.

فیفا مۆڵەتی دا بە کۆمپانیای (GoalControl)ـی ئەڵمانی داوە بۆ ئەوەی ببێتە دابینکەری فەرمی تەکنەلۆجیای جامی جیهانی.

گۆڕانکاری چوارەم

فیفا ڕایگەیاند دوای کۆبوونەوەی لیژنەی جێبەجێکاری فیفا کە لە ١٥ و ١٦ـی ئاداری ٢٠١٨ لە بۆگۆتای پایتەختی کۆڵۆمبیا، ڕێگە بە گۆڕانکاری چوارەم دراوە لە یارییەکان کاتێک یاری چووە خولەکی زیادکراوەوە، بەڵام لە ٩٠ خولەکدا ڕێگەپێدراو نییە.

تەکنەلۆجیای ڤار

لە ١٦ـی ئازاری ٢٠١٨، لیژنەی جێبەجێکاری فیفا بۆ یەکەم جار لە مێژووی مۆندیالدا، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ڤیدیۆیی (VAR)ـی لەلایەن یاریدەدەری ناوبژیوانەوە پەسەند کرد.

سپۆنسەرەکان

  • ئەدیداس
  • کۆکاکۆلا
  • هیۆندای مۆتۆر – Kia
  • هێڵی ئاسمانیی قەتەڕ
  • Visa
  • کۆمەڵەی واندا
  • ئەی بی ئێنبێڤ
  • Vivo


سەرچاوەکان



1434 بینین