تێکچوونی کەسایەتیی هیستریۆنی 

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2021-12-21-15:27:00 - کۆدی بابەت: 7333
تێکچوونی کەسایەتیی هیستریۆنی 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تێکچوونی کەسایەتیی هیستریۆنی (بە ئینگلیزی: Histrionic PD) لە کۆمەڵەی دووەمی تێکچوونە کەسایەتییەکانە و بە جۆرێکی تێکچوونی کەسایەتیی گومڕا و هەستیار و دراماتیک دادەنرێت. ئەم کەسانە وێناکردنێکی شێواوی دەروونییان هەیە لەبارەی خۆیانەوە و خودبەهاییی خۆیان بە پەسەندکردنیان لەلایەن کەسانی ترەوە بنیات دەنێن، ئەمەش وایان لێ دەکات زۆر پێویستییان بە گرنگیپێدان و سەرنجدان هەبێت، بۆیە زۆر پەنا دەبەنە بەر نواندنی سەیر و نامۆ.

نیشانەکان

کەسانی زۆر هەستیارن، زۆریش خۆیان تێکدەدەن و نواندن دەکەن بۆ بارودۆخێک کە پێویست نییە. هۆکاری ئەم نواندن و ڕەفتارانەش بۆ ئەوەیە کە کەسەکە سەرنجی بخرێتە سەر و هەست بە نائاسوودەیی دەکەن ئەگەر وا نەبێت، تەنانەت لەڕێی ورووژاندنی سێکسییەوە هەوڵی ڕاکێشانی سەرنجی کەسانی تر دەدەن. کەسانی تووشبوو بە تێکچوونی کەسایەتیی نواندن گرنگییەکی زۆر بە شێوازی دەرکەوتنیان دەدەن و هەمیشەش پێویستییان بە ڕەزامەندی کەسانی ترە لەسەر خۆیان و بەئاسانی لەلایەن خەڵکەوە کاریان تێ دەکرێت. لەگەڵ ئەمانەشدا زۆرجار ئەم کەسانە کێشەیان نییە لە کارکردن یان لە مامەڵەکردن لە کۆمەڵگادا.

نموونە

نموونەی دیار بۆ ئەم جۆرە تێکچوونە کەسایەتییە وەکوو مادۆنا، کەسایەتیی کۆمیکی هارلی کوین و زۆرێک لە ئەستێرە تەلەفزیۆنی و مۆدێلەکان.

هۆکار

هۆکاری تێکچوونی کەسایەتیی هیستریۆنی بەدیاریکراوی نەزانراوە. زاناکان پێیان وایە تێکەڵەی هۆکارە بۆماوەیی و ژینگەییەکان بەرپرس بن لە دروستبوونی.

هەندێک خێزان مێژووی تێکچوونی کەسایەتیی هیستریۆنییان هەیە، بۆیە منداڵی دایک و باوکێکی تووشبوو بە تێکچوونی کەسایەتیی هیستریۆنی لەوانەیە زۆر بەسادەیی لاسایی ڕەفتارەکانیان بکاتەوە. هەروەها نەبوونی پەروەردەیەکی باش و بەهێزکردنی ئەرێنییانەی ڕەفتارە دراماتیکییەکان لە منداڵیدا، دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی تێکچوونی کەسایەتی هیستریۆنی. منداڵێک لەوانەیە فێری ئەم جۆرە ڕەفتارانە ببێت وەک ڕێگەیەک بۆ سەرنجڕاکێشانی دایک و باوکی. ئەم تێکچوونە کەسایەتییە لە سەرەتاکانی تەمەنی پێگەیشتندا دروست دەبێت و زیاتر لە ڕەگەزی مێیینەدا باوە.

چارەسەر 

چارەسەری تێکچوونی کەسایەتیی هیستریۆنی زەحمەتە، چونکە کەسەکە پێی وانییە کە نائاسایی بێت و پێویستی بە چارەسەر بێت، یانیش ڕۆتینی چارەسەرەکە بەلایەوە بێزارکەر دەبێت. بەڵام ئەگەر قایل ببێت بە وەرگرتنی چارەسەر، ئەوا چارەسەری دەروونی یان هەندێک جار  چارەسەر بە دەرمان دەتوانن سوودبەخش بن.

چارەسەری دەروونی

چارەسەری دەروونی باوترین و کاریگەرترین جۆری چارەسەرە بۆ کەسانی تووشبوو بە تێکچوونی کەسایەتیی هیستریۆنی. لەم چارەسەرەدا دەتوانیت لەبارەی هەست و ئەزموونەکانت قسە بۆ چارەسەرکارە دەرونییەکەت بکەیت. ئەم جۆرە قسەکردنە یارمەتی تۆ و چارەسەرکارە دەروونییەکەت دەدات کە بتوانن هۆی ئەم جۆرە ڕەفتار و کارانەت دیاری بکەن. چارەسەرکارەکەت دەتوانێت یارمەتیت بدات کە چۆن بە شێوەیەکی ئەرێنییانە مامەڵە لەگەڵ خەڵک بکەیت، لەجێی ئەوەی بەردەوام هەوڵ بدەیت سەرنجیان ڕابکێشیت. 

چارەسەر بە دەرمان

ئەگەر کەسی تووشبووی تێکچووی کەسایەتی هیستریۆنی تووشی خەمۆکی یان دڵەڕاوکێ بێت، ئەوا تیمی چاودێری سەرەتایی لەوانەیە دەرمانی دژەخەمۆکی یان دژەدڵەڕاوکی بۆ دابنێن.

زۆرکەس کە تووشی ئەم تێکچوونە کەسایەتییە بوون دەتوانن بەشێوەیەکی ئاسایی کار بکەن و لەگەڵ کۆمەڵگەدا لە پەیوەندی دابن، زۆربەی جار کێشەکانیان لە پەیوەندییە نزیکەکاندایە. لە هەندێک حاڵەتیش کاردەکاتە سەر ژیانی ڕۆژانەیان و تووشی سەر لێشێوانیان دەکات لە دیاریکردنی ئامانجی ژیانیان.
تێکچوونی کەسایەتی هیستریۆنی مەترسیی تووشبوون بە خەمۆکی زیاد دەکات، بۆیە ئەگەر ئەم حاڵەتە کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانەی ئەو کەسانە هەبوو دەبێت قسە لەگەڵ پزیشکی دەروونی بکەن و چارەسەر وەربگرن.


سەرچاوەکان



1312 بینین