تێکچوونی کەسایەتیی پشت بەستوو

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2021-12-21-16:06:00 - کۆدی بابەت: 7337
تێکچوونی کەسایەتیی پشت بەستوو

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تێکچوونی کەسایەتیی پشت بەستوو (بە ئینگلیزی: Dependent PD) لە کۆمەڵەی سێیەمی تێکچوونە کەسایەتییەکانە و بە جۆرێکی تێکچوونی کەسایەتیی پەرێشان دادەنرێت. کەسانی تووشبوو بە تێکچوونی کەسایەتیی پشت بەستوو، ناتوانن بەتەنیابن و هەست بە بێتاقەتی دەکەن ئەگەر کەسیان لەدەور نەبێت. توانایان نییە بڕیار بۆ ژیانی خۆیان بدەن یان بەشێوەیەکی چالاکانە بەشدارببن لە ڕێکخستنی ژیانیان. 

نیشانەکان

ئەم کەسانە زۆر خۆبەدەستەوەدەر و شەرمن و ترسنۆکن و بەئەستەم دەتوانن ناڕەزامەندی دەرببڕن لەسەر شتێک کە بەدڵیان نەبێت و هەرچی لێیان داوابکرێت دەیکەن ئەگەر باوەڕیشیان پێ نەبێت. زۆر بەدەگمەنیش دەست دەکەن بە دانانی پڕۆژە و هەمیشە پشت بە کەسانی چواردەوریان دەبەستن. لای ئەم کەسانە تەنانەت بڕیارە زۆر بچووکەکانیش جێی پەرێشانی و نیگەرانییەکی زۆرن و پێویستییان بە دەستتێوەردان و دووپاتکردنەوە هەیە لەلایەن کەسانی چواردەوریان چونکە بە هیچ شێوەیەک بڕوایان بە خۆیان نییە. هەمیشە دەترسن لەوەی بەجێ بهێڵرێن، هەرکاتێک پەیوەندییان لەگەڵ کەسێکی نزیک کۆتایی پێ بێت بەپەلە دەبێت پەیوەندییەکی نوێ دروست بکەن و کاتێک تەنیان هەست بە نائارامی دەکەن. ئەم کەسانە کاتێک بەتەنیان تووشی ئەم حاڵەتانە دەبن:

- دڵەڕاوکێ
- شڵەژان
- نۆرەی تۆقین
- ترس
- بێ هیوایی

کە هەندێک لەم نیشانانە هەمان نیشانەکانی نەخۆشیی دەروونی دڵەڕاوکێن. کەسانی تووشبوو بە خەمۆکی و ئافرەتان لە تەمەنی نائومێدیش لەوانەیە هەندێک لەم نیشانانەیان هەبێت. 

نموونە

نموونەی دیار بۆ ئەم جۆرە تێکچوونە کەسایەتییە وەکوو دەیڤد بێکهام.

هۆکار

هۆکاری تێکچوونی کەسایەتیی دوورەپەرێز بەدیاریکراوی نەزانراوە، شارەزایان پێیان وایە هەندێک هۆکاری زیندەیی و گەشەکردنییەکان بەرپرس بن لە سەرهەڵدانی ئەم حاڵەتە. 

هۆکارە جێی مەترسییەکان چین؟

- هەبوونی پێشینەی پشت گوێ خستن.
- هەبوونی پەروەردەیەکی خراپ لە منداڵیدا.
- مانەوە لە پەیوەندییەکی درێژخایەن کە کەسەکە تێدا خراپ بەکار هێنرابێت. 
- هەبوونی دایک و باوکێک کە لەڕادەبەدەر چاودێری منداڵەکەیان کردبێت، یان زۆریان لێی کردبێت.
- هەبوونی مێژووی خێزانی بە نەخۆشی دڵەڕاوکێ.

چارەسەر

چارەسەر سەرنج دەخاتە سەر نەهێشتنی نیشانەکان، زۆرجار چارەسەری دەروونی یەکەم هەڵبژاردەیە. چارەسەر وات لێدەکات باشتر لە حاڵەتەکەت تێ بگەیت. هەروەها دەتوانێت فێرت بکات چۆن خودبەهایی خۆت زیاد بکەیت و چۆن پەیوەندیی تەندروست لەگەڵ کەسانی تر دروست بکەیت.
چارەسەری دەروونی بۆ ماوەیەکی کورت بەکاردێت، چونکە لە ئەگەری بەکارهێنانێ بۆ ماوەیەکی درێژ مەترسی هەیە لەسەر پشت بەستنی کەسەکە بە چارەسەرکارەکە.

چارەسەر بە دەرمان

دەرمان دەتوانێت چارەسەری حاڵەتی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ بکات لەم کەسانەدا بە بەکارهێنانی دەرمانەکانی دژەخەمۆکی و دژەدڵەڕاوکێ. هەروەها پزیشکەکەت یان چارەسەرکارەکەت لەوانەیە دەرمانت بۆ دابنێن بۆ چارەسەرکردنی نۆرەکانی تۆقین کە بەهۆی دڵەڕاوکێی تووندەوە دروست دەبن. هەندێک لە دەرمانە دەروونییەکان نەخۆش تووشی پشت پێ بەستن و ئالوودەبوون دەکەن، بۆیە دەبێت پزیشکەکە لەم بارەیەوە ئاگادار بێت و ڕێگری لێ بکات. 

لێکەوتە سەرەتاییەکانی تێکچوونی کەسایەتیی پشت بەستوو

- دڵەڕاوکێ، وەکوو تۆقین
- تێکچوونی کەسایەتیی دوورەپەرێز
- تێکچوونی کەسایەتیی ڕاڕا
- خەمۆکی
- خراپ بەکارهێنانی ماددە
- ترس

زوو چارەسەرکردن دەتوانێت ڕێگری لە دروستبوونی زۆرێک لەم حاڵەتەنە بکات.

پشتگیریکردنی کەسانی تووشبوو بە تێکچوونی کەسایەتیی پشت بەستوو

تێکچوونی کەسایەتیی پشت بەستوو حاڵەتێکی لەناوبەرە و سەر دەکێشێت بۆ نەخۆشیی خەمۆکی و دڵەڕاوکێی بەردەوام. بۆیە ئەگەر گومان دەکەیت کەسێکی خۆشەویستت ئەم حاڵەتەی هەبێت، زۆر گرنگە کە هانی بدەیت بۆ وەرگرتنی چارەسەر بەرلەوەی بارودۆخی خراپتر ببێت. ئەم هاندان و داوا لێ کردنە بۆ وەرگرتنی چارەسەر بابەتێکی هەستیار دەبێت بەلایانەوە، چونکە ئەم کەسانە بەردەوام دەیانەوێت پەسند بکرێن و نایانەوێت کەسە خۆشەویستەکانیان نائومێد بکەن.


سەرچاوەکان



963 بینین