تێکچوونی کەسایەتیی دوورەپەرێز

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2021-12-21-15:33:00 - کۆدی بابەت: 7335
تێکچوونی کەسایەتیی دوورەپەرێز

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تێکچوونی کەسایەتیی دوورەپەرێز (بە ئینگلیزی: Avoidant PD) یەکێکە لە تێکچوونە کەسایەتییەکان، بە شەرمنییەکی زۆر و هەمیشەیی جیا دەکرێنەوە. هەروەها هەست بە کەمی دەکەن و هەستیارییان هەیە بە ڕەتکردنەوە. تێکچوونی کەسایەتیی دوورەپەرێز دەکرێت نیشانە و گرفتی دەروونی وا دروست بکات کە ببنە هۆی کێشەی جدی لە کارکردن و پەیوەندییەکانیاندا.

نیشانەکان

کەسانی تووشبوو بە تێکچوونی کەسایەتیی دوورەپەرێز، زۆر شەرمنن و هەمیشە ترسیان لە ڕەتکردنەوە و ڕەخنە هەیە و خۆیان بە لاواز دەبینن کە ئەمەش وایان لێدەکات نەتوانن پەیوەندییەکی تەندروست و واتادار لەگەڵ خەڵکی تر دابنێن. زۆرجار بەهەڵە لە توانج یان کارێکی ئاسایی لەلایەن کەسانی ترەوە تێدەگەن و بە شێوەیەکی نەرێنی وەری دەگرن. کەسانی دوورەپەرێز هەست دەکەن زۆر پێویستییان بەوە هەیە لەلایەن هەمووانە خۆشبویسترێن، هەروەها هەست بە شەرمەزاری و تێکشکان دەکەن ئەگەر وابزانن شتێکی گەمژانە و بێواتایان لەپێش کەسانی تر وتووە. بۆیەش بەهۆی تێکشکانی هەست و سۆزیان تا بتوانن خۆیان لە تێکەڵاویی کۆمەڵایەتی بەدوور دەگرن، لە هەمان کاتیشدا خەمخۆرن بۆ خەڵک.

نموونە

نموونەی دیار بۆ ئەم جۆرە تێکچوونە کەسایەتییە وەکوو مایکڵ جاکسۆن، کە چەند تونێل و پارکێکی تایبەتی بە خۆی دروست کرد تا لە خەڵک دوور بێت.

هۆکار

وەکوو هەموو تێکچوونەکانی تری کەسایەتی، تێکچوونی کەسایەتیی دوورەپەرێزیش هۆکارەکەی بەدیاریکراوی نەزانراوە. بەپێی توێژینەوەکان دەکرێت هۆکارە ژینگەیی و بۆماوەییەکان بەرپرس بن لە دروستبوونی ئەم تێکچوونە.

کێ لە مەترسیدایە بۆ تووشبوونی تێکچوونی کەسایەتیی دوورەپەرێز؟

ناتوانرێت بزانرێت کە کێ تووشی ئەم کەسایەتییە دەبێت. ئەو کەسانەی ئەم حاڵەتەیان هەیە بە گشتی لە منداڵیدا زۆر شەرمن بوونە. هەرچەندە مەرج نییە هەر منداڵێک شەرمن بێت تووشی ئەم تێکچوونە کەسایەتییە ببێت لە داهاتوودا، یاخوود هەر کەسێکی پێگەیشتوو شەرمن بێت، ئەوا تووشی ئەم تێکچوونە کەسایەتییە بووبێت.
زۆربەی کات ئەگەر ئەم تێکچوونە کەسایەتییە لە کەسێکدا دروست ببێت ئەوا بە پێی تێپەڕبوونی تەمەنی شەرمنییەکەی زیاد دەکات و دەست دەکات بە دوورکەوتنەوە لە کەسانی تر و بارودۆخەکان.

چارەسەر

چارەسەری دەروونی کاریگەرترین چارەسەرە بۆ تێکچوونی کەسایەتیی دوورەپەرێز. چارەسەرکارەکە لەوانەیە چارەسەری دەروونیی داینامیکی یان چارەسەری هزریی ڕەفتار بەکار بهێنێت. ئامانجی چارەسەر بریتییە لەوەی یارمەتی نەخۆش بدات لە دیاریکردنی بیروباوەڕە نائاگاییەکانی لەبارەی خۆیەوە و چۆنیەتی تێڕوانینی کەسانی تر لەو، هەروەها بۆ ئەوەی لە کارکردن و لەناو کۆمەڵگەدا بەشێوەیەکی باشتر ڕەفتار بکات.

چارەسەری دەروونیی داینامیکی

چارەسەری دەروونیی داینامیکی شێوەیەکە لە چارەسەر بە قسەکردن، یارمەتی نەخۆش دەدات ئاگاداری بیرە نائاگاییەکانی بێت. یارمەتیی دەدات لەوەی تێبگات کە چۆن ئەزموونە کۆنەکانی ژیانی بوونەتە هاندەری ئەم ڕەفتارارنەی ئێستای. ئەمەش ڕێگەی دەدات کە ئازارە سۆزداریی و بەرەنگارییە کۆنەکانی چارەسەر بکات. بەم شێوەیەش تێڕوانینێکی باشتری لەبارەی خۆی و دەوروبەریەوە دەبێت. چارەسەری دەروونیی داینامیکی ئەنجامی باشی دەبێت کە دوای چارەسەرەکەش کاریگەرییان بەردەوام دەبێت. 

چارەسەری هزریی ڕەفتار 

چارەسەری هزریی ڕەفتار شێوەیەکی ترە لە چارەسەر بە قسەکردن. لە چارەسەری هزریی ڕەفتاردا چارەسەرکارەکە یارمەتی نەخۆشەکەی دەدات بیرکردنەوە و ڕەفتارە ناتەندروستەکانی دیاری بکات و بە بیرکردنەوە و ڕەفتاری باشتر جێگەیان بگرێتەوە. چارەسەرکارەکە هانی دەدات کە بیروبۆچوونەکانی تاقی بکاتەوە و ببینێت ئاخۆ بنەمایەکی ڕاستییان هەیە یان نا. هەروەها یارمەتی دەدات لە گۆڕینی ئەو ڕەفتارانەی بە شتی باشتر. 

چارەسەر بە دەرمان

هیچ دەرمانێکی تایبەت بە چارەسەری تێکچوونی کەسایەتیی دوورەپەرێز لەلایەن ئێف دی ئەیەوە (بە ئینگلیزی: FDA) پەسند نەکراوە. لەهەندێک حاڵەتدا پزیشکەکەت لەوانەیە دەرمانی دژەخەمۆکی یان دژەدڵەڕاوکێ بۆ نەخۆش دابنێت ئەگەر لەگەڵ تێکچوونە کەسایەتییەکەی تووشی خەمۆکی یان دڵەڕاوکێ بووبێت. 

ئەگەر چارەسەر وەرنەگیرێت ‌ئەوا تێکچوونی کەسایەتیی دوورەپەرێز سەر دەکێشێت بۆ هەندێک حاڵەتی تری دەروونی، وەکوو:

- خەمۆکی
- ئەگۆڕەفۆبیا (ترس لە قەرەباڵغی)
- کێشەی خراپ بەکارهێنانی ماددە

چارەسەر ناتوانێت کەسایەتی نەخۆش بگۆڕێت، لەوانەیە شەرمنییەکە بەردەوام بێت و کێشەی هەبێت لە تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتیی و کاردا. بەڵام چارەسەر دەتوانێت نیشانەکان باشتر بکات و توانای تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی و کارکردنی گەشە پێ بدات.


سەرچاوەکان



1088 بینین