دە ڕێگا بۆ دروستکردنی پەیوەندی ئەرێنی لەنێوان هاوکارەکان

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2021-12-27-21:30:00 - کۆدی بابەت: 7408
دە ڕێگا بۆ دروستکردنی پەیوەندی ئەرێنی لەنێوان هاوکارەکان

ناوه‌ڕۆك

دروستکردنی پەیوەندی ئەرێنی لەنێوان هاوکارەکان

هەر یەکێک لە کارمەندانی کۆمپانیایەک یان هەر شوێنێکی کارکردن، بەگشتی ڕای جیاوازیان هەیە و دەیانەوێت ئامانجی تایبەتی خۆیان و شوێنی کارەکەیان بهێننەدی، لەبەر ئەوە پەیوەندی کاری نێوان کارمەندەکان دەبێت هاوڕێیانە و باش بێت، ئەمەش یارمەتی ئەندامەکان دەدات تا وەکوو هاوتیمێک بێ کێشە پێکەوە کاربکەن، ئەنجامی کۆتایی ئەوەش هێزێکی کاری بەتوانایە کە ئامادەیە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن، لێرەدا ئاماژە دەدەین بە چەند ڕێگایەک بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی ئەرێنی لەنێوان هاوکارەکان وەکوو تیمێک. 

  1. ڕێز له هەوڵی هاوکارەکەت بگرە: کاتێک ئەرکەکەت بەجۆرێکە کە کارەکانی ئەوانیتر له تیمەکەدا پەیوەسته بە تۆوە، بەجۆرێک کە دوای کارەکەی تۆ دەتوانن قۆناغەکانی دواتر جێبەجێ بکەن، بەم شێوەیە تۆ کارێکت هەیە کە ئەوانی تر لەژێر کاریگەری کارەکەی تۆدان، گرنگە کە ڕێز له کات و هەوڵەکانی ئەوان بگریت و دڵنیایان بکەیتەوە کە کارەکەی خۆت لەکاتی خۆیدا تەواو دەکەیت.
  2. بە ئاگادارییەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنە: دروستبوونی پەیوەندی له تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ هاوکاران شتێکی ئاساییە. بەڵام گرنگە لەکاتی بوونی ئەم پەیوەندییە ئاگادار بی، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە یەک جوڵەی هەڵە دەتوانێت ناوت بزڕێنێت و وێنایەکی ناشرینی تۆ بدات بە هاوکارەکەت.
  3. پەیوەندی کلیلێکی ژیانە: پەیوەندی کلیلێکی ژیانە کە کاریگەری هەیە لەسەر پەیوەستییەکانی نێوان تۆ و هاوکارەکانت، بەم شێوەیە لە زەمینەی پەیوەندیدا مەترسییەکی گەورە هەیە ئەویش ئەوەیە کە هاوکارەکەت لە مەبەستی تۆ تێنەگەیشتبێت، بۆیە کاردانەوە گرنگە، بەمەبەستی دروستنەبوونی کێشە و هەڵە لێکتێگەیشتن، بەشێوەیەکی فەرمی پەیوەندی ببەستن بۆ نموونە لەڕێگای ئیمەیڵەوە تا هەموو شتێک ڕوون بێت.
  4. کاردانەوە گرنگە: ئەوە تەنها تۆ نیت کە پێویستت بە زانین و وەرگرتنی کاردانەوە هەیە، بەڵکوو ئەوانی تریش پێویستیانە بۆ چۆنیەتی هەڵسوکەوتکردنیان، کاردانەوەی تۆ یارمەتیان دەدات لە کارەکەیان پێشبکەون، هەر وەک ئەوەی یارمەتی تۆ دەدات لە کارەکەت پێشبکەویت.
  5. دەستپێشخەر بە و سەرچاوەی ڕێز بە: دەستپێشخەر بە بۆ سڵاوکردن و هەواڵ پرسین، سادەیی و کراوەیی هیچی تێناچێت تەنانەت ئەگەر لەبەرامبەریدا هیچ بەدەستنەهێنیت.
  6. شەرم مەکە: ڕەنگە بارودۆخێک دروست ببێت کە پێویستت بە یارمەتی و ڕاوێژکردن بێت لەم کاتانەدا هەوڵ بدە زانیاری لەسەر پرسیارەکەت کۆبکەیتەوە، کاتێک بە گومانەوە پرسیارەکەت دەکەیت لەگەڵ ئەو زانیارییانەی لەسەری کۆتکردۆتەوە، ئەو کەسە ڕێزی هەوڵی تۆ دەگرێت بۆ دۆزینەوەی وەڵامەکەت.
  7. بە یەکسانی لەگەڵ هەمووان ڕەفتار بکە: نابێت خۆت بخەیتە بارودۆخێکەوە کە وێنات لای ئەوانی تر لێڵ بکات، نابێت بەهیچ شێوەیەک دەنگۆ بڵاوبکەیتەوە، قسەکردن و باسکردن لە پاش کەسانی تر بەدڵنیاییەوە لە داهاتوودا زیانت لێدەدات، لەبیریشت بێت کەس لە شوێنی کاردا هەمیشەیی نییە، کەوایە باشترە ڕای تایبەتی خۆت دەربارەی کەسەکان لای خۆت هەڵبگریت و بە یەکسانی سەیری هەمووان بکەیت.
  8. هەڵەکانت قبوڵ بکە: هەمیشە هەڵە ڕوودەدات، گرنگە بزانیت کە هەمووان قابیلی هەڵەن، ژیرانەترین کار کە بتوانیت ئەنجامی بدەیت ئەوەیە کە ئەو هەڵانەی کردووتە پەسەندی بکەیت و ئەنجامەکەی قبوڵ بکەیت، هەڵەکەت نەخەیتە ئەستۆی کەسی تر ، پێچەوانەی ئەم ڕەفتارەت ناوی خۆت و هاوکارەکەشت ناشرین دەکات.
  9. فێربە بەرپرسیارێتی هەڵبگریت: کاتێک ئەرکێکت پێ دەسپێردرێت دەبێت وەک بەپرسیارێتی خۆت قبوڵی بکەیت و هەوڵ بدەیت بە باشی بە ئەنجامی بگەیەنیت و دوور بیت لەوەی بیسپێریت بە کەسێکی تر.
  10. ڕای ئەوانی تر بپرسه لەسەر کارەکەت: هەرکاتێک کاتت هەبوو دەربارەی کارەکانت پرسیار بکە لە هاوکارەکانت و بزانە دەڵێن دەبێت چی چاک بکەیت و چی باشترە، هەمیشە ئامادەی گۆڕان و باشتربوون بە.


سەرچاوەکان



906 بینین