کۆمپانیای ئەکادیمی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-01-02-20:57:00 - کۆدی بابەت: 7474
کۆمپانیای ئەکادیمی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەکادیمی یان کۆمپانیای بلاک واتەر (بە ئینگلیزی: Academi) کۆمپانیایەکی ئاساییشی سەربازی تایبەتی ئەمریکییە کە بارەگای سەرەکی لە کارۆلینای باکوورە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ساڵی ١٩٩٧ لەلایەن ئەفسەری پێشووی هێزی دەریایی ئەمریکا (ئێریک دین پرینس) دامەزراوە. پێشتر بە بلاکواتەر ناسرابوو، دواتر لە ٢٠٠٩ ناونرایەوە و کرا بە (خزمەتگوزاری ئێکس ئی، Xe Services)، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١١ کۆمپانیاکە کۆمەڵێک وەبەرهێنی تایبەتی بەدەست هێنا و فرۆشرا، ناوی گۆڕدرا بە کۆمپانیای ئەکادیمی.

ئەم کۆمپانیایە یەکێکە لە دیارترین کۆمپانیا تایبەتە سەربازییەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، کە خاوەنی گەورەترین شوێنی تەقەکردنی تایبەتە لە ئەمریکا بە ڕووبەری ٢٤ کیلۆمەتر دووجا لە کارۆلینای باکوور. ئەم کۆمپانیایە لەسەرتاسەری جیهاندا کاردەکات و خزمەتگوزارییە ئاساییشییەکانی خۆی لە ڕاهێنان و ئۆپەراسیۆنی تایبەت، بە گرێبەست پێشکەش بە حکوومەتی فیدراڵی و تاکەکانی ئەمریکا دەکات.

ئەکادیمی لە ساڵی ٢٠٠٣ـوە خزمەتگوزاریەکانی خۆی پێشکەش بە دەزگای هەواڵگریی ناوەندی ئەمریکا کردووە، کە یەکێک لەوانە گرێبەستێکە بە بڕی ٢٥٠ ملیۆن دۆلار لە ساڵی ٢٠١٠، لە ساڵی ٢٠١٣ـیش، کۆمپانیاکە گرێبەستێکی بە نزیکەی ١٥٠ ملیۆن دۆلار وەرگرت بۆ بۆ پاسەوانیکردن لە ئاسایشی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.

تێکڕای داهاتی ڕۆژانەی فەرمانبەرانی ئەم کۆمپانیایە لەنێوان ٣٠٠ بۆ ١٠٠٠ دۆلارە.

ڕەخنە

کۆمپانیاکە ڕەخنەی زۆری لێ گیرا دوای بڵاوبونەوەی کتێبێک بەناوی "بلاک واتەر، مەترسیدارترین ڕێکخراوی نهێنی جیهان"، لەلایەن پەیامنێر و ڕۆژنامەوان و نووسەری سیاسیی ئەمریکی، جێرمی سکاهیل، تێیدا ئاماژەی بەچەندین زانیاری بەڵگەنامەیی دژ بە کۆمپانیاکە کردووە کە دیارترینیان پشتگیری کۆمپانیاکە بووە بۆ سوپای ئەمریکا لە عێراق لە سەردەمی داگیرکردنی عێراق، لە بەرامبەر ئەوەی سەربازەکانی ڕووبەڕووی دادگا نەکرێنەوە. هەروەها ئەکادیمی لە ساڵی ٢٠٠٧ ناوبانگێکی بەربڵاوی خراپی پەیدا کرد، کاتێک گرووپێک لە کارمەندەکانی بە کوشتنی ١٧ هاوڵاتی عێراقی لە مەیدانی (ئەلنسوور) لە بەغداد تۆمەتبار کران، دواتر چوار پاسەوانیان لە دادگایەکی ئەمریکا سزا دران.

ڕۆڵی کۆمپانیاکە لە جەنگی عێراق

کۆمپانیای بلاک واتەر وۆرڵدواید لە ماوەی جەنگی عێراق وەک بریکاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆڵێکی کارای گێڕا، ساڵی ٢٠٠٣ کۆمپانیاکە گرێبەستێکی گەورەی بە بڕی ٢١ ملیۆن دۆلار بۆ پاراستنی حاکمی مەدەنی عێراق، پۆل برێمەر. لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٠٤ـەوە بلاک واتەر زیاتر لە ٣٢٠ ملیۆن دۆلاری لە کۆی یەک ملیار دۆلاری بودجەی پێنج ساڵەی وەزارەتی دەرەوە بۆ خزمەتگوزاری پاراستنی کەسە گرنگە جیهانییەکان وەرگرت، کە ئەرکەکە بریتیبوو لە پاراستنی بەرپرس و کەسایەتییە سیاسییەکانی ئەمریکا و جیهان لە عێراق و ناوچەی جەنگ.

لە ساڵی ٢٠٠٦ بلاک واتەر گرێبەستێکی بۆ پاراستنی دیپلۆماتکارەکانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق مسۆگەر کرد کە گەورەترین باڵوێزخانەی ئەمریکایە لە جیهان. پێنتاگۆن و نوێنەرانی کۆمپانیا لەوکاتەدا ڕایان گەیاندووە: "وا مەزەندە دەکەن کە ٢٠,٠٠٠ بۆ ٣٠,٠٠٠ خانەنشینی ئاسایشی چەکدار لە عێراق کار دەکەن، هەندێک لە خەمڵاندنەکانیش دەگەنە ١٠٠,٠٠٠ کەس".

بۆ کارکردن لە عێراق، کۆمپانیاکە پشتی بە بەڵێندەرەکانی لە تەواوی جیهان بەستووە، کە خاوەنی بنکەیەکی زانیاریین و ٢١,٠٠٠ کارمەندی پێشووی هێزە تایبەتەکان و سەرباز و کەسانی خانەنشینکراوی سوپایان تێدایە. بۆ نموونە، گاری جاکسۆن، سەرۆکی کۆمپانیاکە، باسی لەوە کردبوو کە "کۆمەڵێک بۆسنی و فلیپینی و چیلییی ئەرکی پاراستنی ئاسایشی فڕۆکەخانەیان لەسەرە بۆ پاراستنی پۆل برێمەر".

لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ بۆ ئەیلوولی ٢٠٠٧، کارمەندانی ئاسایشی کۆمپانیاکە لە ١٩٥ ڕووداوی تەقەکردندا بەشداربوون، کە لە ١٦٣ حاڵەتیاندا یەکەم جار کارمەندانی بلاکواتەر تەقەیان کردووە. سەرۆکی کۆمپانیاکەش ڕایگەیاند کە ڕووداوی تەقەکردن کاتێک ڕوویداوە کارمەندانی کۆمپانیاکە داوایان لە شۆفێرێک یان کەسێک کردبێت بوەستێت و نەوەستابێت.

ڕووداوی مەیدانی ئەلنسوور

لە ڕۆژی ٢٠٠٧/٩/١٦ لە مەیدانی ئەلنسووری بەغداد، پاسەوانانی ئاسایشی بلاک واتەر بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەست دەکەن بە تەقەکردن و ١٧ هاوڵاتی عێراقی دەکوژن و ٢٠ کەسیش بریندار دەکەن، دواتر کۆمپانیاکە بڵاوی کردەوە کە تەقەکردنەکە وەڵامێک بووە بۆ هێرشێک کە کراوەتە سەر ئۆتۆمبێلەکانیان، بەڵام کۆمەڵێک کەس ئەوە ڕەت دەکەنەوە، دوابەدوای ئەمەش حکوومەتی عێراق ڕاستەوخۆ داوای وەستاندنی کارەکانی کۆمپانیاکەی کرد لە عێراق و داوای کرد کۆمپانیاکە لە وڵاتەکە بڕواتە دەرەوە، جگە لەو کەسانەی کە دەستیان لە ڕووداوەکەدا هەبووە، دواتر داواکە گۆڕا بۆ قەرەبووکردنەوەی هەر زیانلێکەوتوویەکی ڕووداوەکە بە بڕی ٨ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، دوابەدوای ئەم ناکۆکییە حکومەتی ئەمریکا لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی ڕەوانەی عێراق کرد، لە ٢٠٠٧/١٠/١١ دۆسیەیەکی فەرمی لە دادگای ئەمریکا لە دژی کۆمپانیای بلاک واتەر تۆمار کرا و چوار کەس لە پاسەوانەکان سزا دران، بەڵام لە ٢٠٢٠/١٢/٢٢ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا هەر چوار سەربازەکەی ئازادکرد.


سەرچاوەکان



397 بینین