جەعفەر عەسکەری

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-01-05-14:26:00 - کۆدی بابەت: 7501
جەعفەر عەسکەری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

جەعفەر عەسکەری (بە عەرەبی: جعفر العسکرﻱ) دامەزرێنەری هێزە چەکدارییەکانی عێراق و سوپای عێراق، کەسایەتی سیاسی و سەربازی عێراقی لەدایکبووی ساڵی 1885ـی پارێزگای بەغدادە، ناوی تەواوی محەمەد جەعفەر عەسکەرییە، نازناوی "عەسکەری" وەرگرتووە چونکە ڕەچەڵەکی خێزانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ گوندی عەسکەری لە پارێزگای کەرکوک، خوێندنی سەربازی لە بەغداد تەواوکردووە، لە ساڵی 1901 بۆ برەودان بە خوێندنی سەربازییەکەی چووەتە ئیستەنبووڵ، لە ساڵی 1904 بە پلەی جێداری دووەم دەرچووە.

ژیانی سەربازی و سیاسی

ـ کەسایەتی عەسکەری لەگەڵ ئەوەی سەرباز بووە، بەڵام کەسێکی ڕووخۆش و گاڵتەئامێز بووە، زۆر پەیوەستی بیر و هزری نەتەوەیی و عەرەبی بووە، زمانزانێکی لێهاتوو بووە، زمانی عەرەبی و ئینگلیزی و تورکی و فارسی و ئەرمەنی و ئەڵمانی و فەڕەنسی زانیوە.
ـ لە سەرەتای ژیانی سەربازیی لە سوپای عوسمانییەکان وەکوو جێداری دووەم و جێداری یەکەم سەربازی کردووە  لە چەندین جەنگ بەشداری کردووە.
ـ لە نێوان ساڵانی 1910 بۆ ساڵی 1912 لە شاری بەرلینی ئەڵمانیا بووە، لەوێ چەندان خولی سەربازیی بەشداریی کردووە.
ـ لەدوای جەنگی جیهانی یەکەم، بەهۆی ئەوەی نووری سەعید هاوسەری خوشکەکەی بووە، بۆیە کاریگەری لەسەر بیرۆکەکانی دروستبووە، پێکەوە دژی عوسمانییەکان جەنگاون.
ـ چەندان خەڵاتی ڕێزلێنان و ئازایەتی و بوێری وەرگرتووە لەوانە، خەڵاتی"قدیس میخائێل"، خەڵاتی "قدیس جۆرج" هەروەها خەڵاتی خاچی ئاسنی ئەڵمانی.
ـ لە سەردەمی مەلیک فەیسەڵ و حکومەتەکەی "عەلی رەزا" لە نێوان ساڵانی 1923 بۆ 1927 دووجار پۆستی وەزیری بەرگریی و سەروەزیرانی عێراقی وەرگرتووە، هەروەها دووجار پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وەرگرتووە.
ـ لە حکومەتەکەی "یاسین هاشمی" بەشداری کردووە لە "پەیماننامەی لۆزان" نوێنەری عێراق بووە.

دامەزراندنی سوپای عێراق

جەعفەر عەسکەری بە دامەزرێنەر و بنیاتنەری سوپای عێراق دادەنرێت و ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە یەکخستنی ڕیزەکانی سوپا، لە دوای لەناوچوونی دەسەڵاتی عوسمانی و داگیرکردنی عێراق لەلایەن بەریتانیاوە، لە ساڵی 1920 "شۆڕشی بیستەم" هەڵگیرسا، هێزەکانی بەریتانیا لەو شۆڕشە زیانێکی زۆریان بەرکەوت و نەیانتوانی کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە بکەن، بۆیە لە چەند ناوچەیەکی عێراق کشانەوە، نێردراوی بەریتانیا "سێپرسی کۆکس" بۆ ئەوەی ئاگری شۆڕشەکە دامرکێنێتەوە ناچار بوو حکومەتێکی کاتی لە عێراق پێکبهێنێت، هەر لەو کاتەوە وەزارەتی بەرگری درا بە جەعفەر عەسکەری، هاوپیشە و هاوڕێیانی سەربازی لە سوریا و وڵاتی حیجازەوە بانگهێشت کرد بۆ ئەوەی بێنە نێو ڕیزەکانی سوپای عێراقەوە، هەوڵی کۆکردنەوەی ئەو سەربازە عەرەب و عێراقیانەی دا کە کاتی خۆی لە سوپای عوسمانی هەڵهاتبوون، لە پاش دامەزراندنی عێراق لە ساڵی 1921، جەعفەر عەسکەری کرا بە وەززیریی بەرگری عێراق، بیرۆکەی دامەزراندنی سوپا لە کۆنگرەی ڕژهەڵاتی ناوەڕاستی ساڵی 1921 دروست بوو، عەسکەری وەکوو نوێنەری وڵاتی عێراق لەو کۆنگرەیە بەشداری کردبوو، بۆیە لە ڕۆژی شەشی کانوونی دووەمی ساڵی 1921 بناغەی سوپا عێراق دامەزرا، هەموو ساڵێک ئەو یادە دەکرێتەوە لە عێراق ئەو ڕۆژ دەکرێت پشووی فەرمی. 

کۆچی دوایی

لە ساڵی 1936 لەکاتی دروستبوونی یەکەم کودەتا لە عێراق لەلایەن کودتاچییەکان و بەکر سدقیەوە، جەعفەر عەسکەری هەوڵی نێوەندگیری دا لەنێوان حکومەت و کودەتاچییەکان، بۆیە چووە پارێزگای دیالە و سەردانی بەکر سدقی کرد کە هەڵگیرسێنەری کودەتاکە بوو، بۆ ئەوەی قایلی بکات و لە کودەتا پەشیمان بێتەوە، بەڵام بەکر سدقی بەرپەرچی دایەوە و بە خراپترین شێوە کوشتی، لە ساڵی 1937 تەرمەکەی لە گۆڕستانی پادشایەتی بەغداد نێژرا، لە پاش خۆی یاداشتنامە و ژیاننامەی کە بە دەستنووسی خۆی نووسرا بوو، لەلایەن نەوەکانیەوە لە ساڵی 1988 لە دووتوێی کتێبێکدا بڵاوکرایەوە بە ناوی "یاداشتنامەی جەعفەر عەسکەری"، لە ساڵی ڕابردوو کتێبەکە وەرگێڕانی زمانی ئینگلیزی بۆ کرا و دووبارە بڵاوکرایەوە.


سەرچاوەکان



513 بینین