پارانۆیا

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-01-08-23:15:00 - کۆدی بابەت: 7535
پارانۆیا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پارانۆیا (بە ئینگلیزی: Paranoia) پڕۆسەیەکی بیرکردنەوەیە لەو کەسانەدا ڕوودەدات کە هەستی بێ متمانەیی و گومانیان بەرامبەر کەسانی تر هەیە. ئەم جۆرە بیرکردنەوە پڕوپووچە لەوانەیە هەستی چەوساندنەوەی لەگەڵ بێت کە وا لە کەسەکە بکات هەست بکات کە هەمیشە له مەترسیدایە. پارانۆیا یان بەدگومانیی سووک شتێکی باوە و لە زۆر کەسدا ڕوودەدات، بەڵام ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام و دووبارە بوونەوە لەوانەیە نیشانەیەک بێت بۆ نەخۆشییەکی دەروونی

پارانۆیا چییە؟ 

پارانۆیا بریتییە لە هەست و بیرکردنەوەی بەردەوام و بێزارکەر کە وا لە کەسێک دەکات هەمیشە باوەڕی وابێت کەسانی تر هەوڵ دەدەن زیانی پێ بگەیەنن، فریوی بدەن یان ستەمی لێ بکەن. بۆ نموونە وا دەزانن ئەوانی تر هەمیشە گوێیان لێ دەگرن، سەیریان دەکەن و شوێنیان دەکەون، لە کاتێکدا کە ئەو هەستانە هیچ بنەمایەکی ڕاستیان نییە.
ئەم بێ متمانەیی و گومانکردنەش وا لەو کەسانە دەکات بەزەحمەت بتوانن کۆمەڵایەتی بن و پەیوەندی نزیک دابنێن.
لە هەندێک کەس بیرکردنەوە پارانۆیییەکان وەک خەیاڵی پڕوپووچ دەبن، ئەمەش لە کاتێکدا ڕوودەدات کە بیرکردنەوە بێزاکەر و هەڵەکان زۆر جێگیر دەبن لە مێشکی کەسەکە و هیچ بەڵگەیەک ناتوانێت باوەڕی پێ بهێنێت کە بیرکردنەوەکانی ڕاست نین. پارانۆیا وا لە کەسەکە دەکات هەمیشە خەمبار و نیگەران بێت و خۆی داببڕێنێت لەوانی تر، هەروەها بەهۆی بیرکردنەوە و ڕەفتارەکانیان زۆر کەس خۆیان لێ لادەدات. 

نیشانەکان

  • بەزەحمەت متمانە بە کەسانی تر دەکەن
  • باوەڕیان بە کەسانی تر نییە
  • بەزەحمەت پەیوەندی دادەنێن
  • زۆر بەگومانن لە کەسانی تر
  • پێیان وایە جیهان شوێنێکە بەردەوام پڕە لە هەڕەشە
  • هەستکردن بە ستەم و خراپ مامەڵە لەگەڵکردن
  • هەمیشە لە بەرگری و خۆپارێزیدان
  • زۆر دژمنایەتی دەکەن، شەڕانگێزن و مشتومڕ دەکەن
  • ڕەخنەیان پێ قبووڵ ناکرێت
  • لێکدانەوەی خراپ و زیانبەخشانە بۆ قسەی کەسانی تر دەکەن
  • ڕێککەوتن و گونجانیان نییە
  • بەزەحمەت لە کەسانی تر خۆش دەبن
  • پێیان وایە کەسانی تر بەردەوام بە خراپ باسیان دەکەن
  • باوەڕیان بە بیردۆزە بێ بنەماکانی پیلانگێڕان هەیە (واتا پێیان وایە کەسانی تر بە نهێنی پیلانیان بۆ دادەنێن)

هۆکارەکان

زاناکان تا ئێستاش دڵنیا نین لەبارەی هۆکاری کتومتی پارانۆیا و توێژینەوەکان لەوبارەیەوە هەر بەردەوامن. بەڵگەکان تێکەڵەی چەند هۆکارێک دەخەنەڕوو کە بەرپرس بن لەم حاڵەتە، ئەوانیش:

  • بۆماوە: بۆماوە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە لەسەر پارانۆیا، بوونی بۆهێڵی (SNP rs850807) پەیوەندییەکی زۆری بە دروستبوونی حاڵەتەکەوە هەیە.
  • پێکهاتەیی کیمایی مێشک: دەمارەگوێزەرەوەکان نامەبەری کیمیایین کە ڕۆلێکی سەرەکییان هەیە لەسەر فرمانی مێشک و کاردەکەنە سەر بیرکردنەوە و هەستکردن. بەپێی توێژینەوەکان دەمارەگوێزەرەوەی دۆپامین پەیوەندی بە دروستبوونی پارانۆیاوە هەیە.
  • زەبری دەروونی: زەبر دەکرێت بیرکردنەوە و هەستکردنی کەسێک تێکبدات. بۆ نموونە زەبری دەروونی لەکاتی منداڵیدا.
  • فشار: پارانۆیا زیاتر لەو کەسانەدا ڕوودەدات کە دووچاری فشارێکی تووند و بەردەوام بوونەتەوە. هەروەها ستراتیجییەکانی ڕێکخستنی فشار یارمەتی کەمکردنەوەی پارانۆیا دەدەن.
  • ماددەی هۆشبەر: هەندێک ماددەی هۆشبەر دەبنە هۆی دروستبوونی پارانۆیا، وەکوو مێتئەمفیتەماینەکان و ماددە هەلوەسەپێکەرەکانی وەکوو ترشی لایسێرجیکی دووانە ئیتایلئەماید (LSD) و فینسایکلیدین (PCP).

حاڵەتەکانی پارانۆیا

پارانۆیا نیشانەیەکە دەکرێت وەک بەشێک لە چەند نەخۆشییەکی دەروونیدا دەربکەوێت، کە باوترینیان ئەمانەن:

  • تێکچوونی کەسایەتیی پارانۆید: ئەمە جۆرێکە لە کۆمەڵەی یەکەمی تێکچوونە کەسایەتییەکان. کەسەکە ڕەفتاری سەیر و نامۆی هەیە، کە هەمیشە گومان لە کەسانی تر دەکات و پێی وایە هەڕەشەی لێ دەکەن.
  • خەیاڵی پڕوپووچ: ئەمە حاڵەتێکی دەروونییە کە وا لە کەسەکە دەکات بیکردنەوە و بیروباوەڕی ناڕاست و پڕوپووچی هەبێت بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ و باوەڕ بە بەڵگە و ڕاستییە پێچەوانەکان ناکەن. 
  • شیزۆفرینیا: ئەمە نەخۆشییەکیی دەروونیی مەترسیدارە کە کاردەکاتە سەر تێگەیشتن و زانینی کەسەکە و ڕەنگە بیرکردنەوەی پڕووپووچیشی لەگەڵ بێت، وەکوو پارانۆیا.

دەستنیشانکردن

دەستنیشانکردنی پارانۆیا زەحمەتە، چونکە کەسانی تووشبوو ئامادە نین سەردانی پزیشک بکەن. پزیشک پشکنینی خوێن و تیشک ئەنجام دەدات، پرسیار لەبارەی نیشانەکان دەکات و تاقیکردنەوەیی جەستەییش ئەنجام دەدات. هەروەها پێشینەی پزیشکی وەردەگرێت بۆ جیاکردنەوەی نەخۆشییە جەستەیی و دەروونییەکانی تری وەکوو خەڵەفان کە هۆکارێک بووبن بۆ دەرکەوتنی نیشانەکان. 

ئەگەر پارانۆیاکە بەشێک بێت لە نەخۆشییەکی دەروونی ئەوا کەسەکە دەنێردرێت بۆ لای پزیشکی دەروونی یان دەروونناس.

ئەو نەخۆشییە دەروونییانەی کە دەکرێت لە کەسانی تووشبووی پارانۆیادا ڕووبدەن، وەکوو:

چارەسەر

چارەسەری دەروونی

چارەسەر بە قسەکردن بەکاردێت بۆ زۆربەی حاڵەتەکانی پارانۆیا، بەتایبەتیش تێکچوونی کەسایەتیی پارانۆید، بۆ دیاریکردنی بیرە پارانۆییەکانیان و فێربوونی شێوازی مامەڵەکردن.

چارەسەر بە دەرمان

ئەگەر حاڵەتی پارانۆیا لەگەڵ نەخۆشی شیزۆفرینیادا بێت، ئەوا دەرمانی دژەسایکۆسس بەکاردەهێنرێت، هەروەها دەرمانەکانی دژەدڵەڕاوکێ و دژەخەمۆکیش بۆ پارانۆیا بەکاردەهێنرێن.


سەرچاوەکان



1958 بینین