چەند نیشانەیەک کە دەریدەخەن ئامادە نیت بۆ هاوسەرگیری

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-01-09-12:28:00 - کۆدی بابەت: 7539
چەند نیشانەیەک کە دەریدەخەن ئامادە نیت بۆ هاوسەرگیری

ناوه‌ڕۆك

ئامادەیی بۆ هاوسەرگیری

هاوسەرگیری بۆ هەموو کەسێک گونجاو نییە بە یەک جۆر، هەندێک کات مرۆڤ ناگات بە شوێنک کە بتوانێت لەگەڵ کەسێکی دیکەدا بژی و کەسی گونجاو نادۆزێتەوە، یاخود بە هەڵە لە هاوسەرگیری تێگەیشتووە، هەر بۆیە ڕێگریکردن لە ڕوودانی هاوسەرگیرییەکی خراپ باشترین ڕێگایە.

ئەو نیشانانەی کە دەریدەخەن ئامادەییت تێدا نییە بۆ هاوسەرگیری

کاتێک هەرزەکاریت

هەرزەکاری تەمەنێکی نەگونجاوە بۆ هاوسەرگیری و زۆرجار لەو تەمەنەدا بڕیاری هەڵە دەدەیت، چاوەڕێبکە گەورە ببیت و مێشکت فراوان ببێت، هەروەها چێژ لە تەمەنی خۆت وەربگرە و زوو بڕیاری پڕۆسەیەکی گەورە مەدە.

زیاتر بیرت لەلای ئاهەنگەکەیە تاکوو خودی هاوسەرگیرییەکە

زۆرێک تەنها بوونی ئاهەنێگێکی جیاواز و گەورە و پۆشینی جلی جوان و جیاواز دەرکەوتن لە ڕۆژەدا بە گرنگترین شت دەزانن، بەڵام لەیەک تێگەیشتن و بیرکردنەوە لە ژیانی هاوبەش گرنگترە، کاتێک کەسێک بەوشێوەیە لایەنە لاوەکییەکەی لەلا گرنگترە هێشتا نەگەشتۆتە جێیەک کە هاوسەرگیری بۆی گونجاو بێت.

نەبوونی متمانە لە نێوانتاندا

متمانەکردن یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکان بۆ هاوسەرگیری و جیابوونەوە، بەڵام هەندێک کەس وابیردەکاتەوە کە بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت متمانە بە هەموو کەسێک بکات تەنانەت ئەو کەسەشی کە دەیەوێت هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات، کاتێک متمانەت بە کەسێک نییە کە دەتەوێت هاوسەرگیری لەگەڵدا بکەیت دەرخەری ئەوەیە کە بە تەواوی ئامادە نیت بۆ ئەو هاوسەرگیرییە.

جیاوازی زۆرتان هەیە

جیاوازی هەمیشە بوونی دەبێت لە نێوان هاوسەراندا و هیچ کەسێک لە کەسێکی دیکە ناکات بەڵام هەندێک خاڵی گرنگ بوونی هەیە کە پێوویستە هەردوولا ڕێکبکەون لەسەری، وەک بیروبۆچوون و باوەڕ و باری دارایی و خوێندەواری و ئاستی تێگەیشنی هەردوولا بۆ ڕووداوەکان زۆر گرنگە و دەبێت کەسی بەرامبەر یارمەتیدەر و هاوکار بێت نەک ڕێگر.

کەسێکی قوربانیدەر نیت

لە ژیانی هەر کەسێکدا کۆمەڵێک ڕووداوی ناخۆش ڕوودەدات، ژیانی هاوبەش واتە قوربانیدان و هاوبەشی کردن بۆ خەمی یەکتر، ئەگەر کەسێکیت توانای قوربانیدانت نییە بۆ کەسانی تر و تەنها بیر لە خۆت دەکەیتەوە لە هەموو بارودۆخێکدا ئەوا ئامادەیی هاوسەرگیری نیت.

ناچارکراویت

ئەگەر لە ژێر فشاری دەروونیت و بەناچاری هاوسەرگیری هەڵدەبژێریت ئەوا زۆر هەڵەیە، هاوسەرگیری زۆرەملێ هاوسەرگیرییەکە کە ناتوانیت تێدا سەرکەوتووبیت بۆیە ئەگەریش ناچاربیت هەڵیمەبژێرە و ڕێگایەکی دیکە بدۆزەرەوە.

شاردنەوەی ڕاستییەکان

دەبێت پێش هاوسەرگیری ڕاستی بڵێییت بە کەسی بەرامبەرت لە ئەگەری بوونی هەر جۆره نەخۆشییەکی جەستەیی یاخود دەروونی و کۆمەڵێک و خو و ڕەفتار، ئەگەر نەتوانیت ڕاستگۆ بیت و ئەمانە بڵێیت هاوسەرگیرییەکی سەرکەوتووت نابێت.

هێشتا چاوت لەسەر کەسی دیکە بێت

ئەگەر دوای ئەوەی کە کەسێکت هەڵبژاردووە و بە نیازی هاوسەرگیریت لەگەڵی و بەڵام هەردەم چاوت لە کەسی دیکەیە و لە دەرەوە و شوێنی کارەکەت زۆر سەیری ڕەگەزی بەرامبەرت دەکەیت و دەتەوێت لێیان نزیک ببیتەوە و ببیتە جێگای سەرنجیان، ئەوە واتە تۆ بە تەواوی ئامادە نیت و ناتوانیت تەنها یەک کەست خۆش بوێت و بەرامبەری بەوەفا بیت.

گومانت هەیە

ناتوانیت بەباشی بڕیار بدەیت و بەردەوام گوومانت هەیە ئایا کەسێکی گونجاوە یاخود نا، وە دوای بڕیاردانیش دوودڵیت لەسەر هەڵبژاردنەکەت و نازانیت پێت خۆشە یاخوود نا.

نازانیت چۆن هەڵسووکەوت بکەیت 

کاتێک هێشتا نازانیت دەبێت چۆن هەڵسووکەوت بکەیت لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەرتدا و کاتێک دەیانبینیت نازانیت چۆن قسە بکەیت و دەشڵەژێیت و یاخود بە پێچەوانەوە، دەبێت زانیاری بزانیت لەسەر ڕەگەزی بەرامبەر و ماماڵەی گونجاوت هەبێت لەگەڵیاندا ئەوکات دەتوانیت لە کەسێک تێبگەیت و هاوسەرگیری لەگەڵ بکەیت.

چاولێگەری

کاتێک دەبینیت کەسانی دیکە یاخود کەسە نزیک و هاوڕێکانت هاوسەرگیری دەکەن پەلەت نەبێت تاکوو کەسی گونجاو نەبێت هاوسەرگیری مەکە تەنها لەبەرئەوەی ئەوان کردوویانە، ژیانی تۆ پەیوەندی بە خۆتەوە هەیە و نابێت لە ژیانی هیچ کەسێکی تر بکات.


سەرچاوەکان



2022 بینین