ناوهڕۆك
سەرەتا
گا (بە ئینگلیزی: bull یان ox)، گا نێرینەی مانگایە واتە هەمان جۆرن، سەربە خێزانی مەمکدارە کاوێژکەرەکانە، و لە خێزانی مانگاکاندا پۆلێندەکرێت، هەروەها بە هێما و نیشانەی بەهێزی و جێگیری دادەنرێت، نشینگەکەی زۆرینەی ناوچەکانی جیهان دەگرێتەوە، بە تایبەتی جێگە شێدارەکان، ژمارەیەکی زۆر جۆری جیاوازی هەیە بەڵام گرنگترینیان گای ئەمریکییە کە نشینگەکەی بریتییە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و مەکسیک و هەندێک ناوچەی کەنەدا، گا هەمیشە پێویستی بە پاراستنی هاوسەنگی هەیە چونکە سمەکانی قڵیشاون، بۆیە پێکهاتەیەکی هاوشێوەی پێڵاو پێویستە بۆ هەریەک لە سمەکانی، بە گشتی شێوەی پێڵاوەکەشی وەک نیوە مانگ یاخود مۆز دەبێت، دواتر بە شێوەیەکی هاوسەنگ و بە ڕێکی دەخرێنە هەر سمێکەوە، لە ڕابردوودا پێکهاتەکەی تەختە بوو بەڵام لە ئێستادا بە کانزا دروستدەکرێت، شێوازی لە پێکردنەکە و جۆری پێڵاوەکەش بە گوێرەی ناوچەکان و قەبارە و جۆری گایەکە دەگۆڕێت، هەروەها ناوەندە ڕێژەی تەمەنی گا دەگاتە ١٥ ساڵ.
شێوەی دەرەوەی
گا تایبەتمەندە بە شێوە و دوو شاخەکەی، هەروەها زۆرینەیان لە سەرەتادا گیانەوەری خەسێنراون، واتە گونەکانی لێدەکرێتەوە بە نەشتەرگەری، بۆ کەمکردنەوەی شەرانگێزییەکەی، هێمنکردنەوەی ئەگەر بەڕادەیەکی کەمیش بێت، چونکە بەهۆی لابردنەکەوە هۆرمۆنی تێستێسترۆن بەرهەم نایەت، قەبارەی گا گەورەیە و کێشێکی قورسیشی هەیە، بەرزییەکەی دەگاتە نزیکەی ٢ مەتر و هەندێکجار زیاتریش، کێشی دەگاتە نزیکەی ٤٠٠ کیلۆگرام، بەهۆی پتەوی جەستە و شاخەکانی، ئەوا هێزێکی زۆری هەیە بۆ ڕاکێشان و تێکشکاندن، لەبەر ئەمەش لە چەندین کاری قورسدا بەکاردەهێنرا، لە ئێستاشدا دەکرێت هەمان سوودی لێ ببینرێت، هێزی گا لە هێزی ئەسپەکانیش زیاترە، لەکاتی ئەنجامدانی کاری قورسدا بۆ ماوەی زیاتر بەرگە دەگرێت، لە کاتێکدا ڕۆژانە تەنها ٤ کاتژمێر دەخەوێت.
خۆراک
جۆری خۆراکەکەی بە گوێرەی نشینگەکەی دەگۆڕێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی زۆرینەیان گژوگیا دەخۆن، ئەگەر گژوگیای سەوز نەبێت ئەوا دەکرێت گوڵ بخۆن، یاخود خۆراکیان لە نێو پاشماوەدا بەدەستبێنن، ئەو جۆرانەشی کە لە نشینگە سارد و بەفراوییەکاندا دەژین، ئەوا بەفرەکە هەڵدەکۆڵن و بە شوێن گژوگیای وشکدا دەگەڕێن بۆ خواردن، بەڵام چونکە ئەو جۆرە گیا وشکانە بە گوێرەی پیویست خۆراکدەر و وزەبەخش نین، بۆیە لە وەرزی زستاندا سوود لە ئەو چەورییانە دەبینن کە لە جەستەیاندا خەزنکراوە.
گا و ڕەنگی سوور
باوەڕی زۆرینەی خەڵکی وایە کە گا بە بینینی ڕەنگی سوور دەستبەجێ هەڵدەچێت و بێزار دەبێت، کە لە ڕاستیدا ئەمە هەڵەیە، چونکە گا یەکێکە لە ئەو گیانەوەرانەی کە ناتوانێت جیاوازی بکات لە نێوان ڕەنگەکاندا، وە هەموو ڕەنگەکان بە یەک شێوە دەبینێت، هۆکاری هەڵچوون و کاردانەوەی توندیشی لە نێو گۆڕەپانەکاندا بەهۆی جوڵەی ئەو مرۆڤەوە دەبێت کە پارچە قوماشەکەی بەدەستەوەیە، ئەو جۆرە جووڵە دیاریکراوانە بە شێوەیەکی زۆر گەورە هانی دەدات و بە هێزەوە هێرش دەکات، واتە ئەنجامدانی هەمان ئەو جووڵانە بە هەر ڕەنگێکەوە بێت دەبێتە هۆی هەمان کاردانەوە، ئەگەر زەرد بێت یان مۆر یاخود هەر ڕەنگێکی دیکە هیچ جیاوازییەکی نییە.
جیاوازی نێوان گا و مانگا
هەردوو گا و مانگا سەر بە هەمان خێزانن لە ڕووی پۆلێنکردنی زانستییەوە، هەروەها لە ڕووی پێکهاتەی ئەندام و فرمانەکانی جەستەیانەوە بەهەمان شێوەن و جیاوازییەکی زۆر نییە لە نێوانیاندا، بەڵام مرۆڤەکان جیاوازی دەکەن لە نێوانیان لە ڕووی بەکارهێنانەوە، جیاوازییەکانیش ئەم خاڵانە دەگرێتەوە:
- مانگا مێینەیە، گا نێرینەیە، هەمان جۆری گیانەوەرن.
- مانگا ماڵی دەکرێت بۆ سوود وەرگرتن لە گۆشت و بەرهەمە شیرەمەنییەکانی، بەڵام گا بەکاردێت بۆ ڕاکێشانی گالیسکە و کێلاندن.
- لە زۆرینەی دۆخەکاندا گا زیرەکترە لە مانگا، و ڕاهێنانی پێدەکرێت بە گوێرەی ویستەکانی مرۆڤەکە و فێردەکرێت.
- مانگا هاوشێوەی گا ماسولکەی پتەو و بەهێزی نییە، هەر ئەمەش هۆکاری جیاوازی کارەکانیانە.