پەرستار

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-01-14-23:47:00 - کۆدی بابەت: 7605
پەرستار

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پەرستار (بە ئینگلیزی: Nurse) کەسێکە کە بەشی پەرستاری تەواو کردووە و بڕوانامەیەکی زانستی هەیە لەو بەشەدا و یاریدەدەری پزیشکە، لە زمانەوانیدا پەرستار بە واتای خەمخۆر و دڵسۆز دێت و کەسێکە کە ئاگاداری کەسانی دیکەیە، لە زمانی ئینگلیزیشدا کە پێی دەوترێت نێرس بەواتای گەورەکردن و خۆراک پێدانی کەسانی دیکە دێت، کەواتە پەرستار کەسێکە کە لە نەخۆشخانەدا چاودێری نەخۆش دەکات بەشێوەیەکی زانستی ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ دەکات، پەرستار دەبێت دەرچووی بەشی پەرستاری بێت و شارەزای کاری پەرستاری بێت.

جۆرەکانی خزمەتکردنی پەرستار

لە کۆندا هەر کەسێک کە چاودێری نەخۆشێکی بکردایە پێیان دەوت پەرستار، هەرچەندە ئەمڕۆش پەرستار هەمان کاری هەیە و چاودێری نەخۆش دەکات بەڵام ئەمە بە کەسانێک دەوترێت کە دەرچووی بەشی پەرستاری بن و زانیاییان هەبێت، پەرستار دابەش دەکرێت بۆ سێ جۆر:

پەرستاری تەندروستی

ئەم جۆرە پەرستارانە ئەوانەن کە لە شوێنەکاندا کاردەکەن و کاریان چاودێری گشتی تەندروستی ئەو ناوچەیەیە و هەروەها ئاگاداربوون لە تەندروستی ئەو کەسانە و یارمەتیدانیان لە حاڵەتی تێکچوونی تەندروستیاندا کە بەگشتی لەم شوێنانەدایە:

  • قوتابخانە 
  • باخچە
  • دایەنگە
  • زانکۆ
  • فەرمانگەکان
  • کەشتی 
  • شەمەندەفەر
  • فڕۆکە 

پەرستاری بەشی چارەسەر

ئەم پەرستارانە بەگشتی لە نەخۆشخانەکاندا کار دەکەن، یاخود لە ماڵەوە چاودێری کەسێکی نەخۆش دەکەن کە تێیدا چارەسەرە پزیشکیەکان لەم بەشەدا زیاترە و پێویستییان بە چاودێری وردتر هەیە، لەم بەشەدا پەرستار لەم بەشانەی خوارەوەدا کار دەکات:

  • فریاکەوتن
  • منداڵان
  • منداڵبوون
  • چاودێری چڕ
  • نەشتەرکاری
  • سووتاوویی
  • دەروونی 
  • دەرمانخانە
  • قاوش
  • هێڵکاری دڵ
  • ددان

پەرستاری توانابەخش

ئەم جۆرەیان پەرستارەکە تێیدا چاودێری و ڕاهێنان بە کەسانی بەساڵاچوو دەکات یاخود کەسانێک کە تووشی ڕووداوێک بوون و بەو هۆیەوە تواناکانی جەستەیان کەم بووەتەوە پێویستیان بە چاودێری و ڕاهێنان هەیە.

ئەرکی پەرستار لە نەخۆشخانەدا 

پەرستار ئەرکی تەواوکردنی کاری پزیشک و چاودێری نەخۆشە و زیاتر لە پزیشک لەگەڵ نەخۆشەکاندا دەمێننەوە و بۆ هەر حاڵەتێکی نەخۆشەکە پێویستی بە پەرستار هەیە بۆ نموونە نەخۆش پێش نەشتەرکاری دەبێت چاودێری ورد بکرێت و کارە پێویستییەکانی لەلایەن پەرستارەوە بۆ بکرێت و بە هەمان شێوە لە کاتی نەشتەرکارییەکەشدا دەبێت یاریدەدەری پزیشک بێت و پاش هاتنە دەرەوەی نەخۆشیش لە ژووری نەشتەرکاری دووبارە کارە پێویستییەکان دەبێت پەرستار ئەنجامی بدات، جگە لە چاودێری تەندروستی جەستەی نەخۆش پەرستار چاودێری تەندروستی دەروونی نەخۆشیش دەکات و دڵیان دەداتەوە بە قسەی جوان هەڵسوکەوت دەکات بەتابەت پەرستاری بەشی نەخۆشییە دەروونییەکان.

کارەکانی پەرستار لە نەخۆشخانەدا

پەرستاری بەشی چارەسەر لە هەر بەشێکدا بێت کۆمەڵێک ئەرکی هەیە و دەبێت بیانزانێت کە ئەمانەن:

  • چاودێری نیشانە زیندوویەکانی نەخۆش کە ئەمانەن، لێدانی دڵ، ڕێژەی ئۆکسجین و هەناسەدان، پەستانی خوێن، پلەی گەرمی جەستە.
  • دەرزی لێدان بە هەموو شێوازەکانییەوە
  • دانانی کانۆلا
  • تیمارکردنی سووتاویی و برین و برینپێچی
  • دانی سۆندەی میز بۆ ژنان و پیاوان
  • دوورینەوە
  • دانانی سۆندەی لووت
  • زانینی ڕێگای پێدانی هەموو دەرمانەکان، بۆ نموونە ئەو دەرمانانەی کە بە سمت دەکرێن و ئەوانەشی کە بە دەمار. 
  • دانانی خوێن و ئاوی خۆراکدەر
  • گرتنی هێڵکاری دڵ

کەسایەتیی پەرستار

ئەو کەسەی دەبێتە پەرستار دەبێت کەسایەتییەکی تایبەتی هەبێت و بتوانێت لەگەڵ ئیشەکەدا خۆی بگونجێنێت.

ڕێکوپێک

پەرستار دەبێت ڕێکوپێک بێت و ڕێز لە نەخۆشەکانی بگرێت و بەشێوەیەکی جوان مامەڵەیان لەگەڵدا بکات و لە کاتی قسەکردندا وشەی جوان بەکاربهێنێت و بزانێت چۆن دڵی نەخۆش دەداتەوە.

نهێنی پارێز

هەموو پەرستارێک دەبێت نهێنی پارێز بێت، نهێنی پارێزی ڕەوشتێکی جوانە لە هەموو کارێکدا بەڵام لە پیشەی پزیشکیدا زۆر پێویستە و جوانترینە، چونکە بەهۆی مامەڵەکردن و چارەسەری نەخۆشەوە زۆرینەی کێشەکانی نەخۆش دێنە بەردەست و زۆرجار بەشێک یان هەموو بەشی جەستەی نەخۆشەکە دەبینیت و نهێنییەکانی ژیان و جەستەی دەزانیت، بۆیە پێویستە کە هەموو نهێنییەکانی بپارێزیت و بۆ هیچ کەسێکی باس نەکەیت.

کۆمەڵایەتی

بەهۆی ئەوەی بەردەوام لەگەڵ نەخۆش و کەسی لای نەخۆشەکەدایت پێویستە کەسێکی کۆمەڵایەی بیت و بتوانیت تێکەڵی خەڵکی ببیت و قسەیان لەگەڵدا بکەیت، پەرستارێکی گۆشەگیر ناتوانێت بەباشی خزمەتی نەخۆش بکات، هەروەها نەخۆشیش ئاسوودە نابێت لەگەڵیدا و بەباشی لێی تێ ناگات.

ئارامگر

پیشەی پەرستاری ناخۆشی زۆری تێدایە بۆیە دەبێت پەرستار کەسێکی ئارامگر بێت و بە ئەوپەڕی توانایەوە دان بەخۆیدا بگرێت لە بارودۆخە ناخۆشەکاندا و زوو هەڵنەچێت، هەروەها زۆرجار تەواوی ڕۆژەکە کاری قورس دەکەیت و هیلاک دەبیت گرنگە لەم کاتەشدا ئارامگر بیت و ناڕەزایی دەرنەبڕیت.

نوێخواز

پەرستارێکی لێهاتوو بەردەوام هەوڵ دەدات لە بوارەکەیدا خۆی دەوڵەمەند بکات و زۆرترین زانیاری وەربگرێت لەسەر کارەکەی و چارەسەر و مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشدا و هەوڵی نوێخوازی دەدات.

هەستیار

کەسانی هەستیار بەگشتی لە کاری پەرستاریدا باشتر و سەرکەوتووترن، توانای دروستکردنی پەیوەندییان لەگەڵ نەخۆشدا زیاترە و زیاتر هەست بە ئازاری نەخۆش دەکەن و بەمەش خەمخۆرتر و دڵسۆزتر دەبن، هەڵبەتە دەبێت بزانیت چی کاتێک هەستیاربوون پێویستە و چۆن ئارامگر بیت کاتێک نەخۆشێک پێویستی پێتە دەبێت بە هەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت و میهرەبان بیت بەڵام لە کاتی مردن یاخود بینینی ڕووداوێکی نەخوازراو زۆر گرنگە دان بەخۆتدا بگریت و هەستیار نەبیت و نەگریت و نەشڵەژێیت بۆ ئەوەی بتوانیت بەباشی کارەکەی بۆ ئەنجام بدەیت.

تایبەتمەندیی پەرستارێکی باش

بۆ ئەوەی بتوانیت لە کاری پەرستاریدا سەرکەوتوو بیت دەبێت کۆمەڵێک تایبەتمەندی باشت تێدا بێت کە ئەمانەن:

وردبینی

زۆر گرنگە پەرستار لە کارەکەیدا وردبین بێت و بە وردیی و ڕێکوپێکی کارەکەی بکات و بچووکترین خاڵ و بە گەورە سەیر بکات، چونکە پەرستار مامەڵە لەگەڵ جەستە و دەروونی نەخۆشدا دەکات و هەر هەڵەیەکی بچووکیش دەتوانێت گەورەترین زیان بدات لە نەخۆشەکە، بۆیە جددی بوون و وردبینی لە کارەکەدا زۆر گرنگە.

خۆشەویستی بۆ کارەکەت

بۆ هەر کارێک خۆشەویستی و حەز لە پێش هەموو شتێکەوەیە، بەتایبەت پەرستار زۆر گرنگە خۆشەوستی هەبێت بۆ کارەکەی چونکە بەبێ حەز و خۆشەویستی خۆی سەرکەوتن تێیدا ئەستەمە و ناتوانێت بەرگەی قورسییەکەی بگرێت.

پەیوەندی دانان لەگەڵ نەخۆش

دەبێت پەرستارێکی باش تایبەتمەندی ئەوەی هەبێت کە بزانێت چۆن پەیوەندی دادەنێت لەگەڵ نەخۆشەکانیدا و دڵیان بەدەست بهێنێت تاکوو بتوانێت باشتر کاری خۆی بکات، بەتایبەت بۆ منداڵانن دەبێت پەرستاری بەشی منداڵان بەجۆرێک هەڵسوکەوت بکات کە منداڵ لێی نەترسێت و کەسێکی خۆشەویست بێت.

پەیوەندی گونجاو لەگەڵ هاوکاراندا

جگە لە بوونی پەیوەندی گونجاو لەگەڵ نەخۆشدا دەبێت پەیوەندییەکی گونجاویشی هەبێت لەگەڵ هاوڕێ و هاوکارانیدا تاکوو بتوانن بە باشتر کارەکان بەڕێ بکەن.

هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی

پەرستاری باش خۆی لە کارەکان لانادات و هەر کارێک هاتە بەردەستی ئەنجامی دەدات و بەرپرسیارێتی کارەکەشی هەڵدەگرێت و کەمتەرخەمی ناکات.

باشییەکانی بەشی پەرستاری بۆ پەرستار

لەگەڵ هەموو ماندووبونەکەیدا پەرستارێکی باش دەتوانێت چەندین ئەزموون وەربگرێت لە کارەکەیەوە و بە هۆیەوە فێری ئارامگرتن و ڕەفتاری جوان و یارمەتیدانی خەڵکی ببێت، هەروەها بینینی چاکبوونەوەی نەخۆشێک و دڵخۆشی چەندەها کەس گەورەترین دەستکەوتە بۆ پەرستارێک و دڵخۆش دەبێت و دەروونی ئاسوودە دەبێت.

مامەڵەکردنی خەڵک لەگەڵ پەرستاردا

پێویستە خەڵک یارمەتیدەری پەرستار بێت لە نەخۆشخانەکاندا بەتایبەت هاوەڵانی نەخۆش و ڕێز لە کارەکانی پەرستار بگرن و ڕێگای پێ بدەن کاری خۆی بکات و گوێ بۆ ڕێنماییەکانی بگرن.

پەرستار لە کوردستان

لە هەرێمی کوردستان زۆر پەرستار هەن کە لە بەشە جیاوازەکانی نەخۆشخانەکاندا کار دەکەن و ڕۆژانە خزمەت دەکەن، بەشی پەرستاری لە دوای بەشەکانی پزیشکی گشتی، پزیشکی ددان، پزیشکی دەرمانساز لە پلەی چوارەمدایە و دامەزراندنی ڕاستەوخۆیە، بەڵام وەک هەموو بەشەکانی دیکە چەندین ساڵە دەرچووی ئەم بەشە دانەمەزراون و زۆرینەیان بە شێوەیەکی خۆبەخش لە نەخۆشخانەکاندا کار دەکەن و هیچ ڕێزێک نەگیراوە لە پەرستاران و پیشەی پەرستاری.


سەرچاوەکان



3795 بینین