پێڵووی چاو

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-01-18-21:06:00 - کۆدی بابەت: 7630
پێڵووی چاو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و فرمانی پێڵووی چاو 

پێڵووی چاو (بە ئینگلیزی: Eyelid) ئەو دەقەی پێستە کە چاو دادەپۆشێت و دەیپارێزت. ماسولکەی هەڵگری پێڵووی چاوی سەروو، پێڵووی چاو گرژ دەکات و بیلبیلەی چاو بەرەو دەرەوە ئاڕاستە دەکات بۆ بینین، ئەم گرژبوونە دەکرێت خۆویستانە یان خۆنەویستانە بێت. لە لێواری پێڵووی چاوی مرۆڤدا ڕیزێک لە برژانگ هەیە کە یارمەتی پاراستنی چاو دەدەن لە تۆز و خۆڵ و تەنی بچووکی بێگانە، هەروەها یارمەتی ئارەقکردنەوەش دەدەن. وشەی (Palpebral یان Bleapharal) لەڕووی پزیشکییەوە مانای هەر شتێک دەگەیەنێت کە پەیوەندی بە پێڵووی چاوەوە هەبێت. فرمانی سەرەکیی پێڵووی چاو بریتییە لە بڵاوکردنەوەی فرمێسک و دەردراوەکانی تر لەسەر ڕووی چاو بۆ ئەوەی بە شێداری بیهێڵێتەوە، چونکە بیلبیلەی چاو پێویستە بەبەردەوامی شێدار بێت. هەروەها کاردانەوەی چاوتروکاندن یارمەتی پاراستنی چاو دەدات لە تەنی پیس و بێگانە. 

هەروەها پێڵووی چاو لە گیانەوەرانیشدا بوونی هەیە و هەندێکیان دەکرێت پێڵووی چاوی سێیەمیشیان هەبێت. 

جیاوازی پێڵووی چاو

جیاوازی لە پێڵووی چاوی مرۆڤدا بەهۆی چرچی و دەقەکانی پێڵووی سەرەوەی چاو ڕوودەدات. لۆچە پێستی مەنگۆلی (Epicanthus) لە لووتەوە بەرەو برۆیەکان زۆر باوە، کە پێڵووی چاوی سەرەوە کۆڕنەی ناوەوەی چاو دادەپۆشێت و زۆرجار پێی دەوترێت یەک پێڵوو (Single eyelid). ئەم حاڵەتە لە خۆرهەڵاتی ئاسیا و باشووری ئاسیادا زۆر باوە کە ٩٠٪ـی دانیشتوانیان بەم شێوەیەن، وەکوو وڵاتەکانی چین، کۆریا و ژاپۆن، ئەم حاڵەتە لە قەوقازییەکانیشدا هەیە هەروەها بەپێی توێژینەوەیەک کە لە زانکۆی چۆنام (CNU) لە کۆریادا کراوە دەرکەوتووە کە پێڵووی چاوی کۆرییەکان چەوری زیاترە لە هی قەوقازییەکان.

پێکهاتە

چینەکان

پێڵووی چاو لە چەند چینێک پێکهاتووە لە سەرەوە بۆ ناوەوە بریتین لە:

  • پێست (Skin)
  • شانەی ژێرپێست (Subcutaneous tissue)
  • ماسولکەی خولگەی چاو (Orbicularis oculi)
  • خولگەی بەربەست (Orbital septum)
  • چینی کڕکڕاگەی پێڵوو (Tarsal plates)
  • چڵمە پەردەی پێڵوو (Palpebral conjuctiva)
  • ڕژێنەکانی پێڵوو بە ناوی (Meibomain glands) کە دەکەونە ناو پێڵوو و ماددەیەکی چەور دەردەدەن کە بەشە چەورەکەی فرمێسک پێکدەهێنێت و ڕێ لە بەهەڵمبوونی دەگرن. 

پێست

پێستی پێڵووی چاو هاوشێوەی شوێنەکانی ترە بەڵام تەنکترە و خانەی بۆیەی زیاترە، لە کەسانی نەخۆشدا دەکرێت ببنە هۆی گۆڕانی ڕەنگ یان بێڕەنگکردنی چاو. پێستی پێڵوو ئارەقڕژێن و مووی هەیە، هەروەها زۆرترین چڕیی چەورییەڕژینەکانی هەیە.

پاڵپشتیی دەمار

لە مرۆڤدا پاڵپشتیی هەستە دەمارەکانی پێڵووی سەرەوەی چاو بەهۆی ئەم دەمارانەوەیە:

  • خلۆکەی خواروو (Infratrochlear)
  • خلۆکەی سەروو (Supratrochlear)
  • خولگەی سەروو (Supraorbital)

پاڵپشتیی فرمێسکە دەمارەکان بەهۆی لقی دەمارەکانی چاو (V1) لە دەماری سێ جمکە (CNV)ـەوە دەبێت.

پێستی پێڵووی خوارەوە بەهۆی لقەکانی خلۆکەی خواروو پاڵپشتیی دەکرێت لە گۆشەی ناوەڕاستدا. 
بەشەکانی تر بەهۆی لقەکانی دەماری خلۆکەی خواروو لە لقی دەماری شەویلگەی سەروو (V2) لە دەماری سێ جمکەوە پاڵپشتی دەکرێن.

پاڵپشتیی خوێن

لە مرۆڤدا پێڵووەکانی چاو بەهۆی دوو کونی پێڵووی خوارەوە و سەرەوە خوێنیان پێدەگات، کونەکان بەهۆی بەیەکگەیشتنی خوێنبەری لاوەکیی پێڵوو و خوێنبەری ناوەڕاستی پێڵوو دروست دەبن کە لقی خوێنبەری فرمێسکەڕژێنەکان و خوێنبەری چاون.

نەخۆشییە باوەکانی پێڵووی چاو

  • تووشبوونی میکرۆبیی چەورییە ڕژێنەکانی پێڵووی چاو (Hordeolum) بەزۆری بەهۆی بەکتریای ستافیلۆکۆکەس ئۆریەسەوە دەبێت.
  • گیرانی چەورییە ڕژێنەکان لە هەردوو پێڵووی خوارەوە و سەرەوە (Chalazion).
  • هەوکردنی لێوارەکانی پێڵووی چاو (Blepharitis) کە بەزۆری بەهۆی تووشبوونی بەکتریای ستافیلۆکۆکەس یان کڕێشی پێستی سەر دروست دەبێت. 
  • مۆرانەی (Demodex) جۆرێک لە ڕەگەزی مۆرانەی بچووکن کە بە هاوبەشی لەدەوری کیفی مووی برژانگ و برۆدا دەژین و چاو تووشی کولانەوە دەکەن. 
  • چوونەوە ناوەوەی پێڵوو (Entropion)، حاڵەتێکە بەزۆری لە پێڵووی خوارەوە ڕوودەدات کە دەچێتەوە ناوەوەی چاو، بەهۆی پیری یان نەخۆشیی زگماکی یان هۆکاری تر. لە حاڵەتی دەگمەندا کە ببێتە هۆی گەشەکردنی برژانگەکان بۆ ناوەوەی چاو کە پێی دەوترێت مووی چاو (Trichiasis)، پێویستی بە نەشتەرکاری دەبێت.
  • هاتنەدەرەوەی پێڵوو (Ectropion): حاڵەتێکە کە پێڵووی خوارەوە بەرەوە دەرەوە دێت و پەیوەندی بە تەمەنەوە هەیە، دەبێتە هۆی هەستیاری، کولانەوەی بەردەوام، زۆر فرمێسک ڕشتن، ئازار و برینداربوونی چاو.
  • تەمبەڵبوون (Laxity): حاڵەتێکی ترە کە پەیوەندی بە تەمەنەوە هەیە، دەبێتە هۆی کولانەوە و وشکبوونەوەی چاو، هەندێک جار پێویستی بە نەشتەرکاری دەبێت.
  • ئاوسانی پێڵوو (Edema): حاڵەتێکە کە پێڵووەکان هەڵدەئاوسێن و شلەی زۆر لە شانەکانیاندا کۆدەبێتەوە، بەهۆی هەستیاری، تووشبوونی میکرۆبی یان مووی چاوەوە ڕوودەدات. 
  • گرێی پێڵوو: شێرپەنجەی خانەی بچینەیی (BCC) باوترین جۆری شێرپەنجەی پێڵووی چاوە.
  • گرژبوونی پێڵوو (Blpharospam): گرژبوونێکی خۆنەویستانەی ماسولکەی پێڵووی چاوە، باوترین هۆکارەکانی ئەم حاڵەتە، شەکەتی، فشار و کافایینن. هەرچەندە ئەم حاڵەتە چارەسەری نییە بەڵام حاڵەتێکی مەترسیدار نییە. 
  • هەوکردنی پێستی پێڵوو (Eyelid dermatitis): بەهۆی هەستیاری و هەوکردنی چاوەوە ڕوودەدات. دەبێتە هۆی هەڵئاوسان و وشکبوونەوە و توێژفڕێدانی پێستی پێڵوو.
  • داکەوتنی پێڵووی سەرەوە (Ptosis): بریتییە لە داکەوتنی پێڵووی چاوی سەرەوە و داخستنی چاو بەهۆی لاوازی یان ئیفلیج بوونی ماسولکەی هەڵگری پێڵووی چاوی سەروو، یان بەهۆی زیان بەرکەوتنی ئەو دەمارانەی ماسولکەکە کۆنترۆڵ دەکەن.
  • بێ پێڵوویی (Ablepharia): بچووکیی قەبارە یان نەبوونی پێڵووی چاوە لە زگماکییەوە.

نەشتەرکاریی پێڵووی چاو

نەشتەرکاریی پێڵووی چاو پێی دەوترێت (Blepharoplasties) بە هۆکاری پزیشکی یانیش بۆ جوانکاری و گۆڕانکاری لە شێوەی ڕووخساردا دەکرێت. نەشتەرکاریی پێڵووی چاو مەترسیدار نییە بەڵام دەبێت زۆر بە وریایییەوە ئەنجام بدرێت چونکە زۆر لە چاوەوە نزیکە. 

نەشتەرکاریی پزیشکی بۆ حاڵەتەکانی گرێی چاو، گیرانی چەورییە ڕژێنەکان، داکەوتنی پێڵووی سەروەوە، هاتنەدەرەوەی پێڵوو، مووی چاو و حاڵەتەکانی تری پەیوەندیدار بە پێڵووەوە ئەنجام دەدرێت. 

زۆربەی نەشتەرکارییەکانی جوانکاری بۆ بە گەنجی هێشتنەوەی پێڵووی چاو ئەنجام دەدرێن، کە تێیدا چەوری و پێستی زیادە لادەبرێت.
نەشتەرکاریی دووانە پێڵووی چاو لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئاسیادا زۆر باوە بەتایبەتیش لە تایوان و کۆریای باشوور کە یەک پێڵووی چاویان هەیە و بە نەشتەرکاری دەیکەن بە دوو. لە وڵاتی چین نەشتەرکاریی دووانە پێڵووی چاو شتێکی زۆر باو و پشتگیری لێکراوە بەتایبەت بۆ ژنان، لە کاتێکدا نەشتەرکارییەکانی تری جوانکاری بەتوندی ڕەتکراونەتەوە لە کولتووری چینیدا.


سەرچاوەکان



1911 بینین