برژانگ

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-01-23-15:37:00 - کۆدی بابەت: 7678
برژانگ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و فرمانی برژانگ

برژانگ (بە ئینگلیزی: Lash یان Eyelash، بە لاتینی: Cilia) جۆرێکی مووە کە لەسەر لێوارەکانی پێڵووی چاو بە یەک ڕیز گەشە دەکات. برژانگەکان چاو لە تەنی بچووک و پیسی و تەپوتۆز دەپارێزن. هەروەها یارمەتی هەندێک فرمانی هەستکردن بە بەرکەوتن دەدەن، بۆ نموونە کاتێک مەگەزێک لە چاو نزیک دەبێتەوە لەڕێی برژانگەوە هەستی پێ دەکرێت.

پێکهاتە

گەشەکردن

برژانگی کۆرپەی مرۆڤ لەماوەی 22ـەمین بۆ 26ـەمین هەفتەی دووگیانی لە دەرەچینی پێستی کۆرپەوە گەشە دەکەن. گەشەی ئاساییی برژانگ سنووردارە و لە ئاستێک دەوەستێت، هەروەها بە شێوەیەکی ئاسایی برژانگەکان هەڵدەوەرن. ئەگەر برژانگێگ دەربهێندرێت ماوەی حەوت بۆ هەشت هەفتەی پێویستە بۆ ئەوەی گەشە بکاتەوە. ڕەنگی برژانگ دەگۆڕێت بەپێی ڕەنگی قژ.

ڕژێنەکان

سەلکەمووەکانی برژانگ بەستراون بە چەند ڕژێنێکەوە کە بە ڕژێنەکانی زی (Glads of Zeis) و ڕژێنەکانی مۆڵ (Glands of Moll) ناسراون.

نەخۆشییەکانی برژانگ

  • هەڵوەرینی برژانگەکان (Madarosis)
  • هەوکردنی لێوارەکانی پێڵووی چاو (Blepharitis) زۆرجار دەبێتە هۆی هەڵوەرینی برژانگەکان
  • گەشەکردنی نائاساییی برژانگ لەسەر پێڵووی چاو (Distichiasis)
  • مووی چاو یان چوونەوە ناوەوەی برژانگەکان بۆ ناو چاو (Trichiasis)
  • تووشبوون بە مشەخۆری (Crab louse)
  • هەوکردن و تووشبوونی میکرۆبیی ڕژێنەکانی برژانگ (External Hordeolum
  • مانیای مووهەڵکێشان (Trichotillomania) حاڵەتێکی دەروونییە وا لە کەسی تووشبوو دەکات مووی تەپڵەسەر و برژانگی هەڵبکێشێت. 
  • مۆرانەی (Demodox) جۆرێک لە ڕەگەزی مۆرانەی بچووکن کە بە هاوبەشی لەدەوری سەلکەمووی برژانگ و برۆدا دەژین و چاو تووشی کولانەوە دەکەن دەکرێت ببنە هۆی هەوکردنی لێوارەکانی پێڵووی چاو. بەنزیکەیی ٢٠٪ـی خەڵک ئەم جۆرە مۆرانەیان هەیە کە بە هاوبەشی لەناو برژانگیاندا دەژیت.

جوانکاری

برژانگی درێژ بە یەکێک لە نیشانەکانی جوانی دادەنرێت، هەندێک لە خانمان بە شێوەیەکی دەستکرد برژانگیان درێژ دەکەن بۆ نموونە بە دانانی برژانگی زیادە بۆ ماوەی چەند مانگێک یان بەکارهێنانی برژانگی دەستکرد بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک. لەلایەکی تریشەوە ئافرەتانی هادزای وڵاتی تەنزانیای ئەفریقا برژانگەکانیان دەبڕن بۆ ئەوەی کورت ببن. 

گۆگردیدی ئەنتیمۆن یان گۆگردیدی قوڕقوشم کە ناسراوە بە کل لە سەردەمی بڕۆنزییەوە بۆ ڕەشکردنی لێوارەکانی پێڵووی چاو بەکارهاتووە، هەروەها لە میسڕی کۆندا لەلایەن کەسانی دەوڵەمەند و شاهانەوە بەکارهاتووە وەک ئامڕازێکی جوانکاریی چاو. 

 لە سەردەمی ئێستادا میکیاجەکانی وەکوو، ماسکارا، ڕمێل، هەویری ڕەشی چاو و سێبەری چاو بۆ جوانکاریی چاو بەکاردێن. زۆرێک لە براندە جوانکارییەکان ماددەی پرۆستاگلاندین و پێپتایدەکان لە بەرهەمەکانیندا بەکاردەهێنن. 
دەرمانی لاتیس کە گیراوەی بیماتۆپڕۆستە (Bimatoprost) بۆ چارەسەری ئاوی ڕەشی چاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٩ـدا وەکوو یەکەمین دەرمان بۆ گەشەکردنی برژانگ لەلایەن ئێف دی ئەیەوە پەسەندکرا، کە لە ماوەی ١٦ هەفتەدا برژانگەکان دێنێتەوە. هەروەها زۆر ماددەی کیمایی و ڕۆنی ڕووەک وەک یارمەتیدەری گەشە و بەهێزکردنی برژانگەکان بەکاردێن. نەشتەرکاریی چاندنەوەی موو بۆ برژانگیش ئەنجام دەدرێت هەر وەکوو قژ.

برژانگ لە گیانەوەراندا

هەندێک لە گیانەوەرانی تر برژانگیان هەیە، بۆ نموونە گیانەوەرە شیردەرەکان، وەکوو ئەسپ، وشتر، مانگا و سەگ، برژانگی وشترەکان درێژ و ئەستوورە. هەروەها هەندێک جۆری باڵندەکانیش برژانگیان هەیە، وەکوو وشترمل.


سەرچاوەکان



801 بینین