ڕزگاربوون لە گیرانی لووت

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-01-24-23:22:00 - کۆدی بابەت: 7694
ڕزگاربوون لە گیرانی لووت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گیرانی لووت یان نەمانی توانای هەناسەدان بە لووت دەکرێت بێزارکەر بێت و هەندێک جار کاربکاتە سەر ژیانی ڕۆژانە، زۆربەی خەڵک پێیان وایە گیرانی لووت هۆکارەکەی کەڵەکەبوونی چڵمە لە لووتدا، بەڵام لەڕاستیدا بەهۆی هەوکردنی خوێنبەرەکانی ناو لووتەوەیە، هەڵامەت و ئەنلفۆنزا و سەرمابوون و توشبوونی میکرۆبی ناوپۆشی لووت هەموویان دەکرێت ببنەهۆی هەوکردنی ئەو خوێنبەرانە.

ڕێگاکانی کەمکردنەوەی هەوکردنی خوێنبەرەکان

ئامێری شێ

ئامێری شێ دەکرێت ڕێگایەکی خێرا و ئاسان بێت بۆ کەمکردنەوەی ئازاری ناوپۆشی لووت و گیرانی لووت، ئەم ئامێرە ئاو دەگۆڕێت بۆ شێ کە بە هێواشی هەوا داگیر دەکات، هەروەها شێی ژوورەکە زیاد دەکات.
هەناسەدان لەم هەوا شێدارەدا دەتوانێت کزانەوەی شانەکان و هەڵئاوسانی خوێنبەرەکان کەم بکاتەوە لە ناوپۆشی لووتدا، هەندێک کەس پێیان وایە هەوای گەرمی شێدار بەهەمان شێوە یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی گیرانی لووت، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی زانستی ئەو بیروباوەڕەی پشتڕاست نەکردووەتەوە، ئەگەر کەسێکیت کە ئەزموونی گیرانی لووت دەکەیت، ئەوا دەکرێت دانانی ئامێری شێی هەوا لە ماڵەکەت یان ئۆفیسی کارەکەتدا یارمەتیدەر بێت.

گەرماوکردن

هەڵمی ناو گەرماو دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆ شلکردنەوەی چڵمی لووت و کەمکردنەوەی هەوکردن، ئەنجامدانی گەرماوێکی گەرم یارمەتیدەرە بۆ ئاسایی کردنەوەی هەناسەدان ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت.
دەتوانیت هەمان کاریگەریت دەست بکەوێت بە هەڵمژیمی هەڵمی ئاوی گەرم، بەم شێوەیە:

  1. ئاوێکی گەرمی کوڵاو ئامادە بکە
  2. کە زانیت ڕێژەی گەرمییەکەی گونجاوە، خاولییەک بهێنە و بیدە بە سەرتدا، پاشان سەرت بخە سەر هەڵمی ئاوەکە.
  3. بوەستە تا هەڵمەکە لەژێر خاولییەکەدا کۆدەبێتەوە و هەناسەی قووڵ هەڵمژە.
  4. ئاگاداربە ڕووخسارت لەناو هەڵمەکە یان ئاوە گەرمەکەدا نەسووتێت.

بە شێداری بمێنەرەوە

گرنگە کە هەستت کرد سەرمات بووە یان تووشی هەڵامەت بوویت بڕێکی باش لە شلەمەنی بخۆیتەوە، ڕاگرتنی هاوسەنگی ئاستی شێداری لەش دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆ شلکردنەوەی چڵمی لووت لە ڕێڕەوەکانی لووتدا، هەروەها پاڵ دەنێت بە شلەی ناو لووتەوە بۆ دەرەوەی لووت و دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی پەستان لەسەر ناوپۆشی لووت، پەستانی کەم لەسەر ناوپۆشی لووت بە واتای کەمی هەوکردن و کزانەوە دێت، هەروەها ئەگەر هەست بە قوڕگ ئێشە دەکەیت، خواردنەوەی گەرمەکانی وەک چاک دەکرێت ناڕەحەتی قوڕگیشت کەم بکاتەوە.

پرژێنەری گیراوەی خۆراکدەر (مغەزی)

زیاتر لووتت شێدار بکەرەوە بە پرژێنەری گیراوەی خۆراکدەر (بە ئینگلیزی: saline spray)، بەکارهێنانی پرژێنەری گیراوەی خۆراکدەر دەتوانێت شێداری کونی لووت زیاد بکات، هەندێک پرژێنەری لووت پێکهاتەی لووت بەردەر (بە ئینگلیزی: decongestant) تێدایە، پێش ئەوەی دەست بکەیت بە بەکارهێنانی لووت بەردەر ڕاوێژ بە پزیشک بکە.

پەستێنەری گەرم بەکاربهێنە

پەستانی گەرم دەکرێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی هەندێک نیشانەی گیرانی لووت بە کردنەوەی ڕێڕەوەکانی ناو لووت لە دەرەوەی لووتەوە، دەتوانیت بەم شێوەیە ئەنجامی بدەیت:

  1. خاولییەک لە ئاوی گەرمدا نوقم بکە.
  2. خاولییەکە لە ئاوەکە دەربهێنە و بیگوشە.
  3. دەقی بکە و بیخە سەر لووتت تا بە تەواوی هەست بە گەرمییەکەی دەکەیت.

ئەم گەرمییە یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی هەر ئازارێکی لووت و هەوکردنی ناوپۆشی لووت، تاکوو پێویست بێت و بتوانیت جارجارە دووبارەی بکەوە بۆ ئەوەی زیاتر هەست بە باش بوون بکەیت.

دەرمان وەربگرە

لووتی گیراو دەبێتە هۆی نائاسوودەییت، هەندێک جۆری دەرمان هەیە کە پێویستیان بە ڕەچەتەی پزیشکی نییە دەکرێت یارمەتیدەربن لە پاککردنەوەی ڕێڕەوی لووت و باشتری بکەن.
دڵنیابە لەوەی کە پزیشکێکی دەرمانی شارەزا یارمەتیدەرت بێت لە هەڵبژاردنی دەرمانی لووت بەردەر، دژەهەستەوەری یان هەستیاری، ئەگەر دوای سێ ڕۆژ لە بەکارهێنانی دەرمان لووتت باش نەبوو یان تات هەبوو ئەوا سەردانی پزیشک بکە.

لووت بەردەر - decongestant

دەرمانی لووت بەردەر دەتوانێت هەڵئاوسانی لووت و ئەو ئازارە کەم بکاتەوە کە پەیوەستە بە کزانەوەی ڕێڕەوی لووتەوە، زۆربەی لووت بەردەرەکان بەردەستن و پێویستیان بە ڕەچەتەی پزیشکی نییە، هەروەها بە دوو شێوە هەن: پرژێنەری لووت و حەپ.
ئاگاداربە کاتێک ئەم دەرمانە بەکاردەهێنێت، چونکە نابێت بەبێ ئاگاداری پزیشک لە سێ ڕۆژ زیاتر بەکاربێت، دوای سێ ڕۆژە لە بەکارهێنان نەک لووت باشتر ناکات بەڵکوو دەکرێت گیرانی لووتت خراپتر بکات.

دژەهەستیاری 

دەتوانیت دەرمانەکانی دژەهەستیاری بەکاربهێنیت ئەگەر هەستت کرد گیرانی لووتت بەهۆی کاردانەوەیەکی هەستیارییەوەیە، ئەم جۆرە دەرمانانە هەڵئاوسانی ڕێڕەوەکانی لووت کەم دەکەنەوە و دەیانکەنەوە.
بە وریاییەوە پەیڕەوی ڕێنماییەکانی تایبەت بە دەرمانەکە بکە، چونکە ئەگەر بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بەکاری بهێنیت دەکرێت نیشانەکانی گیرانی لووتت خراپتر بکەیت.

پوختە

گیرانی لووت هەوکردنی خوێنبەرەکانی ناوپۆشی لووتە، ئەگەر ئەزموونی نیشانەکانی گیرانی لووتت کرد، ئەوا چەندین چارەسەری وەک گەرماوی گەرم و پەستێنەری گەرم و دەرمانی پزیشکی بوونیان هەیە کە دەتوانیت لە ماڵەوە تاقییان بکەیتەوە.


سەرچاوەکان



2445 بینین