بەڕێز ڕۆبۆت

له‌لایه‌ن: - ناهرۆ ستار - به‌روار: 2022-02-03-19:33:00 - کۆدی بابەت: 7738
بەڕێز ڕۆبۆت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەڕێز ڕۆبۆت (به‌ ئینگلیزی: Mr. Robot) زنجیره‌یه‌كی تەلەفزیۆنیی ئه‌مریكییه‌ له‌ جۆری دراما و هه‌ست بزوێن، له‌لایه‌ن سام ئیسماعیل به‌رهه‌مهێنراوه‌ بۆ تۆڕی "یو ئێس ئه‌ی". له‌ ڕۆڵگێڕانی ڕامی مالیك وه‌كو كه‌سایه‌تیی ئێڵیه‌ت ئاڵده‌رسن، كه‌ ئه‌ندازیارێكی بواری پاراستنی كۆمپیوته‌ره‌ و له‌ هه‌مان كاتدا كاری هاككردنیش ئه‌نجام ده‌دات. ئێڵیه‌ت به‌ده‌ست نه‌خۆشی دووره‌په‌رێزیی و خه‌مۆكییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، له‌لایه‌ن شاره‌زایه‌كی بواری كۆمپیوته‌ره‌وه‌ ڕاده‌سپێردرێت به‌ناوی "به‌ڕێز ڕۆبۆت"، كه‌ "كریسچن سلاته‌ر" ڕۆڵه‌كه‌ی گێڕاوه‌، بۆ به‌شداری كردن له‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌كی هاككه‌ر به‌ناوی "ن. كۆمه‌ڵگه‌". كۆمه‌ڵه‌كه‌ ئامانجیان سڕینه‌وه‌ی سه‌رجه‌م تۆماره‌ قه‌رزییه‌كانی جیهانه‌ له‌ڕێگه‌ی هاككردنی كۆمپانیای "ئی كۆڕپ"، كه‌ گه‌وره‌ترین دامه‌زراوه‌ی جیهانه‌.

ئه‌ڵقه‌ی یه‌كه‌می زنجیره‌كه‌ له‌ڕێگه‌ی خزمه‌تگوزاری ڤیدیۆیی سه‌رهێڵه‌وه‌ له‌ ٢٧ـی ئایاری ٢٠١٥ بڵاوكرایه‌وه‌. وه‌رزی دووه‌می له‌ ١٣ ته‌مموزی ٢٠١٦ و وه‌رزی سێیه‌میشی له‌ ١١ـى تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٧ په‌خشكرا، هه‌روه‌ها وه‌رزی چواره‌م كه‌ دوایین وه‌رزی زنجیره‌كه‌ بوو له‌ ٦ـی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٩ ئه‌ڵقه‌ی یه‌كه‌می په‌خشكرا و له‌ 22ـی كانوونی یه‌كه‌می هه‌مان ساڵ كۆتایی هات.

چیرۆكی زنجیره‌كه‌

زنجیره‌كه‌ باسی ئێڵیه‌ت ئاڵده‌رسن ده‌كات، كه‌ گه‌نجێكی شاری نیویۆركه‌ و وه‌كو ئه‌ندازیار له‌ كۆمپانیای "ئۆڵسه‌یف"ـی تایبه‌ت به‌ خزمه‌تگوزاریی پاراستنی كۆمپیوته‌ر كارده‌كات، له‌ هه‌مان كاتدا دووچاری نه‌خۆشی دووره‌په‌رێزی، خه‌مۆكی و به‌كارهێنانی ده‌رمان بووه، ئه‌ندێشه‌ و خه‌یاڵ كاریگه‌رییه‌كی زۆریان به‌سه‌ر ئێڵیه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ڕێگه‌ی هاككردنه‌وه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ده‌به‌ستێت، ڕۆژێكیان چاوی به‌ كه‌سێكی نهێنی ئامێز ده‌كه‌وێت به‌ناوی "به‌ڕێز ڕۆبۆت" و به‌شداری له‌ تیمه‌كه‌ی ده‌كات كه‌ ناویان "ن. كۆمه‌ڵگه‌"ـیه‌. یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌كانیان سڕینه‌وه‌ی قه‌رزی سه‌رجه‌م كڕیارانه‌ له‌ڕێگه‌ی هاككردنی زانیارییه‌كانی یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین دامه‌زراوه‌كانی جیهان به‌ناوی "ئی كۆڕپ"، كه‌ له‌هه‌مان كاتدا بریكاری گه‌وره‌ی "ئۆڵسه‌یف"ـن.

كه‌سایه‌تی و به‌شداربووان

- ڕامی مالیك له‌ ڕۆڵی ئێڵیه‌ت ئاڵده‌رسن

- كارلی چایكین له‌ ڕۆڵی داڕلین ئاڵده‌رسن

- پۆرتیا ده‌بڵده‌ی له‌ ڕۆڵی ئه‌نجێڵا مۆس

- مارتین واڵستڕۆم له‌ ڕۆڵی تایڕێڵ وێڵیك

- كریسچن سلاته‌ر له‌ ڕۆڵی به‌ڕێز ڕۆبۆت

- مایكڵ كریستۆفه‌ر له‌ ڕۆڵی فیلیپ پڕایس

پێشكه‌شكردن و په‌ره‌پێدان

سام ئیسماعیل، ده‌رهێنه‌ری زنجیره‌كه‌ خۆی كاری نووسینی بۆ زۆربه‌ی ئه‌ڵقه‌كان ئه‌نجام داوه‌. له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ سه‌رسامی جیهانی هاككه‌ران بووه‌ و بۆ ماوه‌ی ١٥ ساڵ ویستوویه‌تی فیلمێك له‌باره‌یانه‌وه‌ به‌رهه‌م بهێنێت. له‌كاتی به‌رهه‌مهێناندا، سام ئیسماعیل ڕاوێژی به‌ كه‌سانی شاره‌زا له‌ بواره‌كه‌ كردووه‌ تاكو وێنەیەکى ڕاسته‌قینه‌ی چالاكیی هاككه‌ران پیشان بدات. یه‌كێكی تر له‌و هۆكارانه‌ی كاریگه‌ری له‌سه‌ر سام ئیسماعیلی به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك میسڕی‌ هه‌بووه‌، بریتیبووه‌ له‌ به‌هاری عه‌ره‌بی، كه‌ لە وڵاتە عەرەبییەکاندا ئه‌و گه‌نجانه‌ی توڕه‌ بوون له‌ ژیانیان تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان به‌كارده‌هێنا تاكو گۆڕانكارییه‌ك له‌ ژیانیان درووست بكه‌ن، وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێداوه‌ كه‌ ئێڵیه‌ت "كه‌سایه‌تییه‌كی شاراوه‌"ـی خۆیه‌تی.

ئیسماعیل لە بنەڕەتدا بەنیاز بوو "بەڕێز ڕۆبۆت" تەنها فیلمێک بێت، باسى کەسێک بێت کە بۆى دەردەکەوێت کێشەى دەروونى هەیە و لەو کاتەى ئامانجێکى گەورەترى هەیە، بەڵام لەکاتى نووسینى یەکەم وەشانى دەقەکەدا، دەقەکە زۆر درێژ بوو و بەجۆرێک کە گونجاوتر بوو بکرێت بە زنجیرەیەکى تەلەفزیۆنى، نزیکەى ٢٠ لاپەڕەى لەکۆى ٨٩ لاپەڕەى دەقەکە سڕییەوە و وەکو ئەڵقەى یەکەمى زنجیرەکە بەکاریهێنا. ئیسماعیل دەقەکەى برد بۆ کۆمپانیاى "ئەنۆنیمەس کۆنتێنت" تا بزانێت دەکرێت بکرێتە زنجیرەیەکى تەلەفزیۆنی، ئەوە بوو تۆڕى "یو ئێس ئەى" پەسەندى کرد و لە مانگى تەمموزى ٢٠١٤ بڕیارى بەرهەمهێنانى ئەڵقەیەکى ئەزموونیی زنجیرەکەى دا. لەدواى گەڕانێکى زۆریش بەدواى کەسێک بۆ ڕۆڵگێڕانى کەسایەتیی سەرەکى زنجیرەکە، لەکۆتاییدا لە مانگى ئەیلولى هەمان ساڵ ڕاگەیەندرا کە ڕامى مالیک بۆ ڕۆڵەکە هەڵبژێردراوە.

تۆڕى "یو ئێس ئەى" لە مانگى کانوونى یەکەمى ٢٠١٤ بڕیارى بەرهەمهێنانى زنجیرەیەکى ١٠ ئەڵقەیی دا. بەرهەمهێنانیش لە ١٣ـى نیسانى ٢٠١٥ لە شارى نیویۆرک دەستى پێکرد. لەسەرەتادا، بڕیاربوو ئێڵیەت کراسێکى ڕەنگاوڕەنگى لەبەربێت، بەڵام ڕامى مالیک پێشنیارى کرد کە ڕەنگەکەى ڕەش بێت و لەکۆتاییدا ئەو چاکەتە سەربەکڵاوەیان هەڵبژارد کە لە زنجیرەکەدا دەردەکەوێت.

زنجیرەکە لە ڕووى تەکنیکییەوە

زنجیرەی بەڕێز ڕۆبۆت بەهۆى وردیی لە ڕووى تەکنیکیەوە لەلایەن کۆمەڵێک دەزگا و خزمەتگوزاریی وەکو ئاڤاست، پاندا سیکیوریتی، ئەڤێرا و بلۆگەرزەوە ستایشێکى زۆر کرا، دواى بڵاوبوونەوەى ئەو ئەڵقانەى کە دیمەنی هاککردنیان تێدایە. بەهەمان شێوە لەڕووى پیشاندانى کێشە دەروونییەکانى ئێڵیەتیشەوە، لە چاوپێکەوتنێکدا ڕامى مالیک ئاماژەى بەوە دا کە سەردانى دەروونناسێکى کردووە بۆ وەرگرتنى زانیاری دەربارەى شیزۆفرینیا، کێشەى کەسایەتیی و دوورەپەرێزی. تەنانەت ئیسماعیل دەروونناسێکیشی وەکو ڕاوێژکاری زنجیرەکە دیاریکردبوو. زنجیرەکە چاوێکى زۆرى لەسەر بوو لەلایەن ڕەخنەگران، بینەران و دەروونناسان هەر بۆیەش بەرهەمهێنەران هەوڵیانداوە یەکێک لە وردترین زنجیرەکان سەبارەت بە کێشە دەروونییەکان بەرهەم بهێنن.

کاردانەوەى ڕەخنەگران

زنجیرەکە تا ڕادەیەکى باش توانى ڕەخنەگران لەخۆى ڕازی بکات، نمرەى وەرزەکانى زنجیرەکە بەپێی هەردوو ماڵپەڕى "ڕۆتین تۆمەیتۆس" و "مێتاکریتیک"ـى تایبەت بە ڕەخنەگران بەم شێوەیە بوون:

  • وەرزى یەکەم: ٩٨% لە ڕۆتین تۆمەیتۆ و ٧٩ لە مێتاکریتیک
  • وەرزى دووەم: ٨٩% لە ڕۆتین تۆمەیتۆ و ٨١ لە مێتاکریتیک
  • وەرزى سێیەم: ٩٢% لە ڕۆتین تۆمەیتۆ و ٨٢ لە مێتاکریتیک
  • وەرزى چوارەم: ٩٧% لە ڕۆتین تۆمەیتۆ و ٨١ لە مێتاکریتیک

خەڵاتەکان

لەساڵى ٢٠١٦، زنجیرەکە دوو خەڵاتى ئێمى بەدەستهێنا بۆ هەریەک لە باشترین ئەکتەرى سەرەکى و باشترین ڕێکخستنى میوزیک، هەر لە هەمان ساڵدا و لە خەڵاتەکانى "ئەى ئێف ئاى" ئەمریکی، خەڵاتى باشترین زنجیرەى ساڵى بەدەستهێنا. لە ساڵى ٢٠٢٠ـیش خەڵاتى ئێمی بۆ باشترین درێژەپێدانى زنجیرەیەکى تەلەفزیۆنی بەدەستهێنا.


سەرچاوەکان



702 بینین