کرانەوەی ملی منداڵدان

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-02-11-00:32:00 - کۆدی بابەت: 7807
کرانەوەی ملی منداڵدان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ملی منداڵدان (بە ئینگلیزی: Cervix) خوارترین بەشی منداڵدانە کە بەستراوە بە زێوە لە ڕێگایەوە خوێنی سوڕی مانگانە دێتە دەرەوە و هەر لەوێشەوە سپێرم دەگاتە هێلکە و دەیپیتێنێت و دەبێتە منداڵ، گەورەترین فەرمانی هاتنە دەرەوەی منداڵە لێوەی لە کاتی منداڵبوونی سروشتیدا، زۆرێک لە خانمان پێیان خۆشە کە منداڵەکەیان بە سروشتی ببێت و بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت ملی منداڵدان بکرێتەوە ئینجا منداڵەکە دێتە دەرەوە.

ملی منداڵدان چۆن دەکرێتەوە؟

ملی منداڵدان لە کاتی منداڵبووندا بە چەند هەنگاوێک دەکرێتەوە و کرانەوەکەی لە ژنێکەوە بۆ ژنێکی تر جیاوازە و چەند هۆکارێک کاردەکەنە سەر ئەم کرانەوەیە، لە دوای هەفتەی ٣٦ـی دووگیانی و ژانە درۆزنەکانی منداڵبوون ملی منداڵدان کەم کەم دەکرێتەوە بەڵام هێشتا زۆر کەمە و لە هەفتەکانی کۆتایی دووگیانیدا زیاتر دەکرێتەوە و کاتی منداڵبوون لەگەڵ کرانەوەشیدا بە بەردەوامی گرژبوونی منداڵدانیش ڕوودەدات، ئەو خانمانەی کە یەکەم جاریانە منداڵیان دەبێت سەرەتای دووگیانی ملی منداڵدانیان بە ئەندازەی سێ پەنجە دەکرێتەوە، لە کاتێکدا ئەوانەی دووەم منداڵیانە بە ئەندازەی یەک بۆ دوو پەنجە دەکرێتەوە، بەگشتی ئەو خانمانەی کە یەکەم جارە منداڵیان دەبێت ملی مندڵدانیان درەنگتر دەکرێتەوە.

چی هۆکارێک کار دەکاتە سەر کرانەوەی ملی منداڵدان؟

منداڵبوون و کرانەوەی ملی منداڵدان (بە ئینگلیزی: cervix dilation) جیاوازی هەیە لە نێوان ژناندا، بەپێی جەستەی خانمەکە و تەمەن و ئەوەی کە چەندەم منداڵییەتی هەموو ئەمانە کاریگەرییان هەیە، لە حاڵەتی ئاساییدا لە دوای هەفتەی ٣٨ یاخود ٣٩ـی دووگیانی ملی منداڵدان دەکرێتەوە لەکاتێکدا کە لە منداڵبوونی پێش وەختەدا دوای هەفتەی ٣٦ ملی منداڵدان یەک بۆ دوو سانتیمەتر دەکرێتەوە، لە هەندێک حاڵەتدا ملی منداڵدان لە هەفتەی ٣٠ دووگیانیدا تاکوو دوو سانتیمەتر دەکرێتەوە، لە منداڵبوونی درێژخایەندا ملی منداڵدان درەنگتر دەکرێتەوە و لە هەفتەی ٤٠ـی دووگیانییەوە دەکرێتەوە.

پەیوەندی کرانەوەی ملی منداڵدان و نەشتەرکاری منداڵبوون

 لەو کەسانەی کە ملی منداڵدانێکی ڕەق و پتەویان هەیە کە ناکرێتەوە بۆ منداڵبوونی سروشتی هەر بۆیە چەند دەرمانێکی تایبەت بەکاردەهێنرێت بۆ نەرم کردن و کردنەوەی ملی منداڵدان لە حاڵەتێکدا ئەگەر بەم ڕێگایەش هەر نەکرایەوە ئەوە دەبێت ژنەکە ئامادە بکرێت بۆ نەشتەرکاری و بە نەشتەرکاری منداڵی ببێت.

چۆن بزانیت کە ملی منداڵدانت کراوەتەوە؟

کرانەوەی ملی منداڵدان شتێک نییە کە تۆ بتوانیت بە تەواوی دەستنیشانی بکەیت، چونکە بەدواداچوون و زانینی کرانەوەی ملی منداڵدان لە ڕێگەی پشکنینی دامێنەوە دەبێت و کەسی شارەزا لێی دەزانێت.

نیشانەکان

بەم چەند نیشانەیەدا بۆت دەردەکەوێت کە ملی منداڵدانت کراوەتەوە و نزیکیت لە منداڵبوون:

منداڵەکە دێتە ناوچەی حەوز

ئەگەر منداڵی یەکەمت بێت هەستێکی ئاسوودە بوونت بۆ دروست دەبێت لەم حاڵەتەدا و هەست دەکەیت سووک بوویت، کە ئەمەش چەند هەفتەیەک پێش منداڵبوون ڕوودەدات و منداڵەکە دێتە بەشی خوارەوەی منداڵدان و هەناسەدانت ئاسانتر دەبێت، هەڵبەتە هێشتاش ملی منداڵدان نەکراوەتەوە.

گرژبوونی پێش منداڵبوون

کاتێک کە ملی منداڵدان دەست دەکات بە کرانەوە گرژبوونی منداڵدان ڕوودەدات و ملی منداڵدان دەست دەکات بە کرانەوە و تەنک بوون و بارودۆخ ئامادە دەکات بۆ منداڵبوون، هەندێک ژن لەم ماوەیەدا ئازاری دەبێت وەک ئازاری کاتی سوڕی مانگانە.

گۆڕانکاری لە ملی منداڵداندا

لە هەفتە و ڕۆژەکانی پێش منداڵبووندا ئیتر ملی منداڵدان کراوەتەوە، ئەگەر دووگیانی یەکەمت بێت لەوانەیه ملی منداڵدان یەک بۆ دوو سانتیمەتر یان پەنجە پێش دەستپێکی منداڵبوون بکرێتەوە، بەڵام ئەگەر دووگیانی یەکەم ملی منداڵدان یەک سانتیمەتر کرابێتەوە، تەنانەت ئەگەر لە هەفتەی ٤٠ـی دووگیانیەکەشدا بیت بەو واتایە نایەت کە کاتی منداڵبوونت هاتووە.

دەردراوی ملی منداڵدان 

دەردراوی شل و لینج لە ملی منداڵداندا ڕێگری دەکات لە چوونە ناوەوەی بەکتریاکان بۆ منداڵدان، بە نزیک بوونەوەی کاتی منداڵبوون ملی منداڵدان تەنک بووە و لەوانەیە کەمێک خوێن ببینیت لەگەڵ دەردراوەکانی ملی منداڵاندا، ئەم دەردراوە بڕەکەی لەوانەیە کەم یاخود زۆر بێت و ڕەنگەکەی، قاوەیی، پەمەیی، بێ ڕەنگ، ئاڵ، سوور کە واتای خوێن بێت.
جووتبوون و پشکنینی دامێن ئەگەری زۆرە ببنە هۆی گۆڕانکاری لە ڕەنگی دەردراوەکەدا.

دەردراوی زێ 

ئەم دەردراوە لەوانەیە وەک پارچەیەکی گەورە یاخود چەند پارچەیەکی بچووک هاوشێوەی چڵمی لووت بێت و هێڵی خوێنی تێدا بێت، کە ئەگەر جوان سەرنج نەدەیت و خێرا تەوالێت بەجێ بهێڵیت لەوانەیە هەر نەیبینیت، بوونی دەردراوی پەمەیی یاخود بێ ڕەنگ نیشانەیەکی باوی منداڵبوونن بەڵام ئەم نیشانەیە خۆی بە تەنها بەس نییە بەبێ گرژبوون و کرانەوەی ملی منداڵدان بە ئەندازەی سێ بۆ چوار پەنجە، ئەمە واتە چەند ڕۆژێکت ماوە بۆ منداڵبوون.

گرژبوونەکانی منداڵدان خێراتر و توندتر دەبێت

گرژبوونی منداڵدان یەکێکە لە نیشانە باوەکانی منداڵبوون و کرانەوەی ملی منداڵدان، کە هەندێک خانم لەوانەیە بەدرێژایی ماوەی دووگیانی گرژبوونیان هەبێت کە پێی دەوترێت منداڵبوونی درۆینە، بەڵام ئەم گرژبوونە جیاوازە بەوەی کە گرژبوونەکان زیاتر و توندترن.

تەقینی پەردەی سەراو

تەقینی پەردەی سەراو کۆتایەمیین نیشانەی منداڵبوونە و بە ئاسانی ڕوونادات و کاتێک ڕوویدا واتە ملی منداڵدان سێ بۆ چوار پەنجە کراوەتەوه و ژانێکی زۆرت هەیە و لە نەخۆشخانەیت و سەری منداڵەکە هاتووەتە ڕێڕەوی منداڵدان.

قۆناغەکانی کرانەوەی ملی منداڵدان

 یەکەم

ملی منداڵدان بە ئەندازەی یەک پەنجە یاخود یەک سانتیمەتر کراوەتەوە، کە لەم حاڵەتەدا ئەگەری هەیە دەردراوی لینجی ڕوون، یاخود ڕەنگ قاوەیی و هێڵی خوێنیشی تێدا دەربکەوێت.

 دووەم 

لەم قۆناغەدا ملی منداڵدان بە ئەندازەی دوو پەنجە کراوەتەوە، لەوانەیە هاندەر بەکاربهێنرێت تاکوو وردە وردە ملی منداڵدان زیاتر بکرێتەوە.

سێیەم و چوارەم 

لە قۆناغی سێیەم و چوارەمدا ملی منداڵدان بە ئەندازەی سێ بۆ چوار پەنجە کراوەتەوە و هێشتاش ژنەکە لە قۆناغی ناچالاکی منداڵبووندایه، هەموو ئەم کرانەوانە لەوانەیه چەند ڕۆژ یان چەن هەفتەیەک نێوانیان هەبێت چونکە هێشتا منداڵبوون دەستی پێ نەکردووە، دەکرێت کەسێک بۆ ماوەی سێ هەفتەیەک لە کرانەوەی سێ پەنجەدا بمێنێتەوە.

پێنجەم

ملی منداڵدان بە ئەندازەی پێنج پەنجە کراوەتە و ئیتر لەمە بەدواوە دەچیتە قۆناغی چالاکی منداڵبوون و واتە تاکوو چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە بەدڵنییایەوە منداڵبوون ڕوودەدات.

شەشەم و حەوتەم

لێرەدا ملی منداڵدان بە ئەندازەی شەش پەنجە کراوتەوه و دواتریش بە ئەندازەی حەوت پەنجە دەکرێتەوه، دەکرێت نێوان هەر پەنجەیەک کاتژمێرێک بۆ دوو کاتژمێری نێوان بێت.

هەشتەم

لەم قۆناغەدا ملی منداڵدان بە ئەندازەی هەشت پەنجە کراوەتەوە و لەنێوان کرانەوەی حەوت پەنجە بۆ هەشت پەنجەدا دایکەکە زۆرترین ئازار و ژان دەچێژێت، بەڵام دوای کرانەوەی هەشت پەنجە ئازار کەم دەکات و گرژبوون زیاد دەکات.


سەرچاوەکان



6490 بینین