ناوهڕۆك
ناساندن
هۆکارە ڕێگرەکان و هۆکارە هاندەرەکانی سەرهەڵدانی دەروونزانی منداڵ (بە عەرەبی: العوامل المحفزة و المانعة في ضهور حالات النفسية لدى أطفال، بە ئینگلیزی: Inhibitory and encouraging factors in the development of child psychology)، ئەگەر لە ساڵی ١٨٧٩ دا بە کردنەوەی یەکەمین تاقیگەی دەروونی لەسەر دەستی زانای ئەڵمانی ولهەم فۆنت، بۆ تاوتوێکردنی کردە هەستییە یەکەمینەکان، لە دایکبوونی دەروونزانی ڕاگەیاندرابێت، ئەوا لێکۆڵینەوە زانستییەکانی قۆناغی منداڵێتی و دەروونزانی منداڵ دواکەوتووە، کەواتە ئەو هۆکارانە چین کە دوایخست؟ ئەی ئەو هۆکارانە چی بوون، کە دواتر بوونە هۆی بڵاوبوونەوەی ئەم زانستە؟
هۆکارە ڕێگرەکانی سەرهەڵدانی ئەم زانستە
ئەوەی بایەخ بە مێژووی ئەم زانستە بدات، سەرنجی ئەم هۆکارانە دەدات:
١. سەرقاڵی دەروونناسان بە تێڕوانین بۆ زانستەکە و چەسپاندنی ناسنامەکەی، بۆیە ئەرکی ئەوان بوو بوارەکەی دیاری بکەن و بیسەلمێنن کە لە توانادایە لێکۆڵینەوە لە دیاردە دەروونییەکان بە پڕۆگرامێکی زانستیانە ئەنجامبدرێت، بەڵام ڕێککەوتن لەسەر ئەو دیاردانە، کە دەکرێت ملکەچی ئەو لێکۆڵینەوە بابەتیانە ببن، هەروا ئاسان نەبوو، کردە هەستییە یەکەمینەکانی وەک هەستکردن و بە ئاگایی یەکەمی ئەو دیاردانە بوون، دواتر کردە هۆشیارییە باڵاکانی وەکو پەیبردن و بیرکەوتنەوە و بیرکردنەوە و چۆنیەتی فەراهەمبوونی ئەو پڕۆسە هەستەوەرانە، دواتر بیرۆکەی نەستی دەرکەوت، لە سەرەتای سەدەوە ڕەفتار لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بە تایبەت، وەک بوارێکی سەرەکی بۆ لێکۆڵینەوەی دەروونی هاتە ئاراوە.
لە ڕێگای ئەم لێکۆڵینەوانەوە قوتابخانەکانی دەروونزانی لە دایکبوون، لە بنیاتنانەوە بۆ پەیوەندی و فەرمانی و شیکردنەوەی دەروونی و ڕەوشتی و جەشتاڵتی و ڕێبازی مرۆیی، لەگەڵ ئەوانەشدا تیۆرە دەروونییەکانیش سەریانهەڵداو هەر تیۆرێکیش پرەنسیپ و یاسای خۆی هەبوو، بەمەش کولتورێکی دەروونی دەوڵەمەند دروستبوو، ئەم کۆششانە بۆ زیاد لە سەدەیەک دزەیانکرد لە دەروونناسان، ناسنامەی ئەم زانستە چەسپاو و دەرگای چوونە ژوورەوە بۆ لێکۆڵینەوە پراکتیکییەکان و لێکۆڵینەوە زۆر تایبەتەکان کرایەوە.
٢. لاوازی ئامڕازەکانی توێژینەوەی زانستی لە سەرەتای سەرهەڵدانی زانستەکەوە، ئەو ئامڕازە ئەزموونییانەی لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بەکاردەهێنران، وەکو سەرەتایەک دەژمێردرێت لە بەرانبەر ئەو دەستکەوتانەی شۆڕشی تەکنەلۆجیای سەردەم هێنانییە کایەوە، بۆ نموونە بەبێ مایکرۆسکۆب قووڵبوونەوە لە لایەنە بۆماوەییەکان مەحاڵە و بەبێ ئامڕازە پێشکەوتووەکان بۆ وێنەگرتنی دەماخ و توێکاری و زانیاری پەیداکردن لە بارەی کارەبایەتی و ئەرکە هۆشیارییە بایۆلۆجییەکانەوە ئاسان نەبوو بۆ توێژەران، هەروەها بەبێ تاقیگە پێشکەوتووەکان نەدەکرا زانیاریمان بەردەست بکەوێت، دەربارەی ڕژێنە کۆئەندام و کاریگەرییەکانی لە گەشەی زیندەوەراندا، بە هەمان شێوە لێکۆڵینەوەکانی منداڵێتی و چاوەڕوان بوون هەتا ئامڕازی توێژینەوەی زانستی پێشکەوتوو پەرەیان سەند.
٣ـ توندی ئاڵۆزکردنی دیاردەی گەشەکردن، ئەم ئاڵۆز بوونە، کە دەرئەنجامی هۆکارە کاریگەرە زۆرەکان و کارلێکی ئەو هۆکارانە و گوێپێنەدانی توێژەران بە زۆرینەیان و درێژی ماوەی تێبینیکردن، کە تاوتوێکردنی دیاردەی گەشە پێویستیەتی، ئەمانە سەرجەم دەرکەوتنی دەروونزانی منداڵیان دواخست.
٤ـ بەردەوامی زاڵبوونی هەندێک بیری فەلسەفی بەسەر پڕەنسیپی هۆکارەیی و ڕەفتاری مرۆڤەوە، بە جۆرێک هەندێک کەس وا دەزانن ئەم پرەنسیپە دژی ئازادی و لێپرسراوێتییە ڕەوشتییەکانی مرۆڤە، مرۆڤ گیانەوەرێکی زیندووە، ملکەچی ئەم پرەنسیپە نییە و ترس لەوەی کە مرۆڤ حاڵەتی مرۆڤایەتییەکەی پوچەڵبکاتەوە و هاندەری هۆکاری مامەڵەکردن نەبێت لەگەڵ ڕەوشتە مرۆییەکاندا بە شێوەیەکی بابەتیانە دانانی وەک دیاردەیەک لە دیاردەکانی ئەم گەردوونە ملکەچی هەمان پرەنسیپ دەبێتەوە، کە هەموو دیاردە گەردوونییەکان ملکەچین.
هۆکارە هاندەرەکانی سەرهەڵدانی دەروونزانی منداڵ
لە کاتی دانان و ڕێکخستن و تیۆرەکاندا، کە دەروونناسان بە سەرجەم شێوازە جیاوازەکانەوە پێیگەشتن، ئیتر چڕبوونەوەی بایەخدان بە بوارە پراکتیکییەکانی ژیان هاتە ئاراوە و لق لێبوونەوەی تایبەت لەم زانستەدا دەستی پێکرد، دیاردەی گەشەکردنیش یەکێک بوو لە بوارانە، کە دەرئەنجام دەروونزانی گەشەی لێهاتە ئاراوە، لە کاتێکدا سووڕی ژیانی مرۆڤ زۆر دوور و درێژە، بێگومان پێویستە لێکۆڵینەوەی تایبەت بۆ قۆناغەکانی ئەو گەشەیە ئەنجام بدرێت، هەڵبەت لەو بارەیەوە لێکۆڵینەوەکردن لە قۆناغی منداڵێتی پێویستییەکی لە پێشە، لێرەدا ئاماژە دەدەین بە هەندێک لەو هۆکارانەی کە هاندەری سەرهەڵدانی ئەم لقە زانستە بوون:
١. ئەو ڕاستییە پەیوەندیدارانەی کە فەلسەفە پەروەردەییەکان، سەبارەت بە سروشتی منداڵ و تایبەتمەندییەکانی شێوازی پەروەردەکردن و فێرکردن، خستبوویانە ڕوو، هەر لەگەڵ دەستپێکردنی سەدەی هەژدەهەمدا، ژان ژاک ڕۆسۆ یەکێک بوو لەوانەی بانگەشەی بۆ پێویستی بە خۆشویستنیدا و بەشداریکردن لە یارییەکانیان و پلەییکردن لە گەشەکردنیان و دابینکردنی پێویستییەکانیان بە شێوازێکی باش و پەیڕەوکردنی کردەیی و ئازادی و چالاکی و گرنگی چاودێریکردنی پاڵنەرەکانیان لە کاتی کردەی فێربووندا بە پێویست زانیوە، لە نیوەی دووەمی سەدەی هەژدەهەمدا بستالۆتزی بایەخی تێگەیشتن و گرنگیدان بە گەشەکردن دابینکردنی خۆشەویستی و سۆزی بۆ منداڵ خستەڕوو، دووپاتی گرنگی خۆکاری و چالاکی تاکایەتی کردەوە لەسەر ئاستی سەرکەوتنی پڕۆسەی فێربوون و هاوکات پێشکەشکردنی بابەتی زانستی بە منداڵ پێویستە لەگەڵ قۆناغەکانی گەشەکردنیدا بگونجێت.
بۆ نموونە فۆربل بانگێشتی کردنەوەی باخچەی ساوایان و بنیاتی شارەزاییە پەروەردەییە پێویستییەکانی بە منداڵ کرد، هەروەک ئاماژەی بە ڕۆڵی یاریکردن و چالاکیدا لە بەدیهێنانی گەشەی ڕۆحی و خودی منداڵدا، لە نیوەی سێیەمی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتاکانی ئەم سەدەیە جۆن دیوی ئاماژەی بەوەکرد، کە زانین لە ڕێگای شارەزاییەوە گەشە دەکات بیرەکانیش بەپێی شارەزاییەکان دەگۆڕێن، هەروەها گرنگیدان بە پاڵنەر و ئازادییەکانی منداڵ و گرنگی ڕاهێنانی منداڵان لەسەر هاوکادی بە شتێکی باشی زانیوە.
٢. تێڕوانینی هەندێک بیریار بۆ پێویستی گۆڕان لە کۆمەڵگاکاندا، ئەم گۆڕانەش لە هیچ ڕێگەیەکەوە بەدی نایەت جگە لە ڕێگەی گرنگیدان بە قۆناغی منداڵێتی و ئازادکردنی لە داسەپاندن و ئارەزووەکانی نەوەی کۆن لە دروستکردنی نەوەیەک هاوشێوەی خۆی، بە بیانووی بەرگریکردن لە بەردەوامی کۆمەڵگا و پارێزگاریکردن لە مانەوەی، ئەگەر چی ئەم بیرۆکە مۆرک و سروشتێکی فەلسەفیانەشی پێوەیە، بەڵام بێگومان توانی هێزێکی گەورە بە لێکۆڵینەوە تایبەتەکان بدات، لە بواری ئەم قۆناغەی تەمەندا.