چەند ڕێگایەک بۆ زوو کرانەوەی ملی منداڵدان

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-02-12-22:37:00 - کۆدی بابەت: 7814
چەند ڕێگایەک بۆ زوو کرانەوەی ملی منداڵدان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کاتێک کە جەستەی خانمان ئامادە دەبێت بۆ منداڵبوون، بە شێوەیەکی سروشتی ملی منداڵدان دەست دەکات بە کرانەوە، کرانەوەی ملی منداڵدان و هاتنە دەرەوەی منداڵ قوورسە و ئازارێکی زۆری دایکەکە دەدات، هەربۆیە باشترە خانمان پێشتر خۆیان ئامادە بکەن و چەند ڕێگایەک بگرنە بەر بۆ ئەوەی کە منداڵەکەیان زووتر ببێت و ئازارێکی کەمتر ببینن.

ڕێگاکان

ئارام کردنەوه

گرنگترین کار لێرەدا ئەوەیە دایکەکە بڕوای بەوە هەبێت کە دەیکات، چاوەکانی دابخات و خۆی ئارام بکاتەوە و هەموو فشارە دەروونییەکان لە کۆڵ خۆی بکاتەوە، بەمشێوەیە دەتوانێت بەردەوام بێت لە هەنگاوەکانی دیکە.

پیادەڕەوی

کاتێک نزیک دەبیتەوە لە منداڵبوون دەبێت هەوڵ بدەیت بەردەوام بە ڕێگادا بڕۆیت، بە ڕێگاکردنی زۆر منداڵەکە دێتە خوارەوە و سەری نزیک دەبێتەوە لە ملی منداڵدان، ئەو پەستانەشی کە سەری منداڵەکە دەیخاتە سەر ملی منداڵدان زیاتر یارمەتی کرانەوەی ملی منداڵدان دەدات، هەروەها پیادەڕەوی دەبێتە هۆی ئەوەی کە گرژبوونی منداڵدان زیاتر ببێت و بەمەش ئەگەری کرانەوەی ملی منداڵدان زیاتر  دەبێت.

تۆپی دووگیانی

لەسەر تۆپە نەرمە دووگیانییەکان دانیشە و قاچەکانت بکەرەوە و کورسییەک لە بەردەمتدا دابنێ و بچەمێرەوە بەسەریدا، ئەم کارە ماسولکەکانی ناوچەی حەوز و خودی ناوچەی حەوز دەکاتەوە، هەروەها دەتوانیت بە ئاسانی لەسەر تۆپەکە جووڵە بکەیت کە وادەکەن سەری منداڵەکە زووتر بێتە ناو ملی منداڵدانەوە.

وەرزش

هەوڵبدە ڕۆژانە وەرزشی ئاسان و تایبەت بە ماوەی دووگیانی ئەنجام بدە، بەسەر پلیکانەدا سەرکەوە بە هێواشی، ئەمە یارمەتی کشان و کرانەوەی ملی منداڵدان دەدات.

خۆشۆردن به ئاوی گەرم

بە شێوەی وەستان بە پێوە یاخود بە دانیشتنەوە خۆت بشۆ، خۆشۆردن بە ئاوی گەرم کەشنگبوونی ماسولکەکان کەم دەکاتەوە و یارمەتی کرانەوەی ملی منداڵدان دەدات.

جووتبوون

جووتبوون ئەنجام بدە لەگەڵ هاوسەرەکەتدا، چونکە پەیوەندی سێکسی دەبێتە هۆی دەردانی ئۆکسیتۆسین و بوونی هۆڕمۆنی پڕۆستاگلاندین یارمەتی کرانەوەی ملی منداڵدان دەدات چونکە دەردراوە لینجەکانی ملی منداڵدان زیاتر دەکات و نەرمتری دەکات، هەروەها خانمان کاتێک دەگەنە لوتکەی چێژ گرژبوونی مناڵدانیان دەست پێ دەکات، واباشترە پێش جووتبوونت لەگەڵ پزیشک قسە بکەیت لەم بارەیەوە و ئەو بۆت دیاری بکات.

وروژاندنی گۆی مەمک

کاتێک گۆی مەمکت دەوروژێنیت هۆڕمۆنی ئۆکسیتۆسین دەردەدرێت کە دەبێتە هۆی دەستپێکردنی منداڵبوون، بە دەست گۆی مەمکت بوروژێنە یاخود داوا لە هاوسەرەکەت بکە ئەم کارە بکات.

سیستمی خۆراکی

ڕۆژانی کۆتایی دووگیانی کە نزیک دەبیتەوە لە منداڵبوون واباشترە وازبهێنیت لە زۆرخۆری، و کۆمەڵێک خواردنیش دەتوانن هاندەرێک بن تاکوو زووتر ملی منداڵدان بکرێتەوە کە ئەمانەن، ئەنەناس، خواردنی پڕ بەهارات، خواردنی توون.

تێبینی

بەهیچ جۆرێک نابێت لە خۆوە دەرمانی گیایی و زەیتەکان بەکاربهێنیت، بۆ خواردن بێت یاخود چەورکردن چونکە ئەمانە زیانەکانیان زیاترە لە سوود، وەک بەکارهێنانی زەیتی گەرچەک بۆ ئەم حاڵەتە کە هەندێک کەس بەکاری دەهێنن بەڵام بەکارهێنانی بەهیچ شێوەیەک گونجاو نییە.


سەرچاوەکان



8307 بینین