ئاوێتە ئەندامییەکان

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-02-23-22:12:00 - کۆدی بابەت: 7877
ئاوێتە ئەندامییەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لە زانستی کیمیادا ئاوێتەی ئەندامی (بە ئینگلیزی: Organic compounds) بەو ئاوێتانە دەوترێت کە یەک گەردیلە یان زیاتری کاربۆن بە بەندی هاوبەش پەیوەست بووە بە گەردیلەی توخمی تری وەک هایدرۆجین (کە باوترینیانە) یان ئۆکسجین یان نایترۆجینەوە، لەبەر توانای کاربۆن بۆ پێکهێنانی زنجیرەی کاربۆن، ملیۆنان ئاوێتەی ئەندامی ناسراون،  خوێندنی ڕەوشت و کارلێک و پێکهێنانی ئاوێتە ئەندامییەکان بە لقێکی زانست دادەنرێت کە پێی دەوترێت زانستی کیمیای ئەندامی.

پۆلێنکردنی ئاوێتە ئەندامییەکان بەپێی پێکهاتن

ئەو ئاوێتە ئەندامییانەی کە نائەڵقەیین یان زنجیرەی کراوەن

ئاوێتە نابازنەییەکان بەتەواوی پێچەوانەی ئاوێتە ئەڵقەییەکانن چونکە گەردەکانیان ناتوانن هیچ ئەڵقەیەک دروست بکەن، پێیان دەوترێت ئاوێتەی زنجیرەی کراوە چونکە پێکهاتەی هێڵییان هەیە،  باشترین نموونە بۆ ئەم ئاوێتانە بریتییە لە ئاوێتە نائەڵقەییە ئەلیفاتیکەکان (بە ئینگلیزی: acyclic aliphatic compounds) و ئەلکانەکان (بە ئینگلیزی: alkanes)، ئاوێتە زنجیرە کراوەکان دەکرێت بە زنجیرەی ڕاست و ئاوێتە زنجیرە لقدارەکان وەسف بکرێن، ئاوێتە زنجیرە ڕاستەکان هیچ لقێکیان نییە بەڵام گەردیلەکانی ئاوێتە زنجیرە لقدارەکان زنجیرەیەکی هێڵییان هەیە کە یەک لق یان زیاترییان پێوە پەیوەستە.

ئاوێتەی ئەڵقەیی یان زنجیرەی داخراو

ئاوێتە ئەڵقەییەکان پێشیان دەوترێت ئاوێتەی بازنەیی، ئەو جۆرە ئاوێتانەن کە یەک گەردیلە یان زیاتریان پەیوەست بوون بۆ دروستکردنی ئەڵقەیەک، مەرج نییە هەموو ئەڵقەکانی ئاوێتەکە هەمان قەبارەیان هەبێت.
ئاوێتە ئەڵقەییەکان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەلایەن مرۆڤایەتییەوە بەکارهێنانیان وەک کەرەستەیەکی بنچینەیی ڕوو لە زیادبوونە، هەروەها بەسەر دوو پۆلدا دابەشکراون کە بریتیین لە: 

ئاوێتەی جیائەڵقە یان ئەڵقە جیاواز – Heterocyclic Compound

ئاوێتە جیائەڵقەکان جۆرێکی ئاوێتەی ئەڵقەیین کە ئەڵقەیەک یان زیاتریان تێدایە، ئەم ئەڵقەیە لە گەردیلەی کاربۆن پێکهاتووە و بە لایەنی کەمەوە گەردیلەی توخمێکی جیاوازی پێوە پەیوەستە، ئەم ئاوێتانە بەسەر دوو جۆری فراوانی تردا دابەشکراون کە بریتیین لە ئاوێتەی جیائەڵقەی ئەلیسایکلیک و ئاوێتەی جیائەڵقەی ئەڕۆماتیک.

١- ئاوێتەی جیائەڵقەی ئەلیسایکلیک - Alicyclic Heterocyclic Compounds

پێکهاتەی ئەڵقەی ئەم ئاوێتانە یەک گەردیلەی توخمی جیاواز (جیاگەردیلە) یان زیاترییان پێوە پەیوەستە، نموونەش بۆ ئەم جۆرە ئاوێتانە بریتییە لە:

  • Tetrahydrothiophene
  • Tetrahydrofuran

٢- ئاوێتەی ئەڵقەجیای ئەڕۆماتیک - Aromatic Heterocyclic Compounds

ئەم ئاوێتانە بە پێچەوانەی ئاوێتە ئەلیسایکلیکەکان، گەردەکانیان یەک جیاگەردیلە یان زیاترییان پێوە پەیوەستە، نموونە بۆ ئەم جۆرە ئاوێتان بریتییە لە:

  • Thiophene
  • furan

ئاوێتەی ئەڵقە هاوتا یان هاوئەڵقە - Homocyclic compounds

ئاوێتە ئەڵقە هاوتاکان جۆرێکی تری ئاوێتەی ئەڵقەیین، بەڵام بە پێچەوانەی ئاوێتەی جیائەڵقە ئەم پێکهاتە ئەڵقەییانە لە گەردیلەی هەمان توخم پێکهاتوون کە بریتییە لە کاربۆن، ئەم ئاوێتانە پێشیان دەوترێت ئاوێتەی کاربۆئەڵقەیی، جگە لە کاربۆن و هایدرۆجین هیچ توخمێکی تر لە پێکهاتەکەیاندا نییە، ئاوێتە هاوئەڵقەکان بە هەمان شێوەی ئاوێتە ئەڵقە جیاوازەکان بەسەر دوو جۆردا دابەشکراون، کە بریتتین لە ئەلیسایکلیک و ئەڕۆماتیک:

١-  ئاوێتە هاوئەڵقە ئەلیسایکلیکەکان – Alicyclic Homocyclic Compounds

بەو جۆرە ئاوێتانە دەوترێت کە ئەلیفاتیکن و ئەڵقەیین، ئەم ئاوێتانە یەک ئەڵقە یان زیاتری کاربۆنییان هەیە کە دەکرێت تێربن یان ناتێر، هەر بەندێکی نێوان گەردیلەکان دەکرێت بەندی یەکی، دووانی یان سیانی بێت.

٢-  ئاوێتە هاوئەڵقە ئەڕۆماتیکەکان - Aromatic Homocyclic compounds

ئاوێتە ئەڵقەییە ئەڕۆماتیکەکان ئەو ئاوێتانەن کە تەنها ناتێرن لە کاتێکدا کە ئەلیسایکلیکەکان دەکرێت تێر یان ناتێربن، ئەم ئاوێتانە پێشیان دەوترێت ئەرێناکان، ئاوێتەی بۆندارن، دەتوانرێت بە بوونی یەک ئەڵقەی تەخت یان زیاتری گەردیلەکان لە پێکهاتەکەیاندا کە بە بەندی هاوبەش دوو جۆری جیاواز بەیەکەوە بەستراون جیابکرێنەوە، نموونە بۆ ئەم جۆرە ئاوێتانە بریتییە لە:

پۆلێنکردنی ئاوێتە ئەندامییەکان بەپێی دەستەی کارا

پەیوەستیی دەستەی کارا بەو پڕۆسەیە دەوترێت کە تیایدا گەردێک ڕەوشتی کیمیایی تایبەت بەخۆی دەبێت بەهۆی یەک یان دەستەیەک لە گەردیلە کە لە گەردەکەدا بوونیان هەیە، هۆکاری پۆلێنکردنی ئاوێتە ئەندامییەکان لەسەر بنچینەی دەستەی کارا دەگەڕێتەوە بۆ پۆلێنکردنی ڕەفتاری کیمیایی ئەو ئاوێتەیە، هەروەها گرنگە کە بزانرێت سروشتی دەستەی کارا کاریگەری هەیە لەسەر کارلێکە ئاوێتەکان و لە هەندێک ئاستدا کاردەکاتە سەر ڕەوشتی فیزیاییشیان، نموونەی دەستەی کارا وەک: دەستەی ترشی کاربۆکسیلی (-COOH)، دەستەی ئەڵدیهاید (-CHO).


سەرچاوەکان



2062 بینین