مێروولە خۆر

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-03-05-14:20:00 - کۆدی بابەت: 7928
مێروولە خۆر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مێروولە خۆر (بە ئینگلیزی: anteater)، گیانەوەرێکی کۆمەڵەی مەمکدارە بڕبڕەدارەکانە، یەکێکە لە ئەو چوار گیانەوەر مەمکدارەی کە لە نێو دەمیاندا ددانیان نییە، پەیوەندی و پەیوەستییەکی زۆری بە گیانەوەری تەمەڵەوە هەیە (بە ئینگلیزی: sloth)، لە ڕابردوودا و ملیۆنان ساڵ پێش ئێستا چەندین جۆری جیاواز لە مێروولە خۆر هەبووە، بەڵام لەناوچوون و لە ئێستادا تەنها چەند جۆرێکی دیاریکراوی هەیە، و لە دوو خێزانی سەرەکیدا پۆلێنکراون، نشینگەکەی چەندین وڵاتی جیاواز دەگرێتەوە، بە تایبەتی ناوچە جیاوازەکانی هەردوو کیشوەری ئەمریکای باکوور و باشوور، هەروەها گیانەوەرێکی کۆمەڵایەتی نییە و هەر تاکێکی بە جیا دەژی، تەنها بێچوو و دایکەکان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو پێکەوە دەمێننەوە، ئەم گیانەوەرە دڕندە نییە و هێرشناکات بۆ سەر مرۆڤەکان، بەڵام زیاد لە دۆخێک تۆمارکراوە کە تێیدا مێروولە خۆر هێرشی کردوەتە سەر مرۆڤەکان و برینداری کردون بە چنگە تیژەکانی، باوەڕ وایە کە هەموو هۆکارەکەش بۆ پاراستنی خۆی و نشینگەکەی بووبێت.

شێوەی دەرەوەی

تەواوی جەستەی مێروولە خۆر بە موو داپۆشراوە، سەر و چاوەکانی بچووکن و سەری شێوەیەکی باریکی هەیە، ڕەنگی مووەکانی نزیکە لە خۆلەمێشی و ڕەساسی، هەروەها بە درێژایی تەواوی جەستەی هێڵێکی سپی لە فەرووەکەیدایە، دەکرێت هێڵەکە لەسەر پشتی بێت یاخود لە تەنیشتەکانییەوە بێت، مێروولە خۆر کلکێکی ئەستووری درێژیشی هەیە کە بە مووی درێژ داپۆشراوە، بەڵام درێژییەکەی بە گوێرەی جۆرەکانی جیاوازە، هەروەها لە پەنجەی پێیەکانیدا چڕنوکی درێژ و تیژی هەیە، هەستەکانی بینین و بیستنی لاوازە بەڵام بۆنکردنی بەهێز و پەرەسەندووە، بە باوەڕی خەڵکی ئەو بەشە درێژبووەوەی کە لە سەریدایە لووتیەتی، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو بەشە شەویلگەیە و لووتی بەشێکی بچووکی ڕەشی شێدارە لە کۆتاییەکەیەوە کە هاوشێوەی لووتی سەگە، درێژی گەورەترین جۆری مێروولە خۆر لە لووتییەوە هەتا کلکی دەگاتە نزیکەی ٢ مەتر و کێشی لە نێوان ١٨-٤٥ کیلۆگرام دەبێت.  

خۆراک

هاوشێوەی ناوەکەی ئەم جۆرە مەمکدارە خۆراکی سەرەکی و پەسەندی مێروولەکانە، ئیتر مێروولەی ئاسایی بێت یاخود مێروولە سپییەکان بێت، بە سوود وەرگرتن لە هەستی بۆنکردنە بەهێز و پەرەسەندووەکەی دەتوانێت جێگە و ماڵی مێروولەکان بدۆزێتەوە،  دواتر بەهۆی چنگە درێژ و تیژەکانییەوە جێگەکە تێکدەدات، پاشان شێوازی خواردنی مێروولەکانیش لە ڕێگەی زمانییەوە دەبێت، زمانێکی درێژی هەیە کە دەگاتە نزیکەی ٦٠ سانتیمەتر، هەروەها بڕێکی زۆر لیکی پێوەیە و هاوشێوەی لەزگەیەک دەنوسێت بە مێروولەکانەوە، بە خێرایی مێروولەکان دەخاتە دەمییەوە و دەیانخوات بۆئەوەی ڕێگریبکات لە هێرشی بەکۆمەڵی مێرووەکان یاخود گەستن و پێوەدان، هەروەها ئەم گیانەوەرە لە توانایدا هەیە لە ڕۆژێکدا نزیکەی ٣٠ هەزار مێروولە بخوات، بۆ ئەمەش چەندین کۆمەڵگەی جیاوازی مێروولەکان دەشێوێنێت.  

یەکگرتن و زۆربوون

جێگەی زۆربوونی مێروولە خۆر دەکەوێتە هەریەک لە دارستانی باراناوی، دارستانە خولگەییە وشکەکان، لەوەڕگا سەوزەکان و ساڤانا، دوای یەکگرتنی نێرینە و مێینە پێگەیشتووەکان لە وەرزە دیاریکراوەکاندا، ماوەی سکپڕی مێینەکان شەش مانگ دەخایەنێت، پاشان هەرجارێک تەنها یەک بێچوو لەدایکدەبێت، بێچووەکە بۆ ماوەی چەندین مانگ شیری دایکەکە دەخوات، پاشان لە شیر دەبڕدرێتەوە، شێوەی بێچووەکان هاوشێوەی مێروولە خۆرە گەورە و پێگەیشتووەکانە و گۆڕانگاری و جیاوازی تەنها لە قەبارەکەیاندایە، لە ماوەی ساڵی یەکەمی تەمەنیدا زۆرینەی کاتەکانی لەسەر پشتی دایکیەتی، پاشان ساڵی دووەمیش لەگەڵ دایکیدا دەمێنێتەوە، یاخود هەتا ئەو کاتەی کە دیسانەوە دایکەکە سکپڕ دەبێتەوە ئەوا بێچووەکە لە دایکی دوور ناکەوێتەوە، واتە دوای ماوەیەکی زۆر بێچووەکان توانایان دەبێت کە پشت بە خۆیان ببەستن، ناوەندە ڕێژەی تەمەن بە گوێرەی جۆرەکان و بارودۆخەکان دەگۆڕێت، بەڵام گەورەترین جۆرەکان دەتوانن بۆماوەیەکی زۆر بژین کە دەگاتە نزیکەی ٢٥ ساڵ.

جۆرە سەرەکییەکانی

میروولە خۆر دابەشدەبێت بۆ چەند جۆرێک، سەرەکیترین چوار جۆری سەرەکییان بریتین لە ئەمانە:

  • مێروولە خۆری گەورە: یاخود پێی دەوترێت ورچی مێروولە، گەورەترین جۆری مێروولە خۆرە، درێژی و کێشێکی زۆری هەیە بە بەراورد بە جۆرەکانی دیکە، نشینگەکەی بریتییە لە ناوچەکانی باشووری بیلیز هەتا باکووری ئەرجەنتین، جەستەی بە مووی ڕەساسی دەورەدراوە و لەهەردوو تەنیشتیەوە لە ناوچەی شانەکانیدا هێڵی ڕەشی تێدایە، لێواری هێڵە ڕەشەکانیش هێڵێکی سپییە، لە ئەو ناوچانەی کە مرۆڤی تێدایە ئەوا ئەم جۆرە مێروولە خۆرە زۆرینەی چالاکییەکانی بە شەودا ئەنجام دەدات، جگە لە ئەمانەش یەکێکیتر لە تایبەتمەندییەکانی ئەوەیە کە دەتوانێت بە باشی مەلەبکات.
  • مێروولە خۆری ئاوریشمی: یاخود پێی دەوترێت مێروولە خۆری کورتەباڵا، لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری ئەمریکا دەژی، تاکە ئەندامی خێزانەکەیەتی کە لە ناونەچووە، هەروەها بچووکترین ئەندامیشە، کە درێژی و قەبارەیەکی بچووکی هەیە بە بەراورد بە هەموو جۆرەکانی دیکە، بینینی ئەم جۆرە تا ڕادەیەک قورس و ئەستەمە چونکە جێگەی مانەوەی لە نێو دارە بەرزەکاندایە لە دارستانەکاندا، بۆیە مەرج نییە دابەزێتە سەرزەوی بۆ خواردنی مێروولەکان، بەڵکو دەتوانێت ئەو جۆرە مێرووانەی کە لە جێگەی مانەوەیدا هەن بیانکات بە ژەمی خۆراکی.
  • مێروولە خۆری باکووری و مێروولە خۆری باشووری: هەردوو جۆرەکە قەبارەیان ناوەندە، ڕەنگیان نزیکە لە سپییەوە، هەروەها شێوەیان لە ورچی پاندا دەچێت، لە دارستانەکانی هێڵی کەمەرەیی و نیمچە کەمەرەیی دەژین، واتە پێویستیان بە ناوچەیەکە کە ئاو یاخود سەرچاوەی ئاوی لێبێت.


سەرچاوەکان



739 بینین