سۆران کوردستانی

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2022-04-03-17:54:00 - کۆدی بابەت: 8124
سۆران کوردستانی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بەهمەن فەریوەر ناسراو به سۆران کوردستانی یاخود دکتۆر سۆران کوردستانی ساڵی ١٣٣٤ـی کۆچی بەرامبەر به ١٩٥٥ـی زایینی له شاری هونەرپەروەری سنە چآوی بە دونیا هەڵهێناوە. سۆرانی کوردستانی نووسەر، شاعیر و مێژوونووسی کوردی ئێرانه.

ژیانی

سۆران کوردستانی دوای فام کردنەوه، له شارەکانی سنە، کرماشان، مەشهەد، ئەردەبیل، مەهاباد و ورمێ درێژەی به خوێندن داوه و ساڵی ١٣٥٥ـی کۆچی هەتاوی بەرامبەر به ١٩٧٥ـی زایینی له دەبیرستانی ژماره سێی خارەزمی تاران دیبلۆمی وەرگرت و پاشان دکتۆرای پزیشکی له زانکۆی تاران وەرگرت. هەر چەند کە دەیتوانی به شێوەیەکی ئازاد له زانستگایەکی ئاسایی درێژه به خوێندن بدا، بەڵام بەهۆی دەستەنگی له بۆرسییەی ئەڕتەش کەڵکی وەرگرتووه و دوای کۆتایی هێنان به خوێندن وەک پزیشکی ئەڕتەش وەرگیراوه و خەریکی کار بووه. هاوکات لەگەڵ درێژەدان به خوێندن له زانکۆدا بەهۆی پەیوەندی و هۆگری بە نووسینەوە لێکۆڵینەوەی خۆی له بەشی فەرهەنگی، مێژوو، ناسینی ئایینەکان، زمان ناسی، کۆمەڵناسی و فەرهەنگی نەتەوەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێکردووه و دوای ٣٩ ساڵ کاری بەردەوام نزیکهی هەزار وتاری نووسیوە. لەبەر ئەوەی زۆر له کاری پزیشکی ئەڕتەش دا دەوامی نەکردووه به هۆگەلێک که به دڵنیایی دەبێ له ژیاننامەی دا نووسیبێتی واز لەو کاره دێنێ و لەبەر ئەوەی ماوەی تەعەهود و مەرجی خزمەتی له کارەکەی دا بە سەرنەچووبوو بۆ هاتنه دەر لەو کاره غەرامە دەدات و بۆ یەکجاری دێته نێو مەیدانی فەرهەنگ و ئەدەبەوە. ماوەیەک له تاران دەبێت شوێنێک وەک مەکتەب دادەنێت و به کەڵک وەرگرتن گیایەکانی دەرمانی چەند جۆر دەمامکی جوان کاری ساز دەکا و لایەنگری زۆر دەبێ، بەڵام ئەو که هەوای گەڕانەوە بۆ نیشتیمان و به تایبەت خزمەت به فەرهەنگ و ئەدەبی وڵاتەکەی له دڵ دا بوو، دوای نووسینی کتێبی "ئیکسیری زیبایی" بەرەو سنە و پاشان بۆ مەهاباد و دوایه لەبەر تەنگ و چەڵەمەی ژیان ماڵی دێنێته ئاوایی گوێک تەپە و له ماڵی خەزووری نزیک دەبێتەوه. ساڵی ١٣٧١ بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک ماڵی دەباته ورمێ و بۆ یەکەم جار له زانستگای ورمێ ڕێ و ڕەسمی یادمانی ھەڵەبجە بەڕێوه دەبات و ڕاستەوخۆ هاوکاری خۆی لەگەڵ ناوەندی سەلاحەدینی ئەییوبی بۆ بەڕێوهبردنی چاپ و بڵاوکردنەوەی گۆڤاری سروه دەست پێدەکات و لەو دەرفەتەدا جگه له به چاپگەیاندنی چەند بەرهەمی خۆی، دوو دەوره کلاسی فێربوونی خوێندنەوە و نووسینی کوردی دادەنێت و تا ڕادەیەکی زۆر له کارەکەی دا سەرکەوتوو دەبێ.

له سەر داوای ئوستانداری وەخت بانگێشتی سنە دەکرێتەوه و ئیمکانی لێکۆڵینەوەی بۆ چەند بابەتی فەرهەنگی بۆ فەراهەم دەکرێت و تەنانەت گەڵاڵەی پێکهێنانی ئەنیستیتۆی کورد دادەڕێژێت، بەڵام لەبەر جیاوازیی بیروبۆچوون، لەوێش دەوام ناهێنێت و دەگەڕێتەوه گوێک تەپە. له ساڵی ٧٥ تا ٧٧ له وێ دەمێنێتەوه و پاشان ماڵی دەباته بۆکان و چوار ساڵ و نیو لەوێ نیشتەجێ دەبێت و لەو ماوەیەدا جگه له کاری گیادەرمانی، لێکۆڵینەوەیەکی بەربڵاو به ئەنجام دەگەیێنێت و سەرەنجام له ساڵی ١٣٨١ تا کۆتایی ژیانی له مەهاباد دەمێنێتەوه و بەر له هەموو شتێک هەوڵ دەدا به دانانی پێشانگا و پەیوەست بوون به ناوەندەکانی فەرهەنگی به تایبەت ڕادیۆی مەهاباد و ورمێ چەرخی ژیانی بخاته گەڕ و جێ دەستێک له بەرنامەکانی زانیاری و فەرهەنگی و ئەدەبیدا بکاتەوه. به شوێن ئەو ئاواته ئەرکی وەرگێڕان و وەرگێڕانیی چەند زنجیرە و فیلم لە ئەستۆ دەگرێت، بەڵام کاتێک دەبینێت به دەسکەوتی ئەو کاره کون و کەلەبەرەکانی ژیانی بۆ پڕ نابێتەوه، له زانستی خۆی له سەر گیایەکان کەڵک وەردەگرێ بۆ بەڕێچوون و دابین کردنی پێداویستییەکانی ژیانی خۆی و ماڵ و منداڵی پیشەی گیادەرمانی ڕەچاو دەکات و بۆ یەکەم جار مەکۆیەکی گیادەرمانی بۆ ئەو کاره دادەنێت. چەند جار له شارەکانی سنە و مەهاباد و بۆکان و سەردەشت پێشانگای کوردستان ناسی بەرپا دەکا.

له شیعرەکانی دوو شیعری لەلایەن دەنگ خۆشانی سنە بەڕێزان "هادی زەندسەلیمی" و "محەممەد ئەحمەدزاده" و "عومەر عەبدی" له نەغەدە کراونەته ئاواز و گۆرانی و بڵاوبوونەوه و شیعرەکانی "شارەکەم سنه" و "دایک" له دوایین بەرهەمەکانی شیعری ئەو خودا لێخۆشبووەن.

سۆران له دەورانی خوێندندا له ورمێ لەگەڵ محێدین ئیسماعیل پووری دانیشتووی مەهاباد هاوپۆل و دۆستایەتییان خۆش دەبێ و بەردەوامی ئەو دۆستایەتییه دەبێته هۆی زەماوەند و لەگەڵ خاتوو نازەنینی خوشکی. ئەو خاتوونه بەڕێزه به ڕەفتاری لێبوردانەی له ماوەی ژیانی هاوبەشی لەگەڵ سۆراندا ئەوپەڕی ڕووسوری له خۆی نواند و بوو به نموونەی ژنێکی بەوەفا.

بەرهەمەکانی

دوکتۆر سۆران دەیان وتاری چاپکراو و چاپنەکراو و له هەموویان گرینگتر فەرهەنگەکەی ١٠ بەرگی له دوای خۆی بەجێماوه.

لەو ئاسەوارانەی به چاپی گەیاندوون هەندێکیان له تیراژی زۆر و هەندێکیان له تیراژی کەم بڵاوبوونەوه وەک:

  • ڕێزمان
  • تەقویمی سۆران
  • کوردی فێربین
  • ئیکسیری زیبایی
  • ڕەساڵەی عیشق
  • چەپکێ نێرگس
  • دوو ڕشته یاقوت و مەرجان
  • خوا یارت بۆ
  • ڕۆڵە بزانین
  • فێرکردنی سەرەتایی زمانی کوردی (بۆ پۆلی یەکەم و دووەم)
  • مەنزوومەی کوردی "شاهۆ گیان سڵاو"
  • قەباڵه کۆنەکانی هەورامان
  • ژینەژان

کۆچی دوایی

دکتۆر سۆران کوردستانی کتوپڕ نەخۆشی شەکره تێیدا سەر هەڵدەدا. هەر چەندە به لێزانی خۆی و ڕێنمایی پزیشکان هەوڵی بەربەرەکانی لەگەڵ ئەو نەخۆشییه دەدا، بەڵام هەوڵ و پارێزی بێ سوود دەبێت و له کۆتایی پاییزی ساڵی ١٣٧٨ ناچار دەبن لاقی چەپی ببڕنەوە و لێرەوە دەورانی تاڵتر له پێشووی ژیانی دەست پێدەکات. لە لایەک چارەسەر نەبوونی شەکرەی خوێنی و لایەک وەزن و قورسایی لەش و سەرهەڵدانی برین و ئازاری نوێ، سۆران خاوەنی ڕووحێکی گەوره بوو. هەوڵی دەدا نەخۆشی له خۆی نیشان نەدات و له حاڵێک دا لەوپەڕی کێشانی ڕەنج و ئازاردا بوو، وای نیشان دەدا له هەموو کەس ساغتره و هەوڵی بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی کەسانی دیکه دەدا، بەڵام بەو هەموو خۆڕاگرییەوه شەکرەی خوێن دەستبەرداری نەبوو و له مانگی ئازاری ١٣٩١ گورچیلەکانی لەکارخست. کەوته بەر دیالیز و وردەورده ئەو نەخۆشییه شوێنی له سەر دڵی دانا و ڕۆژی ١٣٩١/١٢/٠٩ هەتاوی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شەهید مەدەنی تەورێز کرا و سێ ڕۆژ دواتر دڵیان خسته بەر نەشتەرگەری، سەرئەنجام له هەینی ١٣٩٢/٠١/٣٠ دڵی بریندار و پڕ له عەشق و ئاواتی بۆ هەمیشه له خورپه ڕاوەستا و خزم و کەسانی تەرمی بێ گیان و ئازار چێشتوویان هێناوه مەهاباد و هەر ئەو ڕۆژه هاوکات لەگەڵ بانگی ئێواره لەوپەڕی غەریبی دا له تەنیشت گۆڕی شاعیرێکی له خۆی غەریبتر قادر لوتفیانی له ئارامگای هونەرمەندان بە خاک سپێردرا.


سەرچاوەکان



373 بینین