زوبەیری کوڕی عەوام

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-04-09-15:07:00 - کۆدی بابەت: 8183
زوبەیری کوڕی عەوام

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و ژیانی

زوبەیری کوڕی عەوام (بە عەرەبی: زبیر بن العوام) هاوەڵی پێغەمبەر ﷺ و یەکێکە لەو دە کەسەی کە مژدەی بەهەشتیان پێدراوە و کوڕی پوری پێغەمبەر ﷺ بووە، هەروەها برازای خاتوو خەدیجەی کچی خوەیلد بووە، ناوی تەواوی زوبەیری کوڕی عەوامی کوڕی خوەیلدی ئەسەدی قوڕەشییە، هەر لە منداڵییەوە باوکی کوژراوە و لە مەککە بە هەتیوی گەورە بووە. لە تەمەنی لاوییەوە زوو باوەڕی بە ئیسلام هێناوە و هەندێک لە مێژوونووسان دەڵین لە تەمەنی 12 یان 16 ساڵییەوە موسڵمان بووە، لە پاش ئەبوبەکری سدیق چوارەم کەس بووە کە باوەڕی بە پێغەمبەر ﷺ هێناوە و لەسەردەستی ئەبوبەکر موسڵمان بووە، لە پاش ئاشکرا کردنی باوەڕەکەی لەلایەن مامێکی ئەشکەنجە و ئازاری زۆری چەشتووە، زوبەیر لەگەڵ 11 هاوەڵ لە پێنجەمین ساڵی بانگەوازیدا بەشداری یەکەمین کۆچی موسڵمانانی کردووە بۆ حەبەشە، لە حەبەشە زۆر نەماوەتەوە و گەڕاوەتەوە بۆ مەککە و هاوسەرگیری لەگەڵ "ئەسمای کچی ئەبوبەکری سدیق" کردووە و بەیەکەوە کۆچیان کردووە بۆ شاری مەدینە، لەوێ برایەتی لە نێوان زوبەیر و "کەعبی کوڕی زوهەیر" دروستکرا، لە مەدینە یەکەمین منداڵیان بووە بە ناوی "عەبدووڵڵا"، کوڕەکەی زوبەیر بووە یەکەم لەدایکبووی موسڵمانە کۆچەرییەکان لە شاری مەدینە و پەیامی خۆشی بەخشییە موسڵمانان.

گەورەیی و پێگەی زوبەیری کوڕی عەوام

زوبەیر یەکێکە لەو دە کەسەی کە مژدەی بەهەشتی پێدراوە، هەروەها لە بارەیەوە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (إِنَّ لِكُلِّ نَبِيٍّ حَوَارِيًا، وَحَوَارِيَّ الزُّبَيْرُ) واتا: "هەموو پێغەمبەرێک حەواریی خۆی هەیە حەواری منیش زوبەیرە"، (مەبەست لە حەواری بریتییە لە هاوڕێی نزیک یاخود پاڵپشت و سەرخەر و هاودەمی تاک)، هەروەها یەکەمین کەس بووە لە ئیسلامدا شمشێرەکەی بۆ پارێزگاریکردن لە پێغەمبەر ﷺ بەکارهێناوە.
زوبەیر بەشداری هەموو جەنگەکانی سەردەمی پێغەمبەر ﷺ کردووە و چونکە سوارچاکێکی لێهاتوو و بوێر بووە چەندان جار بریندار کراوە و شوێنەواری برینی زۆر بەسەر لەشێوە بەجێماوە، 
لە جەنگی "حه‌مراء الأسد" کە ڕاستەوخۆ لە پاش جەنگی ئوحود ڕوویدا، بێباوه‌ڕه‌كان له‌ سه‌ره‌تای جه‌نگه‌كه‌ی ئوحوده‌وه‌ تێكشكان، به‌ڵام كه بینیان موسڵمانه‌كان سه‌ر شاخه‌كه‌یان چۆڵكرد، خێرا گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌ریان و شكاندنیان و شکستیان بە موسڵمانان هێنا، پاش تێكشكاندنیان بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ته‌واوی زاڵ ببن به‌سه‌ریاندا ویستیان دوایان بكه‌ونەوە، ئه‌م هه‌واڵه‌ گەیشته‌ په‌یامبه‌ر، ئه‌ویش ده‌ستبه‌جێ له‌گه‌ڵ (70) كه‌سدا هه‌ر له‌وانه‌ی کە به‌شداری جه‌نگی ئوحودیان كردبوو، بە خێرایی له‌ مه‌دینه‌ ده‌رچوون و گه‌یشتنه‌ ناوچەی (حمراء الأسد) زوبەیر یەکێک بوو لەو کەسانەی کە لەگەڵ پەیامبەر بەشداری ئەو جەنگەی کرد، كه‌ بێباوه‌ڕه‌كان بەو هەواڵەیان زانی ترسیان لێ نیشت و هه‌ڵهاتن، بۆیە ئه‌م ئایه‌ته‌ له‌ ده‌سخۆشی ئیمانداره‌كاندا هاته‌ خواره‌وه‌ و خودای گەورە لە سوڕەتی آل عمران ئایەتی 172 فه‌رمووی: (الَّذِينَ اسْتَجَابُوا لِلَّهِ وَالرَّسُولِ مِنْ بَعْدِ مَا أَصَابَهُمُ الْقَرْحُ ۚ لِلَّذِينَ أَحْسَنُوا مِنْهُمْ وَاتَّقَوْا أَجْرٌ عَظِيمٌ).
واتای: ئه‌و هاوه‌ڵانه‌ كه‌ له‌ پاش بریندار بوونیشیان (له‌ ئوحود) وه‌ڵامی خودا و په‌یامبه‌ریان دایه‌وه‌، ئه‌وانه‌یان كه‌ ئاكاری چاكیان كرد و دوای په‌یامبه‌ر كه‌وتن له‌ (حمراءالأسد)، پارێزگاری سنووره‌كانی خودا بوون، ئەوان پاداشتێكی گه‌وره‌ و فراوانیان بۆ هه‌یه‌، هەروەها زوبەیر لە فەتحی مەککەیش بەشدار بووە  هەڵگری ئاڵا و درووشمەکان بووە.
لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەبوبەکر بەشداری جەنگی هەڵگەڕاوەکانی ئیسلامی کردووە، هەروەها لە جەنگی یەرمووک ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە و تێیدا بریندار کراوە، لە سەردەمی عومەری کوڕی خەتتاب لەگەڵ ئەو سوپایە بووە کە وەکوو پاڵپشتی نێردراون بۆ فەتحکرنی وڵاتی میسڕ، هەروەها زوبەیر یەکێک بووە لەو شەش کەسەی کە لەلایەن عومەری کوڕی خەتتابەوە دەستنیشان کراون تاکوو لە پاش کۆچی ئەو کەسێکی تر بۆ خەلافەتی ئیسلامی هەڵبژێرن. 

کۆچی دوایی 

لە دوای شەهیدکردنی عوسمانی کوڕی عەففان، زوبەیر چووەتە شاری بەسڕە و داوای ماف و توڵەسەندنەوەی شەهیدکردنی عوسمانی کوڕی عەففانی کرد، بەڵام لەلایەن "عەمڕی کوڕی جەرمووز" لە مانگی ڕەجەبی ساڵی 36ـی کۆچی لە تەمەنی 64 ساڵیدا لە کاتی نوێژکردندا شەهید کرا و پێغەمبەر ﷺ پێشبینی شەهیدکردنی زوبەیری کردووە و مژدەی جەهەننەمی بە بکوژەکەی داوە.


سەرچاوەکان



1136 بینین