هۆکاری وشکی پێست و چارەسەر

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-11-22:05:00 - کۆدی بابەت: 8214
هۆکاری وشکی پێست و چارەسەر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

وشکبوونەوەی پێست حاڵەتێکی نائاسوودەکەرە، کە نیشانەکانی بریتیین لە زبربوون و خوران و ڕووشانی پێست، دەکرێت ئەم حاڵەتە چەندین هۆکاری جیاوازی هەبێت، زۆربەی خەڵکی بەشێوەیەکی بۆ ماوەیی پێستیان چەورە، بەڵام دەکرێت ئەو کەسانەشی کە خاوەنی پێستێکی چەورن لە هەندێک کاتدا ئەزموونی وشکبوونەوە پێستیان بکەن.
وشکبوونەوەی پێست دەتوانێت کاریگەری لەسەر هەر بەشێکی لەشت هەبێت، بەڵام بەشێوەیەکی باو کاردەکاتە سەر دەست و باڵ و قاچەکان. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا گۆڕینی شێوازی ژیان و بەکارهێنانی کرێمی شێدارکەرەوە دەکرێت چارەسەری ئەم دۆخە بکەن، ئەگەر ئەو چارەسەران سوودیان نەبوو ئەوا دەبێت سەردانی پزیشک بکرێت.

نەخۆشییەکانی پێستی وشک

بەرکەوتن لەگەڵ هەوای وشک، ئاوی گەرم و هەندێک ماددەی کیمیایی دەکرێت ببێتەهۆی وشکبوونەوەی پێست، زۆر وشکبوونەوەی پێست دەتوانێت ببێتەهۆی کێشەی تەندروستی وەک هەوکردنی پێست، چەندین جۆری هەوکردنی پێست هەن وەک:

هەوکردن بە بەرکەوتن

  • هەوکردن بە بەرکەوتن کاتێک ڕوودەدات کە پێستی کەسەکە بەرکەوتنی دەبێت لەگەڵ ماددەیەکدا و دەبێتە هۆی هەوکردنی ناوچەیی 
  • هەوکردنی سووتێنەر بە بەرکەوتن کاتێک ڕوودەدات کە پێستی کەسەکە بەرکەوتنی لەگەڵ ماددەیەکی کیمیایی سووتێنەری وەک سپیکەرەوە هەبێت.
  • هەوکردنی هەستیاری بە بەرکەوتن کاتێک ڕوودەدات کە پێستی کەسەکە بەرکەوتنی لەگەڵ ماددەیەکدا دەبێت کە هەستیاری هەبێت بەرانبەری، وەک نیکڵ.

هەوکردنی چەورییە ڕژێنەکانی پێست

هەوکردنی چەورییە ڕژێنەکانی پێست کاتێک ڕوودەدات کە پێستی کەسی تووشبوو ڕێژەیەکی زۆر لە چەوری بەرهەمدەهێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی پەڵەی سووری توێژاڵدار، بەتایبەت لەسەردا، ئەم جۆرەی هەوکردنی پێست زیاتر لە منداڵی تازە لەدایکبوودا باوە.

ئەگزیما

ئەگزیما حاڵەتێکی توندی هەوکردنی پێستە کە دەبێتەهۆی هەڵدانی پێستی وشک و برین لەسەر پێست، ئەم حاڵەتە لە منداڵاندا زیاتر باوە.

حاڵەتی تری وەک نەخۆشی سەدەف و شەکرەی جۆری ٢ دەکرێت ببنەهۆی وشکبوونەوەی پێست.

ئایا وشکی پێست ئاساییە؟

بەڵی وشکی پێست ئەگەر حاڵەتەکەی توند نەبێت ئاساییە، چونکە تاکوو تەمەنی مرۆڤ زیاد بکات پێستی زیاتر وشک دەبێتەوە، لە نزیکی تەمەنی ٦٠ ساڵیدا بە نزیکەیی هەموو کەسێک ئەزموونی وشکبوونەوەی پێستی دەکات.

هۆکارەکان

وشکی پێست کاتێک ڕوودەدات کە پێست بەشێوەیەکی خێرا ئاو لەدەست دەدات، بەم شێوەیەش تووشی کەمی شێداری دەبێت، ئەم چەند هۆکارەی خوارەوە مەترسی لەدەستدانی ئاو لەلایەن پێستەوە زیاد دەکەن.

ئەو هۆکارانەی مەترسی وشکبوونی پێست زیاد دەکەن

پێستی وشک دەکرێت کار لە هەموو کەسێک بکات، بەڵام هۆکارە مەترسیدارەکان هەلی وشکبوونەوەی پێست زیاتر دەکەن، وەک:

  • تەمەن: کەسانی پێگەیشتووی بەتەمەن ئەگەری تووشبوونیان بە پێستی وشک زیاد دەکات، بە زیادبوونی تەمەن بەشێوەیەکی سروشتی کونیلەکانی پێست چەوری کەمتر دەردەدەن، کە ئەمەش مەترسی تووشبوون بە پێستی وشک زیاد دەکات.
  • مێژووی پزیشکی: ئەو کەسانەی کە لە خێزانەکەیاندا مێژووی هەر حاڵەتێکی هەوکردنی هەستیاریی بە بەرکەوتن یان ئەگزیما یان هەر نەخۆشییەکی تری هەستیاری بوونی هەبێت، ئەگەری تووشبوونیان بە وشکبوونەوەی پێست زیاترە.
  • وەرز: وشكبوونەوەی پێست لە مانگەکانی باران بارین و زستاندا زیاتر باوە، چونکە ڕێژەی شێ نزمە، لە وەرزی هاویندا ڕێژەی بەرزی شێ یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی وشکبوونەوەی پێست. 
  • زۆر گەرماوکردن: خۆشۆردنی زۆر بە ئاوی زۆر گەرم مەترسی تووشبوون بە پێستی وشک زیاد دەکات.

حاڵەتی توندی وشکبوونەوەی پێست

لە کاتێکدا کە هەندێک کەس بەشێوەیەکی باو پێستیان وشک دەبێتەوە، بەڵآم هەندێک کەس بەشێوەیەکی توند ئەزموونی وشكبووەنەوەی پێست دەکەن، ئەمەش دەکرێت وا لە پێستت بکات لە حاڵەتی ئاسایی زیاتر تووشی توێژاڵبوون و کزانەوە و سووربوونەوەی ببێت، هەروەها چارەسەرکردنی قورس بێت.

هۆکاری وشکبوونەوەی توندی پێست

  • دەرمان
  • تەمەن
  • کەمیی ڤیتامین
  • نەخۆشی شەکرە، غودە یان نەخۆشییەکانی گورچیلە
  • چارەسەری کیمیایی
  • نەمانی ئارەزووی خۆراک
  • تێکچوونی چینی دەرەی پێست

نیشانەکان

چەند نیشانەکی کەمی وشکبوونەوەی پێست هەن کە نیشانەن بۆ وەرگرتنی چارەسەر و گۆڕینی شێوازی ژیان، وەک:

  • دەرکەوتەی زبری پێست
  • زۆر خورانی پێست
  • برین
  • سووتانەوەی پێست
  • هەڵدانی پێست

دەکرێت پێستی وشک ببێتە هۆی دروستبوونی زیپکە؟

لە کاتێکدا هەندێک کەس وایدادەنێن کە تەنها پێستی چەور تووشی دروستبوونی زیپکە دەبێت، بەڵام ئەم بۆچوونە هەڵەیە، دەکرێت پێستی وشکیش زیپکە بکات.
بۆ دووربوون لە وشکبوونەوەی پێست و زیپکە، ڕۆژانە ڕووخسارت بشۆ و ڕۆژی دووجار شێدارکەوەرە بەکاربهێنە، هەروەها دووربە لە ماددە کیمیاییەکانی وەک کحول کە زیاتر پێست وشک دەکەنەوە.

چارەسەر

چارەسەری پزیشکی پێستی وشک پشت دەبەستێت بە جۆر و هۆکاری حاڵەتەکە، لە زۆربەی دۆخدا پێشنیازی گۆڕینی شێوازی ژیان و بەکارهێنانی شێدارکەرەوەی گونجاو بۆ چارەسەری حاڵەتەکەت دەکات.

ڕێگریکردن

چەند گۆڕانکارییەکی سادە لە شێوازی ژیاندا هەندێکجار دەتوانێت یارمەتیدەربێت لە ڕێگیکردن لە وشکبوونەوەی پێست و کەم کردنەوەی نیشانەکانی، گۆڕانکارییەکان وەک:

  • دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی ئاوی گەرم لە گەرماو یان شۆردنی دەست و ڕووخساردا
  • رۆژی نا ڕۆژێک خۆت بشۆ نەک هەموو ڕۆژێک
  • هەوڵبدە خۆشۆردنت لە ١٥ خولەک زیاتر نەخایەنێت
  • دەتوانێت سابوونی شێدارکەرەوە بەکاربهێنیت
  • ڕاستەوخۆ دوای گەرماو یان شۆردنی ڕووخسار شێدارکەرەوە بەکاربهێنە
  • ڕووخسارت مەسڕە بەڵکوو کلێنسێکی ساف بخەرە سەری تاکوو خۆی ڕووخسارت وشک دەکاتەوە
  • دووربە لە خوراندن و ڕووشاندنی پێستت
  • دەتوانیت لە ماڵەوە ئامێری شێ بەکاربهێنیت

گرنگە کە شێدارکەرەوەی گونجاو بۆ پێستت بەکاربهێنیت، ئەگەر پێستت زۆر وشک دەبێتەوە، بۆ ئەو شێدارکەرەوانە بگەڕێ کە بنچینەیان پێترۆڵیەمە.
دەتوانیت لە مانگەکانی هاویندا شێدارکەرەوەیەکی سووکتری وەک لەوشنی بنچینە ئاو بەکاربهێنیت.


سەرچاوەکان



2900 بینین