سەعید عیبادەتیان 

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-12-22:50:00 - کۆدی بابەت: 8228
سەعید عیبادەتیان 

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سەعید عیبادەتیان ناسراو بە بانان شاعیرێکی کوردە و لە پێشەنگی شاعیرانی کوردە، لە ساڵی ١٩٦٣ لە گیەڵان، پارێزگای کرماشان لەدایکبووە.

ژیاننامە

سەعید عیبادەتیان لە منداڵییەوە بەھۆی خاڵەکانی کە شمشاڵژەن بوون، لەگەڵ ھونەر ئاشنابووە، ھەر لەو تەمەنەشەوە بەھۆی چیرۆکە کوردییەکانی کە باوکی بۆی دەگێڕایەوە ھۆگری وێژە بووە. ساڵی ١٩٧١ لە قوتابخانەی (مێھرەگان) دەستی بە خوێندن کردووە. دواتر عیبادەتیان وەک کاربەدەستی فەرمانگەی کاروباری ئێڵات لە گیەڵان دامەزراوە و بەھۆی ئەوەی کە کەسێکی زیرەک بووە، زۆر لە بواری کار و پیشەکەیدا سەرکەوتوو بووە. لە ناوەندی جەنگی ئێران و عێراق لەگەڵ خاتوونێکی دراوسێی خۆیان ژیانی ھاوسەرگیری پێک ھێناوە و خاوەنی چوار کچە بە ناوەکانی: مریەم، مەھتاب، ئاسۆ و غەزەل.

هۆنراوە

سەعید عیبادەتیان بە یارمەتی مامۆستایەکی خۆی لەگەڵ زۆرێک لە نووسەران و شاعیرانی کورد و فارس ئاشنابووە، لە تەمەنی دوازدە ساڵیشیدا یەکەم ھەڵبەستی خۆی بە ناوەکانی (شەوان خەوە دۆنم، خەو جی، خەو ڕاھەتی، خەو نان، خەو ئازادی گشتمان) ھۆنیوەتەوە. بانان لە بواری کلاسیکدا بەتایبەت (غەزەل) زۆر سەرکەوتووە و جگە لەوەش بە هۆنراوە نوێیەکانیشی توانیویەتی لە باشووری ڕۆژھەڵاتی کوردستان کاریگەر بێ. بەگشتی عیبادەتیان یەکێک لەو کەسانەیە کە لە بووژانەوەی زمانی کوردی لەو ناوچەیەدا ڕۆڵی سەرەکی ھەبووە، بەشێوەیەک کە دوای ئەو شەپولێکی زێڕینی هۆنراوە و چیرۆک لە کرماشان و ئیلام سەری ھەڵداوە. بەشێک لە ھۆنراوەکانی بانان لەلایەن گۆرانیبێژەکانەوە کراونەتە گۆرانی، تاکوو ئێستاش ھیچ یەک لە بەرھەمەکانی بۆ زمانەکانی تر وەرنەگێڕدراون.

بەرھەمەکان

چاپکراوەکان

  • وا درەو کەن دەسەیل م (چاپەمەنیی دیباچە)
  • ئەوریشم زامەگان (چاپەمەنیی دیباچە)
  • ساڵەیل لە کیس چێ
  • ھە لە لام بود گومد کردم
  • شار شەکەت
  • خاڵێگ و شوون سێ زام (وەرگێڕانی بەشێک لە شیعرەکانی فێدێریکۆ گارسیا لۆرکا بۆ کوردی - چاپەمەنیی باشوور)

ئەلبومەکان

  • مەیلەم وە جی
  • تەنیا داخە ک ئاخ کیشێ
  • ژەنیار شەو
  • داخ دەوران

نموونەی هۆنراوە

ھەزار قەێران باێدە توشم
ھەر کوردم و کوردی ئوشم
من و تۆ کوردیمن کورد خوەمانی
جیامانەو نیەکەێ کەس وە ئاسانی
یە بزان فەرقمان ناو شارەگانە
تۆ کورد سنەیدن من کرماشانی
چەنێ باڵاد ڕەنگینە و خوەد نیەزانی
چەنێ شێوەد شیرینە و خوەد نیەزانی
ت وە دەس کەس نەکوشتیدە چەوەیل مەس
بژانگد ھا وە خۊینە و خوەد نیەزانی


سەرچاوەکان



542 بینین