ئیمانوێل ماکرۆن 

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-04-16-02:00:00 - کۆدی بابەت: 8269
ئیمانوێل ماکرۆن 

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

ئیمانوێل ماکرۆن (بە ئینگلیزی: Emmanuel Macron، بە عەرەبی: إيمانويل ماكرون) لە ٢١ ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٧٧ لە شاری ئامیان لە فەڕەنسا لەدایکبووە، خاوەن بانک و سیاسەتمەدارێکی فەڕەنسی بوو کە لە ساڵی ٢۰١٧ لە تەمەنی ٣٩ ساڵیدا بە ٢٥ـەمین سەرۆکی فەڕەنسا هەڵبژێردرا. ئیمانوێل یەکەم کەس بوو لە مێژووی کۆماری پێنجەمدا بەبێ پشتگیری سۆشیالیستەکان و گۆلیزمەکان سەرکەوتوو بێت، گەنجترین سەرۆکی فەڕەنسا بوو لە پاش ناپلیۆن پۆناپارت.

ژیانی تایبەتی 

ماکرۆن گەورەترینی سێ خوشک و برا بوو لە دایک و باوکێکی پزیشک لەدایک بوو باوکی بە ناوی (ژان میشێڵ ماکرۆن) کە پزیشکی دەمار بوو دایکی بە ناوی (فرانسوا ماکرۆن) کە پزیشکی منداڵان بوو برا و خوشکە بچوکەکەی بەردەوام بوون لە نەریتی خێزانی و بوون بە پزیشک تەنها ماکرۆن نەبێت، لە ڕووی سیاسییەوە بۆچوونی ئازادیان هەبوو، لە ئامیان خوێندنگەی ناوەندی تەواو کرد لە سەرەتاوە سەلماندی کە خوێندکارێکی بەهرەدارە و لەوێ پەیوەندی لەگەڵ مامۆستای شانۆکەی بریغجیت پێکهێنا کە ٢٤ ساڵ لە ماکرۆن گەورەترە و پاشان لە ساڵی ٢۰۰٧ هاوسەرگیریان کرد و ماکرۆن لە ڕۆژی ئاهەنگەکەیان وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا سوپاسی خێزان و دۆستانی کرد کە بە درێژایی پەیوەندییەکەیان پشتگیریان کردوون و پەیوەندییەکەیان قبوڵ کردووە، لە سەرەتاوە بڕیاریان داوە کە وەچە نەخەنەوە بۆیە خاوەنی هیچ منداڵێک نین. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە خوێندنگەی لیسی هێنری چوارەم لە پاریس وەرگرتووە پێش ئەوەی لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و پەیوەندییە گشتییەکان بخوێنێت، هەروەها وەکو یاریدەری سەروتار بۆ فەیلەسووف و مێژووناس (پاوڵ ڕیکۆر) کاری کردووە.

ماکرۆن لە ساڵی ٢۰۰١ بڕوانامەی ماستەری لە سیاسەت وەرگرتووە، هەروەها بڕوانامەی ماستەری لە فەلسەفە لە پاریس وەرگرتووە. لە ساڵی ٢۰۰٤ لە خوێندنگەی بەڕێوبەرایەتی نیشتیمانی توانی بە پلەیەکی بەرز دەربچێت، هەروەها سەرۆکەکانی فەڕەنسا (ڤالێری گیسکارد دێ ئێستەنیگ) و (ژاک شیراک) و (فرانسوا ژێرارد) دەرچووی هەمان خوێندنگەن کە تایبەتە بەو کەسانەی دەچنە نێو کاروباری فەرمی و دەوڵەتەوە.

دەستپێکردنی سیاسەت 

ماکرۆن لە ساڵی ٢۰۰٤ دەستی بە پیشەی خزمەتگوزاری گشتی کرد و وەک پشکنەری دارایی کاری بۆ وەزارەتی ئابووری و دارایی کرد. دوای چوار ساڵ گرێبەستی حکوومەتی بە نزیکەی ٧۰٫٠٠٠ دۆلاری ئەمریکی کڕی بۆ چوونە نێو کەرتی تایبەت، هاوڕێکانی لەو جووڵەیە ئاگاداریان کردەوە کە دەکرێت داهاتوی دەسەڵاتی سیاسیی بخاتە مەترسییەوە، لە ئەیلوولی ساڵی ٢۰۰٨ چووە پاڵ ڕۆسچایڵد و سی بانک بووە بانکدارێکی وەبەرهێنان. ماکرۆن بەخێرایی لە کۆمپانیاکەدا پێشڕەوی کرد، لە ساڵی ٢۰١٢ بەبازاڕکردنی بۆ کۆمپانیای نێسڵێیە کرد و بە بڕی ١٢ بلیۆن دۆلاری ئەمریکی شیری منداڵانی دابەشکرد، بە پێی ڕاپۆرتەکان ماکرۆن نزیکەی ٣.٨ ملیۆن دۆلاری بۆ ڕۆڵی لە ڕێکەوتنەکەدا بەدەست هێناوە. کاتێک هێشتا لە ڕۆسچایڵد کاری دەکرد لە پێش هەڵبژاردنی ساڵی ٢۰١٢ دەستی کرد بە کارکردن لەگەڵ هۆلاند و هەڵمەتی بۆ پارتی سۆشیالیست و پاڵاوتنی هۆلاند. پاش ئەوەی هۆلاند پۆستی سەرۆکایەتی وەرگرت ماکرۆن وەک جێگری سەرۆک و ڕاوێژکاری ئابووری بەژداری بەڕێوبەرایەتیەکەی کرد و لە کۆبونەوە نێودەوڵەتیەکاندا بەژداری کرد، پاشان لە ساڵی ٢۰١٤ بەرز کرایەوە بۆ وەزیری دارایی. 

پڕۆژەیەکی چاکسازی بەرز کردەوە کە بە یاسای ماکرۆن ناسراوە بۆ هەوڵدان بۆ بوژاندنەوەی ئابووریی فەڕەنسا، بەڵام چاکسازییەکە ناڕەزاییەکی لە بەشێکی حیزبی سۆشیالیستەوە دروستکرد، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢۰١٥ سەرۆک وەزیران (مانوێل ڤالس) ناچارکرا سکاڵا بکات و داوای ماددەی ٤٩ ی دەستووری فەڕەنسا بکات، کە تێیدا هاتووە بە دەگمەن ڕێگە بە پڕۆژەیەک دەدرێت بە بێ ڕەزامەندی پەرلەمان و دەنگدانی باوەڕپێکراو پەسەند بکرێت. یاسای ماکرۆن دەرکرا و سەرکەوتوو بوو لە ئەنجامدا دەست بە چاکسازییەکان کران و سنووردارکردن لەسەر بەڕێوبردنی بازرگانی لە یەکشەمماندا شلکرا و هەندێک پیشەیان کەمکردەوە، بەڵام بازاڕی کار تا ڕادەیەکی زۆر دەستی لێ نەدرا و کاری ٣٥ کاتژمێری فەڕەنسا بە نالەباری مایەوە و پاشان دۆخەکە ئاسایی بوویەوە.

بەرزبوونەوە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی 

لە ئەنجامی نزمبوونەوەی ئابووریی فەڕەنسا و قەیرانی بەردەوامی کۆچبەرانی ئەورووپا ناڕەزایی لەسەر هۆلاند لێکەوتەوە، ئەو دوو هۆکارە بووە هۆی ناڕەزای (مارین لو پێن) و پارتە ناسیونالیستە دژە کۆچبەرەکانی بەرەی نیشتیمانی، ماکرۆن لە کاتێکدا هێشتا لە بەڕێوبەرایەتییەکەی خزمەتی دەکرد دەستی بە خۆدوورخستنەوە لە هۆلاند کرد، بەڵام هێرشە ترسناکە تیرۆریستییەکەی پاریس کە لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢۰١٥ بووە هۆی دوور کەوتنەوەی لە پارتی سۆشیالیستی، لە نیسانی ساڵی ٢۰١٦ ماکرۆن بزوتنەوەیەکی ڕاگەیاند بە ناوی ئۆن ماغش (بەرەو پێشەوە) بزووتنەوەیەکی جەماوەری کە بە شۆڕشێکی دیموکراتی لە دژی سیستمێکی سیاسی.

لە ١٦ ی ئابی ساڵی ٢۰١٦ ماکرۆن بە فەرمی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید کرد، لە یەکەم خولی هەڵبژاردن کە لە ٢٣ ی نیسانی ساڵی ٢۰١٧ ئەنجامدرا ماکرۆن لە ١١ کاندید لە ٢٤٪ ی دەنگەکانی بەدەست هێنا و (مارین لو پێن) دووەم بو بە ٢١٪ ی دەنگەکان، بۆ یەکەمجار لە مێژووی کۆماری پێنجەم هیچ کام لە دوو حیزبه سەرەکیەکەی فەڕەنسا نوێنەرایەتیان نەکرد، لە خولی دووەمدا کە لە ٧ـی ئایاری ساڵی ٢۰١٧ بەڕێوەچوو ماکرۆن دوو بەش لە سێ بەشی دەنگەکانی بەدەستهێنا، لە تەمەنی ٣٩ ساڵی بووە گەنجترین سەرۆکی فەڕەنسا. ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا ٧٤٪ ی تێپەڕاند، بەوەش بەبەراورد بە خولی یەکەمی هەڵبژاردن ئاستی بەشداری کەمتر بووە، تەنانەت لە ساڵی ١٩٦٩ـوە هیچ هەڵبژاردنێکی سەرۆکایەتی لە فەرەنسا ڕێژەی بەشداریکردنی هێندە کەم نەبووە. لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان (مارین لو پێن) وتەیەکی پێشکەش کرد و دانی بە شکستی لە هەڵبژاردنەکەدا نا، هاوکات پیرۆزبایی لە ماکرۆنی ڕکابەری کرد.

کاتێک هەڵبژاردنی یاسادانان لە حوزەیرانی ساڵی ٢۰١٧ ئەنجامدرا حیزبی ئۆن ماغش (بەرەو پێشەوە) ـی ماکرۆن سەرکەوتنی مەزنی بەدەست هێنا و لە کۆی ٥٧٧ کورسی زیاتر لە ٣۰٨ کورسی لە ئەنجومەنی نیشتیمانی بەدەست هێنا. ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێتە هۆی گرژبوونی ئابووریی فەڕەنسا، فەڕەنسا بازرگانی ناوخۆی ڕاگرت و گەشتی سنووردارکرد بەڵام وڵاتەکە بەخێرای گەشەی سەندەوە، سەڕەڕای ئەو بارودۆخە ناهەموارە ڕێژەی پەسەندکردنی ماکرۆن لەلایەن گەلەوە ٤٠٪ بوو هەرچەندە ناڕەزاییەکی زۆری پارتەکەی (مارین لو پێن) هەبوو دژی ماکرۆن، ژمارەی دەنگدەران و پشتگیرانی لە دەنگدانی ساڵی ٢۰٢١ دا ڕەنگی دایەوە. لە دەنگدانی خولی یەکەمی ١۰ ی نیسانی ساڵی ٢۰٢٢ ماکرۆن توانی لە کۆی ١٢ کاندید بۆ جارێکی تر یەکەم بێت و ٢٧.٦٪ـی دەنگەکان بەدەست بهێنێت کە کۆی دەنگدەرانی ٩ بۆ ١۰ ملیۆن کەس بووە (مارین لو پێن) توانی ٢٣.٤١٪ـی دەنگەکان بەدەست بهێنێت و دووەم بێت.


سەرچاوەکان



462 بینین