ئەحمەدئاوا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-04-20-14:13:00 - کۆدی بابەت: 8334
ئەحمەدئاوا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەحمەدئاوا (بە ئینگلیزی: Ahmadawa) گوندێکی ناحیەی خورماڵە لە پارێزگای هەڵەبجەی باشووری کوردستان. یەکێکە لە گوندەکانی هەورامانی باشووری کوردستان لە دامێنی چیای بابازەردەڵە و چیا سەرکەشەکانی هەوراماندا هەڵکەوتووە. گوندەکە نزیکی ٢٠٠ ماڵی تێدایە (١,١٥٠ کەس) و بە شێوەزاری هەورامی قسەدەکەن. خەڵگی گوندی ئەحمەدئاوا سەر بە ئایینی ئیسلامن و شوێنەکە دوو مزگەوت لەخۆی دەگرێت، خاوەنی دوو قوتابخانەیە و بنکەیەکی تەندروستیشی تێدا هەیە.

شوێنی جوگرافی

ئەحمەدئاوا لە باکوورەوە لەگەڵ گوندی زەڵم، لە باشوورەوە لەگەڵ گوندی ئاوایی ڕۆستەم بەگ، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی سەرگەت و لە ڕۆژاواوە لەگەڵ ناحیەی خورماڵ هاوسنوورە. دەکەوێتە ٧٨ کم خۆرهەڵاتی سلێمانی و ١٨ کم باکووری قەزای هەڵەبجە و ٢٬٥ کم خۆرهەڵاتی ناحیەی خورماڵەوە. چواردەوری ئەحمەدئاوا بە زنجیرەچیایەک دەوردراوە کە بریتیین لە (بابا زەردەڵە و گردە و نەیجەکۆڵە و سێداران لە ڕۆژهەڵاتیەوە و دەرەسولان لە باشووریەوە و ملەی قۆنەرە لە باکوورەوە).

گەشتوگوزار

خاوەنی یەکێک لە بەناوبانگترین سەیرانگاکانی کوردستان و عێراقە بەناوی (سەیرانگای ئەحمەدئاوا) کە ساڵانە بە هەزاران کەس لە سەرانسەری عێراق و تەواوی ناوچەکانی کوردستان و گەشتیاری بیانی ڕووی تێدەکەن بەهۆی بوونی ئاوێکی سازگار و بوونی ڕێژەیەکی یەکجار زۆری سەوزایی و باخات و سرووشتی شاخاوی جوانی ناچەکەوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی خزمەتکردنی ناوچەکەو ئاسانکاری بۆ ئەو گەشتیارانەی کە ڕوو لەم سەیرانگا بەناوبانگە دەکەن، گوندێکی گەشتیاری بەناوی (کابینەی گەشتیاری ئەحمەدئاوا) لەناو گوندی ئەحمەدئاوادا درووست کردووە بە مەبەستی مانەوەی شەوانەی گەشتیاران کە گەشتیاران دەتوانن بە شێوەی بە کرێ گرتن سوودیان لێ ببینن. سەرچاوەی زەڵم لە هاوینە هاواری ئەحمدئاوا یەكێكە لە گرنگترین شوێنە گەشت و گوزاریەكانی هەرێم.

مێژوو

مێژووی بنیاتنانی گوندی ئەحمەدئاوا بۆ دەوروبەری ساڵانی (1865)ی زایینی دەگەڕێتەوە، كە حاجی شێخ ئەحمەد شەمسەدینی نەقشبەندی كوڕی شێخ عوسمان سیڕاجەددینی تەوێڵە، ئاوەدانی كردووەتەوە. هەر بەم هۆیەشەوە بە (ئەحمەدئاوا) ناوی دەركردووە. بوونی گۆڕستانی (عەبووشەمامان) و تەنانەت ناودێی ئێستا كە زۆرینەی گۆڕی لەمێژینەیە و ئەگەر خاكەكەی هەڵدەیتەوە پڕ لەئێسك‌وپروسكی كۆنە، سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن و كۆنی و دێرینی ئەم ئاواییە دەسەلمێنن وە تەواوی گۆڕەكانیش ڕوو بەقیبلەن و گومان ناهێڵنەوە كە دانیشتوانی مسوڵماننشینی سەردەمی ئیسلامن.


سەرچاوەکان



500 بینین