عەشیرەتی خۆشناو

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-04-28-05:31:00 - کۆدی بابەت: 8414
عەشیرەتی خۆشناو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خۆشناو (بە ئینگلیزی: Khoshnaw، بە عەرەبی: خوشناو) هۆزێکی گەورەی کوردستانە، کە بەزۆری لە پارێزگای هەولێر نیشتەجێن. ناوچەی خۆشناوان «خۆشناوەتی» لە شارۆچکەی شەقڵاوە دەست پێدەکات تا ناوچەی بێتواتە و نزیک ڕەواندوز. ئەم هۆزە بۆ چەندین تیرە دابەش بووە. خۆشناوەکان زۆرینە موسڵمانن و هەندێکیشیان کریستیانن کە زۆرینەیان لە شەقڵاوە و عەنکاوە و کۆیە نیشتەجێن. بەپێی سەرژمێرییەکی ساڵی ١٩٢٣ ژمارەی دانیشتوانیان لەنێوان ٧٥٠٠٠ بۆ ١٢٥٠٠٠ کەس بووە. خۆشناوەکان بەهۆی خووگرییان بە زانست و ئایین چەندەها پسپۆر و زانای جۆربەجۆریان لێ هەڵکەوتووە.

مێژوو

مێژووەکەیان بۆ چەندین سەدە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، هەندێک لە سەرچاوەکانی عەشیرەتەکە دەڵێن مێژووەکەیان بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە. بەپێی بۆچوونی تریش مێژووەکەیان بۆ ٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەڵام بۆچوونی تر هەیە کە دەڵێت میژووەکەیان بۆ نزیکەی سێ سەدە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە کە ئەویش دوای ڕووخانی میرنشینی ئەردەڵان بووە کە ئەو هۆزە لە باشووری کوردستان جێگیر بوون و پێگەیان بەهێز بووە. میری ئەو میرنشینە کە (ئەمبێزخان) دەبێت بەرەو ناوچەکانی باشووری کوردستان دێت و لە ناوچەی خۆشناوەتی و لە گوندی هەرمک دەگیرسێت، سێ‌ کوڕی هەبووە ئەوانیش (میر مەحمەل) و (پشتگەری) و (میر یوسف)ـن، لەدواییدا ئەمبێزخان لەسەر کێشەی ئاودێری (میر شەرک)ـی سەرداری ناوچەکە دەکوژێت و دەچێتە سەر خانووی ئاغا و دەڵێت (سەردەمی میر شەرک کۆتایی هات و ئێستا سەردەمی ئەمبێزخانی ئەردەڵانییە) دواتر دەبێتە حوکمڕانی ناوچەی خۆشناوەتی، بەڵام ئەگەر هەیە دروستبوونیان وەکو هۆز بۆ پێش ئەو مێژووەش بگەڕێتەوە.

جوگرافیا

محەمەد جەمال توتمەییی نووسەر ئاماژە بەوە دەکات کە ناوچەی خۆشناوەتی بەهۆی فراوانییەکەی شوێنەکەی دابەش بووە بەسەر هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی و ناوچەی چەندین هۆزی باشووری کوردستانیش دراوسێیەتیان لەگەڵ ناوچەی خۆشناوەتی هەیە، هەروەک چەندین دۆڵ لەخۆدەگرێت وەکو دۆڵەکانی (عەلیاوە، قەڵاسنج، سماقوڵی، هیران، کۆرێ‌، بالیسان و مەلەکان). هەروەها نزیکەی 160 بۆ 200 گوند لەخۆدەگرێت و چیاکانی ناوچەکەشی بریتین لە چیاکانی (سەفین، ماکۆک، شۆپها، هەورێ‌، خەتێ‌، کڵاو قاسم، شاخی سوور، بنەباوی، سۆرک، شیلانە و پیرمام)، هەروەها چەندین ناحیە و قەزاش لەخۆدەگرێت وەک ناحیەی بێتواتە و بەشێک لە گوندەکانی قەزای کۆیە و ناحیەی سکتان، ناحیەی هیران، پیرمام، باسرمە و بالیسان، لەگەڵ بەشێک لە گوندەکانی ناحیەی خەلیفان و هەریر و شەقڵاوە.

خۆشناو واتە چی؟

سەبارەت بەناوی هۆزی خۆشناو، محەمەد جەمال توتمەیی شارەزا لە مێژووی هۆزی خۆشناو دەڵێت: "وشەی خۆشناو دەکرێت لە چەند شتێک پێکهاتبێت لەوانە دەوترێت لە دوو وشەی (خۆش) و (ناو) پێکهاتووە واتا ناوی خۆش"، بەڵام سەدرەدین عومەر خۆشناو نووسەر و چیرۆکنووس دەڵێت: "ڕایەکی تر هەیە کە دەوترێت وشەکە لە (خۆش) و (ناوە) هاتووە واتا ناوچەیەکی خۆش کە ئەوەش بەهۆی دڵڕفێنی شوێنی جوگرافی ناوچەی خۆشناوەتییە کە لە چەندین شاخ و دۆڵ و دەشت و ڕووبار و کانیاوی جوان پێکدێت".

پەرتوکەکانی (عنوان المجد)ـی ئیبراهیم فەسیح حەیدەری، پەرتووکی (عشائر عراق)ـی نووسەری عێراقی عەباس عەزاوی و پەرتووکی (سیاحەتنامە) ناوی هۆزەکەیان تێدا هاتووە و باس کراوە. هەروەک چەند پەرتووکێک لەلایەن نووسەرانی کورد دەربارەیان نووسراوە لەوانە پەرتووکی (خۆشناو و خۆشناوەتی)ـی سالار کەمال بەگی شەقڵاوە.

کەسایەتییە ناسراوەکان

خۆشناوەکان خاوەنی چەندین کەسایەتی دیاری ئایینی، هونەرمەند و نووسەرن، وەک:

  • سافی هیرانی
  • حاجی قادری شێخ وەسانان
  • عەلی هەریری
  • ئەنوەر مەسیفی
  • ئەبووبەکر خۆشناو
  • حەوێز هیرانی
  • عەبدولسەلام خۆشناو
  • ئەحمەد هیرانی
  • حەسەن سیساوەیی
  • بورهان خۆشناو
  • ڕزگار خۆشناو
  • ڕەنجبەر خۆشناو
  • هێڤی
  • مەجید خۆشناو
  • خدر خۆشناو
  • خەرمان هیرانی

تیرەکان

خۆشناوەکان لە سێ‌ تیرە پێکدێن کە ئەوانیش تیرەکانی (میر مەحمەلی) و (میر یوسف) و (پشگەری)ـین. کە ئەو سێ‌ تیرەیەش ناوەکانیان و بنەچەیان بۆ سێ‌ لە کوڕەکانی (ئەمبێزخان)ـی سەرکردەی خۆشناوەکان لە مێژوودا دەگەڕێتەوە.

بەرەبابەکان

خۆشناوەکان چەندین بەرەبابیان لەناودا هەیە وەکوو بەرەبابەکانی (قەیمەسی، مەلازادە، عەود، کوێخا و زەینەل بەگی). هەروەها دوو بنەماڵەی شێخ و خاوەن تەریقەتی سۆفیگەری هەن کە ناوبانگێکی زۆریان لە پارێزگای هەولێر هەیە کە چەندین مورید و شوێنکەوتوویان هەبووە و یارمەتی خەڵکی هەژار و لێقەوماوانیان داوە. ئەوانیش بنەماڵەی (کاکی هیرانی) و بنەماڵەی (کاکی سیساوە)ـن کە سافی هیرانیی شاعیر لە بنەماڵەی کاکی هیرانییە کە نازناوی (کاک) بۆ ئەو دوو بنەماڵەیە بەهۆی ڕێزلێنانێک بۆیان بەکارهاتووە.

نیشتەجێبوون لە قەڵای هەولێر

دوای جێگیربوونیان لە هەولێر لە چەندین ماوەی جیاجیادا، خۆشناوەکان بەهۆی چۆڵکردنی خانووەکانیان لەلایەن خەڵکە دێرینەکەیەوە زۆربەیان لە قەڵای هەولێر نیشتەجێ‌ دەبن و دوای زیاتر لە سێ‌ دەیە ژیانیان لە قەڵاکە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2007 بڕیار لەسەر چۆڵکردنی قەڵاکە لە دانیشتوانی دەردەکات، بۆیە خۆشناوەکان لەنێوان هەردوو شارۆچکەی بنەسڵاوە و کەسنەزان زەوی وەردەگرن و خانووی لەسەر دروست دەکەن و زۆرینەیان لەوێ‌ نیشتەجێن، بەڵام بەشێکی گەورەی ئەندامانی ئەو هۆزە لە ئێستاشدا لە ناوچەی خۆشناوەتی ماون و لەوێ ژیان بەسەردەبەن.


سەرچاوەکان



2183 بینین