دڵبە‌را داییم دەناڵم ئە‌ز لە‌ سینەی پڕ لە دە‌رد - شێخ ئەحمەدی کۆر 

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2022-05-09-01:33:00 - کۆدی بابەت: 8575
دڵبە‌را داییم دەناڵم ئە‌ز لە‌ سینەی پڕ لە دە‌رد - شێخ ئەحمەدی کۆر 

ناوه‌ڕۆك

دڵبە‌را داییم دەناڵم ئە‌ز لە‌ سینەی پڕ لە دە‌رد

شاعیر: شێخ ئەحمەدی کۆر 

بەرهەم: دیوانی شێخ ئەحمەدی کۆر 

هۆنراوە: دڵبە‌را داییم دەناڵم ئە‌ز لە‌ سینەی پڕ لە دە‌رد

دڵبە‌را داییم دەناڵم ئە‌ز لە‌ سینەی پڕ لە دە‌رد
جارێ ناپرسی لە‌ حاڵم بۆت دە‌کێشم ئاهی سە‌رد

بۆت دەکێشم هەندە زەحمەت، سەرزەنشت و لۆم و میحنەت
یاری ساحێب شەرت و نییەت، وەختە دڵ بۆت بێ بە گەرد

وەختە دڵ بۆت بێ بە خاکە، ڕوومەتت پڕ نوور و پاکە
هەر لە جێ دەردم دەواکە، سەت برینت تازە کەرد

سەت هەزار زامانی تازە، جێی خەدەنگ و نێش و گازە
ئەمڕۆ ڕەندم دیدە بازە، تووند و تیژ، ئازادە مەرد

جارێ یار نەیدا وەسەرمە، بۆچی ناپرسێ بە نەرمە
لێی هەڵگرتم عار و شەرمە، زەعفەرانم ڕەنگ زەرد

ڕەنگ زەردم هەروەکوو بەی، ئاھ و ناڵەم دێ پەیاپەی
هات و دایمێ جورعەیی مەی، سەعی و ڕەنجم‌ دا لە بەرد

سەعی و ڕەنجم بە عەبەس چوو، عومر و دڵ لە ڕێی هەوەس چوو
تا لە نێو قالبم نەفەس چوو، خوێنی جەرگی خۆم خوەرد

خوێنی جەرگ، قووت و تەعامە، ئاھ و ناڵەم سوبح و شامە
دڵبەری مەست و خەرامە، سونبول و ڕیحان و وەرد

سونبول و ڕیحانی تەڕ بوو، هێند و ڕۆمم لێ بە شەڕ بوو
تەختی ویم لێ موستەقەڕ بوو، هاتنە سەر من فەرد فەرد

'ئەحمەدی کۆر' دڵ بزووتی، جوست‌وجۆت وەک عەنکەبووتی
ئەو کەسەی وا بۆی دەسووتی، کردیە قەیس و نای لە هەرد

'ئەحمەدی کۆر' بەس خەیاڵ کە، حوببی دنیایە بەتاڵ کە
مەدحی یاری نوور جەماڵ کە، وا خەلاس کە خۆت لە دەرد.


سەرچاوەکان



579 بینین