شێرپەنجەی پەنکریاس 

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2022-05-11-22:15:00 - کۆدی بابەت: 8605
شێرپەنجەی پەنکریاس 

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شێرپەنجەی پەنکریاس (بە ئینگلیزی: pancreatic cancer، بە عەرەبی: سرطان البنكرياس) تووشی شانەکانی پەنکریاس دەبێت، پەنکریاس ئەندامێکە دەکەوێتە خوارووی گەدەوە لە بەشی پشتەوەی سک و دوو فەرمانی سەرەکی هەیە لە لەشدا کە وای لە پەنکریاس کردووە یەکێک بێت لە ئەندامە پێویستەکان بۆ ژیان، ئەو دوو فەرمانەش یارمەتیدانی هەرس و ڕێکخستنی ڕێژەی شەکری لەشە لە ڕێگەی هۆرمۆنەکانەوە.
لە پەنکریاسدا جۆری جیاوازی شانەی گەشەکردوو هەیە، لەوانە گەشەی شێرپەنجەیی و ناشێرپەنجەیی، بەربڵاوترین جۆری شێرپەنجەی پەنکریاس، شێرپەنجەی بۆرییەکانی پەنکریاسە کە دەردراوەکانی پەنکریاس دەگەیەنێت بە دەرەوەی پەنکریاس و ڕیخۆڵەکان.
شێرپەنجەکە ئەگەر لە قۆناغەکانی سەرەتادا درکی پێ بکرێت هەلی چاکبوونەوەی زۆرە، بەڵام بە دەگمەن لە سەرەتای نەخۆشییەکەوە دیاری دەکرێت بۆیە تا بە ناو لەشدا بڵاونەبێتەوە نیشانەکانی دەرناکەوێت.
چارەسەر پەیوەستە بە قۆناغی تووشبوونی نەخۆشیییەکە یاخود ئاستەکەی، بژاردەی چارەسەرەکان پێدەچێت نەشتەرگەری، دەرمانی کیمیایی، تیشک، باشترین ڕێکارەکانی چارەسەرن.

نیشانەکان

هۆکارەکان

هۆکاری توشبوون بە شێرپەنجەکە تاکوو ئێستا ناڕوونە، پزیشکان ئاماژە بە هەندێک هۆکار دەکەن کە پێدەچێت مەترسیی توشبوون بە نەخۆشییەکە زیادبکەن لەوانە جگەرەکێشان، بازدانی جینە بۆماوەییەکان.

درێژی پەنکریاس 15سانتیمەترە و لە شێوەی هەرمێدایە، هۆرمۆنی ئەنسۆلین دەردەدات کە شەکری لەش ڕێکدەخات و دەردراوی تایبەت بە کرداری هەرسیشی هەیە. 

چۆن شێرپەنجەکە دروست دەبێت؟

شێرپەنجەکە ئەوکاتە دروست دەبێت کە بازدان لە بۆماوەماددەی خانەکانی پەنکریاسدا ڕوودەدات، بۆماوەماددەی نێو خانە  ئاراستەی خانەکە دەکات بۆ ئەو فەرمانەی کە مێشک پێی دەکات، هەروەها بازدان دی ئێن ئەی خانەکە ئاڕاستە دەکات بەرەو گەشەی لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو، پاشان خانەکان کەڵەکە دەبن و گرێی شێرپەنجەیی دروست دەکەن، ئەگەر ئەم گرێیانە لانەبرێن و پشتگوێ بخرێن بە نێو لەشدا بڵاودەبنەوە و لێکەوتی زۆر خراپی دەبێت بۆ لەش.
زۆرجار شێرپەنجەی پەنکریاس لە بۆرییەکانی پەنکریاسەوە دەست پێدەکات، خانە شێرپەنجەییەکان هۆرمۆن دەربدەن کە لەم جۆرەی نەخۆشییەکە پێیان دەوترێت شێرپەنجەی کوێرەڕژێنی پەنکریاس.

ئەو هۆکارانەی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەکە زیاد دەکەن

- جگەرەکێشان: یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی تووشبوون  بە شێرپەنجەی پەنکریاس، ڕێژەی تووشبوونی ئەو کەسانەی جگەرەکێشن دوو ئەوەندە زیاترە لەوانەی جگەرە ناکێشن، هاوکات 25%ی ئەو کەسانەی دووچاری ئەم نەخۆشییە دەبنەوە جگەرەکێشن، لەبەر ئەم هۆکارانەیە وازهێنان لە جگەرەکێشان و هەموو جۆرەکانی دووکەڵ هەڵمژین مەترسی تووشبوون بەم نەخۆشییە کەمدەکاتەوە.
- شەکرە: هۆکاری بەربڵاوی نەخۆشییەکە لە نەخۆشانی شەکرەدا تاکوو ئێستا نەزانراوە، بەڵام ئەو کەسانەی تووشی جۆری دووەمی شەکرە بوونە زیاتر تووشی شێرپەنجەکە دەبن، ئەم جۆرەی شەکرەش لە منداڵان و تازەپێگەیشتوواندا لە زیادبووندایە و پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە قەڵەوییەوە هەیە، تا ئێستاش نازانرێت جۆری یەکەمی شەکرە دەبێتە هۆی شێرپەنجەکە یاخود نا.
- هەوکردنی درێژخایەنی پەنکریاس: پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان شێرپەنجەی پەنکریاس و هەوکردنی درێژخایەنی ئەندامەکە، کە لە کەسانی جگەرەکێش و ئالوودە بە کحولدا ڕوودەدات. 
- پێشینەی خێزانی: هەندێک جۆری تایبەتی شێرپەنجەکە بۆ نەوەکانی داهاتووی خێزانەکە دەمێنێتەوە بەتایبەتیش نەخۆشیی کۆنیشانەی جینی بۆماوەیی (INHERITED GENE SYNDROME).
- قەڵەوی: ئەو کەسانەی کە BMIەکەیان سەروو 30یە پێیان دەوترێت قەڵەو (BMI= کێشی لەش بە کگم ÷ درێژیی باڵا بە توانی 2) بەڕێژەی 20% زیاتر تووشی شێرپەنجەکە دەبن، زیادبوونی چەوری دەورووبەری کەمەر مەترسیی تووشبوون زیاتر دەکات تەنانەت ئەگەر کەسەکە قەڵەویش نەبێت.
- نەتەوە: ئەفریقییەکان زیاتر تووشدەبن، هۆکاری ئەمەش تاکوو ئێستا نەزانراوە.
- تووشبوونی میکرۆبی: هەندێک توێژینەوە ئەوەیان دەرخستووە کە تووشبوونی میکرۆبیی گەدە و برینی گەدە کە بەکتریا هۆکارەکەیەتی، هەروەها هەوکردنی جگەر جۆری B ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەکە زیاد دەکەن، بەڵام هێشتا پێویستمان بە توێژینەوەی زیاترە دەربارەی پەیوەندیی تووشبوونە میکرۆبییەکان و شێرپەنجەی پەنکریاس.  
- ڕەگەز: پیاوان زیاتر تووشدەبن بەبەراورد بە ئافرەتان.
- هەڵکشانی تەمەن: لە ماوەی نێوان 45-65 ساڵی زۆرترین تووشبوون هەیە و کاتی دیاریکردنی تووشبوونەکەش بە نزیکەیی 70 ساڵییە.
لەگەڵ ئەوەشدا بوونی هەرکام لەم هۆکارانە واتای ئەوە نییە کە تووش دەبیت.

لێکەوتەکانی شێرپەنجەکە

- کەمبوونەوەی کێشی لەش: هەندێک هۆکار لەوانەیە ببنە هۆی کەمبوونەوەی کێشی لەش لەو کەسانەی تووشی شێرپەنجەکە بوون، بۆ نموونە بەکارهێنانی زیاد لە پێویستی وزەی لەش، سکچوون و ڕشانەوە وەکوو لێکەوتی دەرمانەکانی شێرپەنجەکە، یاخود گرێی شیرپەنجەیی پەنکریاس پەستان دەخاتە سەر گەدە و ڕێگری دەکات لە خواردن، هەروەها ماددە پێویستەکانی لەش بە ڕێکوپێکی هەرس ناکرێن بۆیە کێشی لەش کەمدەبێتەوە.

- زەردوویی: شێرپەنجەی پەنکریاس جۆگەی دەردراوەکانی جگەر دادەخات و دەبێتە هۆی زەردوویی، ئەویش هۆکارە بۆ زەردهەڵگەڕانی پێست و سپێنەی چاو، هەروەها ڕەنگی میزی نەخۆشەکە تێر دەکات و پیساییەکەی کەمڕەنگ تر دەبێت، بەشێوەیەکی گشتی زەردوویی نابێتە هۆی ئازاری سک. پزیشکی پسپۆر پێشنیاری بەکارهێنانی ناوبینێکی تایبەت دەکات کە پێک دێت لە دانانی بۆرییەکی ئاسن یاخود پلاستیک (ستێنت)  لە جۆگەی زەرداودا تاکوو بە کراوەیی بیهێڵێتەوە، ئامێرەکەش پێی دەوترێت (ERCP)،  بۆرییەکە لە گەدەوە تاکوو بەشی یەکەمی ڕیخۆڵە باریکە درێژدەبێتەوە و پاشان بۆیەیەک دەکرێتە ناو لەشی نەخۆشەکەوە بۆ ناو جۆگەکانی پەنکریاس و جگەر لە ڕێگەی ناوبینی تایبەتەوە و دەتوانرێت ئەو ناوچانە ببینرێت.
- ئازاری توند: لووی گەشەکردوو ڕەنگە فشار بخاتە سەر دەمارەکانی ناوچەی سک و ئازاری زۆر توند دروست بکات، بۆیە دەرمانی ئازارشکێن بەکاردەهێنرێت بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکە، چارەسەرەکان تیشک و دەرمانی کیمیایی دەگرێتەوە کە گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان هێواش دەکەنەوە و ئازارشکێنیشن.
- داخرانی ڕیخۆڵەکان: بەهەمان شێوە خانە شێرپەنجەییەکان پێدەچێت گەشە بکەن و بچنە بەشی یەکەمی ڕیخۆڵە باریکەوە بەمەش فشار دەخەنە سەری و دایدەخەن، بە داخرانی ڕیخۆڵەش خواردنی هەرسکراوی نێو گەدە ناتوانێت تێپەڕبێتە نێو ڕیخۆڵەکان، لێرەشدا شارەزایان پێشنیاری دانانی بۆرییەک دەکەن کە بە ستێنت ناودەبرێت تا ڕێڕەوەکە بکاتەوە ڕێگربێت لە مانەوەی خۆراک.

ڕێگرییەکان

- وازهێنان لە جگەرە: پێویستە ڕاوێژ بە پزیشک بکرێت بۆ ڕاهێنانی تایبەت بە وازهێنان لە جگەرە و وەرگرتنی ڕێنمایی تەواوەتی دەربارەی چارەسەری جێگرەوەی نیکۆتین کە هۆکاری سەرەکیی ئالوودەبوونە بە جگەرە و نێرگەلە.
- وەرزشکردن: بەمەبەستی کەمکردنەوەی کێش بەشێوەیەکی تەندروست، پێویستە ڕاوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکرێت، دەبێت بزانین کە ڕێژەی کەمبوونەوەی کێش بەشێوەیەکی تەندروست (0.5-1 کگم)ـە لە هەفتەیەکدا. بە گشتیی خواردنی میوەکان یارمەتیدەرە لە کەمبوونەوەی کێشدا و بەمەش ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی پەنکریاس کەمدەکاتەوە.


سەرچاوەکان



1783 بینین